نوسینی: سه‌ردار ئه‌كره‌م

پێداچوونه‌وه: د. كه‌یفی ئه‌حمه‌د

شانۆيى (پەڕی قازەکە)

دیمەنی یەکەم:

شوێن: دارستانێکی جوان، لە ناوەڕاستدا دەریاچەیەکی بچووک هەیه.‌

مام ورچ: (لەسەر شانۆیە، گوێی لە دەنگی قاز دەبێت) سڵاو  هاوڕێم، چی بووە؟!

قاز: (بە خێرایی و هاوارەوە دێتە سەر شانۆ، پەڕەکانی لێبوونه‌تەوە) ئای مام ورچ! مام ورچ! فریام کەوە، فریام کەوە! تکایە، تکایە یارمەتیم بدە!

مام ورچ: (سەرسام بووە) قاز؟ ئای خوایە! چی ڕوویداوە هاوڕێ؟ بۆچی ئەوەندە ترساویت؟ دەنگت دەلەرزێت!

قاز: (بە هەناسەتەنگییەوە، دەستی دەلەرزێت) ڕێوی… ڕێوی هێرشی کردە سەرم! دەیەوێت بمخوات! زۆر ترسناک بوو!

مام ورچ: (نائارام دەبێت) ڕێوی؟ ئەو ڕێوییە نازانم بۆ کاری ئاوا دەکات، کە هەمیشە ئازاری گیانداران دەدات؟ دڵنیایت، کە ڕێوی بوو؟

قاز: (بەگریانەوە) بەڵێ، بەڵێ! من لە کەناری دەریاچەکە بووم، ویستم مەلە بکەم، لەناکاو ڕێوی هات …

مام ورچ: (نزیک دەبێتەوە) ئارام بە هاوڕێ، ئارام بە. وەرە بۆم باس بکە، چی کرد؟

قاز: ددانەکانی نیشانی من دا! چاوەکانی ترسناک بوو، وتی تۆ زۆر خۆش و بەلەزتی، من تۆم دەوێ) مریشک لەگەڵ  کەروێشک، دێنە سەر شانۆ، بەپەلە(

هەردووکیان: مام ورچ! مام ورچ! ئێمە بینیمان! ئێمە بینیمان چی ڕووی دا!

کەروێشک: بەڵێ! زۆر ترسناک بوو! ڕێوی وەک گورگ وا بوو.

مام ورچ: (ڕوویان تێدەکات) ئێوە بینیتان؟ وەرن بۆم باس بکەن، چیتان بینیووه‌، بەوردی پێم بڵێن.

مریشک: (به‌پەلەپەل) من لەسەر داربەڕووەکە بووم! بینیم ڕێوی بەرەو قاز ڕایکرد!

كه‌روێشک: منیش لە لانەکەی خۆمەوە بینیم ڕێوێ پەڕەکانی قازی لێکردەوە.

قاز: (دەست بە گریان دەکاتەوە) بەڵێ! منیش ڕامکرد! پەڕەکانم بە هەموو شوێنکدا بڵاوبوونەوە!

 مام ورچ: (دڵسۆزانە) ئەمە زۆر کارێکی خراپە. کەواتە سێ کەستان هەمان شتتان بینیوە؟

  مریشک: بەڵێ! چاوەکانی ڕێوی سووربوون

کەروێشک: ئەو نەیدەویست یاری بکات! ئەو بە ڕاستی دەیویست من بخوات.

 قاز: (لەگەڵ گریان) مام ورچ، تۆ هاوڕێیەکی باشیت! تکایە فریام کەوە! من نازانم چی بکەم!

مام ورچ: (بڕیارێکی قورس دەدات) گوێتان لێم بێت. ئەم کارە ناتوانرێت بە ئاسانی تێپەڕێت، دەبێت لێپێچینەوە لە ڕێوی بکرێت و ڕێوی ڕووبەڕووی ئەم تۆمەتانە ببێتەوە.

مریشک: (بەترسەوە) بەڵام  ئەو بەڕاستی مەترسیدارە!

کەروێشک: ئەو لە ئێمە گەورەترە.

مام ورچ: (بەبوێرییەوە) نا، نا! ئێمە بە هاوڕێیەتی قسە دەکەین، ڕێوی ساڵانێکە لەگەڵمانە، دەبێت ئەم کێشەیە بە دادپەروەريی چارەسەر بکەین.

قاز: (کەمێک ئارام دەبێتەوە) باشە، بەڵام تکایە یارمەتم بدەن!

مام ورچ: بێگومان! ئێمە هەموومان پێکەوە هاوڕێین، دەبێت لە کاتی پێویستیدا و لە تەنگانەدا یارمەتیی یەکتری بدەین

(هەموویان بە کۆمەڵ دەچنە دەرەوەی شانۆ)

دیمەنی دووەم:

شوێن: گۆڕەپانی دارستان، مام ورچ بە تەنها چاوەڕوانی ڕێوی دەکات.

ڕێوی: (بە شێوه‌یه‌كی ئاسایی دێتە سەر شانۆ)

سڵاو مام ورچ! چۆنیت؟ ڕۆژێکی جوانە!

مام ورچ: سڵاو ڕێوی، باشى؟

 ڕێوی: باشم سوپاس. تۆ چۆنی؟

مام ورچ: زۆر باشم!

ڕێوی: ئەمڕۆ لە دارستان زۆر یاریم کردووە، بەڵام تۆ له‌ باش ناچی؟ کەمێک دڵتەنگ دیاریت.

مام ورچ: ڕێوی، پێویستە لەبارەی شتێکەوە قسەت لەگەڵدا بکەم، کێشەیەک هەیە؟

ڕێوی: (بە سەرسوڕمانه‌وه‌) کێشە؟! چ جۆرە کێشەیەک؟

مام ورچ: ئەمڕۆ قاز هاتە لام، زۆر ترسا بوو، دەیگوت تۆ هێرشت کردووەتە سەری.

ڕێوی: (واقى وڕماوە) من؟! هێرشم کردووەتە سەر قاز؟ مام ورچ، ئەمە چ قسەیەکە؟

مام ورچ: مریشک و کەروێشکیش دەڵێن، بینیومانه‌، کە تۆ ویستووتە پەلاماری بدەیت.

ڕێوی: (پاکانە دەکات) من چۆن شتی وا دەکەم؟ قاز هاوڕێی منە! من قەت نەمویستووە ئازاری بدەم!

مام ورچ: کەواتە تۆ دەڵێیت ئەمە ڕاست نییە؟

ڕێوی: بەتەواوی نادروستە! من ئەمڕۆ قازم هەر نەبینیوە!

مام ورچ: (بیردەکاتەوە) چۆن؟ ئەمە زۆر ئاڵۆزە. سێ کەس هەمان شت دەڵێن، بەڵام تۆش پاکانە بۆ خۆت دەکەیت.

ڕێوی:مام ورچ، تۆ  چەند ساڵە دەمناسیت، کەی من  توندوتیژیم نیشانداوە؟

مام ورچ: بەڵام قاز هات، له‌ لای من سکاڵای کرد.

ڕێوی: من کاری وا ناکەم، نازانم بۆچی ئێستا تۆمەتی وام بۆ دەکەن؟

مام ورچ: من دەبێت ڕاستیی ئەم کێشەیە بزانم، بۆیە دەبێت، ئێوارە هەموو گیانداران لێرە کۆببنەوە.

ڕێوی: (کەمێک دڵەڕاوکێ) کۆبوونەوە؟! زۆر باشە، من ئامادەم، ئه‌وكات ڕاستی دەبینی، بەڵام هێندە گوێ بە قسەی قاز مەدە. هەر لەخۆیەوە شت دروست دەکات، ئێستا دەڕۆم، کەمێک کارم هەیە.

مام ورچ: باشە، بەڵام ئێوارە دەبێت ئامادە بیت.

ڕێوی: بێگومان دێم) .ڕێوی دەچێتە دەرەوە(

(گوێدرێژ لەگەڵ مانگا دێنە سەر شانۆ)

گوێدرێژ: سڵاو مام ورچ

مانگا: بیستمان کێشەیەک لە دارستان هەیە؟

مام ورچ: بەڵێ، کێشەیەکی گەورەمان هەیە، ڕێوی پەلاماری قازی داوە، كه‌چی دەڵێت من کاری وام نەکردووە   .

گوێدرێژ: بەڕاستی کێشەیە! مام ورچ، دەبێت چارەسەرى بکەیت!

مانگا: بەڵێ! هەموو گیانداران لەبارەی ئەو کێشە قسە دەکەن! قاز لەلایەن ڕێویيەوە پەلامار دراوە.

مام ورچ: دڵنیابن من چارەسەری دەکەم، من بیرۆکەیەکم هەیە.

گوێدرێژ: چ جۆرە بیرۆکەیەک؟

مام ورچ: ئێوارە هەمووتان لێرە کۆببنەوە، بۆ ئەوەی چاره‌سەرێک بدۆزمەوە، ڕاستی کێشەک ئاشکرا دەکەم.

مانگا: بیرۆکەیەکی باشە! بەڵام چی دەکەیت؟

مام ورچ: هەریەکەیان با ڕووداوه‌کە باس بکات، دواتر بەیەکەوە بڕیار دەدەین کێ ڕاست دەکات.

گوێدرێژ: ئەمە ڕێگەیەکی دادپەروەرانەیە!

مانگا: ئێمەش ئێوارە هەموومان  ئامادەین!

مام ورچ: بێگومان! ئێوەش ئێوارە لەگەڵ هەموو گیانداران ئامادەبن.

گوێدرێژ: زۆر باشە! ئێمە دەچین، بە هەموان دەڵێین.

مانگا: بەڵێ! هەموان دەبێت، بزانن.

(گوێدرێژ و مانگا دەچنە دەرەوە)

مام ورچ: (لەبەرخۆیەوە) هیوادارم ئەم کۆبوونەوە ڕاستییەکە ئاشکرا بکات، دەبێت، بزانین بەڕاستی چی ڕوویداوە.

(هەموویان دەچنە دەرەوە، خۆیان بۆ ئێوارە ئامادە دەکەن، تا لە گۆڕەپانی دارستان ئامادەبن

دیمەنی سێیەم: ڕاستی و ئاشتکردنەوە.

شوێن: هەمان شوێن، هەموو گیانداران کۆبوونەتەوە

مام ورچ: (بە دەنگێکی بەرز و دانایانەوە) ئەمڕۆ ڕۆژی ئاشکراکردنی ڕاستییە! بە زانایی خۆم، کێشەکە چارەسەر ده‌كه‌م.

ڕێوی: (بە توڕەیی) مام ورچ! ئەوه‌ ڕاست نییە! من بە ئازاردانی قاز تۆمەتبار کراوم، کەچی من ئەم کارەم نەکردووە!

مریشک: (بە دڵنیاییەوە) من لەسەر داربەڕووەکە بووم، بە چاوی خۆم بینیم!

کەروێشک: منیش لە لانەکەی خۆمەوە بینیم! خەریکی پەلاماردانی قاز بوویت، ڕێوی!

ڕێوی: (بە ناڕەزایی) ئێوە هەڵە دەکەن! من نەبووم! بۆچی باوەڕتان بە من نییە؟

قاز: سەیرە! چۆن پاکانە دەکات؟

مام ورچ: (بیردەکاتەوە) من دەزانم ئێستا چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەم.

(گیانداران بە چاوەڕوانییەوە سەیر دەکەن)

مام ورچ: (بە دانایی) ئەو گیاندارەی ئازاری قازی دابێت، ئێستا پەڕی قازەکە بەسەر سەرییەوە چەسپاوە!

مریشک: (سەرسام) چۆن؟ مانای چییە؟

مام ورچ: (سەیری هەموویان دەکات) با بزانین کێیە!

ڕێوی: (بە ترسەوە دێتە پێشەوەی شانۆ، دەست بۆ سەر سەرى دەبات)

وا دەزانێت پەڕەکانى بەسەر سەرييەوە چەسپاون)

هەموو گیانداران: (بەسەرسوڕمانەوە) ڕێوی!

مام ورچ: (بەهێمنی) هاوڕێیان، ئێستا بۆم دەرکەوت، کەوا ڕێوی ئەم کارەی کردووە، چونکە تەنها ڕێوی دەستی بۆ سەر سەری برد، بۆ لێکردنەوەی پەڕی قازەکە.

کەروێشک: مام ورچ ڕاستیيەکەی ئاشکرا کرد.

مریشک: بیرۆکەیەکی بچووک:

گوێدرێژ: خۆ پەڕی قاز بەسەر سەرتەوە نەچەسپابوو.

قاز: تەنها ڕێوی دەستی بۆ سەری برد، چونکە خۆی تەنها کارەکەی کردبوو، ئێستا زانیتان من ڕاست بووم.

مام ورچ: ڕێوی، لە ڕاستیدا تۆ هیچ پەڕێک بەسەر سەرتەوە نەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی تۆ پەلاماری قازت دابوو، بۆیە واتزانی پەڕی قازەکە بەسەر سەرتەوە چەسپاوە.

مانگا: ئێستا دەڵێى چی ڕێوی؟

ڕێوی: (سەری خوار دەکاتەوە، پەشیمانە) بەڵێ… ڕاستی ئەوەیە، کە من بووم، ددان بە ڕاستییەکەدا دەنێم، لە کاتی یاریکردندا زۆر خێرا ڕامکرد و ئازارم دای قاز. پەشیمانم و داوای لێبوردن دەکەم.

قاز: (بەتێڕامانی) ڕێوی، بۆچی واتکرد؟

ڕێوی: (بە پەشیمانییەوە) ترسام ئەگەر ڕاستی بڵێم، هیچ کەس هاوڕێیەتیم نەکات، بەڵام ئێستا تێدەگەم، کە درۆ زیاتر بەئازارترە.

مام ورچ: ڕێوی، ڕاستگۆیی هەمیشە ئاسانتر نییە، بەڵام هەمیشە باشترە.

قاز: (کەمێک ئاسوودە دەبێت) باشە ڕێوی، بەڵام مەرجێکم هەیە.

ڕێوی: (بە ئومێدەوە) چی؟ هەر شتێک بێت جێبەجێی دەکەم!

قاز: دەبێت بەڵێن بدەیت، کە لە داهاتوودا لە کاتی یاریکردندا وریاتر بیت، ئەگەر هەڵەیەکت کرد، زوو ڕاستی بڵێیت.

ڕێوی: (بەدڵنیاییەوە) بەڵێن دەدەم! هەمیشە وریاتر دەبم و ڕاستی دەڵێم!

گوێدرێژ: (بە خۆشییەوە) ئێستا دەتوانین وەک هاوڕێی ڕاستەقینە بەیەکەوە ژیان بکەین!

ڕێوی: (بە سوپاسەوە) سوپاستان دەکەم، بۆ ئەم لێبووردنە.    

مام ورچ: سوپاس بۆ هەمووتان، کە فێری ئەم وانە گرنگە بوون، ڕاستگۆیی و لێبوردن بناغەی هاوڕێیەتین.

هەموو گیانداران: (دەستیان تێکەڵ دەکەن) سوپاس مام ورچ! بەڕاستی تۆ دانایت!

قاز: (بە خۆشییەوە) ئێستا دەتوانین هەموومان پێکەوە یاری بکە

مام ورچ:(بۆ بینەران) بیرتان بێت منداڵان – ڕاستگۆیی هەمیشە باشترین ڕێگەیە، تەنانەت ئەگەر سەختیش بێت!

(هەموو گیانداران بە خۆشی و ئاشتییەوە، پێکەوە یاری دەکەن)

                                      کۆتایی

دەنگە ساختەکانی ڕێوی

شانۆییەکی منداڵان لە چوار دیمەندا

 شەوی یەکەم لە دارستان، دارستانێکی جوان و ئارامە، مانگ و ئەستێرەکان دەدرەوشێنەوە، هەموو گیاندارەکان نوستوون. ڕێوی بە هێواشی دێتە ناو شانۆکە و دەڕوانێتە دەوروبەری.

ڕێوی: (لەبەرخۆیەوە دەڵێت) ئەم شەو شەوێكی چەند بێدەنگە! هەموو گیاندارەکان نوستوون، من زۆر نیگەرانم، چونکە زۆربەی گیانداران ڕقیان لێمە، لەبەرئەوەی هاوڕێیەتیم ناکەن، با فێڵێک بکەم، بۆئەوەی ئاژاوە بخەمە نێوان گیانداره‌كان. (بیردەکاتەوە)، زۆر چاکە، باشترین بیرۆکە، باشترین بیرۆکە؟ با لاسایی گیانداران بکەمەوە، با سەره‌تا لاسایی دەنگی کەڵەشێر بکەمەوە و هەموویان هەڵسێنم…! (ڕێوی سەرەتا دەنگێکی نزم دەکات، پاشان بە هەموو هێزی قوووقوووی کەڵەشێر دەکات)

ڕێوی: (بە دەنگی کەڵەشێر) قــوووقــوو قـوولـــــی قــــــۆ! قـوووقـــوو قوولـــــی قۆۆۆۆ!

گیاندارەکان یەک بە یەک بەخەبەر دێن، سەریان لێ شێواوه‌، ڕێوی بەپەلە دەچێتە دەرەوەی شانۆ

کەروێشک: (بە خەواڵوویی) وای! کەی کاتی هەستانە؟ خۆ هێشتا شەوە!

گوێدرێژ: (بە ناڕەحەتی) نا، نا… هێشتا کاتی هەڵسان نییە! خۆر هەڵنەهاتووە.

ئاسک: ئەمە کێ بوو، کەڵەشێر بانگی دا؟ نازانم بەم شەوە بۆ ئاوا دەکات؟

(کەڵەشێر بە پەشۆکاوی دێتە پێشەوە)

کەڵەشێر: (بە تووڕەیی) من نەبووم! خۆ من دەزانم کەی کاتی هەڵسانە!

(کاتێک ڕۆژهەڵدێت)

کەروێشک: بەیانی باش ئاسکی هاوڕێم.

ئاسک: بەیانی باش کەروێشکی جوان.

کەروێشک: ئەرێ پێم بڵێ، دوێنی شەو کەڵەشێر بۆ ئاوای کرد، هەموومانی لە خەو هەڵساند.

ئاسک: زۆر سەیر بوو بەلای منەوە، هەرچەندە کەڵەشێر وتی من نیم.

کەروێشک: منیش گوێم لێ بوو، ئەی پێم بڵێ، بۆ کوێ دەچیت؟

ئاسک: دەچم بۆ لای کانيیە سازگارەکە، ئەگەر حەزدەکەی با بەیەکەوە بڕۆین.

کەروێشک: زۆر حەزدەکەم با بڕۆین.

(هەردووکیان دەچنەدەرەوەی شانۆ(

شەوی دووەم

(شەوێکی دیکەیە، ئەمجارە دارستان هێمنترە، هەموو گیاندارەکان نوستوون، ڕێوی دیسان دێتە سەر شانۆ)

ڕێوی: (بە خەندەوە) دوێنێ شەو زۆر خۆش بوو! با ئەمشەویش یارییەک بکەم، (بیر دەکاتەوە)، ئەم جارە لاسایی کێ بکەمەوە؟ ئاها؟ با لاسایی گوێدرێژ بکەمەوە! (وەک گوێدرێژ دەست بە زەڕین دەکات)

ڕێوی: (بە دەنگی گوێدرێژ) هاااااڕ! هاااااڕ! هەڵسن لە خەو!  هەڵسن لە خەو! مەترسی هەیە! هاااااڕ!

(گیاندارەکان بە ترسەوە هەڵدەستن، ڕێوی بەپەلە دەڕوت)

گوێدرێژ: (بە سەرسوڕمانەوە) من نەبووم زەڕیم! من نەبووم.

ئاسک: (بە تووڕەیی) جارێکی تر بە خۆڕایی لە خەو هەڵساین.

کەڵەشێر: (بە هێواشی و خەواڵوویی) ئای خودایە… من تازە خەوتبووم؟

گوێدرێژ: بەم ماندووبوونە ناهێڵن بخەوەم.

کەروێشک: نازانم دوو شەوە بۆ وامان لێدەکەن، دەبێت یەکێک گاڵتەمان پێ بکات!

(دەنگە دەنگ لەنێوان گیانداران دروست دەبێت، یەکتر تۆمەتبار دەکەن)

دیمەنی سێیەم

(کۆبوونەوەی گیاندارەکان، ڕۆژە، هەموو گیاندارەکان بە دەوری یەکدا کۆبوونەتەوە، دیارە خەواڵوو و بێزارن)

ورچ: هاوڕێیان، نابێت ئێمە یەکتری تاوانبار بکەین، تا نەزانین کێ ئەم کارە دەکات، دەبێت بیرێک بکەینەوە، ئەمە چەند شەوێکە کەسێک، یان شتێک لاسایی دەنگی ئێمە دەکاتەوە و خەومان دەشێوێنێت.

کەروێشک: بەڵێ، من ماندوو بووم، ناتوانم بەیانیان ڕاکەم، چونکە شەوانە ناتوانم باش بخەوم.

گوێدرێژ: دەبێت پلانێکمان هەبێت و بزانین کێیە ئەم کارە دەکات.

ورچ: من بیرۆکەیەکم هەیە! با ئەمشەو هەموومان خۆمان بکینە خەوتوو، بەڵام ڕاستی نەخەتوین، هەرکەیەکەمان بەیەکەوە لە شوێنێک چاودێری دەکەین.

کەڵەشێر: بیرۆکەیەکی باشە، من لەسەر درەختێکی بەرز چاودێری دەکەم.

سەگ: منیش لە ناو گژوگیادا خۆم دەشارمەوە و چاوم دەکەمەوە.

ئاسک: باشە، با هەموومان ئەمشەو چاودێری بکەین و بزانین کێیە گاڵتەمان پێدەکات.

(هەموو گیاندارەکان بە نيشانه‌ی ڕەزامەندی سەریان بۆ یەکتر دەلەقێنن)

ورچ: با بچین و خۆمان بۆ ئەمشەو ئامادە بکەین.

شەوی چوارەم: (ئاشکرابوون و پەشیمانی)

(شەوە، گیاندارەکان وا خۆیان پیشان ده‌ده‌ن، كه‌ خەوتوون، بەڵام هەموویان بەئاگان، ڕێوی بە هێواشی دێتە پێشەوە(

ڕێوی: (بە خۆی و بە دەنگی نزم) دیسان کاتی گاڵتەکردنە! ئەمجارە لاسایی کێ بکەمەوە؟ با لاسایی سەگ بکەمەوە و بێزاریان بکەم.

ڕێوی: (ڕێوی لاسایی سەگ دەکاتەوە دەوەڕێت) وووو وەوەوو.

(پێش ئەوەی بەپەلە بڕوات، هەموو گیاندارەکان هەڵدەستن و دەوری دەدەن، ڕێوی دەترسێت(

ورچ: ها! ئێستا زانیتان کێ بوو؟

 کەڵەشێر: ڕێوی فێڵباز! هەموو جارەکان هه‌ر تۆ بوویت؟

ڕێوی: (بە ترسەوە) من… من تەنها… تەنها گاڵتەم دەکرد.

گوێدرێژ: گاڵتە نەبوو! تۆ وات کرد هەموومان ماندوو و بێتاقەت بین!

کەروێشک: من ڕۆژانە ناتوانم ڕابکەم و خواردن بدۆزمەوە، چونکە خەواڵووم.

ئاسک: ئێمە هەموومان پێویستمان بە خەوە، ڕێوی، ئەمە یاری نییە!

ورچ: ڕێوی بەم کارەی تۆ هەموو گیاندارن نیگەران بوون و ئاژاوەت لەنێوانیاندا دروست کرد.

ڕێوی: (سەری دادەنەوێنێت، دیارە پەشیمانە) من… من نەمدەزانی… بەڕاستی پەشیمانم، تەنها ویستم کەمێک پێبکەنم، بەڵام تێنەگەیشتم، کە کارەکەم ئازارتان دەدات. بەڵێن دەدەم هەرگیز ئەم کارە دووبارە نەکەمەوە.

گوێدرێژ: لێم گەڕێن با جووتەیەک لە دەم و ددانی بدەم.

ڕێوێ: بیگرن، بەخوا گوێدرێژ گاڵتە نازانێت.

ورچ: وازیلێبهێنە گوێدرێژی هاوڕێم، دەتوانی بە من بڵێی بۆچی؟ ئەم کارەت کرد؟

  ڕێوی: لەبەرئەوەی کەسیان هاوڕێیەتیان نەدەکردم، بۆیە ئەم کارەم کرد.

کەڵەشێر: دەتوانین جارێکی تر متمانەت پێ بکەین؟

ڕێوی: بەڵێ، دەتوانن. من فێربووم، کە گاڵتەیەکی باش ئەوەیە، هەموان پێی پێبکەنن، نەک تەنها کەسێک. بەڵێن دەدەم، کە جارێکی تر بە هەمووتان بڵێم، پێش ئەوەی گاڵتەیەک بکەم.

سەگ: ئەوە پەیامێکی باشە ڕێوی، گاڵتە و پێکەنین دەتوانێت خۆش بێت، بەڵام نابێت کەس ئازار بدات.

ئاسک: ئێستا هەموومان دەتوانین بخەوین و ئاسوودە بین.

(هەموو گیاندارەکان سەریان بۆ یەکتر دەلەقێنن و ڕێوی بەگەرمی وەردەگرنەوە)

ڕێوی: سوپاس بۆ لێبوردنتان. بەڵێنتان پێدەدەم، کە لەمەودوا هاوڕێیەکی باشتر بم.

ورچ: باشە، ئێستا با هەموومان بخەوین، بەیانی ڕۆژێکی نوێ دەبێت.

هەموو گیاندارەکان دەچنەوە شوێنی خۆیان بۆ خەوتن، ڕێوی پێش خەوتن، بزەیەکی گەرم دەکات.

ڕێوی: (لەبەرخۆیەوە) زۆر باشترە، ئەگەر هەموومان پێکەوە پێبکەنین، نەک من بە تەنها!

کۆتایی

شێر و مێروولە

دیمەنی یەکەم: کۆبوونەوەی پاشا و گیانداران 

شوێن: گۆڕەپانی دارستان، تەختی پاشایەتی شێر لە ناوەڕاستدا دیارە.

[شێر (پاشای دارستان)، مێروولە، ورچ، مانگا و ژمارەیەک گیانداری دارستان]

شێر به‌شكۆوه‌ لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت و گیاندارەکانی دارستان کۆدەکاتە، هەموویان سەیری شێردەکەن، کە بە دەنگێکی پڕ له‌ شكۆوه‌ دەست بە قسە دەکات

شێر: هاوڕێیان، ئازیزان، ئەمڕۆ ئێوەم بۆ بڕیارێکی گرنگ کۆکردووەتەوە، ئیتر نابێت، مێروولە لەسەر زەوی ژیان بکات، دەبێت بچێتە ژێر زەوی و لەوێ نیشتەجێ بێت!

مێروولە: (بە سەرسوڕمان و دڵتەنگی) بەڵام، پاشای دارستان، بۆچی؟ من حەزدەکەم لەگەڵ هاوڕێکانم لەسەر زەوی ژیان بکەم. سروشتم وایە، کە لەناو دار و درەختەکاندا بژیم!

ورچ: (بە ئارامی و دانایی) پاشا، دەتوانیت پێمان بڵێیت، بۆچی مێروولە نابێت لەگەڵ ئێمەدا بمێنێتەوە؟ ئەو هاوڕێیەکی دڵسۆز و چالاکە!

شێر: (بە توڕەییەکی کەم) ورچی دانا، مێروولە و هاوڕێکانی کاتێک من دەخەوم، بە جەستە و لاشەی مندا هەڵدەگەڕێن و خەوەکەم تێکدەدەن، من پاشای دارستانم، پێویستم بە ئارامییە!

مێروولە: (بە کەمێک ناڕەحەتیەوە) بەڵام پاشا، ئەمە سروشتی منە!

مانگا: (بە لەسەرەخۆیی) پاشای دارستان، ئایا ناکرێت بە بڕیارەکەتدا بچیتەوە، مێروولە بەشێکە لە دارستانەکەمان!

شێر: (بەتوندی( بڕیارەکەم کۆتاییە! مێروولە دەبێت بچێتە ژێر زەوی، کۆبوونەوەکەی ئێستا کۆتایی هات! هەمووتان بچنەوە سەر کاری خۆتان.

ورچ: (بە کەمێک پشتیوانی) پاشا، ڕاستە مێروولە ئەم کارانە دەکات، بەڵام سودێکی زۆری بۆ سروشت هەیە، ئایا ناکرێت چارەیەکی ديكه‌ بدۆزینەوە؟

شێر: (بە بێباکی) قسەی زیاتر قبووڵ ناکەم! کۆبوونەوە کۆتایی هات. 

)هەموو گیاندارەکان بە دڵتەنگییەوە دەچنە دەرەوە، شێر دواتر بە تەنها دەچێتە دەرەوە.)

دیمەنی دووەم: گفتوگۆی هاوڕێکان لە گۆڕەپانی دارستان

شوێن: گۆڕەپانی دارستان، کەروێشک و ژیژک دێنە سەر شانۆ و یاری دەکەن، دواتر ئاسک دێتە سەر شانۆ، کەروێشک و ژیژک یاری دەکەن، ئاسک بە خێرایی دێتە سەر شانۆ .

ئاسک: بەیانیتان باش، هاوڕێیان! ئەوە چی دەکەن؟

کەروێشک و ژیژک: (بە یەک دەنگ) سڵاو، ئاسک! یاری دەکەین! ئایا حەزدەکەیت لەگەڵمان یاری بکەیت؟

ئاسک: (بە کەمێک سەرسوڕمان (زۆر سوپاس، دڵخۆشم بە یاریکردن لەگەڵتان! بەڵام هەواڵێکی ناخۆشم بیستووه‌.

ژیژک: (بە نیگەرانییەوە) چ هەواڵێک، ئاسک؟ بۆمان باس بکە!

ئاسک: بەیانی چووم بۆ کانیاوەکە، بۆ ئاوخواردنەوە، لەوێ بۆق و قژاڵ باسیان کرد، کە پاشای دارستان بڕیاری داوە، مێروولە لە دارستان دەربکات و نەهێڵێت لەسەر زەوی ژیان بکات!

کەروێشک: (بە دڵتەنگییەوە) بەڵێ، دوێنێ ئەو بڕیارەمان بیست، زۆر نیگەرانین بۆ مێروولە!

ژیژک: (بە خەمبارییەوە) ئەمە بڕیارێکی نادادپەروەرانەیە! مێروولە هاوڕێیەکی دڵسۆزە.

مێروولە: ( بە دڵشکاوی و خەمبارییەوە دێتە سەر شانۆ، چاوەکانی پڕن لە فرمێسکن.)

ژیژک: (بە خێرایی) ئه‌وه‌ مێروولەی هاوڕێمان هات.

ئاسک: (بە دڵسۆزی) هاوڕێی ئازیز، زۆر دڵتەنگ بووم، کە هەواڵەکەم بیست. 

مێروولە: (بە کەمێک هێزەوە) سوپاس، هاوڕێیان دڵتەنگ مەبن، بەڵام من بڕیارم داوە، کارێک بکەم، کە پاشا پەشیمان ببێتەوە!

کەروێشک: (بە سەرسوڕمانەوە (چ کارێک مێروولە؟ بۆمان باس بکە.

 مێروولە: پەلە مەکە، با ئەنجامی بدەم، چونکە من جارێ پەلەمە و کرمی هاوڕێمان چاوەڕێم دەکات، بۆ ئەوەى بچینە ژێر زەوەی.

ئاسک: ڕاست دەکەی، کرمی هاوڕێمان ڕێگەی ژێر زەوی شارەزایە.

مێروولە: من ماڵئاوایم لە هاوڕێیانی ديكه‌ کرد، لای دارە گەورەکەی دارستان، بەس ئێوە مابوون.

ئاسک: زۆر سوپاس هاوڕێی ئازیز، هەمیشە لەبیرمانی.

مێروولە: بەنیازی دیدار.

هەرسێکیان : بووەستە، ئێمەش تا لای کانیيەکە لەگەڵت دێین. (هەموویان بەیەکەوە دەچنە دەرەوەی شانۆ)

دیمەنی سێیەم 

شوێن: گۆڕەپانی دارستان، تەختی پاشا لە ناوەڕاستدا دیارە، بەڵام شوێنەکە کەمێک بێدەنگە.

دارستان بێدەنگە و ورچ بە نیگەرانییەوە لە گۆڕەپانەکەدا دەگەڕێت، دواتر شێر بە ماندووێتییەوە دێتە سەر شانۆ .

ورچ: (بە نیگەرانییەوە) هاوڕێیان، ئێوە لە کوێن؟ دارستان ئەمڕۆ زۆر بێدەنگە! باشە، با بچمە لای کانیاوەکە، بەڵکو هاوڕێکانم ببینم.

ورچ: (بە خێرایی دەچێتە دەرەوە)

شێر: (بە ماندوویی دێتە سەر شانۆ) زۆر ماندووم،  پێویستم بە پشوودانە، با بچمە سەر تەختەکەم و کەمێک پشوو بدەم.

)دەچێتە سەر تەختەکە، بەڵام دەکەوێتە چاڵێکی قووڵەوە و هاوار دەکات(

شێر: (بە ترسەوە) فریام کەون هاوڕێیان! ڕزگارم کەن! ئێوە لە کوێن؟ (ورچ، ژیژک، کەروێشک و ئاسک بە خێرایی دێنە سەر شانۆ(

ورچ: پاشای دارستان، چی بووە؟ لە کوێی؟

شێر: هاوڕێیان، دەرمبهێنن! کەوتمە ناو چاڵێکی قووڵەوە! (هەموویان پێکەوە هاوکاری دەکەن و شێر لە چاڵەکە دەردەهێنن(

کەروێشک: (بە سەرسوڕمانەوە( پاشا، ئایا دەزانی بۆچی تەختەکەت بووە بە چاڵ؟

شێر: (بە توڕەییەوە( نەخێر، نازانم! بەڵام ئەگەر بزانم کێ ئەم کارەی کردووە، سزای دەدەم         

ژیژک: (بە ئارامی) پاشا، مێروولە ئەم کارەی کردووە.

 شێر: (بە شۆکبوونەوە( چی؟ مێروولە؟ چۆن توانیویەتی ئەم کارە بکات؟

 ورچ: (بە دانایی (ئارام بە پاشا، من بۆت باس دەکەم، کاتێک تۆ بڕیارت دا مێروولە بچێتە ژێر زەوی، ئەو چوو و ژیانێکی تازەی لەوێ دروستکرد و خانوو و ماڵی لە ژێر زەویی دروستکرد.

ئاسک: بەڵام لە کاتی هەڵکەندنەکەیدا، خوڵ و پاشماوەکانی هێنایە سەر زەوی و ژێر تەختەکەت بووە چاڵێکی گەورە.

ژیژک: مێروولە پێی وتین، ئەگەر پاشا پەشیمان نەبێتەوە، تەختی پاشایەتیيەکەی دەکاتە چاڵێکی گەورە!

ورچ: (بە لێبووردەییەوە) پاشای دارستان، تۆ گەورەی ئەم دارستانەی، داوای لێبووردن لە مێروولە بکە و بھێڵە بگەڕێتەوە سەر زەوی.

شێر: (بە پەشیمانییەوە) ڕاست دەکەن، هاوڕێکان، من هەڵەم کرد، بەڵام مێروولە لەکوێیە؟ چۆن دەتوانین بیهێنینەوە؟

 کەروێشک: (بەخۆشحاڵییەوە) با بڕۆینە لای کانیاوەکە! مێروولە زۆر جار بۆ ئاوخواردنەوە دێتەوە ئەوێ.

ئاسک: لەوێ دەتوانین، پەیامی پاشا بگەیەنین و مێروولە بگەڕێنینەوە!

شێر: زۆر باشە، هاوڕێیان، بابڕۆين پێکەوە مێروولە بگەڕێنینەوە، سوپاس بۆ ئێوە، كه‌ یارمەتیتان دام!

هەموان بە یەک دەنگ: خێراکەن، هاوڕێیان! با بڕۆین .(هەموویان بە خۆشحاڵییەوە بەرەو دەرەوەی شانۆ دەچن، تەنها شێر ناچێت لەگەڵیان)

دیمەنی کۆتایی: گەڕانەوەی مێروولە

شوێن: گۆڕەپانی دارستانه‌، شێر، مێروولە، ورچ، ژیژک، کەروێشک، ئاسک)

ورچ: (بەخۆشحاڵییەوە (مێروولەی هاوڕێمان! بەخێرهاتیتەوە.

مێروولە: زۆر سوپاس بۆ هەمووتان، هاوڕێیان خۆشحاڵم، کە هاتمەوە لاتان.

شێر: (بە لێبووردەییەوە) مێروولە، هاوڕێی ئازیز، من هەڵەم کرد، کاتێک بڕیارم دا تۆ لە دارستان دەربکەم، تۆ بەشێکی گرنگی دارستانەکەمانیت، تکایە لێم ببورە، بەخێرهاتیەوه‌ بۆ ناومان.

مێروولە: (بە خۆشحاڵییەوە) پاشای دارستان، سوپاس بۆ قسە نەرمەکانت، منیش دڵتەنگ بووم بۆ دارستان و هاوڕێکانم.

ژیژک: (بە دڵخۆشییەوە) ئەمڕۆ هەموو دڵخۆش و شادن لە دارستان، بە گەڕانەوەی مێروولە.

ئاسک: (بە کەمێک پێکەنینەوە) مێروولە، بەڵام بەڵێن بدە، کە تەختی پاشامان دیسان نەکەیتە چاڵ! (هەموویان بەیەکەوە بە پێکەنەوە( هاها، مێروولە، بەڵێن بدە.

مێروولە: (بە پێکەنینەوە) بەڵێن بێت و ئیتر تەنها چاڵ بۆ خۆم دەکەم، نەک بۆ تەختی پاشا!

 شێر: زۆر باشە، هاوڕێیان! با ئاهەنگێک سازکەین، بۆ گەڕانەوەی مێروولە و یەکگرتوویی دارستانەکەمان!

)هەمووان بە خۆشحاڵییەوە دەست بە سەما دەکەن و دارستان پڕ دەبێت لە دەنگی شادی و پێکەنین)

نامە ساختەکانی ڕێوی

دیمەنی یەکەم :ڕێوی بە تەنها لەسەر شانۆیە، دارستانێکی جوان و دڵگیر، شەوە، لە لای ڕاستی شانۆ کولانەی کەڵەشێر، لە لای چەپ تەویلەی  گوێدرێژ، هەروەها سندوقی پوستەش لە ناوەڕاستی دواوەی شانۆ هەیە، ڕێوی دێت و دەچێت.

ڕێوی: (لەبەرخۆیەوە) من زۆر نیگەرانم لەبەرئەوەی گیانداران هاوڕێيەتیم ناکەن، پێویستە فێڵێک بکەم، بۆ ئەوەی هاوڕێیەتییان تێکبدەم. (بیردەکاتەوە)، ئا… زۆر چاکە، با نامەیەک بەناوی مانگاوە بۆ گوێدرێژ بنوسم، (نامه‌كه‌ ده‌نووسێت و زۆر بە وریایی دەیکاتە ناو سندوقی پۆستەکەەوە)، وا باشە لێرە بڕۆم، هەتا گیانداران نەيانبینیوم .(ڕێوی دەچێتە دەرەوەی شانۆ، کەڵەشێر هەڵدەستێت و بانگ دەدات، بۆ ئەوەی گیانداران بەخەبەربێنێت)

دیمەنی دووەم: کەڵەشێر بانگ دەدات.

کەڵەشێر: ئوئووووووو، هەڵسن لە خەو هاوڕێیان وا خۆرهەڵات .

گوێدرێژ: بەیانی باش کەڵەشێری هاوڕێم.

کەڵەشێر: بەیانیت باش هاوڕێکەم، دەبێت ئەمڕۆ نامە نەهاتبێت (بۆ لای سندووقی نامەکان دەچێت)

گوێدرێژ: هەموو ڕۆژێك نامەی تازەمان بۆ دێت، کوا با سەیری بکەین. (کەڵەشێر نامەیەک لە سندوقی نامەکان دەردەهێنێت، سەیری دەکات)

کەڵەشێر: تەنها یەک نامە هاتووە، ئەویش بۆ تۆ هاتووە گوێدرێژی هاوڕێم.

گوێدرێژ: دەبێت کێ نامەی بۆ ناردبم؟ (کەڵەشێر نامەکەی دەدات بە گوێدرێژ)

کەڵەشێر: فەرموو.

گوێدرێژ: زۆر سوپاس (نامەکە دەکاتە و دەخوێنێتەوە، لەپڕ دەست بە هاوار هاوار دەکات) چۆن شتی وا دەبێت؟

کەڵەشێر: چی بووه ‌هاوڕێم؟

گوێدرێژ: مانگا نامەیەکی خراپی نووسیوە!

کەڵەشێر: بەڕاست؟! چی نووسیوە؟

گوێدرێژ: نووسیویەتی، من ماندووترم لە گوێدرێژ، کەچی گیانداران هەر سوپاسی گوێدرێژ دەکەن، هەر ئێستا دەچمە لای، چۆن نامەی وا دەنووسێ؟!

کەڵەشێر: ئارامت هەبێ، هاوڕێ پێم وا نيیە مانگا کاری وا بکات! (گوێدرێژ دەچێتە دەرەوەی شانۆ، ڕێوی دێتە سەرشانۆ)

ڕێوی: (بە فێڵبازیيەوە) سڵاو ئەی خۆشترین دەنگی دارستان.

کەڵەشێر: سڵاو لە تۆش ڕێوی.

ڕێوی: بێزەحمەت کەڵەشێری هاوڕێم، ئەم هاوارهاوارە چی بوو؟

کەڵەشێر: مانگا نامەیەکی بۆ گوێدرێژ نووسی بوو.

ڕێوی: ئینجا خوێندنەوەی نامەیەک ئەو هاوارهاوەری دەوێت، ئەگەر بزانیت چی نووسیبوو؟

کەڵەشێر: نووسیبووی، من ماندووترم لە تۆ، بەمەش گوێدرێژ نیگەران بوو، چوو بۆ لای مانگا تا سەرزەنشتی بکات.

ڕێوی: خێراکە، هه‌تا جوتەیەکی لە مانگا نەداوە.

کەڵەشێر: وا دەچم بۆ لایان.

ڕێوی: با منیش بڕۆم، هەندێک کارم هەیە، کاتێکی خۆش. (ڕێوی بە لای ڕاستدا دەچێتە دەرەوە و هەر کە کەڵەشێر دەچێتە دەرەوە، بەخێرایی دێتەوە سەر شانۆ)

کەڵەشێر: کاتێکی خۆش. (بەخێرایی دەچێتە دەرەوه‌ی شانۆ، ڕێوی بەپەلە دێتەوە سەر شانۆ، دەچێت لای سندووقی نامەکان نامەیەکی تێدەکات و بە وریایيەوە سەیری دەوروبەری خۆی دەکات)

ڕێوی: وابزانم فێڵەکەم سەری گرت، بەم نامەیەی ئەم جارەم، ئاژاوەکە گەورەتر دەبێت، با بڕۆم هەتا کەس منی نەبینیوە (بەپەلە دەچێتە دەرەوە)

دیمەنی سێیەم

)گوێدرێژ و کەڵەشێر و مریشک دێنە سەر شانۆ(

کەڵەشێر: ئارامت هەبێت هاوڕێم.

گوێدرێژ: چۆن ئارام بگرم هاوڕێ؟

مریشک: من پێم وا نیيە مانگا کاری وا بکات!

گوێدرێژ: (نامەکەی بەدەستەوەیە) ئەی ئەم نامەیە، کێ نووسیویەتی؟

مریشک: نازانم، بەڵام دەبێت ئێمە دڵنیابین، ئینجا بڕیار بدەین. (کەڵەشێر سندوقی نامەکان دەکاتەوە، نامەیەک دەردەهێنێت)

کەڵەشێر: نامەیەک بۆ من هاتووه‌.

مریشک: بیخوێنەوە.

کەڵەشێر: (نامه‌ دەخوێنێتەوە، هاواری لێ هەڵدەستێت) چۆن شتی وا دەبێت.

مرێشک: چی نووسراوە کەڵەشێر؟

کەڵەشێر: مراوی ئەم نامەی بۆ نوسیوم، دەڵێت، کەڵەشێر ناخۆشترین دەنگی هەیە، کاتێک بەیانیان خەبەرمان دەکاتەوە.

گوێدرێژ: بەڕاستی مراوی هەڵەی کرد!

کەڵەشێر: هەر ئێستا دەچم بە دندووکە تیژەکانم ئازاری دەدەم.

مریشک: کاری وا نەکەی، مراوی هاوڕێمانە. (هەموویان بەپەلە دەچنە دەرەوەی شانۆ)

دیمەنی چوارەم

(له‌ دارستانەکەدا شەوە، ناوەڕاستی شانۆ به‌دیار ده‌كه‌وێت. مانگا، گوێدرێژ، کەڵەشێر، مریشک و مراوی بە هەراوهۆریاوە دێنە سەر شانۆ، هەموویان نیگەرانن و باسی نامە ساختەکان دەکەن، هەریەکە و لەخۆیەوە شتێک دەڵێت)

مانگا: (بە نیگەرانییەوە) من نازانم چۆن کەسێک دەتوانێت نامەیەکی وا بنووسێت و بڵێت لە منەوەیە! گوێدرێژ، زۆر پەشیمانم، کە تۆ نیگەران بوویت.

گوێدرێژ: (بە دڵسۆزییەوە) مانگا، ئەوە هەڵەی تۆ نەبوو، کەسێکی دیكه‌ ئەم نامەیەی نووسیوە، بۆ ئەوەی ناکۆکی لە نێوانماندا دروست بکات.

کەڵەشێر: (بە تووڕەییەوە) منیش نامەیەکی خراپم بۆ هات! مراوی نووسیویەتی دەنگم ناخۆشە، مراوی، تۆ چۆن بەم شێوەیە شتی وا دەنووسیت؟

مراوی: (بە شۆکەوە) چی؟ من؟ من  کەڵەشێر؟! من هەرگیز نامەیەکی وام نەنووسیوە! کەسێک بە فێڵ ئەمانەی کردووە!

مریشک: (بە ئارامییەوە) ئارام بن، هاوڕێکانم ئاشکرایە، کە کەسێک ئەم نامە ساختانە دەنووسێت، بۆ ئەوەی هاوڕێیەتیمان تێکبدات، دەبێت بزانین کێیە. (لەناکاو، ورچ بە هەیبەتەوە دێتە سەر شانۆ، هەموو گیانداران سەیری دەکەن، چاوەڕێی ئەوەن ببینن چی دەڵێت)

ورچ: (بە دەنگی قووڵ) بوەستن! با تێبگەین! ئەمشەو هەموو شتێک ئاشکرا دەبێت. من ئەم هەراوهۆريایەم بیستووە، ئێستا کاتیەتی کۆتایی بەم دەنگەدەنگە بهێنین !

گوێدرێژ: (بە هیواوە) مام ورچ، تۆ چی دەزانیت؟ دەتوانیت، یارمەتیمان بدەیت؟

ورچ: (بە ڕژدییه‌وه‌) من پێم وایە کەسێک بە مەبەست ئەم نامانە دەنووسێت، ئەم شەو دەبێت چاودێریی سندووقی پۆستەکە بکەین، هەر کەسێک بێت، لە کاتی ئه‌نجامدانى کارەکەدا دەیگرین!

کەڵەشێر: (بە پەرۆشەوە) پلانێکی باشە! با هەموومان لە پشت دارەکانەوە خۆمان حەشار بدەین و چاوەڕێ بین.

مانگا: منیش لەگەڵتاندام. دەمەوێت بزانم کێ بەم شێوەیه‌ دڵی هاوڕێکانمی ئازار داوە.

مریشک: (بە وریاییەوە) دەبێت زۆر وریابین، ئەگەر ئەو کەسە بزانێت ئێمە لێرەین، لەوانەیە نەیەت.

مراوی: (بە کەمێک ترسەوە) من دەترسم، بەڵام دەمەوێت یارمەتیدەر بم. با پێکەوە کۆتایی بەم کارە بێنین.

ورچ: (بە متمانەوە) باشە، ئەم شەو هەموومان لێرە دەبین، خۆتان لە پشت دارەکان و سێبەری سندووقەکەوە حەشار بدەن، کاتێک ئەو کەسە هات، من ئاماژە دەدەم و پێکەوە دەیگرین!

(هەموو گیانداران سەریان بەرز دەکەنەوە و  ئامادە دەبن، یەک یەک خۆیان لە پشت دارەکان و شوێنە تاریکەکاندا حەشار دەدەن، چاوەڕێن. شەو تاریك و دره‌نگتر دەبێت، لەناکاو، سێبەرێک لە دواوەی شانۆ دەجوڵێت، ڕێوی بە وریاییەوە، بەرگێکی تاریکی لەبەردایە، دێتە سەر شانۆ، بە خێرایی دەچێتە لای سندووقی پۆستەکە و نامەیەک لە گیرفانی دەردەهێنێت، سەیری دەوروبەری دەکات، نازانێت گیانداران لێرەن(

ورچ: (بە دەنگی بەرز) بوەستە! تۆ کێی؟ چی لەم سندووقە دەکەیت؟ (ڕێوی دەترسێت، نامەکە لە دەستی دەکەوێت، گیانداران لە شوێنەکانیان دەردەکەون و دەوری دەدەن)

ڕێوی: (بە لەرزینەوە) ئە… ئەمش… من تەنها…

کەڵەشێر: (بە تووڕەییەوە) چی؟ تەنها چی؟ ئەم شەو هەموو شتێک ئاشکرا بوو! تۆ ئەو کەسەیت، کە ئەم نامە ساختانەت نووسیوە!

گوێدرێژ: لێم گەڕێن، با جووتەیەکی لێبدەم (بە دڵشکاوییەوە) بۆچی ڕێوی؟ بۆچی بەم شێوە نامەت نووسی، کە من و مانگا لێک جیا بکەیتەوە؟

ڕێوی: بیگرن هاوڕێیان (سەری دەخورێنێت، بە شەرمەوە) من… من، تەنها بووم. هەمووتان هاوڕێیەتیی یەکتریتان دەکرد، بەڵام کەس منی بە هاوڕێیی خۆی نەدەزانی، پێم وا بوو، ئەگەر ناکۆکی لە نێوانتاندا دروست بکەم، لەوانەیە هەندێکتان بکەمە هاوڕێی خۆم.

مریشک: (بە نەرمییەوە) بەڵام ڕێوی، ئەمە ڕێگەیەکی هەڵە بوو، تۆ دەتتوانی بە سادەیی بێیت و قسەمان لەگەڵدا بکەیت.

مانگا: (بە دڵسۆزییەوە) ئێمە هەموومان دەتوانین هاوڕێ بین، بەبێ ئەوەی کەسێکمان دڵی کەسێکی دى بشکێنین.

ڕێوی: (بە پەشیمانییەوە) زۆر پەشیمانم، نەمدەزانی ئەم کارە چەندە دڵی ئێوە دەشکێنێت، من تەنها دەمویست هاوڕێم هەبێت. دەتوانن من ببوورن؟

ورچ: (بە ڕژدی، بەڵام بە دادپەروەری) پەشیمانیی تۆ گرنگە، بەڵام دەبێت ئەوە بسەلمێنیت، کە چیتر فێڵ ناکەیت.

کەڵەشێر: (بە گەرمییەوە) ڕێوی، ئەگەر لە سەرەتاوە بە سەرڕاستیيەوە قسەت کردبایە، ئێستا هەموومان هاوڕێی تۆ بووین.

گوێدرێژ: من دەتبوورم، ڕێوی، با لە ئێستاوە، ڕێوی بێتە ناو کۆمەڵەکەمانه‌وه‌، با پێکەوە دارستانێکی جوان دروست بکەین!

ڕێوی: (بە دڵخۆشی و فرمێسکەوە) زۆر سوپاس هاوڕێکانم، بەڵێن دەدەم، کە چیتر، هەرگیز فێڵ ناکەم و هەمیشە سەرڕاست و ڕاستگۆ دەبم.

)هەموو گیانداران پێکەوە کۆدەبنەوە، دەستەکانیان بەرز دەکەنەوە، وەک نیشانەیەکی یەکگرتن، پەردەکە دادەخرێت(

کۆتایی

سەردار ئەکرەم

٢٠٢٤ – کۆیە

ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.