نووسینی : ئەڤین ئاسۆس حەمە

خوێندنەوەی : سورەییا ئەحمەد

ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا تێزێکی دکتۆرایە، کە لە لایەن (ئەڤین ئاسۆس حەمە)وە نووسراوە، پێشکەشی بەشی کوردی زانکۆی کۆیە کراوە، لە ساڵی 2025 لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە دووتوێی کتێبێکی 520 لاپەڕەییدا چاپ کراوە.
کتێبەکە لە پێشەکی، دەروازەیەکی تیۆری، سێ بەشی سەرەکی و ئەنجام پێک هاتووە.
نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، کە ژانرە ئەدەبییەکان بە درێژایی مێژوو لە دۆخێکی چەسپاو و نەگۆڕدا نەماونەتەوە، بە تێپەڕبوونی کات بەردەوام دید و ڕا و بۆچوونی جیاواز لەبارەی ژانرەکان و پۆلێنبەندییان هاتوونەتە کایەوە. ئەمەش وای کردووە بەردەوام ژانرەکان لە جووڵە و نوێگەریدا بن، ئاوێتەبوونی ژانرە ئەدەبییەکان بابەتێکی نوێیە لە ئەدەبی کوردیدا بەوپێیەی، کە توێژینەوە ئەکادیمییەکان لەو بوارەدا کەمە، هەروەها نووسەر باسی لەوە کردووە هەرچەند ڕەگوڕیشەی ئەم بابەتە لە شیعری شاعیراندا کۆنە، بەڵام ڕچەشکێنی و دەستپێشخەریی نووسینی ئەم جۆرە لە دەق، بۆ هەوڵەکانی شێیرکۆ بێکەس دەگەڕێتەوە، بە تایبەتی لە سەرەتای ساڵانی 2000دا چەند بەرهەمێکی لەژێر ناوی “دەقی واڵا” بڵاو کردەوە، تێیدا ئاماژەی بە دیاردەی ئاوێتەبوونی ژانرەکان دابوو، هەر بۆیە لە سۆنگەی گرنگی ئەم بابەتە و پێناسە و شرۆڤەکردنی چەمکی ژانرە ئەدەبییەکان و دەرخستنی خەسڵەت و سیمای ئەو ژانرانەی لە کردەی ئاوێتەبووندا دەبینرێن، ئەم توێژینەوەیە ئەنجام دراوە.
نووسەر لە دەستپێکدا دەروازەیەکی تیۆریی نووسیوە، تێیدا باسێکی دەربارەی چەمکی ژانرە ئەدەبییەکان، تیۆری ژانرە ئەدەبییەکان، ئاوێتەبوونی ژانرە ئەدەبییەکان و شێوازەکانی ئاوێتەبوونی ژانرەکان لە ئەدەبی کوردیدا کردووە.
بە شێوەیەکی گشتی کتێبی «ئاوێتەبوونی ژانرە ئەدەبییەکان»، یەکێکە لەو کارە ئەکادیمییانەی، کە هەوڵ دەدات بابەتێکی گرنگی ڕەخنەی ئەدەبی، تێکەڵبوونی ژانرە ئەدەبییەکان، بە شێوەیەکی زانستی و پراکتیکی بخاتە بەردەست. نووسەر لە ڕێگەی باسکردنی تیۆری ژانر و گەشەی مێژوویی ئەو چەمکە دەردەخات، کە ژانرە ئەدەبییەکان نەک تەنها لە یەکتر جیاوازن، بەڵکوو لە گەشەی ئەدەبیدا بەردەوام کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە و لە ئەنجامی ئەم کاریگەرییەدا فۆڕم و ژانری نوێ دروست دەبێت. ئەم بیرۆکەیە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی توێژینەوەکە.
نووسەر سەرەتا باس لە چەمکی ژانر دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، کە لە تیۆرە کۆنەکاندا ژانرەکان سنوورێکی دیار و جێگیربوویان هەبوو، بەڵام لەگەڵ گەشەی ڕەخنەی نوێ و دەرکەوتنی بیر و تیۆرە هاوچەرخەکان، ئەو سنوورانە کاڵ بوونەتەوە. بەپێی ئەم بۆچوونە؛ شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و پەخشان دەتوانن سوود لە یەکتر وەربگرن و لە ئەنجامی ئەو کارلێکەدا شێوازێکی تازەی دەربڕین دروست بێت. ئەم ڕوانگەیە نیشانی دەدات کە ئەدەب دیاردەیەکی زیندووە و بەردەوام لە گۆڕان و نوێبوونەوەدایە.
بەشێکی گرنگی کتێبەکە تایبەت کراوە بە باسکردنی ئاوێتەبوونی ژانرەکان. نووسەر ئەوە دەخاتە ڕوو، کە ئاوێتەبوون واتە گواستنەوەی هەندێک ڕەگەز و تەکنیکی ژانرێک بۆ ژانرێکی تر، بە جۆرێک کە دەقی نوێ لە هەردوو ژانرەکە تایبەتمەندی وەربگرێت. بەم شێوەیە ژانرەکان پارێزگاری لە ناسنامەی خۆیان ناکەن، بەڵکوو دەبنە هۆکاری نوێگەری و داهێنان.
ئەم بۆچوونە بە پاڵپشتی بۆچوونی ژمارەیەک لە ڕەخنەگر و تیۆریزانە ئەدەبییەکان ڕوون کراوەتەوە.
کتێبەکە هەروەها گەشەی ئەم دیاردەیە لە مێژووی ئەدەبدا بە وردی شی دەکاتەوە. نووسەر باس لەوە دەکات، کە لە سەردەمی کلاسیزمدا سنووربەندی نێوان ژانرەکان زۆر توند بوو، بەڵام لە سەردەمی ڕۆمانسیزم و دواتر لەگەڵ فۆڕمالیستە ڕووسەکان، ئەم سنوورانە تێک شکان و بیرکردنەوەیەکی نوێ لەبارەی ژانر پەیدا بوو. لەو کاتەوە دەقە ئەدەبییەکان وەک سیستەمێکی کراوە سەیر کران، کە بەردەوام لەگەڵ دەق و ژانرەکانی تر پەیوەندییان هەیە.
یەکێک لە بەهێزترین بەشەکانی توێژینەوەکە، باسکردنی ئاوێتەبوونی ژانرەکان لە ئەدەبی کوردیدایە. نووسەر ئەوە دەخاتە ڕوو، کە ئەدەبی کوردی لە سەردەمی کلاسیکەوە تا ئەمڕۆ گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە. لە سەرەتا شیعر ژانری باڵادەست بوو، بەڵام لەگەڵ نوێبوونەوەی ئەدەبی کوردی ژانرە نوێکان وەک چیرۆکە شیعر، پەخشانە شیعر و ڕۆمانە شیعر، سەریان هەڵدا. ئەم گۆڕانە دەریدەخات کە ئەدەبی کوردی هاوشانی ئەدەبی جیهانی بەرەو فراوانبوونی ژانرەکان چووە.
نووسەر چەند جۆرێکی سەرەکی بۆ ئاوێتەبوونی ژانرەکان دیاری دەکات. یەکەمیان ئەوەیە کە ژانرێک تەنها هەندێک ڕەگەزی ژانرێکی تر وەردەگرێت، بەبێ ئەوەی ناسنامەی خۆی بگۆڕێت. دووەمیان تێکەڵبوونی تەواوی دوو ژانرە کە وەک پەخشانە شیعر یان چیرۆکە شیعر دەردەکەوێت. سێهەمیان ئاوێتەبوونی ئەدەب لەگەڵ هونەرەکانی تری وەک؛ وێنەکێشان و سینەما. چوارەمیان دەقی واڵایە کە لەناو یەک دەقدا چەندین ژانر بە هاوسەنگی کۆ دەکاتەوە. ئەم دابەشکردنە ڕێکخراو و زانستییە و خوێنەر بە ئاسانی دەتوانێت لە جیاوازیی نێوانیان تێبگات.
تایبەتمەندیی گرنگیی توێژینەوەکە ئەوەیە کە تەنها لە چوارچێوەی تیۆریدا نامێنێتەوە، بەڵکوو ئەو بیرۆکانە لەسەر شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس جێبەجێ دەکات. نووسەر بە نموونەی جیاواز ئەوە نیشان دەدات، کە شێرکۆ بێکەس چۆن لە شیعرەکانی خۆیدا سوودی لە گێڕانەوە، دیالۆگ، وێنەسازی، تەکنیکەکانی چیرۆک و پەخشان وەرگرتووە. دەقێکی تازەی دروست کردووە. بەمەش شاعیر وەک یەکێک لە نوێخوازترین داهێنەرانی ئەدەبی کوردی دەناسرێت.
لە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە، کتێبەکە زمانێکی ئەکادیمی هەیە و پشتی بە سەرچاوەی زۆر بەستووە، ئەمەش بایەخی زانستیی توێژینەوەکە زیاتر دەکات. هەرچەندە لە هەندێک شوێندا زمانە تیۆرییەکە قورسە، بەڵام بە هۆی نموونەی پراکتیکی و شیکارکردنی شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس، خوێنەر ئاسانتر لە مەبەستەکان تێدەگات.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ خوێندکاران، توێژەران و هەموو ئەوانەی حەزیان بە ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری ژانر هەیە. گرنگترین ئەنجامی کتێبەکە ئەوەیە کە دەیسەلمێنێت ئەدەب دیاردەیەکی جێگیر نییە، بەڵکوو بەردەوام لە گۆڕان و داهێنان و کارلێک لەگەڵ ژانر و هونەرەکانی تردایە. هەر بۆیە ئاوێتەبوونی ژانرەکان نەک هۆکاری لەناوچوونی ناسنامەی ژانرەکان نییە، بەڵکوو هۆکارێکی سەرەکیی گەشە، نوێگەری و دەوڵەمەندبوونی ئەدەبە.