بە گێڕانەوەی شاناز محەمەد
ئامادەکردنی: بابان عومەر

پێشەکیی (گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ):
شانۆ تەنها تەختەیەک نییە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان، بەڵکوو مەیدانێکە بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادە، ڕووبەڕووبوونەوەی خود و شکاندنی ئەو دیوارانەی کۆمەڵگە لەبەردەم ئازادیی مرۆڤدا دروستی دەکات. لەناو دونیای پڕ لە ئاڵۆزی و جوانیی هونەری نواندندا، کەمتر ئەو ئەکتەرانە دەبینین، کە بتوانن بەردەوامبن و هاوسەنگییەکی زێڕین لە نێوان سەرکەوتنی سەر تەختەی شانۆ و پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێدا ڕابگرن. پەیمانگەی هونەرەجوانەکان لە سلێمانی، وەک ناوەندێکی زیندووی بەرهەمهێنانی کادری هونەری، شانازیی بە کۆمەڵێک ناوەوە دەکات، کە مێژوویان بە ئارەقە و شەونخوونی لەسەر تەختەی شانۆ نەخشاندووە. یەکێک لەو ناوە درەوشاوانە، ژنە ئەکتەر و دەرهێنەر و ئەکادیمیست، مامۆستا (شاناز محەمەد)ـە. لە سێ دەیەی ڕابردوودا، مامۆستا شاناز نەک تەنها وەک ئەکتەرێک، کە جەستە و ڕۆحی دەبەخشێتە کارەکتەرەکان، بەڵکوو وەک پەروەردەکارێکیش دەرکەوتووە، کە خەون و دیدگای شانۆیی دەگوازێتەوە بۆ نەوەیەکی نوێی فێرخوازانی شانۆ. گەشتی ئەو لە قۆناغەکانی سەرەتای نەوەدەکانەوە لە سلێمانی و درەوشانەوەی لە ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانی بەغدا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، کە هونەر زمان و سنوورەکان دەبەزێنێت.
ئەم دیمانەیەی گۆڤاری (داکۆ بۆ شانۆ)، دەروازەیەکە بۆ چوونە ناو جیهانبینیی قووڵی ئەم خانمە. لێرەدا، تەنها باس لە مێژووی کارەکان ناکرێت، بەڵکوو شرۆڤەی نواندن دەکرێت. مامۆستا شاناز پێمان دەڵێت کە چۆن سیستەمی ستانیسلاڤسکی لەگەڵ واقیعی کوردەواریدا تێکەڵ دەکرێت، چۆن سەمای بالێ دیسپلین دەداتە ئاماژەکانی جەستە، چۆن ئەکتەر دەبێت ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی لە یادگەیدا هەبێت، تا لە کاتی پێویستدا وەک چەکێک بەکاری بهێنێت. هەروەها بە ڕاشکاوی پەردە لەسەر ئەو ئاستەنگانە لادەدات، کە ڕووبەڕووی ژنێکی شانۆکار دەبنەوە؛ لە سانسۆری کۆمەڵگەوە بگرە، تا دەگاتە قوربانیدان لەپێناو شانۆ و هونەر.
خوێنەری هێژا، ئەوەی لەم لاپەڕانەی بەردەستتدا دەیخوێنیتەوە، چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیی ئاسایی نییە بە شێوازی (پرسیار و وەڵام)، بەڵکوو گەشتێکی ڕۆحی و ئەکادیمییە بەناو یادگە و ئەزموونی یەکێک لە مامۆستا دیارەکانی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی. قسەکانی بۆ گۆڤارەکەمان، وەک خۆی و بە شێوازی (یاداشتنامە و گێڕانەوەی کەسی) داڕێژراوەتەوە، تاوەکوو خوێنەر ڕاستەوخۆ بەر دیدگای ئەم خانمە هونەرمەندە بکەوێت
یاداشتەکانی شانۆکارێک…
(گێڕانەوەی: شاناز محەمەد)
دەروازەی ئەکادیمیا و سەرەتا زێڕینەکان لەسەر تەختەی شانۆ
پێش ئەوەی هەنگاو بنێمە ناو ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانی بەغدا، هەر لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا (١٩٩٠-١٩٩١)، دەرگایەکی گەورە بە ڕووی ئەزموونی هونەریمدا کرایەوە، ئەویش بەشداریکردنم بوو لە کاری شانۆیی (ماراساد)ی نووسەری جیهانی پیتەر ڤایس، لە دەرهێنانی مامۆستا ڕزگار ئەمین. ئەمە یەکەم ئەزموونی من بوو لەسەر تەختەی شانۆ، کە تێیدا ڕۆڵی ژنێکی سکپڕم دەبینی. ئێمە ئەم بەرهەمەمان بۆ ماوەی سیانزە ڕۆژ لە شاری سلێمانی نمایش کرد و دواتریش چووینە هەولێر. ئەوەی ئەم کارەی بۆ من کردبووە وێستگەیەکی جیاواز، قسە و هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانی ئەو کاتە بوو، کە پێیان وا بوو کارەکتەرەکەی من تایبەتمەندییەکی زۆری هەبووە؛ بەتایبەت، کە ئەو کارەکتەرە لە تێکستە ئەسڵییەکەدا بوونی نەبوو، بەڵکو زیاد کرابوو، بەڵام توانیبووی هاوسەنگییەکی زۆر باش بە نمایشەکە ببەخشێت.
دوای ئەم ئەزموونە، ڕووم لە ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانی بەغدا کرد. لەوێ هەر کە زانییان پێشتر لە ‘ماراساد’ بەشداریم کردووە، ڕێکەوت وا بوو خوێندکارێکی قۆناغی کۆتایی هەمان دەقی بۆ کارنامەی دەرچوونەکەی هەڵبژاردبوو، بۆیە دەستبەجێ وەک ئەکتەرێک بۆ ڕۆڵی (شارلۆت کۆردی) هەڵبژێردرام. جیاوازیی ئەم ئەزموونە لەوەدا بوو، کە ئەمجارە دەبوو بە زمانی عەرەبی ڕۆڵەکە بەرجەستە بکەم و شێوازی کارکردنەکەش تەواو جیاواز بوو لەوەی سلێمانی. بەو پێیەی زمانی ئەکادیمیا عەرەبی بوو، دەبوو ماندووبوونێکی زۆر بە خۆم بدەم، تا دیالۆگەکان بە عەرەبییەکی پاراو و ئەدائێکی دروستەوە دەرببڕم.
جێگەی خۆشحاڵییە لەو چوار ساڵەی خوێندنی ئەکادیمیدا، بەشداریم لە کۆمەڵێک بەرهەمی گرنگدا کرد، کە زۆربەیان ڕۆڵی سەرەکی بوون. ئیشکردن لەگەڵ مامۆستاکانم دونیابینییەکی نوێی بۆ درووست کردم. بۆ نموونە، بەشداریم لە کارێکی ‘د. عادل’ کرد، کە سەرجەم کارەکتەرەکانی ژن بوون، هەروەها لە کارنامەی دەرچوونی مامۆستا (ڕێزان)، کە ئێستا لە نەرویج دەژی، ڕۆڵی سەرەکیم هەبوو لە شانۆیی (ڤاندۆ و لیز)ی فێرناندۆ ئارابال. ڕێک لەو ساڵەدا یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆ لە ئەکادیمیا بەڕێوەچوو، من بەهۆی ئەو ڕۆڵەمەوە خەڵاتی (باشترین ئەکتەر)م پێ بەخشرا. ساڵی دواتر، لە دووەمین فێستیڤاڵدا و لە کارنامەی دەرچوونی خوێندکارێکی دیکەدا بەناوی شانۆیی (بێدەنگی)ی هارۆڵد پنتەر، بۆ جاری دووەم هەمان خەڵاتم بەدەستهێنایەوە. ئەم ساڵانە وایان لێ کردم تێبگەم، کە دەبێت هەر جارێک ئیزافە و داهێنانێکی نوێ بخەمە سەر کارەکتەرەکانم و بیرکردنەوەم بۆ نواندن بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر بڕوات.
گەڕانەوە بۆ پەیمانگە؛ وانەوتنەوە وەک فێربوونێکی بەردەوام
لە ساڵی ١٩٩٧، پاش دەرچوونم لە ئەکادیمیا، ڕاستەوخۆ وەک مامۆستا گەڕامەوە بۆ پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی. هەر لە سەرەتای دەستبەرکاربوونمدا، فێستیڤاڵێکی شانۆیی ڕێکخرا و منیش بڕیارم دا بە بەرهەمێک بەشداری بکەم، کە سەرجەم ئەکتەرەکانی خوێندکارەکانی پۆلی یەکەم بوون. ئەو خوێندکارانە ئێستا بوونەتە ناوە دیارەکانی بواری شانۆ، وەک (زمناکۆ کەریم، کاروان چێوار، دیاری عومەر و چەندانی تر). نمایشەکە ناوی (چاوەڕوانی تروسکەی ئەستێرەکان) بوو، کە کارێکی جووڵەئامێز بوو، یەکەم ئەزموونی دەرهێنانم بوو بە هاوبەشی لەگەڵ مامۆستا ڕێزان. لە هەمان کاتدا، کاری کۆریۆگرافی و جووڵەم بۆ خوێندکارەکانم لە فێستیڤاڵی بەشی موزیک کرد، بۆ کارێکی مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی، کە شیعرەکەی (چامەی عەشق)ی د. دڵشاد مستەفا بوو.
هەرچەندە بووبوومە مامۆستا، بەڵام هێشتا هەستم دەکرد خوێندکارم و پێویستم بە فێربوونە. تا ئەمڕۆش بڕوام وایە هەر کەسێک لە شانۆدا کار بکات، دەبێت بەردەوام بخوێنێتەوە و خۆی نوێ بکاتەوە. لەو سەردەمەدا تەکنەلۆژیا وەک ئێستا نەبوو، مەنهەجەکان هەموویان عەرەبی بوون. بەتایبەت لە سەرەتای مامۆستاییم وانەی (ئەدەبی شانۆ)م بە پۆلی چوار دەگوتەوە، کە پڕ بوو لە قوتابخانە و ڕێبازە ئەدەبییەکان و دەبوو پشت بە سێ بۆ چوار سەرچاوەی عەرەبی ببەستم. بە هاوکاریی خوێندکارەکانم ئەو سەرچاوانەمان وەردەگێڕایە سەر زمانی کوردی. بەڵام ئێستا خۆشبەختانە سەرچاوەی کوردی زۆرە و منیش هەمیشە هانی خوێندکارەکانم دەدەم بۆ وانە پراکتیکییەکان سوود لە تەکنەلۆژیا و بینینی مەشقە جیهانییەکان وەربگرن.
لە پاش ساڵێک مامۆستایەتی بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە پەیمانگە دابڕام و لە ڕێکخراوێک کاری ڕاگەیاندنم دەکرد، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٤ گەڕامەوە ناوەندە ئەکادیمییەکەی خۆم و تاکو ئێستە لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکان بەبێ دابڕان بەردەوامم لە خزمەتکردن.
وانەی نواندن؛ گەیاندنی هەست و یادگەی ئەکتەر
کاتێک وانەی نواندن دەڵێمەوە، ڕاستەوخۆ ئەزموونی سەر تەختەی شانۆی خۆم دەگوازمەوە بۆ خوێندکارەکانم. زۆر جار دەبینم بەشێک لە خوێندکارەکان بەبێ بوونی هیچ عەشق و خولیایەک هاتوونەتە پەیمانگە، تەنها بۆ وەرگرتنی بڕوانامەیەک یان لەبەر ئەوەی نمرەیان نەگەیشتووەتە ئەوەی شوێنی دیکە وەریان بگرێت. من پێیان دەڵێم: نواندن قوربانیدانی دەوێت، ئەگەر حەز و خۆشەویستیت نەبێت، ناتوانیت لەسەر تەختەی شانۆ بەرگە بگریت. وەستان لەسەر شانۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی بینەر جورئەتی دەوێت.
بۆ ئەوەی وانەکانم بگەنە ناخیان، هەوڵ دەدەم تیۆرەکان بە واقیعی ڕۆژانە ببەستمەوە. بۆ نموونە، کاتێک سیستەمی (ستانیسلاڤسکی)ـیان پێ دەڵێمەوە، خۆم پێشتر چەندین جار دەیخوێنمەوە و نموونە حەیاتییەکانی ژیانی کوردەواری و فۆلکلۆری خۆمانی تێکەڵ دەکەم. بە خوێندکارەکانم دەڵێم، کە مێشکی مرۆڤ گەنجینەیەکی بێسنوورە. مۆبایل و کۆمپیوتەر پڕ دەبن و پێویستیان بە سڕینەوەیە، بەڵام یادگەی مرۆڤ لە منداڵییەوە تا مردن شتەکان تۆمار دەکات. ئەکتەر دەبێت تۆمارکەرێکی باش بێت. بۆ نموونە لە بەرجەستەکردنی دیمەنێکی گریان یان مردن، دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ ئەو یادگەیەی ناو مێشکت. خۆم زۆر جار بۆ نواندنەکانم سوودم لە جووڵە یان گریانی منداڵێک بینیوە، کە لە ژیانی ڕۆژانەدا سەرنجم داوە. ئەکتەر چاوی جیاوازە، دەبێت بەردەوام وەرگر بێت و شتەکان کۆگابکات بۆ کاتی پێویست.
جادووی شانۆ؛ خۆتیت و خۆت نیت!
ئەگەر لێم بپرسن نواندن چییە؟ دەڵێم: ڕۆحێکی تازەم پێ دەبەخشێت، جادوویەکی زۆر سەیرە، کە تەنها ئەوانەی عەشقیان بۆی هەیە لێی تێدەگەن. ”کاتێک لەسەر شانۆیت، تۆ هەم خۆتیت و هەم خۆت نیت! خۆتیت، چونکە بڕوا بەوە دەکەیت، کە نواندن دەکەیت، هەروەها خۆت نیت، چونکە بوویتەتە کارەکتەرێک، کە ڕەنگە تەواو پێچەوانەی کەسایەتیی ڕاستەقینەی خۆت بێت. ئەمە پرۆسەیەکی گۆڕانکارییە، کە لە یەکەم ڕۆژی پڕۆڤەوە تا ڕۆژی نمایشکردن لە ناخی ئەکتەردا ڕوو دەدات و ناخ و هەستی ناوەکی دەجوڵێنێت.
ڕووخسار، جوانی و پەیامی کارەکتەر
یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەمڕۆی بەشێک لە خانمە ئەکتەرەکانمان ئەوەیە، کە زیاتر بیر لە جوانیی ڕووخسار و ستایلیان دەکەنەوە وەک لە جوانیی بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکە. من بە تەواوی دژی ئەم تێڕوانینەم! بۆ من هەرگیز گرنگ نەبووە کارەکتەرەکەم سۆزانی بێت یان ژنی ماڵەوە، شێوەم ناشیرین بکرێت یان پیر دەرکەوم. مادام کارەکتەرەکە ئەوە دەخوازێت، دەبێت وابم. پرسیاری سەرەکیی من کاتێک ڕۆڵێک وەردەگرم ئەوەیە: ئایا ئەم کارەکتەرە قووەتی چەندە؟ چ کاریگەرییەک لەسەر بینەر جێدەهێڵێت؟ ئەگەر لاببرێت کەلێن لە چیرۆکەکەدا دروست دەبێت یان نا؟ ئایا من وەک پڕکردنەوە بەشدارم یان ئیزافەم هەیە؟ خۆشبەختانە لە تەواوی مێژووی کارکردنمدا هەرگیز وەک پڕکردنەوە لە هیچ کارێکدا نەبووم.
هونەر لە نێوان سانسۆری کۆمەڵگە و داهێنانی ئەکتەردا
هەروەها پەیوەست بە عورف و عادەتی کۆمەڵگە، من بڕوام وایە هونەر داهێنانە نەک کۆپیکردنی ڕووت. ئەگەر لە دەقێکدا دیمەنی باوەش یان ماچ هەبێت، مەرج نییە ڕێک وەک واقیع پیشان بدرێت و بینەر تووشی شۆک بکەیت. لێرەدا ئازایەتی ئەکتەر دەردەکەوێت، کە چۆن بە ئاماژەیەکی هونەری ئەو پەیامە دەگەیەنێت. با سەیرێکی زنجیرە ئێرانییەکان بکەین، کە چۆن لەژێر کۆمەڵێک سانسۆری تونددا، تەنها بە تەماشاکردنێک قووڵترین هەست دەگەیەنن. یان کاتێک ڕۆڵی خراپ دەبینین، نابێت بترسین لەوەی کۆمەڵگە بە چاوێکی خراپ سەیرمان بکات. بۆ نموونە لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنی (ڕابوون)، کارەکتەرەکەم تا سەر ئێسقان خراپ بوو، بەڵام بێ ئەوەی لە ڕووی جلوبەرگ و ڕەفتارەوە شتێکی نەشیاو پیشان بدەین، توانیمان پەیامەکە بگەێنین. کۆمەڵگە مرۆڤی خراپیشی تێدایە، ئەرکی شانۆ و هونەرە ئەو ڕووە ناشیرینانەش ئاشکرا بکات.
ئاماژەکانی جەستە و کاریگەریی سەمای بالێ
سەما هونەرێکە پێش شانۆ و دیالۆگ دروست بووە؛ مێژوو پێمان دەڵێت مرۆڤ لە سەرەتادا بە لاساییکردنەوە و جووڵە لە نموونەی لاساییکردنەوەی ئاگر پەیامەکانی گەیاندووە.
پەیوەندیی من لەگەڵ جووڵە و جەستە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەغدا. ڕۆژانی پێنجشەممان، کە پشوومان بوو، دەچوومە مەدرەسەی مۆسیقا و بالێ بۆ سەیرکردنی مەشقەکانیان. بەهۆی نەرمی ئێسقانەکانمەوە، توانیم لەگەڵ سەماکارێکی ئەوێدا مەشق بکەم، هەرچەندە کارەکەمان نەگەیشتە نمایش. کاتێکیش هاتمەوە سلێمانی و گرووپی (لەیزین) دروست بوو، بوومە ئەندامێکیان. لەگەڵ ئەو گرووپەدا بەشداریم لە کاری (گەڕانەوەی دەمامک) لەگەڵ مامۆستا ڕووبار و د. نیاز لەتیف، هەروەها کاری (وڕێنە) کرد. لەو کاتەشدا کێشی جەستەم زیادی کردبوو، بەڵام کێشی زۆر ڕێگر نەبوو لەوەی بە نەرمی لەسەر تەختەی شانۆ بجوڵێمەوە و چێژ لە نواندنی جەستەیی ببینم. زۆر جار ئەکتەرمان هەیە کێشی کەمە بەڵام لەسەر شانۆ زرموهوڕی دێت، بەپێچەوانەشەوە ئەکتەر هەیە کێشی قورسە بەڵام ئەوەندە بە بەئاگایی دەڕوات گوێت لە تەپەی پێی نابێت.
بالێ فێری کردم کە نابێت لەسەر تەختەی شانۆ زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی جەستەدا بکرێت. من هەمیشە بە خوێندکارەکانم دەڵێم، کە هەموو ئەندامێکی جەستە (قژ، چاو، تەنانەت یەک پەنجەی دەستیش) دەتوانێت نواندن بکات، بەبێ ئەوەی پێویست بە جووڵەی زیادە بکات.. بالێ ئەو دیسپلینە و ئەو هارمۆنییەی پێ بەخشیم کە هەموو جووڵەیەک ئامانجدار بێت.
عەشقی ئێمە بۆ شانۆ، زاڵە بەسەر ماندووبوونەکانماندا…
لە کۆتاییدا دەمەوێت دان بە ڕاستییەکی تاڵدا بنێم؛ کاری شانۆیی قوربانیدانێکی بێسنووری دەوێت، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. ئەگەر تۆ ژن بیت، قوربانیدانەکە دوو هێندەیە، خۆ ئەگەر دایکیش بیت، ئەوا ئەرکەکە سێ و چوار هێندە قورستر دەبێت. زۆر جار بەهۆی پڕۆڤەی شانۆییەوە کاتێکی زۆرت لێ دەڕوات، من خۆم زۆر شەوان درەنگ گەڕاومەتەوە ماڵەوە، منداڵەکانم خەوتبوون، بۆ چەندین ڕۆژ تەنها بە خەوتوویی بینیومن و نەمتوانیوە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەم.
ئەمانە هەمووی قوربانیدانن بە ڕۆح و بە کات. ئەگەر لەناو خێزانەکەتدا پاڵپشتییەکی بەهێزت نەبێت، مەحاڵە بتوانیت بەردەوام بیت. لە لایەکی تریشەوە، بەداخەوە لێرە شانۆ لە ڕووی مادییەوە پاڵپشتی ناکرێت. زۆرجار خەرجییەکانی جلوبەرگ و هاتوچۆش دەکەوێتە سەر شانی خۆمان. بە ڕاشکاوی دەیڵێم، ئەگەر ئێمە پیشەی مامۆستایەتیمان نەبێت، ناتوانین بەردەوام بین لە کاری هونەری. ئێمە مووچەی مامۆستایەتییەکەمان دەخەینە خزمەتی شانۆوە، ئەمەش قورساییەکی زۆر گەورەیە لەسەر شانی ئەکتەر و شانۆکار لەم وڵاتەدا. سەرەڕای هەموو ئەمانە، عەشقی ئێمە بۆ تەختەی شانۆ هەمیشە زاڵ بووە بەسەر ماندووبوونەکانماندا، هەرچەندە لە ئێستادا هیچ پڕۆژەیەکی نوێی شانۆیی یان تەلەڤزیۆنیم لەبەردەستدا نییە.
لیستی بەرهەمە شانۆییەکانم
ئەزموونەکانی دەرهێنان؛ لە پاڵ ئەوەی پسپۆڕیم نواندنە، بەڵام ئارەزووم کردووە ئەزموونی دەرهێنانیش تاقی بکەمەوە، لەوانە:
– مۆنۆدرامای (من و تۆ) لە ساڵی ٢٠١١، لە نووسینی خاتوونی خانەقینی ئەحلام مەنسور، خۆم ئەکتەر و دەرهێنەری بووم و مامۆستا عادلی برام موزیکی بۆ ئامادە کردبوو.
– (وەرزە ئاڵەکانی عەدەم) لە ساڵی ٢٠٠٧، کە تایبەت بوو بە کارەساتی ئەنفال لەسەر شیعری جەمال غەمبار.
– (سەمایەک لە ئازار) لە ساڵی ٢٠٠٦، کە کارێکی جووڵەئامێز بوو بۆ توندوتیژی دژی ژنان.
– (چاوەڕوانی تروسکەی ئەستێرەکان) ساڵی ١٩٩٧، کاری جووڵەئامێز بوو.
جگە لەمانەش، وەک ئەکتەر لە چەندین کاری دیاردا بەشداریم کردووە، لەوانە:
– (ماراساد) ١٩٩٠-١٩٩١، سلێمانی.
– (ماراساد) ١٩٩١-١٩٩٢، بەغدا.
– (دیکتاتۆر) ١٩٩١-١٩٩٢، وەک بەڕێوەبەری شانۆ بەشدار بووم.
– (الدنس) لەگەڵ دکتۆ عادل لە بەغدا لە ناو ئەکادیمیای هونەرەجوانەکان بەشدار بووم.
– (الحسار) ١٩٩٢، بەغدا.
– (دوژمنان)ی مەکسیم گۆرکی ساڵی ١٩٩٣ لە سلێمانی.
– (ڤاندۆ و لیز) ١٩٩٣، بەغدا.
– (قارورە) ١٩٩٤، بەغدا.
– (بێدەنگی) ١٩٩٥-١٩٩٦ لە بەغدا.
– (دوژمنی گەل) ٢٠٠٥، لە دەرهێنانی مامۆستا مۆفەق عارف لهۆنی.
– (گەڕانەوەی دەمامک) ٢٠٠٥، سەمای بالێ، لەگەڵ گرووپی لەیزین.
– (وڕێنە) ٢٠١٠، سەمای بالێ، لەگەڵ گرووپی لەیزین.
– (پیلان) ٢٠١٣، دەرهێنانی شەماڵ فەهمی.
– (ئافرەت لە جەنگ) ٢٠١٣، دەرهێنانی کازم نەسار، لە سلێمانی بە زمانی کوردی و عەرەبی نمایش کرا
– (ملوانکەی پچڕاو) ٢٠١٨، لە دەرهێنانی دێرین حامید. – (ڕۆمیۆ و جولێت) ٢٠٢٤، دواهەمین کارم بوو، کە خۆشبەختانە کارەکتەرەکەم تێیدا کۆمیدی بوو.
ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.