نووسینی : بێریڤان کوردیار

خوێندنەوەی : میران کەریم

پێشەکی: ماددەی هۆشبەر و گرنگیی باسکردنی
لە ئێستادا، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووەتە یەکێک لە گرنگترین کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە زۆرێک لە کۆمەڵگا جیهانییەکان، بە تایبەتی کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەکان، بەرەوڕووی دەبنەوە. ئەم دیاردەیە تەنها کاریگەری لەسەر تەندروستی تاکەکان نییە، بەڵکوو کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر خێزان، ئاسایشی کۆمەڵگا و پڕۆسەی گەشەی مرۆیی. زۆر جار ماددەی هۆشبەر دەبێتە هۆکاری هەڵتەکاندی تاک و خێزان و کۆمەڵگا!
لەم چوارچێوەیەدا، سنووردانان بۆ گەشەپیدان بە بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوەتە یەکێک لە ئاڵەنگارییەکانی کۆمەڵگاکان، لەوپەڕی پێشکەوتووەوە بۆ کۆمەڵگا دواکەوتووەکان.
لە چوارچێوەی کتێبی (ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر، لە نێوان چارەسەر و سزادا)ی توێژەری کۆمەڵایەتی (بێریڤان کوردیار) هەوڵێکە بە ئاڕاستەی تێڕوانینێکی سۆسیۆلۆژیانە و ئەکادیمییانە بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن و تێڕامان لەم دیاردە و مەترسییە گەورەیەی کۆمەڵگا.
کتێبەکە لە بنەڕەتدا توێژینەوەیەکی ئەکادیمییە لە زانکۆی ئۆپسالا لە وڵاتی سوید، پراکتیکییەکەی لە چوارچێوەی گفتوگۆی کراوەدا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تووشبوانی ماددە هۆشبەرەکان ساز کردووە. توێژینەوەکە، بە شێوەی زانستی سۆسیۆلۆژیا نووسراوە و ١٤٢ لاپەڕەیە. بە میتۆد و شیکاری ناوەڕۆک و کۆکردنەوەی داتا و زانیاریی توێژینەوەکەی جێبەجێ کردووە.

ئەم ڕیڤیو ئارتیکڵە، کورتەی من، هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی ڕەخنەیی؛ ناوەڕۆک، شێوازی نووسین و گرنگیی زانستیی کتێبەکە هەڵبسەنگێنێت.
پێکهاتە و ناوەڕۆکی کتێبەکە
کتێبەکە لە ١٤٢ لاپەڕە پێکهاتووە و لە چەندین بەشی سەرەکی پێکهاتووە، کە هەریەکەیان لایەنێکی دیاریکراوی بابەتی ماددەی هۆشبەر دەخاتە ڕوو. نووسەر لە سەرەتاوە پێناسە و چەمکە بنەڕەتییەکانی ماددەی هۆشبەر و جۆرە جیاوازەکانی باس دەکات و دواتر دەچێتە ناو هۆکارە کۆمەڵایەتی، دەروونی و ئابوورییەکانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە. هەروەها سیاسەت و یاساکان، تیۆرە کۆمەڵایەتییە پەیوەندیدارەکان و شێوازەکانی پێشگیری و چارەسەرکردنیش دەخاتە بەرباس و لێوردبوونەوە و ڕەخنەگرتن.
ئەم ڕێکخستنە سیستەماتیکییەی ناوەڕۆک و بابەتەکە، وای کردووە کتێبەکە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ خوێندکاران و توێژەران. بە تایبەتی ئەوانەی دەیانەوێت لەسەر پرسێکی واگرنگ توێژینەوەی زانستی بنووسن.

تێڕوانینی زانستی و ڕێباز و میتۆدنامەی نووسەر
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کتێبەکە ئەوەیە کە نووسەر بابەتەکە تەنها لە ڕوانگەی تەندروستی و کۆمەڵایەتییەوە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە ناکات، بەڵکوو بە شێوەیەکی فرەڕەهەند لێی دەڕوانێت و جگە لەو دوو بوارە لە چەند ڕەهەندێکی ترەوە مەترسییەکانی دەخاتە ڕوو.
لە کتێبەکەدا سوود لە ژمارەیەک تیۆری کۆمەڵایەتی وەک تیۆری بنیاتنانی کۆمەڵایەتی (Social Constructionism) و تیۆری ڕێکخراو وەرگیراوە، بۆ ئەوەی پێشاندانی خوێنەری بدات کە ماددەی هۆشبەر تەنها کێشەی تاکەکەسێک نییە، بەڵکوو بەرهەمی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە. هەروەها نووسەر بە شێوەیەکی ورد ڕێبازی توێژینەوە و شێوازی کۆکردنەوەی داتاکانی باس کردووە، ئەمەش بەهێزیی زانستیی کتێبەکە زیاد کردووە بەدەر لەوەی بابەتێکی سۆسیۆلۆژییە، بەڵام بۆ خوێنەر بەچێژە و حەز بە خوێندنەوەی دەکات.
سێ لایەنی بەهێزی کتێبەکە
یەکەم خاڵی بەهێز و گەشی ئەم کتێبەکە، زمانی نووسینی کتێب و توێژینەوەکەیە، بە تایبەتییش توێژینەوە ئەکادیمییەکە ڕێکخستنی زانستیی بابەتەکانە. نووسەر هەوڵی داوە بابەتەکە بە شێوەیەکی سیستەماتیک پێشکەش بکات و لە هەر بەشێکدا بە شێوەیەکی ورد لە بابەتەکە نزیک ببێتەوە و بە زمانێکی کوردیی پاراو و پوخت داتا و زانیارییەکانی هەر بەشێک لە شوێنی خۆیدا بگەیەنێت.
دووەم لایەنی بەهێزی کتێبەکە ئەوەیە؛ پشت بە سەرچاوەی زانستی و ئەکادیمیی جیاواز بەستووە، بە تایبەتییش ئەو توێژینەوانەی پێشتر بە زمانی جیاواز لەسەر ئەم دیاردەیە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا نووسراون، توێژەر سوودی لە ستراکچەریان وەرگرتووە، ئەمەش متمانەی زانستیی کارەکە زیاد دەکات و بەدەر لە کتێب دەتوانین وەک توێژینەوەی ئەکادیمی و زانستییش ئاماژەی پێ بدەین.
سێیەم، نووسەر گرنگییەکی تایبەتی بە بارودۆخی کوردستان داوە و هەوڵی داوە بابەتەکە لە چوارچێوەی کۆمەڵگای کوردییەوە بخوێنێتەوە، کە ئەمە لە زۆربەی توێژینەوەکاندا کەم دەبینرێت. مەترسی و گەشەکردنی ئەم دیاردە ترسناکەی لە کوردستان، لە چوارچێوەی توێژینەوەکەیدا جێگەی کردووەتەوە و بۆچوونی ڕەخنەگرانەی خۆشی خستووەتە ڕوو.
ئەم کتێبە جگە لە شیکردنەوەی هۆکار و کاریگەرییەکان، پێشنیاری جیاواز بۆ چارەسەری ئەم دیاردەیە پێشکەش دەکات. ئەمەش وای کردووە، کتێبەکە تەنها توێژینەوەیەکی تیۆری نەبێت، بەڵکوو کتێبێکی پراکتیکی و سوودبەخش بێت بۆ دامەزراوە کۆمەڵایەتی و حکوومییەکان، بە تایبەتی ئەو لایەنانەی پەیوەستن بە بنەبڕکردنی ماددەی هۆشبەر.
لایەنە ڕەخنەییەکانی کتێبەکە
لەگەڵ ئەوەی کتێبەکە توێژینەوەی ئەکادیمی و زانکۆییە، بەڵام لە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە هەندێک کەموکووڕی تێدا هەیە. یەکێک لەوانە کەمبوونی نموونە و ئەزموونی مەیدانییە. زۆربەی باسەکان پشت بە سەرچاوە تیۆرییەکان دەبەستن، بەڵام زیادکردنی چاوپێکەوتن یان توێژینەوەی مەیدانی لەگەڵ کەسانی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر دەتوانێت کتێبەکە زیاتر ڕاستیی کۆمەڵگا نیشان بدات. لەو بوارەدا لە هەرێمی کوردستان و لە چاکسازییە کۆمەڵایەتییەکان چەند چاوپێکەوتنێکی کردووە، بەڵام مادام توێژینەوەکە بە تیۆری شیکاری ناوەڕۆکی چۆنایەتی نووسیوە، دەکرا فۆکەس گرووپێکی هەبایە لە کەسانی پسپۆڕی جیاواز و خاوەن ئەزموون لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەیسانە.
دیدگای کۆتایی
لە کۆتاییدا، کتێبی (ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر لە نێوان چارەسەر و سزادا)، یەکێکە لەو کارە ئەکادیمییانەی کە بە شێوەیەکی زانستی و ڕەخنەیی گرنگترین کێشە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەم باس دەکات، کە ئالوودەبوونە بە ماددەی هۆشبەر.
کتێبەکە دەتوانێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ خوێندکاران، توێژەرانی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و هەموو ئەوانەی حەزیان لە لێکۆڵینەوە لە بابەتی ماددەی هۆشبەر هەیە. گرنگیی ئەم کارە لەوەدایە کە بانگەوازێکە بۆ تێگەیشتنی قووڵتر لە دیاردەی ماددەی هۆشبەر و دۆزینەوەی ڕێگای کاریگەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە شێوەیەکی پلانبۆداڕێژراوی ورد و زانستی.

سەرچاوەکان
کوردیار، بێریڤان (٢٠٢٥ ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر لە نێوان چارەسەر و سزادا). سوید: بڵاوکراوەی تایبەت.
Giddens, A. (2017). Sociology. Cambridge: Polity Press.
Becker, H. S. (1963). Outsiders: Studies in the Sociology of Deviance. New York: Free Press.
United Nations Office on Drugs and Crime (UNODC). (2024). World Drug Report 2024. Vienna: United Nations.
Ritzer, G. (2011). Sociological Theory. New York: McGraw-Hill.
ئەحمەد، نازدار فەریق (٢٠١٩). کێشە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکان. هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات.
محەمەد، سەلام عەبدولڕەحمان (٢٠٢١). تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی. سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی ژین.
عبدالله، أحمد محمد (2018). الإدمان على المخدرات: الأسباب والآثار وسبل الوقاية. القاهرة: دار الفکر العربي.
الزعبي، محمد علي (2020). المخدرات وآثارها الاجتماعية والنفسية. عمّان: دار المسيرة للنشر والتوزيع.
وزارة الصحة العراقية (2022). التقرير الوطني حول تعاطي المخدرات في العراق. بغداد: وزارة الصحة.