وەرگێڕان و ئامادەکردن: زرار حەمید

سەبارەت بە مێژووی سەرهەڵدانی شانۆی عەرەبیی، توێژەری فەڕەنسی ”ئیتێن دریوتۆن”[1] لە کتێبەکەیدا بەناوی (شانۆ لە میسڕی دێریندا ــ ١٩٢٨) جەخت لەوە دەکاتەوە، کە فیرعەونەکان لە پێش یۆنانییەکاندا ئاشناییان لەگەڵ شانۆدا هەبووە. لای ئەوان هونەرێکی شانۆیی تایبەت هەبووە و سەربەخۆ بووە لە شانۆ ئایینییەکان. ئەمەش پشتبەست بە تابلۆیەک لە ساڵی ١٩٢٢ لە ”ئەدفۆ” دۆزراوەتەوە، کە ئەکتەرێکی گەڕۆک بەناوی ”ئەمحێب” پێشکەشی ”خوداوەند حور”[2]ـی کردووە. تابلۆکە ئاماژەیە بە بوونی شانۆگەریی و دابەشکردنی ڕۆڵەکان و ڕووداوەکان و کۆمبارسەکان. هەر لە درێژەی کتێبەکەیدا، توێژەر دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی چەندین پەڕاوی تایبەت بە دەرهێنەرەکان و هی تری تایبەت بە ئەکتەرەکان بوونیان هەبووە تێیاندا هەموو ئەوەی نمایشێکی شانۆیی پێویستێتی ئاماژەی پێکراوە.
هەر لەسەر بابەتی مێژووی شانۆی عەرەبیی، دکتۆر ئەحمەد ئەلحەوفی[3] دەڵێت: سەرهەڵدانی ئەدەبی شانۆیی لە میسڕی فیرعەونییەکاندا، ڕەگێکی ئایینیی هەبووە و میسڕ بە سێ هەزار ساڵ لە پێش یۆنانییەکانەوە بووە لە شانۆدا. ئەمەش بەڕوونی دیارە لە هەریەک لە شانۆگەرییەکانی ”مەنەف لە سەردەمی پاشا مینا” ”تاج لەسەرنان لە سەردەمی سنوسەرتی یەکەم” ”سەرکەوتنی حۆرس بەسەر دوژمنەکانیدا”، کە نووسینیان دەدرێتە پاڵ ”ئەمحتب”[4]ـی حەکیم لە سەردەمی پاشا زۆسەر[5].
لە نێوان مێژووی نەمانی شارستانێتی میسریی دێرین، تاکو شارستانییەتی ئیسلامی، سەردەمی بێدەنگیی شانۆی عەرەبییە. یاخود ئەوەی هەبووە ناتواندرێت وەک شانۆ بناسرێت، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ڕەگەزەکانی وەک ”تەختەی شانۆ، دەق، دەرهێنان و بینەر”. بەڵکو ئەوەی هەبووە لە شێوازی هونەری گێڕانەوەی شیعریدا بووە لە بازاڕەکانی وەک ”بازاڕی عەکاز”. هەروەها لە بۆنەکان و مەراسیمە ئاییینییەکانی پێش ئیسلامدا چەند شێوازێکی ئەدەبیی سەریان هەڵدا، کە پشتیان بە گفتوگۆ (حیوار)ی شیعری دەبەست لەنیوان دوو شاعیر یان زیاتری سەر بە چەند هۆزێکی جیاواز. ئەمانە زۆر جار لەبەردەم ئامادەبواندا ئەنجام دەدران، بەڵام هێشتا هەموو ڕەگەزەکانی شانۆیان تێدا نەبووە و زیاتریش بۆ پیشاندانی توانای زمانەوانیی شیعری بووە، نەک نمایشێکی شانۆیی.
دەتوانین بڵێین لەم سەردەمەدا ئەدەبیاتی دێرینی عەرەبیی زیاتر گرنگی بە شیعری گۆرانی داوە، کە مەبەست لێی جۆرە شیعرێکە لەلایەن کەسانێکەوە دەخوێندرایەوە بە هاوەڵیی چەند ئامێرێکی مۆسیقی، بەتایبەت هاڕپ (قیسارە).
لەگەڵ سەرهەڵدانی شارستانییەتی ئیسلامیدا، عەرەب بەزۆری بەرەو یەکتاپەرستی ڕۆیشتن، شانۆیان بە بتپەرستیی و سەردەمی نەزانییەوە دەبەستەوە، چونکە لایان وا بوو شانۆ پەیوەندیی بە بتپەرستییەوە هەیە. بۆیە بەرەوپێشچوون و گرنگیدان بەم هونەرە لە سایەی ئەم بیروباوەڕەدا، کارێکە لەوپەڕی سەختیدا.
قۆناغی گەشەسەندنی شانۆ لە وڵاتانی عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٤٧، بەهۆی وەرگێڕانی هەندێک لە دەقە جیهانییەکان بۆ سەر زمانی عەرەبی و گۆڕینیان بۆ شانۆ لەسەر دەستی ”مارۆن ئەلنەقاش ١٨١٧-١٨٥٥”، کە بازرگانێکی لوبنانی بووە و بە یەکێک لە پاڵپشتییە سەرەکییەکانی شانۆی عەرەبی دادەنرێت. مارۆن لەو ساڵانەی لە وڵاتانی ئەورووپا بەسەری بردن، خولیایەکی زۆری بۆ کاری شانۆیی لەلا دروست بوو، ئەمەش پاڵنەری بوو دەست بکات بە وەرگێڕانی چەند شاکارێکی جیهانی بۆ سەر زمانی عەرەبی، لەوانە؛ شانۆگەری ”قرچۆک”ـی مۆلیێر. مارۆن لە نوسینی شانۆیشدا جێدەستی دیارە و دیارترین کارەکانی شانۆگەری ”ئەبو حەسەنی گەمژە و هاروونە ڕەشید”ە، کە ساڵی ١٨٥٠ لەسەر تەختەی شانۆ نمایش کرا.
لەدوای مارۆن ئەلنەقاش، ئەبو خەلیل ئەلقەبانی لە دیمەشق هەنگاوێکی تر شانۆی عەرەبی بەرەوپێش برد، لەڕێگەی گۆڕینی هونەری میللی بۆ شانۆ، وەک (هەزارویەک شەو)، هەروەها زمانی گفتوگۆ (حیوار)ی شانۆیی لە زمانی میللییەوە گۆڕی بۆ زمانێکی پاراو. هەرچەند لە ساڵی ١٨٨٤دا هۆڵی نمایشەکەی داخرا و بەناچاری ڕووی کردە وڵاتی میسڕ.
پاشان لە سەردەمی خدێویی ئیسماعیل لە میسڕ، ماڵی ئۆپێرا دامەزرا، کە تێیدا (یەعقووب سەنووع ١٨٣٩ــ ١٩١٢) نووسەر و ڕۆژنامەنووسی میسڕی و پێشەنگی شانۆی میسڕی شانۆگەرییە وەرگێڕدراوەکان و وەرگیراوەکانی تێدا نمایش دەکرد بە زمانی میللی و ڕەخنەی بارودۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی دەکرد. لە ساڵی ١٨٧٠دا سەنووع یەکەم هۆڵی شانۆگەری لە میسڕ دامەرزاند و تێیدا زیاتر لە (٣٠) نمایشی شانۆیی نمایش کرد.
دوای ئەمیش ”سەلیم نەقاش” چەند کارێکی شانۆیی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی، وەک ”ئەندرۆماک و میتردات لە نوسینی جان ڕاسین”.
لەساڵی ١٩١٢دا، جۆرج ئەبیەز لەدوای خوێندنی بنچینەکانی شانۆ لە وڵاتی فەڕەنسا، گەڕایەوە بۆ میسڕ و چەندین شانۆنامەی کۆمەڵایەتی پێشکەش کرد لەپاڵ شانۆگەرییەکانی شکسپیردا.
ساڵی ١٩٢٣دا لەلایەن (یوسف وەهبی ١٨٩٨ـ١٩٨٢) یەکەم کۆمەڵەی شانۆیی عەرەبی بەناوی ”ڕەمسیس” دامەزرا. لەدوای ساڵی ١٩٢٥ەوە چەند کۆمەڵەیەکی تری شانۆیی لەلایەن هەریەک لە ”ڕەیحانی، سەلامە حیجازی و فاتیمە ڕوشدی” دامەزران و چەندین جۆر شانۆگەرییان نمایش کرد، لەوانە شانۆی واقیعی، کە لە دەقی ئەدەبییەوە سەرچاوەی گرتبوو، شانۆی کۆمیدی و تەنزئامێز، کە بنچینەیەکی میللییان هەبوو. ئەمە لە پاڵ ئۆپەرەیت. ئەوەی لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستدا یەکێکە لە سیما دیارەکانی شانۆی عەرەبیی، بریتییە لە بەرەوپێشچوونی دیار لە نواندن و دەق و دیکۆر و ڕووناکی. هەروەها خولیای بینەر بۆ ئامادەبوون لە نمایشە شانۆییەکاندا، بەجۆرێک دەتوانین بڵێین لەم قۆناغەدا شانۆ بووە بەشێک لە کولتووری گەلانی عەرەبیی، بەتایبەت لەو شوێنەی پێیان دەوت وڵاتی شام.
- ئەگەر باس لە گەشەسەندنی شانۆ بکەین لە وڵاتانی عەرەبیدا، چەند فاکتەرێک هەن، کە نابێت نادیدە بگیرێن. گرنگترین ئەو فاکتەرانەش تێکەڵبوونی کولتوورییە لەنێوان عەرەب و ڕۆژئاوادا لە ڕێگەی داگیرکاریی فەرەنسی بۆ شام و میسڕ، هەروەها لە ڕێگەی خوێندنەوە و خوێندن و گەشتە زانستییەکان و گەشتوگوزارەوە. ئەمانە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لەسەر بیر و دیدگەی دانیشتوانی وڵاتانی عەرەبی و ئارەزوویان بۆ لەدایکبوونی هونەرێک بەناوی (شانۆی عەرەبیی). لەگەڵ لەدایکبوونیدا، شانۆی عەرەبی دووچاری گرفتێک بووەوە ئەویش خۆی دەبینییەوە لە نەبوونی ڕەسەنایەتی عەرەبی لەو دەقە شانۆییانەی دەنووسران و نمایش دەکران. واتە دەقە عەرەبییەکان زیاتر وەرگێڕانی دەقی بیانی و لاسایکردنەوە یان وەرگرتنی دەقێکی بیانی بوو، تەنها زمانەکەی عەرەبی بوو، گەرنا هەموو پێکهاتەکانی تری بیانی بوون. هەرچەندە نووسەرێکی وەک ”مارۆن ئەلنەقاش”، کە یەکەم دەقی لە زمانێکی بێگانەوە گۆڕییە سەر زمانی عەرەبی، لە شانۆنامەکانی خۆیدا، تا ڕادەیەکی زۆر هەوڵی داوە لەژێر ئەم هەژموونەی شانۆی ڕۆژئاوا بێتە دەرەوە و کارەکانی هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی عەرەبی بن. دوای نەقاشیش؛ چەند نووسەر و دەرهێنەرێکی تر بە ڕێچکەکەی ئەودا ڕۆیشتوون و لە دەقەکانیاندا جەختیان لەسەر (ڕەسەنایەتی) کردووەتەوە و هەوڵیان داوە ڕەسەنایەتی و مۆدێرنێتی هاوتای یەک بن. واتە سەرکەوتوو بن لە گونجاندنی چوارچێوەکانی شانۆی ڕۆژئاوا و ناوەڕۆکە لۆکاڵییەکەی.
- پاشان شانۆی گۆرانی لە شانۆی عەرەبییدا، لەسەر دەستی (سەلامە حیجازی١٨٥٢ــ١٩١٧) پەرەی پێدرا و هەریەک لە ”شەهیدانی ئەوین، هارونە ڕەشیدی ستەملێکراوی”ـی نمایش کرد. پاشان ”سەید دەرویش١٨٩٢ــ١٩٢٣” دەرکەوت، کە زمانی مۆسیقا و گۆرانیی درامی و گوزارشتی مۆسیقی بۆ شانۆی گۆرانی زیاد کرد. هەروەها چەندین شانۆگەری ناوازەی پێشکەش کرد وەک ”هاوڕێیەتی باش- بارۆکە”. ساڵانی ١٩٢٥ چەندین ناوی تریش لە نووسینی شانۆ دەرکەوتن وەک ”بەدیع خەیری و ئەبو سعود ئەلئەبیاری و یونس ئەلقازی”، ئەکتەری گەورەش وەک ”یوسف وەهبی و ئەلرەیحانی و ئەلکەسار و روز ئەلیوسف و فاتیمە ڕوشدی و عەزیز عیدی دەرهێنەر”.
- لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمیشدا، شانۆی میسڕی و عەرەبی بە دەرکەوتنی ناوی تر لە نووسەران وەک ”ئەلفرێد فەرەج، یوسف ئیدریس، سەعدئەلدین وەهبە، سەڵاح عەبدئەلسەبور مەحەمەد ئەلماغوت، عەلی راعی و معین بسیسۆ” بەرەوپێشچوو، لە ڕووی دەقی شانۆییەوە بەتەواوەتی لەژێر هەژموونی دەقی ڕۆژئاواییدا هاتە دەرەوە. ئەم ناوە دیارانە درێژەپێدەری هەوڵەکانی نووسەرانی پێش خۆیان بوون لە ”تۆفیق ئەلحەکیم، ئەحمەد شەوقی، عەزیز ئەبازە و ئەحمەد عەلی باکسیر”، ئەحمەد شەوقیش ساڵانی ١٩٢٧ تاکو ١٩٣٣ چەند شانۆگەریی شیعری وەک ”ڕەزیلەکە، عەلی بەگی گەورە، مردنی کلیوپاترا، مەجنوونی لەیلا و عەنتەر” و هیی تری نووسی. دواتر تۆفیق ئەلحەکیم ساڵانی ١٩٣٣ بۆ ١٩٤٣ بە شانۆگەریەکانی ”یارانی ئەشکەوت، شەهرەزاد، سلیمانی دانا و بجمالییەکان” بوو بە ناوێکی دیاری بواری نووسینی شانۆیی، ژمارەیەکی زۆر لە دەقە شانۆیی و ڕۆمانەکانی حەکیم وەرگێڕدرانە سەر زمانەکانی تر.
- پەرەسەندنی شانۆی عەرەبی لە سەرەتایی سەدەی بیستدا هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی هونەر ببێت بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و پێویستییەکی ڕۆحی بۆ ژیانی کولتووری، کە پرسەکانی ڕەسەنایەتی و ئاوارەبوون و گەڕانەوە بۆ خودی دەوروژاند، کە هەموویان پرسگەلێکی گرنگن لە لای داهێنەری عەرەبی. هەر لەم قۆناغەدا و لە ساڵی ١٩٢٧ تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست، لە چەند وڵاتێکی عەرەبی تیپی شانۆی نیشتمانی دەرکەوتن، هەروەها لە چەند دەوڵەتێک تیپی شانۆیی ناحوکمی دروست بوون و درێژەیان بە بەرەوپێشبردنی شانۆی عەرەبی دا، چەندین پەیمانگەش بۆ وتنەوەی هونەری شانۆ دامەزران. لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی بیستدا، پەرەوپێشچوونێکی گرنگتر لە بزووتنەوەی شانۆی عەرەبیدا ڕووی دا، چالاکیی شانۆییش گەیشتە لووتکە لە هەردوو ڕووی کولتووری و کردەییەوە، نووسەرانی شانۆش کاریان لەسەر پێشخستنی نووسینەکانیان لە ڕووی شێواز و ناوەڕۆکەوە کرد، بە داهێنانی شێوازی نوێ لە نووسینی شانۆیی بە جۆرێک لەوەوپێش بوونی نەبووە. نووسەران لەم قۆناغەدا سوودیان لە پاشخانی ئەدەبی وەرگرتووە و بەکاریان هێناوە بۆ تێکەڵکردنی لەگەڵ میراتی ئەدەبی هونەری عەرەبی و خولقاندنی دەقێک، کە هەم لە ڕووی هونەرییەوە بەرز بێت، هەم لە ڕووی ناوەڕۆکەوە گوزارشت بێت لە واقیعی کۆمەڵایتی و لەخۆگریی بابەتە زیندووەکانی ڕۆژ بێت. بێگومان یەکێک لە سیما دیارەکانی نمایشی شانۆیی ئەم قۆناغە بریتی بووە لە زمانی کۆمیدیا و تەنز. هەر بۆیە دەبینین چەندین شانۆگەری عەرەبی نمایش کراون تاکو ئەمڕۆش نەوە لەدوای نەوە لە یادەوەریدایە و ئێستاش نوێ دەکرێنەوە و کەڵکیان لێوەردەگیرێت. لە کۆتاییدا؛ نموونەی ئەو کارە شانۆییانەی، کە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەیە لە یادەوەریی بینەری عەرەبیدا ماون بریتین لە: ”مارشاڵ عەمار، تونس١٩٦٧” ”قوتابخانەی گێرەشێوێنەکان، میسڕ ١٩٧١” ”منداڵەکان گەورە بوون، میسڕ ١٩٧٧” ”ماڵئاوا لەندەن، کوەیت ١٩٨١” ”بەخۆشیت ئەی نیشتیمان، نووسینی محەمەد ماغوت، سوریا ١٩٧٨” ”ئەی سبەینێ چی؟ لوبنان ١٩٧٨”.
- سەرچاوەکان:
- ماڵپەڕی : www.arabicmagazine.com
- ماڵپەڕی ویکیپیدیا
[1]. بە فەڕەنسی (Etienne Drioton) ١٨٨٩-١٩٦١ میسڕناس و شوێنەوارناسی فەڕەنسی.
[2]. خوداوەندی ئاسمان و خۆر و جەنگ و پاسەوانی لای میسڕییە دێرینەکان.
[3] . دکتۆر ئەحمەد محمد ئەلحەوفی (١٩١٠-١٩٨٣) نوسەر و میسڕناس لە لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکاندا.
[4] . ڕاوێژکار و شالیاری (زۆسەر)ی پاشای فیرعەون بووە.
[5] . یەکێک لە پاشاکانی بنەماڵەی فیرعەونیی بووە لە (٢٦٤٠پ.ز ــ ٢٦١١ پ..)
ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.