باوان فەرەیدوون – مەتین هێژا

لە ئێستادا گەشتوگوزار کەرتێکی زیندوو و گرنگی جیهانی ئەمڕۆی ئێمەیە، لە کۆنەوە تاکەکان بە کەمی و بۆ مەبەستی دیارکراو و تایبەتمەند بڕیاری گەشتکردنی لە وڵاتی خۆیەوە بۆ وڵاتێکی دیکە داوە، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی جیهانگیرییەوە سەرجەم تاکەکان لە هەر کوچەیەکی زەویدا بن، گەر بۆ یەک جاریش بێت ئارەزوو و حەزی گەشتکردن و جوڵان و بەجێهێشتنی زێدی هەمیشەیی خۆی لە مێشکدا کەڵەکە بووە، بە هۆی پێشکەوتنی پیشەسازیی گەشتیاری و بەرەوپێشچوون، گرنگیی کەرتەکە چەندین جۆری گەشتکردن پەیدابوون  و کەسەکان لە کاتی گەشتکردندا هەڵبژاردەی زۆری لەبەردەستدایە تاوەکو هەڵیانبژێرێت، وەک ”گەشتی ئاینی، گەشتی وەرزشی، گەشتی سەرکێشی، گەشتی مێژوویی، گەشتی حەوانەوە، گەشتی کولتووری و هتد…) سەبارەت بە جۆری گەشتەکان هەریەکێکان گرنگی و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، لێرەدا دەمانەوێت باس لە ڕۆڵی شانۆ بکەین لە کەرتی گەشتیاریدا، بەڵام بەپێی زانستی گەشتوگوزار گەشتیارییەک نییە، تایبەتمەند بێت بە ”گەشتیاری شانۆیی” ئەم ناونیشانە دەچێتە نێو بازنەی(Cultural Tourism)  گەشتیاری کولتووری جۆرێکی تایبەت هەیە، (گەشتی کولتووری) ئەم جۆرە گەشتە بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی جیهانیی گەشتیاری سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانWTO) ) دەڵێت گەشتیاری کولتووری مانای ئەوەیە ”جۆرێک لە چالاکیی گەشتیاری، کە هاندانی سەرەکیی گەشتیار بۆ فێربوون، دۆزینەوە، ئەزموونکردن و بەکارهێنانی شتە سەرنجڕاکێشەکان؛ تاقیکردنەوەی بەرهەمە کولتوورییە بەرجەستە و نادیارەکان لە شوێنێکی گەشتیاریدا و وڵاتێکی جیاوازدا، بەڵام زانایان و پسپۆڕان زۆر جار بە شێوەی نافەرمی دەڵێن: Theatre Tourism یان Performing Arts Tourism

(گەشتی شانۆیی و هونەری) ئەم جۆرە گەشتە دەتوانین بەو شێوەیە گوزارشتی لێ بکەین

کە بریتییە لە گەشتکردن بۆ ناوچەیەک یاخود وڵاتێک بەمەبەستی بینینی کولتووری شانۆ و گەلەرییە هونەرییەکان و ڤیستیڤاڵی موزیکی و ئەزموونکردنی کایە کولتوورییەکەی ئەو وڵاتە.

وەک دەزانین ”هونەر” ئەو زمانـــە جیهانییەیـە، کە پـێویستی بـــە وەرگێڕان نییە، ئەو پـردە جادووییەیە، کە خـــەیـاڵی مرۆڤ بـە واقیـعــەوە دەبەستێتەوە، وەک دەڵێن ئەگەر مێـــــژوو ”تـۆمـاری ڕووداوەکان” بێت، ئەوا هونەر تـۆماری هەستەکانی گەلێــکە، کاتـێک دەڵێیـن گەلێکی بێ هــــونەر، گەلێـــکی مردووە، هــونـەر پارێزەری کولتوورە، کاتێــک زمــان دەسـتەوسان دەبێــت لە گێڕانـەوەی ئازار و مەینەتییەکانی گەلێک، نەتەوەیەک مۆسیـقا و تابلۆ و شـیعر و شانۆ، دەبنـــە هاواری ڕەسەنایەتیی ئاوێنەی نـەتـەوەیەک هـەر گەلێک بــەوە دەناسرێتەوە، کە چۆن سەمای کردووە، چـــۆن گۆرانی چڕیوە، چۆن هەست و تابۆکانی کۆمەڵگەکەی خۆی نمایش کردووە، چۆن جوانییەکانی سروشتی خـــۆی نیگارکردووە. (شانۆ)یش بەشێکە لەو ڕۆڵە کاریگەرەی هونەر، کە وەک دەڵێن: شانۆ ئەو شوێنەیە، کە ڕاستی و خەیاڵ دەبن بە یەک، مرۆڤ خۆی لە کەسێکی تردا دەبینێت، لە ماوەی چەند چرکەیەکدا ژیانێکی تەواو دەژی، شانۆ گوتنی چیرۆکە بە جەستە و هەست گواستنەوەی کولتوور و مێژووە، ئاوێتەکردنی هەستەکانی مرۆڤە، دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ نێوان ئەکتەر و بینەرە، وەک شانۆکار و نوسەری بەناوبانگ ئۆسکار وایڵد دەڵێت: ”شانۆ گەورەترین جۆری هونەرە” بەو مانایەی، چونکە تێیدا هەموو هونەرەکان کۆدەبنەوە (دەنگ، جەستە، نووسین، خەیاڵ، ڕەنگ و هتد…) هونەری شانۆ هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە لە سەردەمی یۆنانییەکانەوە پەیامێک بووە بۆ سەرجەم کایەکانی دیکەی زانست، فەلسەفە، سیاسەت، سیستەمی ژیان و ڕێکخستنی کۆمەڵگە، دەتوانین بڵێن هونەری شانۆ دوای نووسین ئەو زێیە بووە، کە سەرجەم هونەرەکانی دیکەی تێدا لەدایک بووە، لە دونیای ئێستادا شانۆ ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە بەرەوپێشچوونی سەرجەم بوارەکاندا و بەتایبەت کەرتی گەشتوگوزار، لە جیهاندا بینەرێکی بێشووماری بۆ خۆی پەلکێش کردووە، دەزانین کە کەرتی گەشتوگوزاریش تیشک دەخاتە سەر هەر بوارێک، هەر ڕووداوێک و شوێنێک کە جووڵەی مرۆڤ گەشتیار بۆ خۆی ڕابکێشێت و ببێتە هۆی زیادکردنی سەردانیکەران، وەک هەموو ئەو بونیادنانەی کە وڵاتە پێشکەوتووەکان هەوڵی ڕاکێشانی گەشتیاران دەدەن لە ڕێگەی دروستکردنی شاری شانۆیی و هۆڵی گەورە و سەرنجڕاکێش و دروستکردنی ئیڤێنت و ڤیستیڤاڵی جیهانی و ناوچەیی بۆ ئەکتەر و شانۆکارەکانی لە دونیادا، لە ئێستادا دوو لە وڵاتە هەر پێشەنگ و یەکەمەکان (شانشینی شاهانەی بەڕیتانیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا)یە، کە گرنگییەکی زۆریان داوە بەم بوارە.

لە وڵاتی بەڕیتانیا بەتایبەتی بە نموونە لە شاری لەندەن لە ناوچەی (West End) یەکێکە لە گەورەترین ناوچەکانی شانۆیە لە جیهاندا ملیۆنان و هەزاران گەشتیار تەنها بۆ بینینی شانۆ دێن (وەک مۆزیکاڵ و دراما و شانۆ) بەتایبەت بۆ شانۆی بەناوبانگ و گەورەی وەک

(‏ The phantom of the opera) کە ساڵانە بەپێی سەرچاوەکانی کۆمەڵەی شانۆی لەندەن.

لێرەدا کارکردن لە کایەی و هونەر و شانۆ و شێوازی شانۆیەکە هەڵدەگرین بۆ شانۆکاران و ڕەخنەگران لەو بوارەدا لەسەر بدوێن، ئەوەی جێی باسە لە ڕووە گەشتیارییەکەوە چۆن بتوانین بونیادنێکی هاوشێوە یاخود بناغەیەک و بنچینەیەک بۆ ئەم بوارە دروست بکەین لە هەرێمی کوردستاندا، گرنگی تەواوەتی نەدراوە بە کەرتی گەشتیاری دەتوانین بڵێن هێشتا بواری گەشتوگوزار لە نەشونمای خۆیدایە و پێنەگەیشتووە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا. نەتەوەی کورد لە کۆنەوە تا ئێستا گەورەترین و ڕەسەنترین گەلی زاگرۆس و جیهانە، کە خاوەنی کیان و دەوڵەتی خۆی نییە، ئەمەش وامان لێدەکات دەبێت زیاتر هۆشیار بین و دەبێت زیاتر هانمان بدات بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەکەمان، ئەویش یەکەمین شتێک کە ئێمە دەبێت بیپارێزین کولتوورە ڕەسەن و ناوازەکەمانە بە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە، ڕێگەکان زۆرن و دەتوانین لە سەرجەمیان سوود وەربگرین.

شۆڕش و جەنگ و سیاسەت و دیپلۆماسییەت نەیگەیاندین بە ئامانجمان، دەبێت دەست بدەینە کارێک، کە زۆر بە ئاسانی و بەخێرایی لە جیهانی دەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بناسرێین.

کە ئەویش کایەی هونەر و بەتایبەتی پەرەپێدانە بە (هونەری شانۆ)، کە دەبێت تێبگەین

کۆمەڵگەی کوردی چی دەوێت و چۆن دەتوانێت بونیادێک دروست بکات بۆ ئەو بوارە. وەک دەزانین کۆمەڵگە و تاکی کوردی خامەکەی هەیە بەس تەنها پێویستی بە پەرەپێدان و دروستکردنی ئەو هۆشیارییەیە، کەڵە شاعیر و نووسەر و زانای کورد ”پیرەمێرد” سەدەیەک لەمەوبەر درکی بەمە کردووە، زانا بووە بەوەی، کە کورد کۆمەڵگەیەکی زارەکییە (لفضی) شتەکانیان لەبەرکردووە، بۆیە پیرەمێرد خۆی دەفەرمێت: من چی بکەم لە کۆمەڵگایەکدا دەژیم ئەگەر کیمیا و فیزیاشیان بە شیعر بۆ نەنووسیت وەریناگرن، بۆیە ھاتووە وتەکانی بە شیعر دەڕبڕیوە بۆ ئەوەی لەناو ھزر و ھۆشـی خەڵکیدا بمێنێتەوە.

بۆیە دەبێت چۆن هۆزانڤانە مەزنەکانمان هەستیان بەو بۆشایی و کەموکوڕییە کردووە، لە لقێکی سەرەکیی هونەر کە (شیعر)ـە، دەبێت بە هەمان شێوە شانۆکار و ڕەخنەگران لەو بوارەدا لایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی ڕۆشنبیری هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ پەرەپێدان بەم بوارە، داهاتی تایبەتی بۆ تەرخان بکەن و هانی سەرمایەدارانی ناوخۆیی و دەرەکی بدەن زەمینەیەک بڕەخسێنن بۆ دروستکردنی ئەم زەمینەیە وەک پێشنیازێک بۆ حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بۆ دروستکردنی ناوەند (Theatre District) کە ناوچەیەکە لەناو شارێکدا بوونیاد دەنرێت، کە زۆربەی هۆڵی شانۆ، مۆزیکاڵ، سینەما و شوێنە هونەرییەکان تێیدا کۆبوونەتەوە.

کە تەنها بۆ شانۆ نییە، بەڵکو دەبێتە ناوەندێکی هونەری بۆ کۆکەرەوەی سەرجەم ناوەندە هونەرییەکان، کە دەکرێت بازاڕ و هۆتێل و قاوەخانە و ڕێستۆرانتی ناوازەی تێدا دروست بکرێت، فێستیڤاڵ و بۆنەی کولتووری تێدا ئەنجام بدرێت.

بۆ ئەوەی تەنها بۆ خوازیارانی هونەر و شانۆ و سینەما  سەردانی نەکەن، ببێتە جێی بایەخی سەردانیکەرانی ئاسایی و بوژانەوەیەک دروست بکات، کە دەکرێت ئەم ناوەندە بە هەماهەنگیی وەزارەتی ڕۆشنبیری داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ ناوەندەکە، کە تایبەت بۆ کاری هونەری خەرج بکرێتەوە. بۆ دروستکردنی ئەم ناوەندەش دڵنیایی تەواو هەیە لە توانایی هونەرمەندان و دەرهێنەر و شانۆکارە بەهێز و لێهاتووەکانی کوردستان، کە دەتوانن کارێکی وەها بکەن، کە تەنها پێویستیان بە ناوەندێکە بۆ کۆکردنەوەی ئایدیاکان و ڕێکخستنیان و خستنەسەر پێی پڕۆژە هونەرییەکانیان بۆ ئەم پڕۆژەیەش زەمینەیەکی لەبار هەیە.

لە شارێکی وەک  سلێمانی، کە وەک پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان ناسراوە و لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە نازناوی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆی پێ بەخشرا و بووە ئەندامی تۆڕی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ، کە لە (٢٤٦) شار پێکهاتووە و (٦) کۆمەڵە لەخۆ دەگرێت، لە کۆمەڵەی شارە ئەدەبییەکاندا سلێمانی یەکێکە لە (٣٩) شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ و بەشداری بەرچاوی لە تۆڕەکەدا هەبووە.

لە ئێستادا شاری سلێمانی لەسەر ئاستێکی جیهانی کارە هونەرییەکانی لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی کارە کولتووری و هونەرییەکانی بە جیهانەوە گرێدراوە، بەتایبەت شاری ئێدنبەرە (Edinburgh)  ئێدنبەرە پایتەختی Scotland ـە

لە بەڕیتانیا و شاری شانۆ و فێستیڤاڵ ئێدنبەرە بە ”پایتەختی فێستیڤاڵی جیهان” ناسراوە

گەورەترین فێستیڤاڵی شانۆی جیهان هەر ساڵە و هەزاران شانۆ پێشکەش بە ملیۆنان گەشتیار دەکرێت، کە شاری سلێمانی دەتوانرێت پەیوەندی دروست بکات لەگەڵ شارە شانۆییەکانی جیهاندا، چونکە شانۆ بەشێکە لە ئەدەب (Drama = Literature in action) فێستیڤاڵەکان دەتوانن پەیوەندی دروست بکەن لە نێوان Edinburgh (City of Festivals) و سلێمانی (City of Literature) وەک شاری داهێنەر ئەدەب.

ئامادەکردنی وتار

پسپۆڕی بواری گەشتوگوزار: باوان فەرەیدون

شانۆکار:-مەتین هێژا

ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.