خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی (پیێر بۆردیۆ)وە
دێرین حامید

پوختەی توێژینەوە:
ئەم توێژینەوەیە شرۆڤەی پەیوەندییە دیالێکتیکی و ئاڵۆزەکانی نێوان «گۆڕانکارییە سۆسیۆ-پۆلەتیکییەکان» و «پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆیی» لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتی لە شاری سلێمانی دەکات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ناهەموار و قەیراناوییەی کۆمەڵگەی کوردی پێیدا تێپەڕیوە، کێشەی سەرەکیی توێژینەوەکە چڕدەبێتەوە لە لێکدانەوەی میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی شانۆکاران دژی توندوتیژییە هەمەلایەنەکان و هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، توێژینەوەکە پشتبەست بە «میتۆدی وەسفی-شیکاری» و لە چوارچێوەی تیۆریی ڕەخنەی سۆسیۆلۆژیی (پیێر بۆردیۆ) داڕێژراوە. چەمکە ناوەندییەکانی بۆردیۆ، لەوانە: (کایە، هابیتوس، سەرمایە و توندوتیژیی ڕەمزی) وەک ئامرازی ئیپستیمۆلۆژی و شیکاری خراونەتە گەڕ بۆ هەڵوەشاندنەوەی سروشتی کارلێکەکانی نێوان کایەی سیاسی و کایەی هونەری.
لە ڕووی کڕۆنۆلۆژییەوە، پانتایی توێژینەوەکە مێژووی شانۆی سلێمانی لە نێوان ساڵانی (١٩٨٠ تا ٢٠١٠) لەخۆ دەگرێت، کە بەسەر سێ قۆناغی سۆسیۆ-مێژووییدا پۆلێن کراوە:
قۆناغی یەکەم (١٩٨٠-١٩٩١): ئەم قۆناغە هاوکاتە لەگەڵ جەنگی عێراق-ئێران و کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە. لەم فەزایەدا، شانۆکاران (لە ڕێگەی گرووپەکانی وەک پێشڕەو و سالار) کایەی شانۆیان گۆڕی بۆ پانتاییەک بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنی «توندوتیژیی ڕەمزی»ی ڕژێمی بەعس، ئەویش لە ڕێگەی ئاوێتەکردنی هێما، کەلەپوور و میتافۆری شاراوەوە.
قۆناغی دووەم (١٩٩١-٢٠٠٣): قۆناغی پاش ڕاپەڕین و دەرهاویشتەکانی شەڕی ناوخۆ و گەمارۆ ئابوورییەکانە. لێرەدا، «هابیتوس»ـی شانۆکاران دووچاری شۆک و نامۆبوونێکی قووڵ دەبێتەوە. لەپای داڕمانی سەرمایە ماددی و مەعنەوییەکان، مۆرفۆلۆژیای شانۆیی ئاراستەی خۆی بەرەو شانۆی پووچگەرایی (Absurd) دەگۆڕێت، وەک ئامرازێک بۆ بەرجەستەکردنی بێهوودەیی و دۆخی تراجیدیی سەردەمەکە.
قۆناغی سێیەم (٢٠٠٣-٢٠١٠): دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کایەی شانۆ ڕووبەڕووی قەیرانی شوناس و ململانێ ناوخۆییەکان دەبێتەوە. لەم وێستگەیەدا، پێکهاتەی هیرارکیی پڕۆسەی بەرهەمهێنان هەڵدەوەشێتەوە؛ هەژموونی کلاسیکیی (دەق و دەرهێنەر) پاشەکشە دەکات و ”سەرمایەی داهێنان” دەگوازرێتەوە بۆ جەستەی ئەکتەر (وەک لە ئەزموونی ‘کۆڕی شانۆی با’دا دەبینرێت). هاوکات، ژنان (بە نموونەی ‘گرووپی هاوڕێیانی گەزیزە’) کایەی شانۆ وەک سەنگەرێکی بەرگری دژی توندوتیژییە ڕەمزییەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاری و پاشماوەکانی فاشیزم بەکاردەهێنن.
دەرەنجامە زانستییەکانی توێژینەوەکە ئەوە دەسەلمێنن، کە کایەی شانۆ لە کوردستاندا هەرگیز تەنها وەزیفەیەکی ئیستاتیکی یان کاتبەسەربردنی نەبووە، بەڵکوو وەک ”پراکسیۆلۆژیا”یەکی زیندوو و دینامیکی کاری کردووە. هونەرمەندان لە ڕێگەی دەستکاریکردنی فۆڕم و گوتاری شانۆییەوە، نەک تەنها وەڵامی ستەمکاریی دەرەکی و قەیرانە ناوخۆییەکانیان داوەتەوە، بەڵکوو ڕۆڵێکی مێژووییان گێڕاوە لە پاراستن و بەرهەمهێنانەوەی ”سەرمایەی کولتووری”ی نەتەوەیەک لەبەردەم هەڕەشەی سڕینەوەدا.
وشە کلیلەکان: سۆسیۆلۆژیای شانۆ، پیێر بۆردیۆ، کایەی کولتووری، توندوتیژیی ڕەمزی، هابیتوس، شانۆی کوردی، شاری سلێمانی.
پێشەکی
شانۆ، لە ساتەوەختی سەرهەڵدانییەوە، لە چوارچێوەی دیاردەیەکی جوانناسیی پەتییەوە تێپەڕیوە بۆ پراکتیکێکی ئاڵۆزی سۆسیۆ-پۆلەتیکی. لەم پانتاییەدا، ململانێکانی هێز و دەسەڵات لە نێوان بکەرە جیاوازەکاندا بەرجەستە دەبن، تاوەکو گوزارشت لە وەرچەرخانە قووڵە ئۆنتۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکان بکەن (Boal, 1979). ئەم سروشتە دوالیزمییەی شانۆ (هونەری-سیاسی) وای کردووە کە وەزیفە دراماتیکییەکانی هەمیشە بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و سۆسیۆلۆژییەوە گرێ بدرێن. بەم پێیە، کایەی شانۆ دەبێتە پێگەیەکی ستراتیژی بۆ ڕەنگدانەوەی ململانێ چینایەتی و ئایدۆلۆژییەکان، هەروەها ئامرازێکی ئیپستیمۆلۆژی بۆ هۆشیارکردنەوەی دەستەجەمعیی جەماوەر (Carlson, 1993).
لەو جوگرافیایانەی. کە دووچاری جەنگ و ململانێی توندی جیۆپۆلەتیکی دەبنەوە، پەیوەندیی نێوان ژینگەی سۆسیۆلۆژی و بەرهەمهێنانی هونەری دەگاتە ئاستێکی ئێجگار هەستیار و تەنگژەئامێز. نائارامییە سیاسییەکان تەنها کار ناکەنە سەر ڕووکەشی بەرهەمەکان، بەڵکوو کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و بونیادنەرانەیان لەسەر تەواوی ”میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانی شانۆیی” هەیە. (Balfour, 2013) لەم جۆرە فەزا ناهەموارانەدا، جەنگ و قەیران نەک تەنها دەق و گوتاری شانۆیی دادەڕێژنەوە، بەڵکوو مۆرفۆلۆژیا و فۆڕمی شانۆیی و شێوازەکانی دەربڕینیش بە بنەڕەتی دەگۆڕن. وەک ئەوەی لە مێژووی شانۆی عێراق و کوردستاندا بە ڕوونی تێبینی دەکرێت؛ لەژێر هەژموونی مۆنۆپۆلکراو و چاودێریی توندی ئامرازەکانی سەرکوتکردنی ڕژێمی بەعسدا، شانۆکاران ناچار بوون پەنا بۆ ئاڵتەرناتیڤی ئیستاتیکی وەک (زمانی میتافۆری، هێماگەرایی، شانۆی جەستەیی و وێنەیی) ببەن، ئەمەش وەک تاکتیکێک بۆ تێپەڕاندنی سانسۆری ئایدۆلۆژی و گەیاندنی پەیامی بەرەنگاری ((Thompson, 1999 حامید، ١٤٠٠.
لە چوارچێوەی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی، لە قۆناغەکانی گەشەکردنی شانۆی مۆدێرندا بەناو زنجیرەیەک ترۆمای مێژوویی و دۆخی ئیستسنائیدا تێپەڕیوە. شانۆکارانی کورد لە ناوەندی قەیرانە یەکلەدواییەکەکانی وەک ”کیمیابارانی هەڵەبجە، پرۆسەی جینۆسایدی ئەنفال، ڕاپەڕینی ١٩٩١، شەڕی ناوخۆ و داڕمانی ژێرخانی ئابووری”دا، هەوڵیان داوە پانتایی شانۆ وەک ئامرازێکی ڕەخنەگرانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی تراژیدیاکانی ڕۆژگار و سەنگەرێک دژی هەوڵەکانی سڕینەوەی کولتووری بەکاربهێنن (Galip, 2015) . بۆ نموونە، گرووپە شانۆییەکانی وەک (پێشڕەو، سالار و گرووپی ئەزموونگەری) لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ سەرچاوە فۆلکلۆرییەکان، توخمی مۆسیقا و خۆماڵیکردنی (Adaptation) دەقە جیهانییەکان، کایەی شانۆیان کردە گۆڕەپانێکی زیندووی بەرگری، لەپێناو مانەوەی ئۆنتۆلۆژی و پاراستنی یادەوەرییە دەستەجەمعییەکانی نەتەوەیەکدا (حامید، ١٤٠٠).
لەبەر ڕۆشنایی ئەم پاشخانە مێژوویی و سۆسیۆلۆژییەدا، ئەم توێژینەوەیە کار بۆ خستنەڕووی خوێندنەوەیەکی قووڵ و ڕەخنەگرانە بۆ دۆخی بەرهەمهێنانی شانۆی کوردی دەکات، ئەوەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازە ئیپستیمۆلۆژییەکانی تیۆری کۆمەڵناسیی (پیێر بۆردیۆ – Pierre Bourdieu) بە شێوەیەکی تایبەت، توێژینەوەکە چەمکە ناوەندییەکانی وەک (کایە – Field، سەرمایە – Capital، هابیتوس – Habitus، و توندوتیژیی ڕەمزی – Symbolic Violence) وەک چوارچێوەیەکی میتۆدۆلۆژی بۆ شیکردنەوە بەکاردەهێنێت (Bourdieu, 1977; Ritzer, 2015) . بە تەوزیفکردنی چەمکی توندوتیژیی کولتووری و سەیرکردنی شانۆ وەک «کایەیەک» بۆ ململانێی بێوچانی نێوان سەرمایەکان (جا سەرمایەی کولتووری و هونەری بێت یان سیاسی)، توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر قۆناغێکی مێژوویی هەستیار لەنێوان ساڵانی (١٩٨٠ تا ٢٠١٠). ئامانجی سەرەکی لەم شرۆڤەیە، هەڵدانەوەی لاپەڕەی ئەو هۆکارە بابەتی و هێزە شاراوە سیاسییانەیە، کە لە هەر سێ قۆناغی (سەردەمی بەعس پێش ڕاپەڕین، قۆناغی شەڕی ناوخۆ و گەمارۆکان و قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێم لە ٢٠٠٣)دا، خەسڵەتەکانی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆییان لە کوردستاندا داڕشتووەتەوە، ئاراستەی گەشەکردن و گۆڕانی «هابیتوس»ـی شانۆکاری کوردیان دیاری کردووە (حامید، ١٤٠٠).
بەشی یەکەم: چوارچێوەی میتۆدۆلۆژی و ئیپستیمۆلۆژیی توێژینەوە
١–١ کێشەی توێژینەوە
لە سەردەمی جەنگ و قەیرانە قووڵەکاندا، کە تەواوی کایە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دووچاری داڕمان و پشێوی دەبنەوە، «کایەی شانۆ (Theatrical Field)» وەک پانتاییەکی کولتووری و هونەریی هەستیار، ناتوانێت لە دەرەوەی ئەم کاریگەرییانە بژی و بەناچاری دەکەوێتە ناو ژینگەیەکی تەواو ناهەموارەوە. لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکان لە بواری سۆسیۆلۆژیای هونەردا جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ململانێ چەکدارییەکان و دۆخە ئیستسنائییەکان، نەک تەنها ژێرخانی ماددیی هونەر وێران دەکەن، بەڵکوو دەستکارییەکی ڕیشەیی مۆرفۆلۆژیای فۆڕمەکانی دەربڕین، ستراکچەری بەرهەمهێنان و گوتاری دەقە درامییەکان دەکەن (Hughes, 2011, pp12-18). لە دیدگای ڕەخنەیی و سۆسیۆلۆژیی (پیێر بۆردیۆ)وە، هیچ کایەیەکی هونەری خاوەنی «سەربەخۆییەکی ڕەها» نییە و ناتوانێت بە تەواوی لە دەرەوەی هەژموون و کاریگەرییەکانی «کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی» بێت؛ کاتێک کایەی سیاسی تووشی قەیران و دابەشبوون دەبێت، کایەی شانۆیی وەک میکانیزمێکی بەرگری ناچار دەبێت فۆڕم و ستراتیژەکانی خۆی بگۆڕێت، ئەوەش لەپێناو وەڵامدانەوەی ئەو «توندوتیژییە ڕەمزی و فیزیاییانەی» کە دەسەڵات یان دۆخە بابەتییەکە دەیسەپێنێت. (Bourdieu, 1993, pp37-43)
گەڕان و پشکنینی زانستی بۆ تێگەیشتن لە دینامیکییەتی جووڵەی شانۆ و گۆڕانی شێوازەکانی بەرهەمهێنان لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، پێویستییەکی ئیپستیمۆلۆژیی هەنووکەیییە. کۆمەڵگەی کوردی لە عێراق، بەتایبەتی لە قۆناغی مێژوویی (١٩٨٠ بۆ ٢٠١٠)، بەهۆی ئەزموونکردنی مێژوویەکی پڕ لە ترۆما، جەنگ، داگیرکاری و توندوتیژیی سیستماتیکی ڕژێمی تۆتالیتاریی بەعس (وەک تاوانەکانی جینۆسایدی ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە و ڕاگواستنی زۆرەملێ)، دواتریش ڕاپەڕینی ١٩٩١ و لێکەوتە وێرانکەرەکانی شەڕی ناوخۆ و گەمارۆ ئابوورییە دووفاقەکان، ژینگەیەکی ئێجگار ئاڵۆز و تەنگژەئامێزی بۆ کایەی کولتووری بەرهەم هێناوە (حامید، ١٤٠٠). لەم فەزایەدا، بکەرانی کایەی شانۆ لەژێر فشارێکی فرەڕەهەندی سیاسی و ئابووریدا کاریان کردووە؛ لێرەدا شانۆ لە وەزیفە ئیستاتیکییە پەتییەکەی داماڵراوە و بووەتە ئامرازێکی ئایدۆلۆژی و بەرگری بۆ مانەوەی ئۆنتۆلۆژی و پاراستنی شوناس لە دژی پرۆسەکانی پەراوێزخستن و سڕینەوەی کولتووری. (Ahmadzadeh, 2003, pp 241-243)
کڕۆکی کێشەی ئەم توێژینەوەیە لەو بۆشاییە زانستییەدا سەرچاوە دەگرێت، کە سەرەڕای ئەوەی شانۆی مۆدێرنی کوردی (بەتایبەت لە شاری سلێمانی و لە ڕێگەی گرووپە پێشەنگەکانی وەک: شانۆی پێشڕەو و سالار) ڕۆڵێکی مێژوویی و گەورەیان گێڕاوە لە ئاراستەکردنی هۆشیاریی دەستەجەمعیی جەماوەردا، بەڵام هێشتا پەیوەندییە ئاڵۆز و دیالێکتیکییەکانی نێوان «وەرچەرخانە سۆسیۆ-پۆلەتیکییەکان» و «میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانی شانۆیی» لە ڕوانگەیەکی سۆسیۆلۆژیی قووڵەوە، وەک پێویست شیکاریی زانستییان بۆ نەکراوە (حامید، ، ٦٠، ١٤٠٠). واتە، کێشەی سەرەکی بریتییە لە هەڵوەشاندنەوە و شیکردنەوەی کاریگەرییە فرەڕەهەندەکانی توندوتیژیی سیاسی و قەیرانە یەکلەدواییەکەکان لەسەر پێکهاتەی بەرهەمهێنانی شانۆیی، بە مەبەستی دەرخستنی ئاستی توانست، بەرگەگرتن و گۆڕانی «هابیتوس»ـی شانۆکاران لەبەردەم ئەو تەنگژانەدا.
بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، توێژینەوەکە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی شیکارییەکی زانستی و ڕەخنەییەوە (بە پشتبەستن بە چوارچێوەی میتۆدۆلۆژیی بۆردیۆ) وەڵامی ئەم پرسیارە بنەڕەتییانە بداتەوە:
١- وەرچەرخانە مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی (١٩٨٠ تا ٢٠١٠)، تا چەند کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر مۆرفۆلۆژیای فۆڕم، گوتاری ناوەڕۆک، و پێکهاتەی هیرارکیی بەرهەمهێنانی شانۆی کوردی هەبووە؟
٢- شانۆکارانی کورد وەک «بکەری ناو کایەکە» لەناو ئەو دۆخە ناهەموارە سیاسی و مێژووییەدا، چۆن لە ڕێگەی پڕۆسەی نمایشییەوە کاردانەوەیان پیشان داوە و چ ڕۆڵێکیان لە پاراستنی سەرمایەی کولتووری و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا گێڕاوە؟
١–٢ سنووری توێژینەوە
پانتایی و سنوورەکانی ئەم توێژینەوەیە بەسەر سێ ئاستی (جوگرافی، بابەتی و کڕۆنۆلۆژی)دا دابەش دەبن:
یەکەم: سنووری جوگرافی
ئەم توێژینەوەیە لە هەرێمی کوردستان، بە دیاریکراوی لە پارێزگا و شاری سلێمانی چڕ دەبێتەوە. پاساوی زانستی بۆ هەڵبژاردنی شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە ئەم شارە وەک سەنتەرێکی دیمۆگرافی بۆ چڕبوونەوەی ”سەرمایەی کولتووری” و ناوەندێکی مێژوویی بۆ بزووتنەوە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان، هەمیشە مەکۆی بزوێنەر و داینەمۆی گەشەسەندنی شانۆی کوردی بووە. (Salih, 2011, pp30-35) هەروەها، دامەزراندنی ”پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی” لە ساڵی ١٩٨٠دا، وەک یەکەمین هەنگاوی دامەزراوەییکردنی کایەی هونەر، بووە خاڵێکی وەرچەرخان، کە تێیدا شانۆکاران و گرووپە شانۆییەکان توانیان لە ڕێگەی پراکتیکە هونەرییەکانیانەوە فەزایەکی گشتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سانسۆری ئایدۆلۆژیی ڕژێم دروست بکەن (حامید، ١٤٠٠، ٤٣).
دووەم: سنووری بابەتی و تیۆری
لە ڕووی بابەتییەوە، لێکۆڵینەوەکە بە شێوەیەکی قووڵ تیشک دەخاتە سەر ”پەیوەندیی دیالێکتیکیی نێوان گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نمایشی شانۆیی” لە سەردەمی جەنگ و قەیرانەکاندا، ئەوەش بە پشتگیریکردن لە چوارچێوەی تیۆریی کۆمەڵناسیی ”پیێر بۆردیۆ”. لەم توێژینەوەیەدا، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆیی تەنها وەک ڕێکارێکی تەکنیکی یان ئیستاتیکی سەیر ناکرێت، بەڵکوو وەک ”مەیدانێکی ململانێ” مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت؛ پانتاییەک کە تێیدا بکەرەکان (هونەرمەندان) لەژێر فشاری هەلومەرجە بابەتییەکاندا، فۆڕم و ناوەڕۆکی نمایشیان دادەڕێژنەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ”توندوتیژیی ڕەمزی”ی دەسەڵات، یان کایەی سیاسی.(Bourdieu, 1993, pp29-35) تەرکیزکردنە سەر ئەم دیدە تیۆرییە، کلیلی تێگەیشتنە لە میکانیزمەکانی خۆگونجاندن و بەرەنگاربوونەوەی شانۆکارانی کورد (بە نموونەی گرووپەکانی وەک: شانۆی پێشڕەو، شانۆی سالار، شانۆی ئەزموونگەری، کۆڕی شانۆی با و هاوڕێیانی گەزیزە) لەبەردەم ئاستەنگەکانی سەردەمی جەنگدا و ئاشکراکردنی شێوازەکانی دەستەبەرکردن و پاراستنی ”سەرمایەی کولتووری”یە لە کاتی داڕووخانی ژێرخانی ماددیی کۆمەڵگەدا ( , pp12-18 ,Freshwater, 2009 ؛ حامید، ، ٩٢ ١٤٠٠).
سێیەم: سنووری زەمەنی
لە ڕەهەندی زەمەنییەوە، توێژینەوەکە ماوەیەکی مێژوویی درێژخایەن و پڕ لە وەرچەرخانی سۆسیۆ-پۆلەتیکی لەخۆ دەگرێت، کە لە ساڵی ١٩٨٠ەوە دەست پێدەکات و تا ساڵی ٢٠١٠ دەخایەنێت. بۆ شرۆڤەکردنی وردی ململانێکان و ئاستی گۆڕانی هابیتوسی شانۆکاران، توێژینەوەکە ئەم ماوەیە دابەشی سەر سێ قۆناغی زەمەنیی سەرەکی کردووە، کە گوزارشت لە گۆڕانکارییە پارادایمییەکانی کایەی سیاسی دەکەن:
– قۆناغی یەکەم (١٩٨٠ – ١٩٩١): سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران و لوتکەی توندوتیژییە سیستماتیک و فیزیکییەکانی ڕژێمی تۆتالیتاریی بەعس (کە خۆی لە ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە و وێرانکردنی لادێکاندا دەبینییەوە). لەم قۆناغەدا شانۆ وەزیفەیەکی نەتەوەیی و بەرگریانەی لەئەستۆ گرت بۆ بەرهەمهێنانەوەی هۆشیاری و پاراستنی «هابیتوس»ـی کوردی لەبەردەم هەڕەشەی توانەوەدا.
– قۆناغی دووەم (١٩٩١ – ٢٠٠٣): قۆناغی پاش ڕاپەڕین و دروستبوونی بۆشایی دەسەڵات و دواتر پێکهێنانی یەکەمین حکومەتی خۆجێیی کوردی، کە زوو بەهۆی شەڕی ناوخۆ و سەپاندنی گەمارۆی ئابووریی دووفاقەوە، کایەی کۆمەڵایەتی و هونەری تووشی شۆکێکی ئۆنتۆلۆژی و داڕمانی سەرمایەکان کرد.
– قۆناغی سێیەم (٢٠٠٣ – ٢٠١٠): قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس؛ سەردەمی کرانەوەی هەرێمی کوردستان بە ڕووی جیهانگەرایی و هاتنەناوەوەی مۆدێلی سەرمایەداری و نیۆلیبڕالیزم، کە بووە هۆی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەی مەیدانیی شانۆ و ئاراستەکردنی فۆڕم و ئامانجە کولتوورییەکان بەرەو بەکاربردن و قەیرانی شوناس (حامید، ٦ ،١٤٠٠).
بە شرۆڤەکردنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆیی بە درێژایی ئەم سێ قۆناغە، توێژەر دەتوانێت بە پشتبەستن بە داتای مێژوویی و شیکاریی سۆسیۆلۆژی، هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە بخاتە ڕوو لەسەر دینامیکییەتی گەشەسەندن، داڕمان و خۆدروستکردنەوەی فۆڕمی شانۆی کوردی، لە کاتی بەرکەوتن و وەڵامدانەوەی ئەو گێژاوە سیاسی و سەربازییانەی، کە لەو ماوەیەدا کۆمەڵگەی کوردییان تەنیبوو. (McDowall, 2004, pp370-383)
١–٣ ئامانجەکانی توێژینەوە
ئەم توێژینەوەیە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی مەعریفی و سۆسیۆلۆژیدا داڕێژراوە، بە مەبەستی گەیشتن بەم ئامانجە ئیپستیمۆلۆژی و شیکارییانەی خوارەوە:
١. شیکردنەوەی کاریگەرییە ڕاستەوخۆ و بونیادییەکانی دۆخی جەنگ، تراوما مێژووییەکان، قەیرانە ئابوورییەکان و نائارامییە سیاسییەکان (لە هەژموونی تۆتالیتاریی بەعسەوە تا ئاڵۆزییەکانی پاش ڕاپەڕین و ململانێکانی دوای ٢٠٠٣) لەسەر مۆرفۆلۆژیا و پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆیی. مەبەستی سەرەکی تێگەیشتنە لە میکانیزمەکانی سەپاندنی هەژموونی ”کایەی سیاسی” بەسەر فەزای ”کایەی هونەری”دا (حامید، ، ٨٧-٨٩ ،١٤٠٠).
٢. خستنەڕووی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی سۆسیۆلۆژی بۆ ئەو فشارە ئایدۆلۆژی و دامەزراوەییانەی ڕووبەڕووی بکەرانی کایەی شانۆ (شانۆکاران) بوونەتەوە. ئەمەش لە ڕێگەی کارپێکردنی چەمکەکانی وەک؛ بەرپەرچدانەوەی ”توندوتیژیی ڕەمزی”، شرۆڤەی گۆڕان و شۆکەکانی ناو «هابیتوس»ـی شانۆکاران، و لێکدانەوەی چۆنیەتی ململانێ لەسەر دابەشکردنەوەی ”سەرمایەی کولتووری و هونەری” لەناو خودی کایەی شانۆدا (Bourdieu, 1991, pp163-170).
٣. قووڵبوونەوە لەو میکانیزم و ستراتیژە ئیستاتیکی و پراکتیکییانەی، کە گرووپە پێشەنگەکانی شاری سلێمانی (وەک: پێشڕەو، سالار، ئەزموونگەری، کۆڕی شانۆی با و هاوڕێیانی گەزیزە) لە نێوان ساڵانی (١٩٨٠ – ٢٠١٠) پەیڕەویان کردووە. ئامانج لێرەدا ئاشکراکردنی ئەو شێوازانەیە، کە تێیدا فۆڕم و گوتاری شانۆیی وەک ”سەنگەرێکی بەرگری” بۆ پاراستنی ناسنامەی ئۆنتۆلۆژی و نەتەوەیی بەکارهێنراون (Zandi, 2017, 45-51).
٤. تیشکخستنەسەر پرۆسەی گواستنەوەی وەزیفەی شانۆ لە چوارچێوەیەکی ئیستاتیکی و کات بەسەربردنی پەتییەوە، بۆ کەرەستەیەکی پۆلەتیکی و سۆسیۆلۆژیی کارا. ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی هۆشیاریی دەستەجەمعی، ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی لۆکاڵی و بەرجەستەکردنی نامۆبوون و نائومێدییە گشتییەکان لە سەردەمی پاش ڕاپەڕین و دەرهاویشتەکانی شەڕی ناوخۆدا.
١–٤ میتۆدۆلۆژیای توێژینەوە
بۆ بەدیهێنان و سەلماندنی گریمانە و ئامانجە زانستییەکان، ئەم توێژینەوەیە لە چوارچێوەی میتۆدۆلۆژیای ”توێژینەوەی چۆنایەتی” (Qualitative Research)دا، پشت بە «میتۆدی وەسفی-شیکاری» (Descriptive-Analytical Method) دەبەستێت. ڕەهەندی وەسفیی میتۆدەکە، پرۆسەی کۆکردنەوەی داتا مێژووییەکان و وەسفکردنی بارودۆخە بابەتییەکان (سیاسی، ئابووری و سۆسیۆلۆژی)ی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان (١٩٨٠ – ٢٠١٠) لەئەستۆ دەگرێت. لە کاتێکدا، ڕەهەندە شیکارییەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەیەکی قووڵی ئەو داتایانە و بەستنەوەیان بە دینامیکییەتی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆییەوە بەکاردەهێنرێت. (Creswell, 2014)
لە ڕووی چوارچێوەی تیۆرییەوه، لێکۆڵینەوەکە بە تەواوی ئاوێتەی ڕێبازی ”ڕەخنەی سۆسیۆلۆژی” بووە، ئەویش بە پشتبەستن بە پارادایمی تیۆریی (پیێر بۆردیۆ) تایبەت بە سۆسیۆلۆژیای هونەر و کولتوور. لێرەدا، توێژەر چەمکە دەستنیشانکراوەکانی وەک «کایە» (Field)، «هابیتوس/پێکهاتەی زەینی» (Habitus)، و «سەرمایە» (Capital) وەک ئامرازی ئیپستیمۆلۆژی و شیکاری دەخاتە گەڕ، بۆ لێکدانەوەی پێگە و ڕەفتاری بکەرەکان (شانۆکارانی سلێمانی) و چۆنیەتی داڕشتنەوەی بەرهەمەکانیان لەژێر هەژموونی توندوتیژییە سیستماتیک و ڕەمزییەکانی قۆناغەکانی جەنگ و قەیرانەکاندا. (Bourdieu, 1993)
سەبارەت بە کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان، توێژینەوەکە پشتی بە دوو سەرچاوەی بنەڕەتی بەستووە: یەکەم؛ داتا دۆکیومێنتاری و ئەرشیفییەکان، کە پێکدێن لە دەقە نمایشییەکان، ئەرشیفی بڵاوکراوەی گرووپەکان، لێدوانە مێژووییەکان و لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکانی پێشوو. دووەم؛ داتا مەیدانییەکان، کە لە ڕێگەی چاودێریی مەیدانی و ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی قووڵ لەگەڵ بکەرە سەرەکییەکانی کایەکە (دەرهێنەران، ئەکتەران و شارەزایانی شانۆی کوردی)، کە تێپەڕیون بەناو ململانێکانی ئەو قۆناغانەدا، بەدەست هێنراون (حامید، ٨ ،١٤٠٠).
١–٥ گرنگیی توێژینەوە
بەهای زانستی و گرنگیی ئەم توێژینەوەیە لە سێ ڕەهەندی بنەڕەتییەوە هەڵدەقوڵێت:
یەکەم: لە ڕەهەندی ئەکادیمی و ئیپستیمۆلۆژییەوە؛ ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵێکی جیددییە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە کتێبخانەی ئەکادیمیی کوردیدا سەبارەت بە ”سۆسیۆلۆژیای شانۆ” بوونی هەیە. تا هەنووکە، لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و قووڵ، کە بتوانێت پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆی کوردی بە پارادایمە تیۆرییە هاوچەرخەکانی کۆمەڵناسییەوە (بەتایبەت ئیپستیمۆلۆژیای بۆردیۆ) گرێ بداتەوە، زۆر دەگمەنە (حامید، ١٤٠٠).
دووەم: لە ڕەهەندی سۆسیۆ-مێژوویی و ئۆنتۆلۆژییەوە؛ گرنگیی توێژینەوەکە لەوەدایە، کە هەڵدەستێت بە دۆکیومێنتکردن و شیکردنەوەی ڕۆڵی شانۆی کوردی وەک ”ئامرازێکی بەرگریی ئۆنتۆلۆژی” لە تاریکترین و سەختترین وێستگەکانی مێژووی نەتەوەی کورددا. قۆناغێک کە تێیدا کۆمەڵگەی کوردی دووچاری سڕینەوەی سیستماتیک، جینۆساید (ئەنفال و کیمیاباران)، ئاڵۆزییەکانی شەڕی ناوخۆ و داڕمانی ژێرخانی ئابووری بووەتەوە. توێژینەوەکە ئەو میکانیزمانە ئاشکرا دەکات، کە چۆن شانۆکاران لەناو قەیرانەکاندا، فۆڕم و گوتاری شانۆیان وەک چارەسەرێکی تیراپیک (دەرمانسازی) و بەرگری بۆ وەڵامدانەوەی تراوما دەستەجەمعییەکان بەکارهێناوە.
سێیەم: لە ڕەهەندی پراکتیکی و دامەزراوەییەوە؛ لێکۆڵینەوەکە لە سنووری تیۆریزەکردنێکی پەتی تێدەپەڕێت و دەبێتە سەرچاوەیەکی پراکتیکیی گرنگ بۆ توێژەرانی سۆسیۆلۆژیا، بکەرانی کایەی هونەری (نووسەران، دەرهێنەران و ئەکتەران)، داڕێژەرانی سیاسەتی کولتووری. توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، کە لە ساتی وێرانبوونی ژێرخانی دامەزراوەیی لە ناوچەکانی جەنگدا، بە چ مێتۆدێک دەتوانرێت «سەرمایە کولتووری و هونەرییەکان» لە هەرەسهێنان بپارێزرێن، چۆن شانۆ دەبێتە داینەمۆیەک بۆ ئاراستەکردنەوەی هۆشیاریی جەماوەر و درووستکردنەوەی شانۆی دوای قەیران. (Hughes, 2011)
بەشی دووەم: چوارچێوەی تیۆری
لەناو فەزای ئەم توێژینەوەیەدا، هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نمایشی شانۆیی لە جوگرافیای جەنگ و قەیرانەکاندا (بە دیاریکراوی کۆمەڵگەی کوردی)، پێویستی بە دیدگایەکی سۆسیۆلۆژیی ڕادیکاڵ و قووڵ هەیە، کە توانای لێکدانەوەی پەیوەندییە ئۆرگانی و دیالێکتیکییەکانی نێوان (دەسەڵات، توندوتیژی و هونەر)ی هەبێت. بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستە، توێژینەوەکە میتۆدۆلۆژیای خۆی لەسەر بنەمای تیۆرییەکانی سۆسیۆلۆژیستی فەرەنسی «پیێر بۆردیۆ» بونیاد ناوە. بۆردیۆ، هونەر و داهێنان لەو وێنا ڕۆمانسییە دادەماڵێت، کە گوایە داهێنان لە بۆشاییدا و دابڕاو لە کۆمەڵگە لەدایک دەبێت، بەڵکوو داهێنانی هونەری بە بەشێکی دانەبڕاو لە ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان پێناسە دەکات (Johnson, 1993). ئەم تێڕوانینە کلیلی تێگەیشتنە لەوەی، کە چۆن پانتایی شانۆ لە کاتی قەیرانەکاندا دەگۆڕێت بۆ ”گۆڕەپانی پێکدادانی ئایدۆلۆژیاکان” و چۆن بکەرانی شانۆیی مانۆڕ لەگەڵ ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا دەکەن بۆ خۆدەربازکردن لەو گێژاوە. (Bourdieu, 1993)
بۆردیۆ لە داڕشتنی ئیپستیمۆلۆژیای خۆیدا، دژ بە هەردوو تێڕوانینی باوی جەمسەرگیر دەوەستێتەوە: هەم دژی «بابەتیگەری» (Objectivism) کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی پاسیڤ دەبینێت، کە بەتەواوی لەلایەن ستراکچەری کۆمەڵگەوە ئاراستە دەکرێت، هەم دژی «خودیگەری» (Subjectivism) کە پێی وایە مرۆڤ خاوەنی ئیرادەیەکی ڕەها و سەربەخۆیە لە دروستکردنی جیهانەکەیدا. لە بری ئەمانە، بۆردیۆ چەمکی «پراکسیۆلۆژیا» (Praxeology) دادەهێنێت؛ مێتۆدێک، کە تێیدا پڕۆسەی بەرهەمهێنانی هونەری دەرئەنجامی لێکدانی دیالێکتیکییە لە نێوان ستراکچەرە بابەتییەکان (وەک جەنگ، داڕمانی ئابووری و پەراوێزخستن)، توانستە خودییەکانی بکەر (وەک ستراتیژی بەرگری، داهێنان و دیدگای دەرهێنەر) (Ritzer, 2015, 678-677). لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پارادایمەدا، توێژینەوەکە چوار چەمکی ناوەندیی بۆردیۆ دەخاتە گەڕ بۆ هەڵکۆڵینی سۆسیۆلۆژیای شانۆی کوردی:
یەکەم: کایە (Field)
بە بڕوای بۆردیۆ، هەر فەزایەکی کۆمەڵایەتی وەک ”کایەی هونەر و کایەی ئەدەب” فەزایەکی نیسبیی سەربەخۆیە، کە خاوەنی یاسا و لۆژیکی یاریکردنی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام ئەم کایەیە هەمیشە گۆڕەپانی «ململانێیەکی هیرارکییە» بۆ مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات و سەرمایەکان و بەردەوام لەژێر هەڕەشەی چوونەناوەوەی هەژموونی کایەکانی دیکەدایە ”بەتایبەت کایەی سیاسی و ئابووری” (Bourdieu, 1996, pp214-226 682) . لە جوگرافیایەکی ناسەقامگیری وەک کوردستان لە (١٩٨٠ تا ٢٠١٠)، ئەم «کایە شانۆییە» سەربەخۆییە نیسبییەکەی خۆی لەدەست دەدات و بە توندی ڕووبەڕووی داگیرکاری و دەستوەردانی کایەی سەربازی و سیاسی (لە سەردەمی بەعس و دواتریش ململانێ ناوخۆییەکان) دەبێتەوە. لەم خاڵەدا، وەزیفەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆیی لە پڕۆسەیەکی ئیستاتیکیی پەتییەوە، وەردەچەرخێت بۆ کەرەستەیەکی «بەرگریی نەتەوەیی» یان بەناچاری دەکەوێتە دۆخی «ملکەچبوون».
دووەم: سەرمایە (Capital)
لە دیدگای بۆردیۆدا، ململانێی ناو کایەکان ئامانجێکی سەرەکیی هەیە: کەڵەکەکردن و قۆرخکردنی سەرمایە. ئەم سەرمایەیە تەنها لە ڕەهەندە مارکسییە کلاسیکییەکەیدا (سەرمایەی ئابووری/ماددی) کورت نابێتەوە، بەڵکوو جۆرەکانی دیکەی وەک سەرمایەی کولتووری (مەعریفە، شارەزایی، بڕوانامە)، سەرمایەی کۆمەڵایەتی (تۆڕی پەیوەندییەکان)، سەرمایەی ڕەمزی (پێگە، ناوبانگ و شکۆ) لەخۆ دەگرێت (Bourdieu, 1986, pp243-248). کاتێک ژێرخانی وڵات لە سەردەمی جەنگەکاندا دادەڕووخێت و «سەرمایەی ئابووری» کایەی شانۆ دەگاتە خاڵی سفر (نەبوونی هۆڵ، نەبوونی بودجە، داڕمانی تەکنیک)، شانۆکارانی کورد ستراتیژێکی نوێ پەیڕەو دەکەن. ئەوان لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ فەزای ئەڵتەرناتیڤ، داهێنانی فۆڕمی تاقیکاری و شانۆی فیزیکی، هەروەها خۆماڵیکردنی دەقە جیهانییەکان، ئەو کەلێنە ماددییە پڕ دەکەنەوە و «سەرمایەی کولتووری و ڕەمزی»ی خۆیان لەناو کۆمەڵگەدا سەرلەنوێ بەرهەم دەهێننەوە و متمانەی جەماوەر بەدەست دەهێنن (حامید، ١٤٠٠).
سێیەم: هابیتوس / پێکهاتەی زەینی (Habitus)
هابیتوس بریتییە لە مێژوویەکی بەرجەستەبوو لەناو جەستە و زەینی تاکدا؛ سیستەمێکە لەو بەها، نەریت، شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتارانەی، کە بکەر بە تێپەڕبوونی کات و لە ئەنجامی بەرکەوتنی بەردەوام بە ژینگەی سۆسیۆ- مێژووییەوە وەریدەگرێت و لە ناخیدا جێگیر دەبێت (Bourdieu, 1977, pp72-87). کۆمەڵگەی کوردی، بەهۆی مێژوویەکی دوورودرێژ لە ستەمکاری، چەوساندنەوە، جینۆساید و شۆڕشی بەردەوام، خاوەنی «هابیتوسێکی ترۆماتیک و بەرەنگاری»یە. ئەم پێکهاتە زەینییە بە شێوەیەکی ئۆرگانی لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆییدا ڕەنگ دەداتەوە. شانۆکاران وەک هەڵگری ئەم هابیتوسە، چ لە ئاستی ئاگایی و چ لە ئاستی نائاگاییدا، کڕۆکی کارەکانیان (لە نووسین، نواندن و دەرهێناندا) لە وێنەکانی قوربانیبوون، خۆڕاگری، گەمارۆدان و وێرانکاری هەڵدەگۆزن، وەک ئەوەی لە مۆرفۆلۆژیای کارەکانی شانۆی سالاردا بەڕوونی دەبینرێت (حامید، ١٤٠٠).
چوارەم: توندوتیژیی ڕەمزی (Symbolic Violence)
ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ ئەو جۆرە لە سەپاندنی هەژموون و دەسەڵات، کە بە شێوەیەکی نەرم، شاراوە و زۆر جار بە ڕەزامەندیی نائاگایانەی خودی قوربانییەکە پیادە دەکرێت، ئەویش لە ڕێگەی ئامرازەکانی وەک زمان، پەروەردە و کایەی هونەرییەوە، بە ئامانجی سڕینەوەی شوناسی بەرامبەر و چەسپاندنی لۆژیکی باڵادەست (Bourdieu, 1991, 163-170 لە قۆناغەکانی مێژووی کوردستاندا، بەتایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتی تۆتالیتاریی بەعسدا، شانۆی کوردی ڕووبەڕووی سانسۆرێکی توندی دەزگایی، ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی سیمبولی نەتەوەیی و هەوڵەکانی «بەعساندن» بووەوە؛ کە ئەمەش لوتکەی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەمزی و فیزیکی بوو (Ahmadzadeh, 2003, pp 241-245).
لە بەرامبەر ئەم توندوتیژییە سیستماتیکەدا، بکەرانی شانۆی کوردی دەستەوەستان نەبوون، بەڵکوو خاوەنی کاردانەوەی پراکسیۆلۆژی بوون. بۆ پووچەڵکردنەوەی سانسۆر و دەربازبوون لە چاودێری، شانۆکاران پەنایان بردە بەر گۆڕینی فۆڕمەکانی نمایش و بەکارهێنانی میکانیزمە شاراوەکانی وەک: زمانی میتافۆر (خوازە)، کۆدکردنی پەیامەکان و شاردنەوەی گوتاری سیاسی لە پشت دەقە ئەفسانەیی و مێژووییەکانەوە، لەگەڵ گەڕانەوە بۆ فۆلکلۆر و مۆسیقای ڕەسەنی کوردی (حامید، ١٤٠٠).
هاوکات لەگەڵ ئەم داڕشتنەوەیەی ناوەڕۆکدا، بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگ و داڕمانی سەرمایەی ماددی، فۆڕم و فەزای نمایشیش وەرچەرخانی ڕیشەییان بەخۆوە بینی. شانۆکاران لە پشتنەبەستن بە دیکۆری گرانبەهاوە، ئاراستەی داهێنانیان گواستەوە بۆ سەر «جەستەی ئەکتەر» (دەرکەوتنی شانۆی فیزیکی) و نمایشیان لە هۆڵە گەورە و فەرمییەکانەوە گواستەوە بۆ فەزا ئەڵتەرناتیڤەکان، وەک بەکارهێنانی تەکنیکی «بلاک بۆکس – Black Box » ، حەوشەی قوتابخانەکان، یان تەنانەت شەقامەکان. ئەم گۆڕانە لە فەزای نمایش، نەک تەنها وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ کەمیی سەرچاوەکان، بەڵکوو بووە هۆی شکاندنی «دیواری چوارەم» و درووستکردنی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ، زیندوو و ئۆرگانی لە نێوان ئەکتەر و بینەردا (Balfour, 2013) . بەم شێوەیە، ئەو هونەرەی، کە لەسەر بنەمای هەژاریی ماددی و زۆریی مەترسییەکان بونیاد نرابوو، خەسڵەتێکی ڕادیکاڵ، ڕەخنەگرانە و هۆشیارکەرەوەی بەخشییە شانۆی کوردی و کردییە پانتاییەک بۆ پاراستنی سەرمایەی نەتەوەیی لەبەردەم هەڕەشەکانی سڕینەوەدا (Thompson, 2004, pp50-60).
بەشی سێیەم: شرۆڤەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆی کوردی لە دیدگای ڕەخنەی سۆسیۆلۆژیی (بۆردیۆ)وە
٣–١ کارلێکی کایەی کولتووری و کایەی سیاسی: توندوتیژیی ڕەمزی و ستراتیژی بەرگری (١٩٨٠ – ١٩٩١)
لە چوارچێوەی ئیپستیمۆلۆژیای پراکسیۆلۆژیی «پیێر بۆردیۆ»دا، «کایەی کولتووری» پانتاییەکی هیرارکییە بۆ ململانێ لەسەر قۆرخکردنی سەرمایە و سەپاندنی شوناس. بەڵام ئەم کایەیە لە جوگرافیای جەنگ و قەیرانەکاندا، زۆر جار سەربەخۆییە نیسبییەکەی خۆی لەدەست دەدات و بەتەواوی دەکەوێتە ژێر هەژموونی قورس و دیاریکەری «کایەی سیاسی» و ئامرازە سەرکوتکەرە سەربازییەکانەوە (Bourdieu, 1993, pp37-43). لە قۆناغی زێڕینی گەشەسەندنی شانۆی کوردیدا لە ساڵانی هەشتاکاندا، کایەی سیاسیی عێراق بە سەرۆکایەتیی ڕژێمی تۆتالیتاریی بەعس، لە ڕێگەی سانسۆری قورسی دامەزراوەیی و هەڕەشەی فیزیکیی ئاشکراوە (لە زیندانیکردنەوە تا لەسێدارەدان)، جۆرێک لە «توندوتیژیی ڕەمزی» و فیزیکیی سیستماتیکی بەسەر کایەی شانۆی کوردیدا سەپاند. ئامانجی ستراتیژیی ئەم توندوتیژییە، سڕینەوەی سەرمایەی کولتووریی نەتەوەیی و شێواندنی «هابیتوس»ـی شانۆکاری کورد بوو، لەپێناو بەرهەمهێنانەوەی تاکێکی ملکەچ بۆ ئایدۆلۆژیای داگیرکەر و گوتاری باڵادەستیی عەرەبی (Hughes, 2011, pp12-18).
لە بەرامبەر ئەم فەزا خنکێنەرەدا، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆیی لە شاری سلێمانی، وەک میکانیزمێکی کارای بەرگریی ئۆنتۆلۆژی کاردانەوەی نیشان دا. گرووپە پێشەنگەکانی وەک «شانۆی پێشڕەو» و «شانۆی سالار»، بەهۆی ئەوەی نەیاندەتوانی گوتاری بەرگریی خۆیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بەیان بکەن، لەسەر ئاستی فۆڕم و ناوەڕۆک پەنایان بردە بەر ئاوێتەکردنی (زمانی کۆد، هێماگەرایی و میتافۆر). بۆ نموونە، وەک لە ئەرشیفی شانۆی ئەم گرووپانەدا دەیبینین، دەرهێنەر «ئەحمەد سالار» لە نمایشی مۆزیکاڵی ”نالی و خەونێکی ئەرخەوانی” (١٩٨٧)دا، لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی دروشمئامێز، کە مەترسیی لەسەر ژیانی بەشدارانی نمایشەکەدا هەبوو، پەنای بۆ هەڵکۆڵینی سەرچاوە و سەرمایە کولتوورییە مێژووییەکانی کورد برد (حامید، ، ٩٤، ١٤٠٠). تەوزیفکردنی شیعری کلاسیکیی (نالی)، مۆسیقای فۆلکلۆریی ڕەسەن، و پۆشاکی کوردی لەسەر تەختەی شانۆ، تەنها هەڵبژاردنێکی ئیستاتیکیی پەتی نەبوو، بەڵکوو داهێنانێکی دیالێکتیکی بوو بۆ درووستکردنی «گوتارێکی شاراوە» (Subtext)ی بەهێز، دژی ئەو توندوتیژییە ڕەمزییەی دەسەڵات دەیویست بیسەپێنێت ( سالار، هەڤپەیڤین، ٢٠٠٦).
ئەم ستراتیژە نمایشییە، کە لەسەر بنەمای هۆشیارکردنەوەی «هابیتوس»ـی بینەر و گەڕانەوە بۆ ڕەگەکانی شوناس داڕێژرابوو، وای کرد فەزای هۆڵەکانی شانۆ ببنە پانتاییەک بۆ بەدەستهێنانەوەی «سەرمایەی کۆمەڵایەتی» و ڕەمزیی گەلێکی پەراوێزخراو. بەجۆرێک، بینەران نەک تەنها بۆ کاتبەسەربردن، بەڵکوو بۆ بینینەوەی ئازارە ئۆنتۆلۆژییەکانی خۆیان، بەدەستهێنانەوەی متمانەی دەستەجەمعی و ئەزموونکردنی «کاسارسیس» ڕوویان لە کایەی شانۆ دەکرد. بەم جۆرە، شانۆکاران لە تاریکترین سەردەمی مێژووی هاوچەرخدا (کە هاوکات بوو لەگەڵ پڕۆسەی ئەنفال و کیمیاباران)، ڕەوایەتییەکی مێژوویی و ئەخلاقییان بە کایەی کولتووری دەدا لە بەرامبەر هێزی وێرانکەری کایەی سیاسیدا، هۆڵی شانۆیان کردە پەناگەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی غەریزەی تەسلیمبوون و نەریتی دۆڕان (یاسین، ٢٠١١).
٣–٢ داڕمانی سەرمایەکان و شۆکی هابیتوس (١٩٩١ – ٢٠٠٢)
بەگوێرەی پارادایمە سۆسیۆلۆژییەکانی بۆردیۆ، «هابیتوس» (Habitus) بونیادێکی زەینی و جەستەییە، کە لە دەرەنجامی ئەزموونە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانەوە دادەڕێژرێت و دەبێتە داینەمۆی ئاراستەکردنی کردەوە، هەڵبژاردن و جیهانبینیی بکەرەکان (Bourdieu, 1990, pp52-65). دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و کشانەوەی دامەزراوەکانی بەعس، لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوت کە هابیتوسی شانۆکاری کورد ئازاد بووبێت؛ بەڵام سەرهەڵدانی خێرای شەڕی ناوخۆی کوردستان، سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییە دووفاقەکان و ناسەقامگیریی قووڵی پۆلەتیکی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، وای کرد هابیتوسی دەستەجەمعیی کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەتی شانۆکارانی سلێمانی، دووچاری شۆکێکی گەورە ببێت. ئەم هابیتوسە بەخێرایی لە دۆخی ئومێدی شۆڕشگێڕانە و بەرەنگاربوونەوەوە، وەرچەرخا بەرەو نائومێدییەکی کوشندە و دۆخێکی ئەبزورد/پووچگەرایی (حامید، ، ١٠٦ ، ١٤٠٠).
لەم قۆناغەدا، کایەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان تووشی داڕمانێکی ڕیشەیی و ئانارشییەت بوو، ئەمەش وەک دەرئەنجامێکی حەتمی، «کایەی شانۆی» پەلکێشی قەیرانێکی قووڵی بونیادی و ئۆنتۆلۆژی کرد. بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری، پەرتەوازەبوونی دامەزراوە هونەرییەکان و کۆچی بەلێشاوی «سەرمایەی مرۆیی» (هونەرمەندان) بۆ هەندەران، شانۆکاران لە ناوخۆدا نەیانتوانی «سەرمایەی ئابووری»ی پێویست بۆ بەرهەمهێنانە هونەرییەکانیان دەستەبەر بکەن (قادر، ٢٠٠٣). هاوکات، بەهۆی بێهیوایی گشتیی کۆمەڵگەوە، شانۆ بەشێکی گەورەی «سەرمایەی ڕەمزی و کۆمەڵایەتی»ی خۆیشی لەدەست دا، چونکە هۆڵەکانی شانۆ چۆڵ بوون؛ تراژیدیای شەڕی براکوژی و قەیرانە ڕۆژانەکانی سەر شەقام هێندە گەورە، ڕیالیستی و ترسناک بوون، کە فۆڕمەکانی شانۆی کلاسیک و ڕیالیزمی نەریتی (یان شانۆی گێڕانەوەیی پەتی) چیتر توانای وەڵامدانەوەی ڕۆحی شەکەت و برینداری جەماوەریان نەبوو.
لێرەوە، مۆرفۆلۆژیای پڕۆسەی بەرهەمهێنان لەسەر ئاستی فۆڕم، ناوەڕۆک و پەیوەندی لەگەڵ وەرگردا، گۆڕانکارییەکی سایکۆلۆژی و ئیستاتیکیی خێرای بەخۆوە بینی. شانۆکاران بۆ گوزارشتکردن لە هەڵوەشانەوەی ماناکانی ژیان و بەربەرییەتی ململانێکان، پەنایان بۆ مۆدێلی «شانۆی پووچگەرایی» و شانۆی تاقیکاری/ئەزموونگەری برد (غەمبار، ١٩٩٩، ١٠٦-١٠٨). نمایشەکانی ئەم قۆناغە، کە تژی بوون لە چاوەڕوانییەکی بێهوودە و وێنەی تاریک و کارەکتەری تێکشکاو، ڕەنگدانەوەیەکی ئۆرگانیی ئەو هابیتوسە شکاوانە بوون کە لە سایەی شەڕی ناوخۆدا بەرهەم هاتبوون. بۆ نموونە، وەک لە مێژووی شانۆی شارەکەدا دەردەکەوێت، «گرووپی شانۆی ئەزموونگەری» (کە لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا دامەزراوە) بەرهەمهێنانی نماییشەکانی وەک ”لە چاوەڕوانی گۆدۆ” (١٩٨٦)ی ساموێل بێکێتیان کردە خاڵی دەستپێکی ئەم وەرچەرخانە (حامید، ١٤٠٠، ١٠٣).
ئەم هەڵبژاردنە ئیستاتیکییانەی سەردەمی شەڕی براکوژی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە سۆسیۆلۆژییەن، کە کاتێک کایەی کۆمەڵایەتی توانای بەرهەمهێنانی هیوای نامێنێت، بکەری شانۆیی لە ڕێگەی تێکشکاندنی مانا و بەرهەمهێنانی تابلۆی ئەبزوردەوە، هەوڵ دەدات خۆی لەگەڵ واقیعێکی بێمانادا بگونجێنێت، هاوکات ڕەخنەیەکی قووڵ و شاراوە ئاراستەی دەسەڵاتی ماڵوێرانکەری لۆکاڵی بکات.
٣–٣ هەڵوەشاندنەوەی هیرارکییەتی شانۆ و گۆڕینی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان (٢٠٠٣ – ٢٠١٠)
لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی تۆتالیتاریی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و کرانەوەی هەرێمی کوردستان بەڕووی شەپۆلەکانی جیهانگەرایی و سیستەمی بازاڕی ئازاددا و دامەزراندنی یەکەم فڕۆکەخانە، کایەی شانۆیی پێویستییەکی ئۆنتۆلۆژیی بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی هابیتوس و ستراتیژی خۆی هەبوو لەناو هاوکێشە پۆلەتیکی و ئابوورییە نوێیەکاندا. لەم قۆناغەدا، مەترسییە دەرەکییەکان بە شێوەیەکی کاتی پاشەکشەیان کرد، بەڵام لەبری ئەوە، کایەی کۆمەڵایەتی کەوتە بەرداشی قەیرانە ناوخۆییەکانی وەک گەندەڵیی ئیداری، نادادپەروەریی چینایەتی، بێهیوایی گەنجان و پەراوێزخستنی دامەزراوەیی.
هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانی سروشتی ململانێکان، پەیوەندییەکانی هێز لەناو خودی ستراکچەری «پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆیی»یشدا وەرچەرخانی بونیادییان بەخۆوە بینی. بەپێی چەمکی (ململانێی ناوخۆیی کایەکان) لای بۆردیۆ، کە تێیدا نەوەی نوێگەر دژ بە پێکهاتە و نەوەی کلاسیک دەوەستێتەوە بۆ دابەشکردنەوەی سەرمایەکان و گۆڕینی یاساکانی یارییەکە (Bourdieu, 1996, pp231-240)، شانۆکارانی پۆست-مۆدێرن و ئەزموونگەر لە سلێمانی هەوڵیان دا دەسەڵاتی تەقلیدی و هیرارکیی (دەق – دەرهێنەر – ئەکتەر) هەڵبوەشێننەوە. وەک نموونەیەکی بەرچاو لە مێژووی شانۆی هاوچەرخی شارەکەدا، «کۆڕی شانۆی با» (کە لە سەرەتای ساڵانی دووهەزارەکاندا دەرکەوت) لە ڕێگەی دیدگای دەرهێنەرانی وەک «هیوا فایەق و هۆرێن غەریب»، مۆدێلی بەرهەمهێنانی شانۆییان بەتەواوی گۆڕی (حامید، ، ٦٤، ١٤٠٠)
ئەم گرووپە ئەلتەرناتیڤە، لەبری ئەوەی دەقێکی ئامادەکراو و پێشوەختە (لە نووسەرێکی باڵادەستەوە) بسەپێننە سەر ئەکتەر و دەرهێنەریش تەنها وەک جێبەجێکارێک مامەڵە بکات، پڕۆسەی بەرهەمهێنانیان گۆڕی بۆ کارێکی دەستەجەمعی و وۆرکشۆپی داهێنەرانە لەناو پلاتۆی پرۆڤەدا. لەم مۆدێلەدا، جەستە، جووڵەی بایۆمیکانیکی و سایکۆلۆژیای ئەکتەر بوون بە سەرچاوەی سەرەکی و سەنتەری بەرهەمهێنانی واتا (رەوف، ، ١٢٦ ، ١٩٩٥) ئەمە لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆژییەوە بە مانای گەڕاندنەوەی «سەرمایەی کولتووری و سەربەخۆیی داهێنان» دێت بۆ خودی جەستەی ئەکتەر، و بەگژداچوونەوەی ئەو پێکهاتە هیرارکییانەیە، کە پێشتر لەناو کایەی شانۆییدا هەژموونیان هەبوو. لەم قۆناغەدا (بەتایبەت لە نمایشەکانی وەک: پێکەوە لە بەهەشتا عەسرێک -١٩٩٩ و ئەودەمەی دنیا بێتامە حەیرانێ – ٢٠٠٣، شانۆ لە وەزیفە ناسیۆنالیستی و گێڕانەوەییە کلاسیکییەکەی دادەڕنرێت و دەبێتە کەرەستەیەکی ئێستێتیکیی ڕادیکاڵ، بۆ هەڵوەشاندنەوەی گوتاری فەرمیی دەسەڵاتی لۆکاڵی و بەرجەستەکردنی ئەو بێهوودەییە قووڵەی باڵی بەسەر مرۆڤی کوردی سەردەمی پۆست-جەنگدا کێشابوو (جامی، ،٣٥، ٢٠١٤)
٣–٤ هابیتوسی فێمینیستی لە کایەی شانۆدا: هەڵوەشاندنەوەی توندوتیژیی ڕەمزیی پیاوسالارانە
لەناو نەخشەی کایەی کولتووریدا، ئامادەیی و بەشداریکردنی ژن لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆییدا، خۆی لە خۆیدا بەرجەستەکردنی ململانێیەکی ئۆنتۆلۆژیی قووڵە لەگەڵ «توندوتیژییە ڕەمزییەکان»ی ستراکچەری پیاوسالاری. بۆردیۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، کە «باڵادەستیی نێرینە» لە کۆمەڵگەدا لە ڕێگەی نائاگایی دەستەجەمعی، دامەزراوەی پەروەردە و بەسروشتییکردنی جیاوازییە بایۆلۆژییەکانەوە، هەژموونی خۆی بەسەر هابیتوسی مێینەدا دەسەپێنێت (Bourdieu, 2001, 33-42). لە سەرەتاکانی مێژووی گەشەسەندنی شانۆی سلێمانیدا، ژنان لەسەر تەختەی شانۆ بەتەواوی پەراوێز و قەدەغە کرابوون، بەجۆرێک تەنانەت پیاوان ڕۆڵی کارەکتەری ژنانیان بەرجەستە دەکرد (وەک ئەوەی لە شانۆکانی کۆتایی سییەکان و چلەکانی سەدەی ڕابردوودا باو بوو). ئەمە دەرکەوتەیەکی ڕوونی ئەو هابیتوسە نێرینە باڵادەستە بوو، کە ژنی وەک کائینێکی لاواز و شاردراوە، تەنها لە چوارچێوەی فەزای تایبەتدا دەبینی و لە فەزای گشتی بێبەشی دەکرد (حامید، ١٤٠٠، ٦٨).
بەڵام لە ساڵانی هەشتاکان و قۆناغەکانی دواتردا، بەتایبەتی لە ڕێگەی نمایشەکانی «گرووپی هاوڕێیانی گەزیزە» (کە دامەزراندنی بۆ ١٩٧١ دەگەڕێتەوە و لە ٢٠٠٤دا لە فۆڕمێکی نوێدا دەرکەوتەوە)، وەرچەرخانێکی بونیادی لەم هاوکێشە سۆسیۆلۆژییەدا بەرجەستە بوو. هونەرمەند «گەزیزە عومەر»، وەک بکەرێکی پێشەنگ، کایەی شانۆی وەک سەنگەرێک بەکارهێنا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژییە دەزگایی و کۆمەڵایەتییانەی، کە ئاراستەی ژنان دەکران (سوبحان، ٢٠٠٧). لە نمایشەکانی وەک ”دارتووەکە” (١٩٨٩)، ”ژنانی شارەکەم” (٢٠٠٢) و ”خێوەتی گوڵەکان”دا، جەستەی ژن لەسەر تەختەی شانۆ چیتر کەرەستەیەک نەبوو بۆ چێژی بینراوی نێرینە یان کائینێکی پاسیڤی ناو دەقەکان، بەڵکوو بوو بە سەنتەرێکی ئەکتیڤ بۆ ململانێی سیاسی، گەیاندنی گوتار و دەربڕینی ترۆماکان.
لە گوتاری شانۆیی بەرهەمەکانی (گەزیزە)دا، ژن تەنها قوربانییەکی سادەی ناو خێزانی نێرینە نییە، بەڵکوو قوربانیی یەکەمی سیستەمە فاشیزمەکان، لێکەوتەکانی کیمیاباران، دڕندەیییەکانی شەڕی ناوخۆ و چەوساندنەوەی چینایەتییە. سەنتەرگیربوونی ژن لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆییدا (چ وەک نووسەر، دەرهێنەر، یان کارەکتەری بزوێنەر)، هەنگاوێکی پراکسیۆلۆژیی ڕادیکاڵ بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو «توندوتیژییە ڕەمزییە» ستراکچوراڵەی کە کایەی سیاسی و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر هابیتوسی ژنی کورددا سەپاندبوویان. ئەم هەوڵانە لە مێژووی شانۆدا سەلماندیان، کە ژنان نەک تەنها لە توانایاندایە بەسەر «سەرمایەی کولتووریی» خۆیاندا زاڵ بن، بەڵکوو دەتوانن لە ڕێگەی ئیستاتیکای شانۆوە ئاراستەی گوتاری گشتیی کۆمەڵگە بگۆڕن و شوناسێکی ئۆنتۆلۆژیی نوێ و ئازاد بۆ مێینە لە فەزای کوردیدا بەرهەم بهێننەوە (حامید، ، ١١١، ١٤٠٠).
دەرەنجامە ئیپستیمۆلۆژی و سۆسیۆلۆژییەکانی توێژینەوەکە
لە پاش هەڵکۆڵین و شرۆڤەیەکی قووڵی سۆسیۆ-مێژوویی بۆ مۆرفۆلۆژیا و دینامیکییەتی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆیی لە شاری سلێمانی (لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ٢٠١٠)، بە خستنەگەڕی چوارچێوە تیۆرییەکانی «پیێر بۆردیۆ» وەک ئامرازێکی شیکاریی ڕەخنەگرانە، توێژینەوەکە گەیشتە کۆمەڵێک دەرەنجامی زانستی و مەعریفی، کە وێنەیەکی دیالێکتیکیی تەواو لەسەر پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان «کایەی سیاسی» و «کایەی شانۆیی» دەخەنە ڕوو. گرنگترین دەرەنجامەکان لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕ دەبنەوە:
١. یەکێک لە دەرەنجامە هەرە گرنگەکانی ئەم توێژینەوەیە، ئاشکراکردنی پەیوەندییەکی پێچەوانە و پارادۆکسیکاڵە لە نێوان دۆخی ئارامیی سیاسی و گەشەی ئیستاتیکیی شانۆدا. «هابیتوس»ـی شانۆکاری کورد بە چەشنێک فۆرمەلە بووە، کە لە سەختترین ساتەوەختەکانی جەنگ، هەڕەشەی ئۆنتۆلۆژی و جینۆسایددا (وەک قۆناغی هەشتاکان و کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە)، کایەی شانۆ گەیشتووەتە لوتکەی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکی ئۆرگانی و ڕۆحیی ئێجگار بەهێزی لەگەڵ جەماوەردا بونیاد ناوە. بەڵام کاتێک کۆمەڵگە پێ دەنێتە قۆناغێکی نیسبی لە سەقامگیری، یان ململانێکان وەردەچەرخێن بۆ شەڕی ناوخۆیی (وەک قۆناغی پاش ڕاپەڕین و دەرهاویشتەکانی دوای ٢٠٠٣)، کایەی شانۆ تووشی نامۆبوون، پاشەکشەی چەندایەتی و داڕمانی جەماوەری دەبێتەوە. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە؛ شانۆی کوردی لە بنەڕەتدا وەک «پڕۆژەیەکی بەرگریی ئایدۆلۆژی و ناسیۆنالیستی» گەشەی کردووە و گرێدراوی ترۆماکانی نەتەوە بووە، نەک تەنها وەک پراکتیکێکی پەتیی هونەری لە فەزایەکی ئارامدا.
٢. بە درێژایی قۆناغە مێژووییەکان، چەقی دەسەڵات لەناو ستراکچەری بەرهەمهێنانی شانۆیدا گۆڕانکاریی بونیادیی بەخۆوە بینیوە. لە قۆناغی یەکەمدا (هەشتاکان)، بەهۆی بوونی سانسۆری توندی کایەی سیاسیی بەعس و پێویستیی هۆنینەوەی گوتاری شاراوە و میتافۆری، سەرمایەی دەسەڵات لە لوتکەی هەرەمەکەدا قۆرخ کرابوو بۆ «دەق و نووسەر». لە قۆناغی دووەمدا (نەوەدەکان)، هەژموونەکە گوازرایەوە بۆ «دەرهێنەر». بەڵام لە قۆناغی سێیەمدا (پاش ٢٠٠٣)، وەک ئەوەی لە ئەزموونی نوێگەرانەی (کۆڕی شانۆی با)دا بەرجەستەیە، «سەرمایەی کولتووری و داهێنان» بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ دەگەڕێنرێتەوە بۆ جەستەی «ئەکتەر». لێرەدا دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی دەقی پێشوەختە هەڵدەوەشێتەوە، و جەستەی ئەکتەر لەناو پلاتۆی پرۆڤەدا دەبێتە سەنتەری خولقاندنی واتا؛ کە ئەمەش وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ ڕزگارکردنی کایەی شانۆ لە کۆتوبەندە تەقلیدییەکان و بەدیموکراسییکردنی پڕۆسەی بەرهەمهێنان.
٣. توێژینەوەکە سەلماندی کە گوتاری شانۆیی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ئامانجەکانیدا کردووە. ئەگەر نماییشەکانی ساڵانی هەشتاکان (وەک پراکتیکەکانی گرووپی پێشڕەو و سالار) ئامانجی ستراتیژییان تێکشکاندنی «توندوتیژیی ڕەمزی و فیزیکی»ی فاشیزمی دەرەکی (بەعس) بووبێت، ئەویش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ فۆلکلۆر و هێما ئۆنتۆلۆژییەکانی نەتەوە، ئەوا لە قۆناغی دوای ٢٠٠٣دا، ئاراستەی ڕەخنە گۆڕا بۆ هەڵوەشاندنەوەی «توندوتیژییە سیستماتیکە ناوخۆییەکان». کایەی شانۆ لەم وێستگەیەدا بوو بە کەرەستەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ ڕەخنەگرتن لە گەندەڵیی دەسەڵاتی لۆکاڵی، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەرجەستەکردنی نامۆبوون و بێهوودەیی مرۆڤی کورد لە سایەی قەیرانە دارایی و ئابوورییە یەکلەدواییەکەکاندا.
٤. بەشداریکردنی ئاکتیڤانەی ژن لە کایەی شانۆدا، یەکێکە لە گەورەترین وەرچەرخانە سۆسیۆلۆژییەکان، کە توێژینەوەکە تیشکی خستووەتە سەر. لە سەرەتاکانی مێژووی شانۆی سلێمانیدا، کایەکە پانتاییەکی تەواو «نێرینە» بوو، کە تێیدا مێینە تەنها وەک کائینێکی پەراوێزخراو و ونبوو مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. بەڵام هاتنەپێشەوەی گرووپەکانی وەک (هاوڕێیانی گەزیزە)، ئەو ڕاستییەی سەلماند، کە ژنان دەتوانن لە ڕێگەی خاوەندارێتی و بەرهەمهێنانی «سەرمایەی کولتووری»یەوە، هابیتوسی باڵادەستیی پیاوسالاری تێکبشکێنن. لەم پراکتیکە ئیستاتیکییانەدا، جەستەی ژن بوو بە سەنتەرێک بۆ دەربڕینی ترۆماکانی کیمیاباران و شەڕی ناوخۆ، بە شێوەیەکی پراکسیۆلۆژی سەلمێنرا، کە ژن تەنها قوربانیی یەکەمی سیستەمە پۆلەتیکییەکان نییە، بەڵکوو دەتوانێت بکەرێکی ڕادیکاڵ و ڕابەری گۆڕانکارییە ئیستاتیکی و کۆمەڵایەتییەکانیش بێت.
٥. لە کۆتاییدا، توێژینەوەکە دەریخست، کە داڕمانی ژێرخانی ئابووری و لەدەستدانی «سەرمایەی ماددی» لە سەردەمی گەمارۆکان و شەڕی ناوخۆدا، کە بووە هۆی لەدەستدانی هۆڵە گەورە و فەرمییەکانی شانۆ، کارەساتێکی ڕەها نەبوو. بەڵکوو ئەم قەیرانە بابەتییە، شانۆکارانی ناچار کرد پەنا بۆ «فەزای ئەڵتەرناتیڤ» ببەن؛ وەک پەیڕەوکردنی تەکنیکی ژووری تاریک (Black Box)، بەکارهێنانی حەوشەی قوتابخانەکان، بینا وێرانەکان و شەقامەکان. ئەم گۆڕانکارییە لۆجستییە کە لە ڕواڵەتدا دەرهاویشتەیەکی نەرێنیی قەیرانەکان بوو، لە ڕووی ئیستاتیکییەوە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی فۆڕمە کلاسیکییەکان، سڕینەوەی «دیواری چوارەم» و بونیادنانی پەیوەندییەکی ئێجگار ڕاستەوخۆ، ئۆرگانی و زیندوو لە نێوان ئەکتەر و بینەردا. بەمەش، شانۆی سەردەمی قەیرانەکان توانی «هەژاریی ماددی» بکاتە داینەمۆیەک بۆ بەرهەمهێنانی «دەوڵەمەندییەکی ئیستاتیکی و سۆسیۆلۆژی»ی بێوێنە.
ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی توێژینەوە
لەبەر ڕۆشنایی ئەو دەرەنجامە ئیپستیمۆلۆژی و سۆسیۆلۆژییانەی، کە لە هەڵکۆڵینی مێژوویی و شیکاریی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی شانۆیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا (بە دیاریکراوی لە شاری سلێمانی) بەدەست هاتوون، و بە مەبەستی پاراستنی شوناسی ئۆنتۆلۆژی و گەشەپێدانی «سەرمایەی کولتووری و هونەری»ی نەتەوەیی، ئەم توێژینەوەیە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیاری ستراتیژی و پراکتیکی دەخاتە ڕوو:
١. پێویستییەکی هەنووکەیییە کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەرجەم دامەزراوە حکومییەکانی پەیوەست بە کایەی هونەر، پێداچوونەوەیەکی ڕیشەیی و پارادایمی بە سیستەمی بەڕێوەبردن و ستراتیژییەتی کولتووریی خۆیاندا بکەن. هەڵوەشاندنەوەی بیرۆکراسیی کلاسیک و تێپەڕاندنی تێڕوانینی تەقلیدی بۆ وەزیفەی شانۆ، هەنگاوێکی حەتمییە. پێویستە «کایەی سیاسی و ئیداری»، ددان بە سەربەخۆیی تەواوەتیی «کایەی کولتووری»دا بنێت و لەبری پراکتیزەکردنی سانسۆر (توندوتیژیی ڕەمزی) یان پشتگوێخستن، «سەرمایەی ئابووری»ی تەرخانکراو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای پڕۆژەی داهێنەرانە (بەبێ مەرج و دەستوەردانی ئایدۆلۆژی) بەسەر گرووپە سەربەخۆ، تاقیکاری و ئەلتەرناتیڤەکاندا دابەش بکات.
٢. لەبەر ئەوەی پەیمانگە و کۆلێژەکانی هونەرەجوانەکان ئەو کارگانەن کە «هابیتوس» و ئامادەییی زەینیی بکەرانی شانۆ (شانۆکاران)ی تێدا فۆرمەلە دەبێت، پێویستە پڕۆگرامەکانی خوێندن وەرچەرخانێکی مێتۆدۆلۆژی بەخۆیانەوە ببینن. جێگیرکردنی وانەی تایبەت بە «سۆسیۆلۆژیای شانۆ و هونەر»، و گرنگیدان بە مێتۆدەکانی «شانۆی فیزیکی»، «شانۆی پۆست-دراماتیک» و «شانۆی ئەزموونگەری»، دەبێتە هۆی پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی ڕەخنەگر. نەوەیەک کە خاوەنی پراکسیۆلۆژیایەکی داهێنەرانە بێت و توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ قەیرانە ئاڵۆزەکانی سەدەی بیست و یەکدا هەبێت، نەک تەنها ببێتە ئامێرێک بۆ لاساییکردنەوەی فۆڕمە نەریتییە بەسەرچووەکان.
٣. توێژینەوەکە بە بەڵگەی سۆسیۆلۆژی سەلماندی کە کایەی شانۆ، تەنانەت لە ساتی قەیران و داڕمانی سەرمایەی ماددیشدا، بۆ بەردەوامبوونی ئۆنتۆلۆژیی خۆی پێویستی بە هۆڵی فەرمی و دیکۆری زەبەلاح نییە. بۆیە پێشنیاز دەکرێت کە ستراتیژی وەبەرهێنانی کولتووری، ئاراستەکەی بگۆڕێت بەرەو بونیادنانی «فەزا ئەلتەرناتیڤەکان»؛ وەک دامەزراندنی ستۆدیۆکانی «ژووری تاریک ، تاقیگە شانۆییەکان و گەڕاندنەوەی شانۆ بۆ ناو فەزای گشتی (شەقام و گەڕەکەکان). ئەم فەزایانە باشترین ژینگەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی هیرارکییەتی دەسەڵات لەناو پڕۆسەی بەرهەمهێناندا و ئازادکردنی «سەرمایەی داهێنان»ی ناو جەستەی ئەکتەر.
لیستی سەرچاوەکان
یەکەم: سەرچاوە کوردی و فارسییەکان
١. جامی، نیهاد. (٢٠٠٩) گوتاری ڕەخنەی شانۆی کوردی. کەرکووک: یەکێتیی نووسەرانی کورد.
٢. ڕەئوف، دانا. (١٩٩٥) گوتاری ئەزموونگەری لە ڕەوتی شانۆی کوردیدا. سلێمانی: کۆمەڵەی هونەرەجوانەکان.
٣. سالار، ئـاحمەد. (٢٠٠٦) خۆشترین گۆرانی، سێ تێکستی شانۆیی. سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.
٤. سوبحان، کامەران. (٢٠٠٧) لە ڕەقەوە تا خۆشەویستی. سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.
٥. حامید، دێرین. (١٤٠٠) پەیوەندیی ئاڵوگۆڕی نێوان کۆمەڵگە و شانۆ لە پڕۆسەی پێکهاتنی شانۆی مۆدێرن لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵانی ١٩٨٠ تا ٢٠١٠ بە پشتبەستن بە ڕەخنەی کۆمەڵناسیانەی پیێر بۆردیۆ. نامەی ماستەر. ئێران: زانکۆی تاران، کۆلێژی هونەرە جوانەکان
٦. غەمبار، کەمال. (١٩٩٩) ‘شانۆگەری دارتووەکەی گەزیزە، شاکارێکی داهێنەرانە’، گۆڤاری ڕامان، (٣٤)هەولێر.
٧. قادر، یاسین بەرزنجی. (٢٠٠٥) چەند باسێک دەربارەی شانۆی کوردی. سلێمانی: وەزارەتی ڕۆشنبیری.
دووەم: سەرچاوە ئینگلیزییەکان
- Ahmadzadeh, H. (2003). Nation and Novel: A Study of Persian and Kurdish Narrative Discourse. Uppsala: Uppsala University.
- Balfour, M. (2013). Refugee Performance: Practical Encounters. Bristol: Intellect Books.
- Bourdieu, P. (1977). Outline of a Theory of Practice. Cambridge: Cambridge University Press.
- Bourdieu, P. (1986). ‘The Forms of Capital’, in Richardson, J. (ed.) Handbook of Theory and Research for the Sociology of Education. New York: Greenwood, pp. 241-258.
- Bourdieu, P. (1990). The Logic of Practice. Stanford: Stanford University Press.
- Bourdieu, P. (1991). Language and Symbolic Power. Cambridge, MA: Harvard University Press.
- Bourdieu, P. (1993). The Field of Cultural Production: Essays on Art and Literature. New York: Columbia University Press.
- Bourdieu, P. (1996). The Rules of Art: Genesis and Structure of the Literary Field. Stanford: Stanford University Press.
- Bourdieu, P. (2001). Masculine Domination. Stanford: Stanford University Press.
- Freshwater, H. (2009). Theatre & Audience. Basingstoke: Palgrave Macmillan.
- Hughes, J. (2011). Performance in a Time of Terror: Critical Mimesis and the Age of Uncertainty. Manchester: Manchester University Press.
- McDowall, D. (2004). A Modern History of the Kurds. London: I.B. Tauris.
- Salih, K. (2011). The Cultural History and Dynamics of Sulaymaniyah as a Creative City.
- Thompson, J. (2004). Digging Up Stories: Applied Theatre, Performance and War. Manchester: Manchester University Press.
- Zandi, M. (2017). Kurdish Theater and the Struggle for Identity.
ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.