سازدانی: ئەحمەد کامیابی مەسک
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: مەریوان ھەڵەبجەیی

ئەم گفتوگۆیە سەرەتا بە زمانی فەڕەنسی بڵاوبوویەوە و پاشان بە فارسی لە چەندین گۆڤاردا، لەوانە گۆڤاری ”دنیای سخن و مجلەی نمایشە و مجلەی پژوھشگران و مجلەی ێحنە” و چەندین گۆڤاری تردا بڵاو بوویەوە و دواتر وەرگێردرایە سەر زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و ئیسپانی و ھۆڵەندی و چەندین زمانی تر.
لە ساڵانی ڕابردوودا و لە تاران مۆڵەتم لێ وەرگرت ئیزنم بدات وەک تەنیا وەرگێڕی بەرھەمەکانی بۆ زمانی کوردی، بەتایبەت ھەردوو کتێبە بەناوبانگەکەی دەربارەی ساموئیل بیکێت و ئۆژین یونسکۆ، چاپ و بڵاوبکەمەوە. بە خۆشحاڵییەوە ڕەزامەندی دەربڕی.
ساموێل بیکێت شاعیر و ڕۆماننوس و بەتایبەتیش شانۆنامەنووسی بەناوبانگی فەرەنسی بەڕەگەز ئایرلەندی ڕۆژی ١٣-٤-١٩٠٦ لە فوگس ڕەگ لە دەوروبەری باشوری دابلین لە خێزانێکی مەسیحیی ”پرۆتستان” و تا ڕادەیەک خۆشگوزەران چاوی بە دونیا ھەڵھێنا. دایکی زۆر کەسێکی ئاینی بوو. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا قۆناغی دواناوەندی تەواو دەکات و دەچێتە ”کۆلێجی ترینتی” لەوێ زمانی فەرەنسی و ئیتالی فێردەبێت. لەو سەردەمەدا عاشقی بەرھەمەکانی ”دانتێ” دەبێت.
لە تەمەنی بیست ساڵیدا ڕۆشت بۆ فەرەنسا و بە پایسکیل ھەموو دەوروبەری ناوچەی شاری ”تۆر” گەڕا.
لە تەمەنی بیستویەک ساڵیدا ڕۆیشت بۆ ”فلۆرانسا”ی ئیتالیا و دیبلۆمێکی ھونەری وەرگرت.
لە تەمەنی بیستودوو سالیدا لە ”بلفاست” دەستی بە وانەوتنەوە کرد و پاشان بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ پاریس ڕۆیشت، لە زانستگەی باڵا و لە زانکۆی ”سۆربۆن” وانەی زمانی ئینگلیزی گوتەوە و ھەر لەو کاتەدا شیعرەکانی چاپکرد و دەستیکرد بە وەرگێرانی بەرھەمی نووسەرە گەورە ئایرلەندییەکان. لە تەمەنی بیستوچوار ساڵیدا گەڕایەوە بۆ ئایرلەندا و لە زانکۆی ”ترینتی کالیچ” دامەرزرا و دەستی بە وانەگوتنەوەی زمانی فەرەنسی کرد.
دوای دوو سال دەستی لە کار کێشایەوە و پاش سەفەڕێکی کورت بۆ ئەڵمانیا، لە پاریس نیشتەجێ بوو ھەوڵی دا لە ڕێگەی وەرگێرانەوە ژیانی بەرێوەببات بەڵام تووشی شکست بوو، ناچار بوو سەرەتا بۆ لەندەن و دواتریش بگەرێتەوە بۆ دابلین. لەوێش نەیتوانی خۆی ڕابگرێت و بە ناچاری ماوەیەک لە لەندەن ژیا و پاشان بۆ ئەڵمانیا ڕۆیشت. لە تەمەنی سیویەک ساڵیدا دووبارە گەڕایەوە بۆ پاریس و وەک سکرتێری ھاونیشتیمانەکەی ھاوکاریی (جێمس جۆیس)ی کرد. لە سەردەمی جەنگدا ھاوکاریی ھێزی بەرگریی نەتەوەیی فەرەنسای کرد، پاشان گەڕایەوە بۆ ئایرلەندا، بەڵام دوای کۆتایی شەڕ لە پاریس جێگیر بوو، دەستی کرد بە نووسینی ڕۆمان و پاشان کورتەچیرۆک. ساڵی ١٩٤٨ ”لە چاوەڕوانیی گۆدۆ”دای نووسی و لە ساڵی ١٩٥١دا چاپ کرا و پاش دوو ساڵ لەسەر تەختەی شانۆ نمایش کرا. لەو ڕێکەوتە بەدواوە بیکێت زیاتر شانۆنامەی دەنووسی، خۆی شانۆنامەکانی وەردەگێڕا بۆ سەر زمانی ئینگلیزی یان فەرەنسی. لە مانگی ئۆکتۆبەری ١٩٦٩دا بیکێت بویە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات و خاوەنی خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەکەی لەبری ئەو لە مەراسیمەکەدا بەشداربوو. لە ساڵی ١٩٦٦دا بیکێت خۆی ھەندێک لە شانۆنامەکانی ھێنایە سەر تەختەی شانۆ، یان ھاوکاریی دەرھێنەرەکانی دەکرد لە بەرھەمھێنانیدا. بیکێت ڕۆژی ھەینی ٢٢ی دیسەمبەری ١٩٨٩ لە پاریس و لە خەڵوەتگەی پیریدا ماڵئاوایی لە دونیا کرد و لە گۆرستانی ”مون پەرناس” بەبێ ھیچ جۆرە مەراسیمێکی تایبەت، بە ویستی خۆی بە خاک سپێردرا.
ژیانی ساموێل بیکێت سەرتاسەر پڕ لە ڕووداو و سەفەر و دژواری بوو. ئەو زۆر قووڵ و بەباشی ئاگای لە دەستکورتی و ھەژاریی ئابووری و ڕۆحیی مرۆڤەکانی بوو. ئەو ھیچ کاتێک لە یارمەتیدانی کەسوکار و ھاوڕێیان و ھونەرمەندانی ھەژار خۆی بەدوور نەگرت و ڕەنگە زۆرترین دەستکەوتی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکان و پێشکەشکردنی شانۆکانی بە ھەژاران دەدا.
بیکێت پووچگەرا نەبوو. شانۆکەشی شانۆی پووچی نەبووە و نییە. ئەو تەنیا دۆخی پووچیی ژیانی مرۆڤی لەم دونیا ناشیرینەدا، ژیانی ڕۆژانەی ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤەکانی نیشان دەدا. بەڵکو مرۆڤەکان پەند وەربگرن و لەم ڕێگەیەدا، کە لە ڕەحمی دایکەوە دەست پێدەکات و بە گۆڕ کۆتایی دێت زۆر کورتە، دەست لە کوشتن و ئەشکەنجە و ئازاردانی یەکتر ھەڵبگرن و میھرەبانبن لەگەڵ یەکتردا.
دکتۆر ئەحمەد کامیابی مەسک.
لە ھۆڵی چاوەڕوانی ئۆتیلەکەدا چاوەڕوانی بیکێت بووم، پیاوێک لە دەرگای کافتریاکەوە ھاتە ژورەوە، بەپەنامدا تێپەڕی و لە دەرگای ناوەڕاستی ھۆڵەکەدا وەستا. لەوە دەچوو بەدوای کەسێکدا بگەڕێت. ڕێک لەو کاتەدا گەڕایەوە بەرەو لای من، گومانەکەم ڕاست دەرچوو:
بەڵێ خودی خۆی بوو. لە ھەمان کاتدا دەمدی ھیچ ھاوشێوەیەکی لەگەڵ ئەو وێنانەی ئەودا نییە لە کتێبەکان و لە گۆڤارەکاندا چاپ دەبوون، تووشی سەرسورمان بووم. ھەڵکشاو و باڵابەرز، دەمووچاوێکی تا ڕادەیەک بێ چرچولۆچ و چاوانێکی ڕووناک و نیگایەکی قووڵ و کارتێکەر بە تیشکێکی پڕ لە میھرەبانییەوە. ئەم جارەیان بە وێنەیەکەوە مرۆڤ دەتوانێت بۆ پیاوێکی بەتەمەنی ھەبێت زیاتر لە ھەشتا ساڵ بەسەر تەمەنیدا تێپەڕیوە لە زەیندا ھەبێت یەک نەدەھاتەوە.
بانگێشتی کردم بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بڕۆمە کافتریاکە(١). نیگەران بووم لە بیرکردنەوە لەو گفتوگۆیەی دەبوو لەگەڵیدا ئەنجامم بدایە، لەبەر ئەوەی دەمویست ناچاری بکەم لەبارەی بەرھەمەکانی و بەتایبەت شانۆنامەکانی و نمایشکردنیانەوە قسە بکات، ئەمە لەکاتێکدایە چەندین جار لە بڵاوکراوەکاندا خوێندبوومەوە بە ھیچ جۆڕێک حەز ناکات لەبارەی ئەو بابەتەوە بدوێت و ھەروەھا ھیچ حەزێکی ئەوتۆشی لە پرسیار و وەڵام نییە. ھەندێک لە ھاوڕێ نزیکەکانی ئەمەیان بە من گوتبوو.
کاتێک لەپێش منەوە بەسەر یەکەمین پلیکانەکانی کافتریاکەدا سەردەکەوت شتێک سەرنجی ڕاکێشام، ھەستم بەوە کرد گۆرەوی لەپێدا نییە و دژوازیی پێستی سپیی پێی لەنێوان پێلاوە ڕەش و پانتۆلە ڕەشەکەیدا خێرا منی خستە بیری ستراگۆنی کەسایەتیی بەناوبانگی شانۆنامەکەی ”لە چاوەڕوانیی گۆدۆ”دا، نیگەرانییەکەمم لەبیر کرد و لە دڵی خۆمدا پێکەنیم بەم ھاوشێوەییە نزیک و سەیر و پێکەنینھێنەرە، ھات و پێکەنیم. ساموێل بیکێت ڕۆیشت بەرەو لای مێزێکی مەڕمەڕیی پەنای پەنجەرەیەک، پەنجەرەکەش دەیڕوانی بەسەر شەقامی ”سان ژاک”دا، ڕونیکردەوە بۆم و بۆی باس کردم لە سی ساڵ لەوەوپێشەوە ڕاھاتووە ھاوڕێ و خۆشەویستەکانی بانگێشت بکات بۆ ئەم شوێنە، لەبەر ئەوەی حەزی دەکرد ھەمیشە لەپەنای ئەم مێزە مەڕمەڕەدا دابنیشتێت. لەکاتێکدا ئەم بابەتەی ڕووندەکردەوە دەستی ھێنا بەسەر مێزە مەڕمەڕەکەدا و دووپاتی کردەوە چەندە ئەم جێگایە و بەتایبەتیش ئەم مێزەی خۆش دەوێت. ساموێل بیکێت قاوەیەکی گەورەی بۆ خۆی داواکرد بۆ منیش چایەکی بانگ کرد. کۆبەرھەمەکەی، کە وەرگێردرابوویە سەر زمانی فارسی پێشکەشم کرد، ھەروەھا دیوانی چوارینەکانی خەیام، کە وێنە و نەخشونیگاری بۆ کێشرابوو، لەگەڵ نامەیەک و پۆستەری یەکێک لە شانۆنامەکانی، کە لەلایەن دەرھێنەڕێکی ئەمریکییەوە نێردرابوو بۆی، دایە دەستی. لەکاتێکدا نامەکەی دەکردەوە لەناکاو بیروڕای گۆڕی و گوتی دواتر دەیخوێنمەوە. پاشان بەوردییەوە کەوتە سەیرکردنی پۆستەرەکە و سەرسوڕماو و خۆشحاڵ وەرگێرانی فارسیی کۆبەرھەمەکەی ھەڵدەدایەوە گوتی: ”بەداخەوەم بۆ ئەوەی ناتوانم لەم زمانە تێبگەم.” پاشان پرسی: ”لە سەردەمی تێزار، ببورە، شادا وەرگێردراوە؟” وەڵامم دایەوە و گوتم بەڵێ و ئاماژەم بەوە کرد، بەرھەمەکانی بە شێوازی جۆراوجۆر چاپ کراوە و ئاماژەشم بەو ڕەخنانە کرد دەربارەیان نوسراوە و ئەو نمایشە جۆراوجۆرانەی لە کارەکانی ئەودا کراوە و بەتایبەتیش ئەوانەی لە زانکۆکاندا پێشکەش کرابوون، بۆم ژمارد و پاشان ھەموو ئەوانەی پێمدابوو خستییە لاوە. پرسیم ئایا دەتوانم گفتوگۆکەمان تۆمار بکەم؟ سەری داخست و بە حاڵەتێکی شەرمنانەوە وەڵامی دایەوە: ”نەخێر، بمبورە، حەزناکەم.” لێرەدا بوو دەستم کرد بە خستنەڕووی پرسیارەکانم.
ئەحمەد: ئایا دەکرێت بڵێین مرۆڤ ئاژەڵێکە چاوەڕوانی دەکێشێت؟.
بیکێت ماوەیەکی دوورودرێژ کەوتە بیرکردنەوە و کاتێکی پێویستی بۆ بیرکردنەوەی بە نەفەسێکی درێژ لە جگەرەکەی بەدەست ھێنا و وەڵامی دایەوە: ”لەڕاستیدا مرۆڤ چاوەڕوانی ئەو شتە دەکات کە دەیەوێت. کاتێک شانۆنامەی لە چاوەڕوانیی گۆدۆدام دەنووسی لە خۆمم نەپرسی چاوەڕوانی چ شتێک دەکەم.” پاشان درێژەی دایە و گوتی ”مرۆڤ ھەمیشە چاوەڕوانە، ئەمە یەکێکە لە سیماکانی، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی.” ھەر کاتێک قسەکردن لەبارەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی من دەربارەی چاوەڕوانی دەھاتە پێشەوە، بیکێت دەڕۆیشتەوە ناو خۆی و ھەست بەوە دەکرا حەزی لەم جۆرە پرسیارانە نییە. بە ڕای من پیاوێکی زۆر نیگەران دەھاتە پێشچاو، بۆ ساتێک دەستی لە نەفەسدان لە جگەرەکەی ھەڵنەدەگرت. بەدرێژای ماوەی گفتوگۆکە [سەعات و چارەکێک] سێ جگەرەی چلوتی تەواو کرد.
زۆر بێتەرکیز و بەردەوام لە خەیاڵدا، چەندین جار ڕووی دا تەنانەت نەفەسی لە جگەرە کوژاوەکەی دەدا.
ئەحمەد: ئایا تۆ چاوەڕوانی کەسێک یان شتێک بویت؟.
ساموێل بیکێت: ”نەخێر.” دووبارە چوویەوە ناو خۆی و کەوتە بیرکردنەوە و گوتی: ”نازانم.” پاشان قاوەکەی خواردەوە و گوتی: ”نموونەیەکت بۆ دێنمەوە… لە شەودا مرۆڤ چاوەڕوانی خۆرھەڵھاتنە، بەدرێژایی ڕۆژیش چاوەڕوانی شەوە بۆ خەوبینین، ئەم قۆناغە بەدواداھاتنێکی پووچە، بەبێ کۆتایی ”پێی ڕاگەیاندم ئەوەی گوتوویەتی بەجددی وەرینەگرم. پاشان کەوتە پێکەنین. حاڵەتێک بەدرێژایی ماوەی گفتوگۆکە زۆر جار لای ئەو ڕووی دەدا و لەم حاڵەتەدا چەندین جار ڕەفتاری جوانی خۆی بە تەنزەوە نیشان دەدا. لە ھەمانکاتدا لە سێ جاردا وا ھاتە بەرچاو دەچێتەوە ناو خۆی: کاتێک داوام لێکرد ڕێگەم بدات گفتوگۆکەمان تۆمار بکەم، لەوساتەدا وێنەم گرت و دواجاریش کاتێک دەیویست لەبارەی چاوەڕوانییەوە بدوێت.
ئەحمەد: لە وەرگێرانی ئینگلیزیی شانۆنامەی لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا نووسیوتە ”چاوەڕوانی بۆ چاوەڕوانی.” ئایا دەتویست بڵێی چاوەڕوانی پیرۆزە، تەنانەت ئەو کاتەشی چاوەڕوانی بۆ چاوەڕوانی بێت؟ لەبەر ئەوەی چاوەڕوانی بەرھەمی بیرکردنەوە و ڕەتکردنەوەی ئەو دۆخەیە مرۆڤی تێدایە.
بیکێت سەرەتا نەدەھاتەوە بیری شتێکی وەھای نووسیبێت، بەڵام پاش کەمێک وەستان و بیرکردنەوە و ڕامان گوتی: ”ڕاستە. لەڕاستیشدا چاوەڕوانی بۆ چاوەرەوانی پیرۆزە.”
ئەحمەد: تۆ گوتووتە ”گۆدۆ” خودا نییە، بەڵام لە ھەر حاڵەتێکدا ”گۆدۆ” ڕزگارکەری ”ستراگۆن و ڤلادیمێر”ە، کە خۆیان نوێنەری چەشنی مرۆڤن. ئایا بۆ نموونە بیرت لە مەسیح نەکردووەتەوە؟
بێکت وەڵامی دایەوە: ”نەخێر، کاتێک لە چاوەڕوانیی گۆدۆدام نووسی نە بیرم لە مەسیح دەکردەوە و نە لە خوا و نە لە ھیچ کەسێکی تر.”
ئەحمەد: ئیگزیستانسیالیستەکان (بونگەراکان) دەڵێن: مرۆڤ ئازادە کردارەکانی ھەڵدەبژێرێت و دەبێت بەرپرسیارێتییەکانیشی قبووڵ بکات. لەبەرئەوە نابێت چاوەڕوان بێت ئاسمان یان ھەر کەس و ھەر شتێکی تر دەست بخاتە ژیانییەوە. ئایا نەتویستووە بە شانۆنامەکەت ئەم پرسە بسەلمێنیت؟
بیکێت گوتی: ”ھەرگیز بیری لەو بابەتە نەکردووەتەوە” پاشان پرسی ”ئیگزیستانسیالیست” چییە؟
کەوتە پێکەنین و گوتی: ئەو فەیلەسووف نەبووە.
ئەحمەد: لەگەڵ ئەوەی ئاماژەگەلێک بۆ تەورات و ئینجیل لە شانۆنامەی چاوەڕوانیی گۆدۆدا هەیە، لە ھەندێک لەو وڵاتانەی بیروباوەڕی ئایینیی لەسەر بنەمای چاوەڕوانییە ئەم بەرھەمەیان بە شانۆنامەیەکی دژە مەزھەبی لە قەڵەم داوە. ڕاتان چییە؟
ساموێل بیکێت بە سەرسوڕمانەوە جووڵەیەکی کرد، وەک ئەوەی بیەوێت بڵێت بە ھیچ شێوەیەک تێناگات. پاشان پرسی: ”ئایا ئەم شانۆنامەیان لە تاران پێشکەش کراوە؟”
پاش ئەوەی بە بەڵێ وەڵامم دایەوە، داوای لێکردم بڵێم بە وردی لە کەی و لە کوێدا؟
وەڵامم دایەوە: لە سەردەمی حکومەتی شادا و لە زانکۆکاندا.
ئەحمەد: ئایا نمایشی شانۆنامەکانت لەسەر تەختەی شانۆ دیوە؟ کامیانت پێ باشە؟.
وەڵامی دایەوە: ساڵی ١٩٥٥ نمایشی شانۆنامەی چاوەڕوانیی گۆدۆی لە ئەڵمانیا دیوە و بە ھیچ شێوەیەک پەسەندی نەکردووە. ئێستا وەکو یادەوەرییەکی زۆر ناخۆش دێتەوە بیری. ئەو یەکەمین نمایشی ”لە چاوەڕوانیی گۆدۆ”ی لە لەندەنیشدا پەسەند نەکردووە. لە بەرامبەردا نمایشەکەی ”ڕۆژبلن”ی زۆر بە دڵ بووە. ئەو نەیتوانیبوو دەرھێنانەکەی ”ئالان شنایدەر” ببینێت، بەڵام ئەم دەرھێنەرەی باش ناسیوە و متمانەی پێی ھەبووە و زانیویەتی نمایشەکانی باش بووە. ئەو یەکێک لە ھاوڕێ نزیکەکانی بیکێت بووە و بیکێت داخێکی زۆری بۆ مەرگی ئەو دەخوارد.
ئەحەمەد: ئایا نمایشەکەی ”کێڕژکا”ت دیوە؟
بیکێت نمایشەکەی ئەوی نەدیبوو، بەڵام زۆر شتی لەبارەیەوە بیستبوو. دەنگدانەوەی زۆر باشی لەبارەی کارەکانی ئەوەوە بەرگوێ کەوتبوو. ئێستا بڕیار بوو بێکیت لە ھەفتەی دواتردا ”ڕوفوس”، ئەو ئەکتەرەی لەگەڵ ”میشایل بوکە”دا و لە دواین نمایشدا بەشداریی کردبوو پێشوازی لێبکات و بیبینێت.
ئەحمەد: بۆچی ڕات لەگەڵ نمایشی شانۆنامەی (کۆتایی گەمە)، کە لەلایەن ”ژوان ئاکلایتیس” لە بۆستۆنی ئەمەریکا پێشکەش کرا، نەبوو؟
بیکێت بە بیستنی ئەم پرسیارە دەموچاوی گرژ کرد و گوتی: ”زۆر بێتاقەت بووە بەو نمایشە و بە ھیچ شێوەیەک ئەو نمایشەی بەدڵ نەبووە و تەنانەت ویستوویەتی دەرھێنەر بداتە دادگا، بەڵام ئەوەشی ڕوون کردەوە دواجار پەشیمان بووەتەوە لەو کارە. ”ناڕازیبوونی ئەو زیاتر لەو ڕووەوە بوو ژوان ئاکلایتیس ئەم نمایشەی پێشکەش بە ئالان شنایدەر کردبوو، ئەو دەرھێنەرەی بیکێتی زۆر باش دەناسی و زۆر وەفادار بوو بەرامبەری. کاتێک ویستم چەند وێنەیەکی شانۆکەی نیشان بدەم قبووڵی نەکرد و گوتی: ”دەتوانیت ھەڵیبگریت بۆ خۆت.” گوتیشی: زۆر سەریسوڕماوە و حەپەساوە بەم شانۆیە، چونکە ژوان ئاکلایتیسی بە ژنێکی وشیار زانیوە و نەیزانیوە بۆچی ئەم ژنە ئەم کارەی کردووە. بیکێت زۆر عاجز بوو لەوەی چی دی دەرھێنەران بایەخ نادەن بە ڕێنمایی نوسەران. ھەر لەبەر ئەوە جاڕێکی تر کەوتەوە سەر قسەکردن دەربارەی نمایشی ژوان ئاکلایتیس: ”ئەو دەرھێنەرە وێستگەیەکی تەریکی ژێرزەمینی ھەڵبژاردبوو بۆ سەر تەختەی شانۆکە، لەڕاستیدا لە شانۆنامەی کۆتایی گەمەدا بوونی نەبوو.” بیکێت دووبارەی کردەوە: مایەی ڕیسواییە بایەخ نەدەن بە ڕێنوێنیی شێوەی نمایشکردنی شانۆنامە. بە ڕای بیکێت سادەترین سینۆگرافیا و دەرھێنان باشترینە، لەو کاتەدا یادی ”مادلن ڕینۆ”ی کردەوە و گوتی: شانۆی ‘ئاخ’! ڕۆژەخۆشەکان زۆر جوان ڕۆلی گێرابوو تێیدا، بیکێت جەختی کردەوە لەوەی مادلین ڕینۆ ئەکتەرێکە تەنیا بۆ شانۆ دەژی.
ئەحمەد: وەک دەرھێنەر، خۆت چۆن کەشی چاوەڕوانیت لە نمایشکردنی چاوەڕوانیی گۆدۆدا دروستکردووە؟
سامویل بیکێت لەکاتێکدا جێگۆرکێی دوو کەسایەتیی شانۆکەی، کاتێک لێک دوور دەکەونەوە و پاشان لێک نزیک دەبنەوە، لەسەر مێزە مەڕمەڕکە بە شێوەی ھێڵکاری وێنای دەکرد… ڕوونی کردەوە ئەم کەسێتییانە لەڕاستیدا ناتوانن لەیەک جیا ببنەوە. پاشان سەرنجی منی ڕاکێشا بۆ ئەوەی لە شێوازی نمایشکردنەکەیدا جێگۆڕکێکان زۆر زۆر بووە، چونکە ئەو کەسانەی چاوەڕوانن، نیگەرانن و بەردەوام دەجوڵێن.
ئەحمەد: تۆ قەدەغەت کردووە لە ئەڵمانیا ژنان لە شانۆنامەی لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا ڕۆڵ ببینن، بۆچی؟
”چ بایخێکی ھەیە…؟” پاشان بیری کردەوە و بە گاڵتەوە گوتی: ”لەبەر ئەوەی ژنان نەخۆشیی پرۆستاتیان نییە.” سێ جار ئەم ڕستەی دووبارە کردەوە و قاقا پێکەنی، گوتی: ”لەبەر ئەوە ژنان ناتوانن ڕۆڵی پیاو ببینین و ئەم شانۆنامەیە بۆ پیاوان نووسراوە.”
ئەحمەد: کەسێتیی شانۆنامەکانی تۆ ھەمیشە پیرن، ئەمە چۆن ڕاڤە دەکەیت؟ بەتایبەتیش لە کاتی نووسینی شانۆنامەکانتدا خۆت لاو بوویت؟
بیکێت خێرا وەلامی دایەوە: ”نەخێر، کەسایەتیی لاویش بوونی ھەیە… لەڕاستیدا ھیچ کامیان پیر نین. بەشێوەیەکی گشتی تەمەنیان نادیارە.”
کاتێک گوتم لە شانۆنامەکانی لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا، دواین شریتی کراپ، ئاخ! ڕۆژەخۆشەکان، تەنیا کەسایەتیی پیر بوونیان ھەیە، قسەکەی قبووڵ کردم، بەڵام دیسان ھۆکاری ئەمەشی نەگوت.
ئەحمەد: سەرکەوتنی شانۆنامەکانت تا ڕادەیەک لە ھەموو وڵاتانی جیھاندا چوونەتە سەر شانۆ و نمایش کراون چۆن ڕاڤەی دەکەیت؟
ساموێل بیکێت: خێرا وەڵامی دایەوە ”ھێشتا لە مۆسکۆ نەچوونەتە سەر تەختەی شانۆ، بەڵام کاتی دێت. من ناتوانم ڕوونی بکەمەوە بۆت بۆچی؟ لەبەرئەوەی لە ھۆکارەکەی تێناگەم.” بۆ ساتێک بیری کردەوە و بەدەم پێکەنینەوە گوتی: ”دەزانیت، من لەئایرلەندا زۆر بەناوبانگم.” پاش کەمێک بێدەنگی درێژەی دایە: ”ڕووداوێکی ڕاستیت بۆ باس دەکەم. لە یەکەمین ئەو ساڵانەدابوو شانۆنامەی لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا ناوبانگی دەرکردبوو، لە بەندینخانەیەکی ئەمریکا نمایشیان کردوو زیندانییەکان زۆریان بەدڵبوو. لەڕاستیدا ئەوان بەباشی لە شانۆنامەکە تێگەیشتبوون، چونکە بەڕاستی دەیانزانی چاوەڕوانی چییە. تەنانەت یەکێک لەو بەندکراوانەی(٢) لە شانۆنامەکەدا ڕۆڵی دەبینی لێی خۆش بوون و دواتر لە دەرەوەی بەندینخانە درێژەی دا بە نواندن و ھێشتاش ھەر نواندن دەکات.”
ئەحمەد: ڕەخنەگران تۆ و ئۆژین یۆنسکۆ بە کەسانێک لە نووسەرانی شانۆی پووچی دادەنێن…
بیکێت قسەکەی پێ بڕیم و گوتی: ”ئەمانە تەنیا قسەن، زۆرتر قسەخستنە پاڵە و ھیچ مانایەکی نییە.” پاشان درێژەی دایە و گوتی: ”من ھەرگیز ڕەخنەکان ناخوێنمەوە.”
ئەحمەد: ڕات دەربارەی شانۆنامەکانی ئۆژین یونسکۆ چییە؟
بیکێت وەڵامی دایەوە و گوتی: ستایشی دەکات، بەتایبەتیش لەبەر شانۆنامەکانی سەرەتای. ئوژین یونسکۆ یەکێک لە ھاورێ نزیکەکانی ئەوە و ڕێز و ئیحترام و بایەخ و ستایشێکی زۆری ھەیە بۆی. پاشان لە منی پرسی ئایا ئۆژین یونسکۆم دیوە؟
وەڵامم دایەوە گوتم: بەڵێ و گوتیشم بەرێز یونسکۆ مامۆستایەکی گەورە و ھاوڕێیەکی دڵسۆز و پایەبەرزمە و خۆشەویستی نواندووە و پێشەکییەکی بۆ نامەی دکتۆراکەم، کە دەربارەی شانۆنامەی ”کەرکەدەنەکان”ە نووسیوە.
ئەحمەد: ئایا شانۆنامەی نوێت نووسیوە؟
بیکێت گوتی: ”لە ساڵی ١٩٨٣وە شانۆنامەی نوێم نەنووسیوە، چونکە پێی خۆش نەبووە بنووسێت، بەڵام دەیەوێت شانۆنامەیەکی ١٠ خولەکی بۆ تەلەڤیزیۆنی ئەڵمانیا لە شتوتگارد بنووسیت.
بیکێت حەزی دەکرد بڕوات بۆ ئەڵمانیا و لەوێ کار لەسەر شانۆنامەکانی بکات، چونکە بە وتەی خۆی، ”لە ئەڵمانیا باش کار دەکەن، بابەتی شانۆنامەکە بێدەنگییە.”
ئەحمەد: ئایا فیلمی ”لە بێدەنگییەوە بۆ بێدەنگی”، کە بۆ تەلەفیزیۆنی ئینگلتەرا ئامادە کراوە دیوتە؟
ناونیشانە ئینگلیزییەکەی وەرگێرا بۆ فەرەنسی: ”لە بێدەنگییەوە بۆ بێدەنگییەکی تر”، گوتی بەشێکی لێی دیوە و بە جوانی زانیووە. بەتایبەت دەنگی ئەکتەرەکەی بەلاوە پەسەندبووە و ھەروەھا دەرھێنەری فیلمەکەشی لە دابلین دیوە و دیداری لەگەڵدا ھەبووە و بەباشی دەیناسێت.
ئەحمەد: ئایا قورئانت خوێندووەتەوە؟
ساموێل بیکێت: ”بەڵێ، کەمێک ئاستمە. من دۆگماتیزم و بەتایبەت ڕاڤەی نادروستم پێ خۆش نییە.”
ئەو پرسیارانەی لە پێشووترەوە دەمویست لە ساموێل بیکێتی بکەم تەواو بووبوون. لەم کاتەدا خودی بیکێت ڕەوتی کارەکەی گرتە دەست و ھەندێک پرسیاری ھێنایە ئاراوە.
سەرەتا ڕووی لە ھاوڕێی ئەکتەرم (شارل گۆنزالز) کە لەگەڵمدا بوو کرد و لێی پرسی ئایا ئاشنایەتیت لەگەڵ ”گونزالز”ی دەرھێنەردا ھەیە؟ لەگەڵ بیستنی وەڵامی نەخێردا، بیکێت لە ئێمەی پرسی ئایا ”ژان لۆک گۆدار”، کە خودی خۆی زۆری خۆشدەویست دەناسین؟
بیکێت ئەوەشی ڕونکردەوە ھەرگیز نەڕۆیشتووە بۆ سینەما، بەڵام ھەندێک لە فیلمەکانی بە ڤیدیۆی خۆی دیوە. پاشان دەربارەی دواین شانۆنامەی، کە لە ساڵی ١٩٨٣دا نووسراوە گوتی: ئەم شانۆنامەیە لە وڵاتانی دەرەوە پێشکەش کراوە، بەڵام تا ئەو کاتە لە فەرەنسا نمایش نەکرابوو. دواجار ئەوەشی گوت بڕیارە شانۆنامەی لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا لە نیۆرک بچێتە سەر تەختەی شانۆ و گوتیشی بڕیارە لە ئایندەدا ‘داستین ھۆفمان و ڕابەرت ڕیدفۆرد’ ئەو ئەکتەرانەی بڕیار بوو نەمایشی بکەن بێن بۆ دیداری.
شارل گونزالز لە بیکێتی پرسی لە کام لە شانۆنامەکانی ئەودا دەتوانێت ڕۆل ببینێت؟
بیکێت وەلامی دایەوە: ‘کلۆف’ لە کۆتایی گەمەدا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا سوپاسی بیکێتم کرد، کە وەڵامی پرسیارەکانی دامەوە.
١/ لەسەر داوای من لە وەزیری کولتووری ئەوکاتەی فەرەنسا بەڕێوبەری ئوتێلی ”پاراکی” ئەم ڕستەیە لەسەر بەردە مەڕمەڕەکە ھەڵبکۆڵرێت و وەک شوێنێکی تایبەتی بیکێت بپارێزرێت…
ڕستەکە ئەمەیە: (ساموێل بیکێت لەسەر ئەم مێزە دیداری لەگەڵ ھاوڕێیان و خۆشەویستانیدا دەکرد) دواتر ھەردووکیان داواکارییەکەمیان قبووڵ کرد.
٢/ ئەو بەندکراوەی لە بەندینخانە و لە شانۆنامەی لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا ڕۆڵی کوڕە بچووکەکەی دەگێڕا، دواتر کوڕێکی بوو ناوی نا بیکێت.
٣/ لە کاتی خواحافیزیدا بیکێت عەلاگەیەکی لە گیرفانی دەرھێنا و کتێبەکانی خستە ناوی و ئەو گوڵەسوورەی وەک سمبوڵی گوڵی سووری ئەسفەھان بۆم ھێنابوو، گرتی بەدەستییەوە و سوپاسی کردم
سەرچاوە: گفتگو ھایی با ساموئل بکت، اوژن یونسکو، ژان لوی بارو، دربارەی تئاتر، احمد کامیابی مسک، انتشارات: نمایش، تاریخ انتشار: ١٣٨١
ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.