شانۆنامه‌یه‌ك له یه‌ك به‌شدا
نووسینی: ئەژین فەهمی

كاره‌كته‌ره‌كان
ناڵان، كه‌سێكی گه‌نج، به جلك و شێوه‌ی پیاوانه و جووڵه و ده‌نگی ژنانه‌وه، ڕووخسارێكی زبری شه‌قار، قژێکی ناڕێك به‌ملاوئه‌ولای شانه‌كانیدا بڵاو بووه‌ته‌وه. له دوو لایه‌وه ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه و پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ڕاوه‌ستاون.
ژنەکەی ناوەوە، به جلكێكی سپییه‌وه.
پیاوەکەی دەرەوە، به جلكێكی ڕه‌شه‌وه.
تارمایی پیاوێك.
ژنەکەی ناوەوە و پیاوەکەی دەرەوە، دوو دیوی تری کارەکتەری (ناڵان)ن.
ژوورێکی خواروخێچی نیمچه ڕووناك لە نیمچه‌دوورگەیەکدا، هەر سێ لای بە ئاو گیراوە، لە دوورەوە دەنگی شەپۆلە توڕەکانی دەریا ده‌بیسترێت. له‌لای چه‌پی شانۆدا چوارپایەک، چەند پارچەیەک جلکی پیاوان بە ناڕێکی به‌سه‌ریدا و بەنێو ژوورەکەدا پەرشوبڵاون، لەنێو سندووقێکی کۆنی کراوەدا: (چەند پارچە جلکێکی ژنانە، ته‌نووره‌یه‌كی كورت، بڕێك جلكی ژێره‌وه) بە لایەکی سندووقەکەدا هاتوونەتە دەرەوە. مێزێك له كه‌ناریدا بڕێك میوه‌ی گه‌نی و خوارده‌مه‌نی ژه‌مه‌كانی له‌سه‌ری دانراوه، فلووتێك له‌لایه‌وه. له‌به‌رده‌م شانۆدا ئاوێنه‌یه‌كی خڕی بێچوارچێوه هه‌یه، چه‌كمه‌جه له‌به‌رده‌میدا: بڕێك حه‌ب و ده‌رمان بۆ چاره‌سه‌ر، وێنه‌ی ناڵان له ته‌مه‌نی جیاوازدا، گوێزان، سووراو، شانه و كه‌لوپه‌لی دیكه‌ی خۆجوانکردنی تێدایه، عه‌زییه‌كی سپی، له گۆشه‌یه‌كی ژووره‌كه‌دا هه‌ڵواسراوه.
له ناوه‌ڕاستی ژووره‌كه‌دا، بە بەرزاییەکەوە شاشه‌یه‌كی گه‌وره هه‌یه بۆ نیشاندانی هەندێک دیمه‌ن لە کاتی پێویستدا.
ژوورەکە نیمچەڕووناکە.
ناڵان لەنێوان ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه و پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ڕاوه‌ستاوه، ئه‌وان خه‌ریكی ده‌مه‌قاڵێن، وا ده‌رده‌كه‌وێت له‌سه‌ر شتێك ناكۆكن.
ژوورەکە تەواو تاریک دەبێت.
دەنگێکی بەهێزی دەریا.
ڕووناکی.
(ناڵان له‌سه‌ر چوارپاكه‌ی پاڵ كه‌وتووه، وه‌ك بڵێی خه‌ون ببینێت.)
(ڕووناكییه‌كی كز بۆ سه‌ر شاشه گه‌وره‌كه.)
(باوك، له ناڵان ده‌چێته پێشه‌وه و هه‌ردووكیان بۆ یه‌ك ده‌ڕوانن.)
ده‌نگی باوك لە شاشەکەوە
جیهان، كچه‌كه‌م، تۆ هێشتا گه‌نجیت، ژیان بۆ تۆ تازه سه‌ره‌تایه، ده‌بوایه زووتر گه‌ڕابایته‌وه و نه‌چووبایته ژێر باری ئه‌و هه‌موو ئازاره‌وه. من ڕێگه‌یه‌كم هه‌ر ده‌دۆزییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مانه ڕوو نه‌ده‌ن، كچی بابه، نه‌ده‌بوایه لێم دوور بوای! ئێستا له‌گه‌ڵ ویژدانم ده‌ژیم، له‌به‌ر دڕندەکانی هاوپیشه‌كانم نه‌متوانی بتپارێزم. ئه‌وان هێشتا له‌باره‌ی تۆوه پرسیارم لێ دەکەن: ”كچه‌كه‌ت دیار نییه، ئه‌وه جیهان له كوێیه؟” وه‌ڵامی منیش هه‌میشه ئه‌وه‌یه: ئازاره‌كانی ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ گرتووه.
(سه‌ری خوار ده‌كاته‌وه.)
خه‌ریكه ناتناسمه‌وه، ئه‌و برینانه‌ی تۆ… برینه‌كانی منیان قووڵتر كرد، هه‌ر شه‌وێك، هه‌ر ڕۆژێك…
ناڵان
من چیتر جیهان نیم، به‌ڵكوو ئێستا ناڵانم، ناڵانێك…
له ڕاستیدا من نه‌ڕۆیشتم، به‌ڵكوو له‌وێ ڕامكرد، كه‌چی نه‌متوانی له‌خۆم هه‌ڵبێم.
(باوك دوور ده‌كه‌وێته‌وه و ون ده‌بێت.)
(تاریكی.)
(ڕووناكی.)
ناڵان
(ڕاده‌په‌ڕێ و له‌سه‌ر چوارپاكه داده‌نیشێت.)
دیسانه‌وه هه‌مان خه‌ون ڕایچڵه‌كاندم.
(بە دەنگێکی پڕ ناڕەزایی، بۆ خۆی قسە دەکات.)
هەواڵێکی باوكم نازانم…
ماوه‌یه‌كی زۆره نازانم چی لێ به‌سه‌رهاتووه.
(ساتێك.)
(له‌ناكاو ده‌نگی شه‌پۆله‌كان دێت.)
ئه‌و ده‌نگانه!
پیاوەکەی دەرەوە
(لەوسەری ژوورەکەوە وەستاوە و چاودێری ناڵان دەکات.)
(بە پرسیاركردنه‌وه.)
تازه زانینی هه‌واڵێك له باوكتەوە به تۆ چی؟
تۆ لێره چیت پێ ده‌كرێ؟!
ناڵان
هیچ…
هیچم پێ ناكرێت.
(خۆی ده‌دوێنێـت.)
نه‌متوانی هیچیش بۆ خۆم بكه‌م، به‌ڵام گرنگه هه‌واڵێك بزانم.
(دەستەکانی دەلەرزن.)
هه‌واڵێك له جیهانێك، كه منی تێدا جێ نه‌بووه‌وه…
ئه‌وان هه‌موو شتێكیان له‌و ژینگه بچووكه‌دا بۆ خۆیان قۆرخ كردبوو، ته‌نانه‌ت ژنه‌كانیش…
ژنەکەی ناوەوە
(لە لاکەی تری ژوورەکەوە وەستاوە.)
(نزیک دەبێتەوە.)
تۆ تازە…
ناڵان
(به هاوارێكه‌وه.)
له‌به‌ر ئه‌وان بوو پشتم كرده نیشتمان و لێره گیرسامه‌وه.
من ته‌نیا ده‌مویست خۆم بم…
(به ئازاره‌وه ده‌یه‌وێت هه‌ستێت.)
ویستم، خۆم بم، كه‌چی…
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
هه‌ڵمه‌سته، هێشتا له‌ژێر چاودێریی دوكتۆردایت.
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
برینه‌كانی سه‌ر سینگ و نێو ڕانه‌كانت تازه‌ن. سارێژ نەبوون.
ناڵان
(دەست به‌سه‌رییه‌وه ده‌گرێت.)
خۆمم ڕاده‌ستی ئازار كرد، ئازارێك، كه پشكی من نه‌بوو…
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه/ پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
تۆ تازە، ده‌بێت ڕابێی…
ناڵان
وامزانی ده‌گونجێم و …
(هێواش و له‌سه‌رخۆ ده‌ڕوات.)
ڕانایه‌م
من تازه…
هه‌مووی به بۆنه‌ی ئه‌وانه‌وه بوو.
ئه‌وان…
(ساتێك.)
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
لات وایه تاكه‌ی خۆت له حه‌قیقه‌ت لاده‌ده‌ی!
ئه‌وه‌تا هێشتا ده‌نگی ژنێتیت له‌ده‌ست نه‌داوه، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات هێشتا به‌دواته‌وه‌بن، بەڵام مامۆستاکەت…
ناڵان
(بە ئازارێکی قووڵەوە ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر چوارپاكه.)
بەر لەوەی مامۆستاکەم بناسم، هاوپیشه‌كانی باوكم ویستیان بەژیانمدا تێپەڕن، به‌ڵام مامۆستاكه‌م له‌وان جیاوازتر بوو، هه‌ر ئه‌و جیاوازیه‌یش وای كرد من پشت بكه‌مه جیهانی خۆم و به‌ره‌و جیهانه‌كه‌ی ئه‌و بچم…
جیهانێك تێیدا ژنبوونم ڕه‌ت كرده‌وه، به‌ڵام نه‌گۆڕام.
پیاوەکەی دەرەوە
(نزیکتر ده‌بێته‌وه، بە تاوانبارکردنەوە.)
تۆیان گۆڕی به‌م شتە ناڕوونەی ئێستا! نە ژن، نە پیاو!
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
نەژنیت، نەپیاو!
ناڵان
بە بارێکی سەختدا تێپەڕیم، سه‌ختییه‌ك، كه ڕەنگە هیچ کەس بەرگەی سەختیی وا نەگرێت!
(فلووتەکە هەڵدەگرێت و هێواش و به ئازارێكه‌وه قاچەکانی لەسەر چوارپاکە کۆ دەکاتەوە.)
(ژنەکەی ناوەوە و پیاوەکەی دەرەوە دێنه لای ناڵان.)
(ناڵان، لە قووڵاییەوە فوو بە فلووتەکەدا دەکات.)
(ئاوازێکی خەمناک.)
(ساتێک.)
(ناڵان فلووتەکە لە تەنیشتی خۆیەوە دادەنێت.)
ناڵان
(بە دەنگێکی تێکشکاو ده‌دوێت.)
له مامۆستاكه‌مه‌وه فێری فلووتژه‌نین بووم. كاتێك فلووتی ده‌ژه‌ند، من له‌ناو هاوپۆله‌كانمدا ون ده‌بووم، ونبوونێك… چاوه‌كانم ته‌نیا ئه‌وی ده‌دیت، هیچی تریان نه‌ده‌دیت. سه‌یری قۆڵه پڕ و گۆشتنه‌كانیم ده‌كرد، سه‌یری ئه‌و ده‌ستانه‌یم ده‌كرد كه جیهانی پێ ناساندم، له‌به‌رده‌میدا كچێكی بچكۆلانه بووم، به‌ڵام له‌ژێر ئه‌و چاوانه‌دا هه‌ستم به شتێك ده‌كرد كه ناوم نه‌ده‌زانی.
كاتێك فلووته‌كه‌ی داده‌نا و قسەی بۆ دەکردین، من سه‌یری لێوه‌كانیم ده‌كرد، ئه‌و لێوانه‌ی ده‌یانیخسته سه‌ر دارێك و ئاوازی ژیانی ده‌ژه‌نی، دەنگی و لێوەکانی منیان دەجووڵاند.
(به حه‌سره‌ته‌وه.)
ئای له ئاوازی فلوتەکەی…
(سه‌یرێكی چوارده‌وری ژووره‌كه ده‌كات.)
ئای له لێوه‌كانی، زۆر له لێوی ئه‌م فلووته ده‌چوو، به‌ڵام گه‌رمتر و زیندووتر.
(ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه، ده‌چێته لای سندووقەکە و یه‌كه به یه‌کی جلكەکان لە سندووقەکە دەهێنێتە دەرەوە، ته‌نووره كورته‌كه به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت.)
ناڵان
یادگارییه‌كی زۆرم له‌گه‌ڵ ئه‌م جلكانه هه‌یه…
(تاریکی.)
(لە شاشەکەوە بەفرێکی زۆر دەبارێت، ژنێکی گەنج و پیاوێک بەناو بەفرەکەدا دەڕۆن.)
(هێدی هێدی ڕووناکیی ژوورەکە دەگەڕێتەوە.)
ناڵان
به‌فر دەباری، وەک ئەوەی دنیا جلێکی سپی پۆشیبێت. دوایین وانەم تەواو بوو، دەرچووم. شەختەکان بردیانم. هه‌مان ده‌نگی باوكمم وه‌ك ئاگاداركردنه‌وه‌م بیست، مامۆستاكه‌م نزیك بووه‌وه، دەستی درێژ کرد. بێدەنگ، به‌ڵام چاوانی و ده‌سته میهره‌بانه‌كانی زۆر شتیان پێ ده‌گوتم، بەبێ پرسیار. ته‌نووره‌كه‌ی بۆ دادامه‌وه، وەک ئەوەی بزانێت به چ ڕێگه‌یه‌ك ده‌چمه‌وه، هەڵیستاندمه‌وه، تا دەرگای ماڵەوە لەگەڵم هات، ڕێگه‌كه زۆر كورت بوو له‌به‌رچاوم.
(ڕووناكیی ژووره‌كه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت.)
ناڵان
(له‌گه‌ڵ خۆ‌نووشتاندنه‌وه‌دا ته‌نووره‌كه بۆن ده‌كات.)
هێشتا نه‌مشوشتووه!
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
ئاگات له برینه‌كانت بێت!
ناڵان
(داده‌نیشێت.)
من…
(ده‌یه‌وێت ستیانه‌كه به خۆیه‌وه بگرێت.)
(ده‌ست له سینگی ده‌دات له ئه‌و وایه ستیانی له‌به‌ردایه.)
مه‌مكه‌كانمم له‌ده‌ست دا، جوانیم له‌ده‌ست دا…
(ته‌ماشای قاچه‌كانی ده‌كات.)
ناسكیی قاچه‌كانیشمم له‌ده‌ست دا… ئه‌و كاته‌ی له لمه‌كه‌دا ده‌چه‌قی.
چه‌ند مانگێك تێپه‌ڕیوه و كه‌چی…
(شڵه‌ژاو و دوودڵ ستیانه‌كه داده‌نێته‌وه.)
من هێشتا…
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
(به‌ده‌نگێكی ڕه‌ق.)
وه‌ك ئه‌وه‌ی ژنێتیت ڕه‌تكرده‌وه… شه‌رم له پیاوبوونت مه‌كه.
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
تۆ ژنێتیی خۆتت لە دەست دا…
ناڵان
نامه‌وێت له‌به‌رده‌م خۆیشمدا ڕووت ببمه‌وه، ئه‌سته‌مه قبووڵكردنی هێڵه ئاسۆكانی سه‌ر سینه‌م.
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
تۆ نه‌ده‌بوایه…
ناڵان
(لای ئاوێنه‌كه ده‌وه‌ستێ و ده‌ستی ده‌خاته سه‌ر سینگی و به ده‌نگێكی پڕه‌وه.)
به گۆڕینێكی ناته‌واو سرووشتم بوو بە شتێکی تر. من كه‌سێكم له‌نێو دوو جیهاندا، كه هه‌ردووكیانم ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام…
(بە پێکەنینەوە.)
هێشتا وه‌ك ئه‌وسا حه‌ز به ڕەنگی پەمەیی و سوور دەکەم!
ده‌مه‌وێت له‌به‌ر باراندا تا ئاستی خووسان بمێنمه‌وه.
(ده‌ست به ڕووخساریدا ده‌هێنێت.)
ژنبوونم له ئه‌ستۆ نابێته‌وه.
(دەستەکانی دەخاتە باوەشی.)
(ساتێك.)
هەر لە منداڵیمەوە باوکم باوەڕێکی پتەوی بە من هەبوو، ئازاد گەورەی کردم، هەمیشە پێی دەگوتم: ”کچە جوانەکەم”، بەڵام من ئه‌م متمانه‌یه‌م نه‌هێشت، ئازارم قبووڵ كرد، خۆمم لێ دابڕاند. له ژینگه‌یه‌كی بچووكه‌وه هاتمه نێو ژینگه‌یه‌كی بچووكتر، وه‌ك كه‌سێك، كه له ژوورەکەی خۆیه‌وه ده‌رناچێت، چونكه له فراوانیی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ترسێت.
تا ئه‌وكاته‌ی هاته ڕیزی حزبێكه‌وه، دیموکراسی بوو، هێشتا له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو هاوڕێ ده‌سته‌ڵاتداره‌كانی وه‌ك ئه‌و یه‌كسانخوازن! منیش ده‌توانم كچێكی به‌هێز و ئازاد بم، له شوێنی كاره‌كه‌م، كه ده‌یانزانی باوكم له كورسییه‌كه‌ی ئه‌ولاوه خه‌ریكی به‌ڕێكردنی مامه‌ڵه‌یه‌كی هاونیشتیمانییه، ئه‌وان ده‌یانویست تێكه‌ڵی چیرۆكی خۆیانم بكه‌ن، من ڕاپێچی یارییه قێزه‌ونه‌كانیان بكه‌ن، تا گه‌یشت به هه‌ڕه‌شه‌كردنیان له من و باوكم، هەڕەشەیان لێ دەکردم و پشتیان له باوكم كرد و… دوای ئیشی پیس كه‌وتن، ئیشێك… به‌ڵام كاتێ ئه‌وانم ده‌دیت هه‌ناسه‌م سوار ده‌بوو، چاوەکانم زه‌ق ده‌بوونەوە، نه‌ك له خۆشی‌دا، به‌ڵكوو له‌وه‌ی ده‌مدیت ئه‌وان چی ده‌كه‌ن، له هه‌لێك ده‌گه‌ڕان تا له ده‌رگایه‌كی كراوه‌وە بێنە ژوورەوە و ژوورەکانمان تاریك دابهێنن… كاتێ ئه‌و له‌وان تێگه‌یشت پاشه‌كشه‌ی كرد.
(وچانێك.)
(خۆی نزم ده‌كاته‌وه.)
(بە تامەزرۆییەوە دەست دەبات بۆ کەلوپەلەکانی نێو چه‌كمه‌جه و تیغەکە دەهێنێتە دەرەوە، بە توندی دەست بە ڕووخساریدا ده‌هێنێت.)
پیاوەکەی دەرەوە
(بە تۆقینەوە ده‌نگ به‌رز ده‌كاته‌وه.)
ڕووخسارت هێشتا جێی برینی تیغەکانی پێوەیە!
ژنەکەی ناوەوە
(ڕادەکات بەرەو ناڵان.)
(ناڵان ئاوڕ بۆ دواوه ده‌داته‌وه.)
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
ڕووخسار زبریت ژنبوونتی پێ ناشاردرێـته‌وه!
ناڵان
(بێدەنگە.)
(ژنەکەی ناوەوە و پیاوەکەی دەرەوە لێک دوور دەکەونەوە.)
ناڵان
(شانه‌كه ده‌رده‌هێنێ و ده‌ست ده‌هێنێت به قژیدا.)
قژه نه‌رمه‌كه‌مم له‌ده‌ست دا!
(به بێزارییه‌وه شانه‌كه داده‌نێـته‌وه.)
(ده‌رمانه‌كان ده‌رده‌هێنێ و ده‌یخوات.)
نازانم ئه‌مانه تا كوێ دۆخه‌كه‌م چاك ده‌كه‌ن؟!
(بە هێواشی دەچێتە لای مێزەکە و میوەکان هەڵدەگرێت.)
(بۆ خۆی ده‌دوێ.)
باوكم و مامۆستاكه‌م، له‌نێوان پیاواندا تاكه متمانه‌ی من بوون.
ئه‌و پیاوێك بوو…
هه‌ستم به بوونی ده‌كرد له وێنه‌ی باوكم، به‌ڵام…
(ساتێك.)
باوکم ڕێگەی پێدام باشتر بیناسم، وه‌ك باوك ئه‌و باوه‌ری به دوو شت بوو یه‌کێکیان ئازادیی و دووه‌میان مافی پارێزگاریكردن له خۆمان. ئه‌و هزرە سیاسییەی ئەو له ژیانیدا كاری له‌سه‌ر ده‌كرد، لەگەڵ منیش‌دا هەر ئەو باوەڕەی هەبوو. به‌تایبه‌ت بۆ مامۆستاكه‌م.
(ساتێک.)
بەر لەوەی هاوسەرگیری بكه‌ین، ماوەیەک لە ماڵەکەی مامەوە، سپێدان به ئه‌سپایی بانگی ده‌كردم و ده‌یلاواندم، ده‌سته‌كانی ئارامی بوون، شانه ڕووته‌كانمی ماچ ده‌كرد و ده‌ستی به‌نێو پرچمدا ده‌گێڕا، له‌گه‌ڵ كه‌شفكرنی جوانییه‌كانم نیوەی پەردەکەی لاده‌دا و من ون ده‌بووم له ئامێزیدا، ته‌واو له دنیای یه‌كتردا بووین، هیچ پیاوێك وه‌ك ئه‌و هه‌ستی ژنبوونی پێنه‌دام. خۆشه‌ویستی ئه‌و بۆ من له‌ناو قاچه‌كانمدا نه‌بوو، به‌ڵكوو…
زۆر جار، كه باران ده‌باری له ئه‌و وا بوو من له خه‌وێكی قووڵدام، پێ دزكه به‌نێو ژووره‌كه‌دا ڕه‌ت ده‌بوو، ده‌هاته نزیكم و ده‌ستی له پشتم بوو.
(ساتێك.)
مشتم پر بوو له‌و خه‌ونانه‌ی درێژه‌یان نه‌بوو. له‌گه‌ڵ خۆشییه‌كان و سه‌ختییه‌كانمدا بوو، به تووله ڕێگاكاندا ڕێمان ده‌كرد و هه‌نگاوه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر بوو كاتێ به زنجیره شاخه به‌رزونزمه‌كاندا هه‌ڵده‌گه‌ڕاین و ده‌ستله‌ملان ده‌حه‌ساینه‌وه، چاییمان ده‌كرده نێو دوو كوپ و بۆ ژیان پێده‌كه‌نین و باسی داهاتوومان ده‌كرد. حه‌زم له هه‌موو شتێك بوو له‌گه‌ل ئه‌ودا…
لەو گەشتانەی دەمانکرد، بێ دەمامک ده‌مبینی، بە عەزییەکی فشەوە گوێم لە فلوتەکەی دەگرت، له كه‌ناره لمینه‌كه قوله‌پێم داپۆشرابوو، کاتێک نزیکی شەپۆلەکان دەبوومەوە، دەستی ده‌دایە ده‌ستم و ڕێگه‌ی به مه‌رگ ده‌گرت.
(ده‌چێته لای عه‌زییه سپییه‌كه و به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت.)
(توند ده‌یگرێت و ده‌كشێته دواوه بۆ لای چه‌كمه‌جه‌كه و وێنه‌كان ده‌رده‌هێنێت.)
(ڕووناكیی ژوورەکە کز دەبێت، ڕووناکی دێته سه‌ر شاشه‌كه.)
(ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه و پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه بۆ شاشه‌كه ده‌نواڕن.)
(کۆمەڵێک وێنەی کۆن، یەک لەدوای یەک لەسەر شاشەکە دەردەکەون.)
ناڵان
له وێنه‌یه‌كی منداڵیمدا، به ئۆڤه‌ڕۆلی ڕه‌نگاوڕه‌نگەوە… ئه‌م وێنانه‌ی پێكه‌وه گرتوومانه، ده‌ستی له‌سه‌ر شانمه، ئه‌وه‌تا من و باوكم، له وێنه‌یه‌كی تریش هه‌رسێكمانین…
ئەو ڕۆژەی ویستمان هاوسەرگیری بکەین، هەموو شتێک له‌ناكاو گۆڕا… جلە سپییە ئاودامانەکەم، ئه‌وه‌ی شه‌وانه خه‌ونی له‌به‌ركردنیم هه‌بوو، هەرگیز له‌به‌رم نه‌كرد.
(دوور ده‌كه‌وێته‌وه.)
(ڕووناكی.)
ناڵان
(له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ داده‌نیشێت.)
نەمزانی چی لێ بەسەرهات… هەر ئەوەندەم زانی دەستی هەمان دەستەڵاتە، کە بۆ من درێژکرابوو، ئەوی پێ ونکرا… ون بوو! کوشتیان، لە بری باوکم ئەویان کوشت.
(به دڵێكی پڕه‌وه.)
هەر ئەوەندەم زانی بەتەواوی لێم ون بوو! تەنانەت نەمزانی گۆڕەکەیشی لە کوێیە و کردوویانە بە ژێر چ خاکێکەوە…
(هەناسە هه‌ڵدەکێشێت.)
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
دانیشه!
ناڵان
دانانیشم.
(ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه بۆ ناڵان.)
هه‌سته!
ناڵان
دوای ئەو، نیشتمان بۆنی گه‌نیوی لێ دەهات، ڕقم له هه‌موویان ده‌بووه‌وه ته‌نانه‌ت باوكیشم، چونكه…
(دادەمێنێت.)
چونكه ناچار بووم…
ترس و ڕق تووشی سەرلێشێوانێکی زۆریان کردبووم، ڕقم لە خۆم ده‌بووه‌وه… ژنبوونم به‌و ڕقه‌وه پاراست، هه‌ر ئه‌و ڕق و ترسه‌یش بوو منی لە ژن بوونم دابڕاند… له ناسنامەکە‌م.
(ساتێک.)
بۆ ماوه‌یه‌ك به مه‌به‌ستی ئارامییه‌كی دروستكراو وام له باوكم گه‌یاند، گه‌شتێكی درێژ له‌گه‌ڵ كچه هاورێكه‌م ده‌كه‌م، هاوڕێكه‌م ته‌نیا ئه‌و ڕازه‌ی ده‌زانی، كه له نێوانماندا بوو، ئه‌و گه‌شته‌م مه‌به‌ستێكی تری تێدا بوو، كه له‌لایه‌ن باوكمه‌وه بە نهێنی مابووه‌وه، نەمدەوێرا ئەو نهێنییە بە باوکم بڵێم. ئه‌و شه‌وه، کە شه‌وێكی زۆر تاریك بوو، ئاوڕم لە باوکم دایەوە. سه‌یری چاوانیم ده‌كرد و درۆم بۆ ده‌كرد، نه‌ك هه‌ر درۆ، به‌ڵكو دزیشم لێی كردبوو، چونكه پاره‌كانی منیش به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد، كه ده‌مویست.
(دووبارە ده‌نگی بەرز دەكاتەوە.)
ڕووم لە نیشتمان وەرچەرخاند… ئەو نیشتمانەی، كه منی به به‌رگێكی ژنانه‌وه نه‌ویست!
(بە ئازارێکی قووڵەوە.)
كاتێ به شه‌قامه به‌رینه‌كه‌دا به‌ره‌و كه‌نار ده‌ریا ده‌چووین، قه‌راغ شه‌قام پڕ بوون له‌و خۆشه‌ویستانه‌ی ده‌ستیان له‌نێو ده‌ستی یه‌كتریدا بوو، ئه‌وانه‌ی بۆ ئه‌مڕۆ پێده‌كه‌نین، بۆ سبه‌ینێشیان هیوایان هه‌بوو، ئه‌وه بێ‌باك گڕوتینی گۆڕانی سرووشتمی لا په‌سه‌ندتر كردم. چوومه به‌رده‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی یه‌كلایه‌نه و خۆمم بە تاریکی سپارد.
(تاریكی.)
(وچانێك.)
(ڕووناكی)
ناڵان
سه‌ره‌تا دوای پێدانی هۆرمۆنی تێستۆستیڕۆن، كه گه‌شه‌ی ڕیش و سمێڵم ده‌ستی پێ كرد، هاوڕێكه‌م لێی پرسیم: ”په‌شیمان نیت؟!”
هاوڕێكه‌م چه‌ندین ساڵ بوو هاوسه‌رگیری كردبوو، نه‌یتوانیبوو وه‌چه بخاته‌وه.
سه‌یرێکم كرد و گوتم: ”هه‌رگیز…”
(هاوار ده‌كات)
سرووشتگۆڕینم زۆر باشتر بوو له‌وه‌ی تووشی هەڕەشە و هه‌راسانی بەردەوام و گێچەڵ بم، بۆچی خۆم نه‌گۆڕم، ئێستا من و ئه‌وان له یه‌ك شت‌دا یه‌كسانین، به‌ڵام ئه‌وان گرنگییان به‌و كونه‌ی جه‌سته‌یان دا و منیش ته‌نیا بۆ ئه‌وه هه‌مان كونی ئه‌وانم هه‌ڵبژارد تا له خۆم هه‌ڵبێم و له هه‌مان سرووشتی خۆم بمێنمه‌وه.
(ساتێك.)
دوای چاره‌سه‌ری ده‌روونی، گرنگ نه‌بوو هێلكه‌د‌انم هەبێت یان نەبێت…
(خه‌مبار.)
ترسم هه‌بوو له منه‌وه كچێك بێته دنیا نه‌توانێت پارێزگاری له خۆی بكات، یانیش كوڕێك بێته دنیاوه وه‌ك ئه‌وان بێت…
ئەو ساتەی ئەو پزیشکەی نەشتەرگەریی بۆ کردم، گوتی: ”ئێستا دەتوانین شتێک لە جەستەت بگۆڕین، ئەو شتەی مانای ژبنوون و پیاوبوون دیاری دەکات، ئیدی وەک ژن خۆت نابینی، ئیدی ناتوانی جلکی تەسک بپۆشیت.”
(به تاسه‌وه.)
هێلکەدانەکەم بەخشی بەوەی لە من زیاتر پێویستی پێی بوو…
ناته‌واو گۆڕام، ته‌نانه‌ت میهره‌بانیشم وه‌ك ژنێك له‌ده‌ست دا و وه‌ك پیاوێکیش…
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
باوكت نه‌یده‌توانی بتپارێزێ و بمێنیته‌وه؟
ناڵان
ده‌سه‌ڵات له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه بوو…
هیچ پیاوێكیش له شارۆچكه‌كه‌دا نه‌بوو متمانه‌ی پێ بكه‌م و هاوسۆزم بێت، ته‌نانه‌ت باوكیشم نه‌یده‌توانی بمپارێزێت له‌ده‌ست ئه‌و هه‌موو…
(ناڵان له چه‌كمه‌جه‌كه عه‌تره‌كه دەردەهێنێت و به چوارده‌وری خۆیدا ده‌یپژێنێت.)
بۆنی ژنێتیم له‌ده‌ست دا، بۆنێك له پێناویدا…
به‌ڵام ژنان هه‌میشه…
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
ژنان چی؟
ناڵان
ژنان زۆر جار به‌هێزن، ته‌نانه‌ت به‌هێزییه‌كه‌یان وایان لێ ده‌كات نه‌توانن له خۆیان هه‌ڵبێن، ئه‌وه‌تا من…
(چاو بە ژووره‌كه‌دا ده‌گێڕێت.)
ئه‌م ژووره بۆ من، زۆر له نیشتمان گەورەترە.
كه‌چی نه له‌وێ و نه لێره‌یش ئاسووده نیم… شوێنـێكم نییه.
(ساتێك.)
من به سرووشتی خۆمەوە له نیشتمان جێگه‌م نه‌بووه‌وه و نابێته‌وه، من خۆشم به‌م شكڵه‌مه‌وه خۆم ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه و سه‌رلێشێواو… نازانم كێم و چیم ده‌وێت!
(ساتێك.)
بۆنم له‌ده‌ست دا، جوانیم له‌ده‌ست دا، ئه‌وه‌ی هه‌مه تەنیا ده‌نگمه.
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
ده‌زانی هه‌ندێك پیاو…
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه بۆ پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
به‌ڵێ ده‌زانێت…
ناڵان
چاك ده‌زانم، كه…
ئه‌وان گوێ ناده‌نه ڕه‌گه‌ز، هێشتا دوای ده‌نگم كه‌وتوون!
(بێده‌نگ ده‌بێت.)
(ساتێك.)
ئێستا ده‌بێت دۆخی باوكم چۆن بێت؟!
نه ئه‌و توانی هیچ بۆ من بكات، نه من توانیم ئاسووده له لای بمێنمه‌وه، ئیدی پشت به خه‌ونه‌كان نابه‌ستم، ئه‌و خه‌ونانه‌ی كه ئه‌و…
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
لات وا بوو باوكت چه‌ندین ساڵه كچێكی هه‌یه، كه‌چی كچه‌كه‌ی له‌پڕ…
ناڵان
(تووڕه.)
(ده‌ستی ده‌كاته مست و خۆی ئازار ده‌دات.)
من ده‌زانم…
پێویست به‌و هه‌موو پرسیاره ناكات!
ده‌زانی…
(بێده‌نگ ده‌بێت.)
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه / ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
بێده‌نگ مه‌به!
تۆ بۆچی؟
ناڵان
گرنگ نییه چه‌ند بیرم لێی كردووه‌ته‌وه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌نجامم دا.
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
کە بۆ یەکەم جار بە پێوە میزت کرد، چیت به خۆت گوت؟
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
كه‌ی كاتی ئه‌م قسانه‌یه!
ناڵان
(ده‌ست بۆ نێو ڕانه‌كانی ده‌بات.)
من هێشتا برینه‌كانم…
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
به‌و ئەندامە نوێیە بچکۆلەیەت چیت پێ دەکرێ؟
چاوه‌ڕێی چیت؟
ناڵان
هیچ!
چاوه‌ڕێی هیچ نیم.
(ساتێك.)
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
ئێستا تۆ خه‌یاڵت هه‌یه وه‌ك ژنێك، یان خه‌ونت هه‌یه وه‌ك پیاوێك؟
ناڵان
ئاماده نیم بچمه خه‌ونی هیچ پیاوێكه‌وه.
(بێده‌نگی.)
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
ژنان دره‌نگ بڕیار ده‌ده‌ن، كه بڕیاریشیان دا…
(بێده‌نگ ده‌بێت.)
(له‌ناكاو ده‌نگی شه‌پۆله‌كان دێت.)
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
وا زستانیش بەڕێوەیە.
ناڵان
هه‌ست به هیچ وه‌رزێكی تازه ناكه‌م.
(ده‌ست بۆ قژی ده‌بات.)
خه‌ون و خه‌یاڵم تێكه‌ڵن.
هه‌ر له ڕابردوودا ماومه‌ته‌وه و له‌نێوان دوو جیهاندا سه‌رلێشێواوم.
(سه‌ر شانۆ تاریك دادێ، ڕووناكی دێته سه‌ر شاشه گه‌وره‌كه، ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه و پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه ته‌ماشای شاشه گه‌وره‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی شانۆ ده‌كه‌ن.)
(دیمه‌نێك دێته سه‌ر شاشه‌كه.)
(سه‌ره‌تای به‌هاره، له گه‌وره‌ترین ئۆپێرای شار ده‌نگی فلووتێك دێت، چه‌ند ساتێك فلووت ده‌ژه‌ندرێ، پیاوێك، فلووته‌كه‌ی داده‌نێ و خۆی بۆ ئاماده‌بوانی هۆڵه‌كه ده‌چه‌مێنێته‌وه، چه‌پڵه‌ڕێزانه، ناڵان به چه‌پكێك گوڵه‌وه ده‌چێته لای و پیاوه‌كه ده‌ستی ده‌گرێت، شاد ده‌چنه ده‌رێ.)
(ڕووناكی)
ناڵان
(فلووته‌كه هه‌ڵده‌گرێ و ده‌ست به ژه‌نین ده‌كات.)
(ساتێك)
ناڵان
كاتێ فلووتی ده‌ژه‌ند، ئه‌م ناوه پڕ له گوڵ و چۆله‌كه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ ده‌بوون، ماڵه‌كه‌م پڕ ده‌بوو له ژیان، لێوێك هه‌بوو بۆ ماچكردن… لێوێکیش بۆ ئاوازی ژیان.
(له فلووتژه‌نین ده‌وه‌ستێ.)
(خۆی له باوه‌ش ده‌گرێت)
ده‌مه‌وێت به‌رده‌وام بم له فلووتژه‌نین، تا هه‌رچی ئازاره نه‌مێنێـت.
(خه‌مبار)
دوكتۆره‌كه‌یشم هه‌روه‌ها ده‌ڵێت.
(ساتێك)
هەر لە یادی ئەودا دەژیم، حه‌ز ده‌كه‌م بچمه كه‌ناری ده‌ریاكه و پیاسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌م، ئاره‌زوو ده‌كه‌م باران ببارێت و تا ئاستی خووسان بوه‌ستین. پێكه‌وه سەما بکەین.
ئای چه‌ند حه‌ز به ته‌ڕبوونی به‌ر باران ده‌كه‌م…
(وچانێك)
من…
(داده‌نیشێت)
خه‌ونه‌كانم دووباره‌ن.
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
وه‌ره‌وه سه‌ر خۆت، تۆ تازه…
ده‌بێت لەسەر جه‌لسه‌ی چارەسەرە دەروونییەكانت بەردەوام بیت…
(ناڵان ده‌ست بۆ چه‌كمه‌جه‌كه ده‌بات و ده‌چێته لایه‌ك به دیتۆل خۆی پاك ده‌كاته‌وه.)
(ته‌واوی سه‌ر شانۆ تاریك ده‌بێ و ڕووناكی دێته سه‌ر شاشه‌کە.)
(ناڵان به تی‌شێرت و شۆرتێكه‌وه، ده‌ستێكی له‌بن سه‌ریه‌تی و ڕاكشاوه. پیاوێك لێی نزیك ده‌بێـته‌وه.)
ده‌نگی پیاوەکە
ئه‌وه بۆ وات له خۆت کردووه!
نه‌ده‌بوایه واتكردبایە، له هه‌ر كوێ بیت ده‌تناسمه‌وه، به‌م كاره‌ت تاوانت به‌رانبه‌ر خۆت و منیش كرد… به‌ڵام من له نزیكه‌وه ئاگام له هه‌نگاوه‌كانته!
ناڵان
ئه‌و كاته‌ی سه‌رم له‌سه‌ر دڵت بوو پێمگوتی ئه‌سته‌مە دوای تۆ به‌رگه بگرم…
ده‌نگی پیاوه‌كه
چاوه‌ڕێتم، وه‌ره‌وه ماڵه‌وه، سه‌رنج ده‌ده‌ینه ڕووه‌كه سه‌وزه‌كان. له‌وێدا پڕ به سییه‌كانمان تامی ژیان ده‌كه‌ین. دواتر ده‌چینه كه‌ناره لمینه ته‌ڕه‌كه و ناوی یه‌كتر ده‌نووسین، به پێی په‌تی ڕاده‌كه‌ین و باكمان به شه‌پۆله‌كان نابێت. سه‌مای خۆمان ده‌كه‌ین…
ناڵان
ئێمه هه‌ر پێكه‌وه ده‌بین؟
من هێشتا پێوه‌ستم پێتەوە.
ده‌نگی پیاوه‌كه
پێكه‌وه ده‌بین و…
ناڵان
قسه‌م بۆ بكه، ده‌ی زیاتر قسه‌م بۆ بكه و بملاوێنه.
من هێشتا خه‌ون ده‌بینم، له خه‌ونه‌كانمدا هیچ ژنێك نابینم.!
ده‌نگی پیاوه‌كه
چاوه‌ڕێتم به‌ر له تاریكی وه‌ره، وه‌ره و چی ده‌كه‌ی لێره، ماڵه‌كه‌مان سارده، هه‌رسێكمان پێكه‌وه ده‌بین و هیچ شتێك ڕوونادات.
به‌سه‌ر شاخه‌كاندا هه‌ڵده‌گه‌ڕێین و به‌نێو هه‌موو جیهاندا ده‌گه‌ڕێین.
(ناڵان و پیاوه‌كه ته‌ماشای یه‌ك ده‌كه‌ن.)
ناڵان
دوای ڕۆیشتنت، خۆمم ڕه‌ت كرده‌وه و به‌ره‌و جیهانه‌كه‌ی تۆ هه‌نگاوم نا، جیهانێك ته‌نیا هیی تۆیه.
ده‌نگی پیاوه‌كه
وه‌ره با سه‌ما بكه‌ین
(ناڵان هێواش هه‌ڵده‌ستێت.)
پیاوه‌كه
هه‌ڵمه‌سته، تكایه هه‌ڵمه‌سته، تا برینه‌كانت چاك ده‌بنەوە. بمبووره! من بوومه هۆی ئازاره‌كانت.
ناڵان
نا، من ئێستا زۆر…
ئه‌وه من بووم…
(پیاوه‌كه ده‌ست ده‌هێنێـت بۆ ناڵان، ناڵان ده‌ست ده‌داته ده‌ستی و سه‌ما ده‌كه‌ن.)
(ناڵان، ده‌سته‌كانی بۆ ئه‌ملا و ئه‌ولا ڕایه‌ڵ ده‌كات، سه‌ر به‌رز ده‌كاته‌وە و پیاوه‌كه ده‌ستی له‌نێو قه‌دی ناڵان ده‌ئاڵێنێت.)
(ناڵان ده‌یه‌وێ نزیكتر بێته‌وه، ده‌ستی پیاوه‌كه ده‌خاته سه‌ر سینه‌ی و پیاوه‌كه ون ده‌بێت.)
(تاریكی.)
(ده‌نگێکی تر بۆ ناڵان.)
تۆ له هه‌ركوێ بیت ده‌تدۆزمه‌وه و دوای ده‌نگت ده‌كه‌وم.
ده‌نگی پیاوه‌كه
من و تۆ…
(ناڵان زوو ده‌ست له سینگی ده‌كشێنێته‌وه و ده‌ست له‌نێو ڕانه‌كانی ده‌دات.)
(پیاوه‌كه ون ده‌بێت.)
(ڕووناكی.)
ناڵان
سه‌یره، هه‌ر دوو هه‌فته‌یه ده‌رزیی تیستۆستیڕۆنم به‌كارهێنا، كه‌چی هه‌ر له دۆخی جارانم!
ئۆف، دیسانه‌وه له خه‌وێكی ته‌واونه‌كراودا ون بوو!
(له شاشه‌كه‌وه دیمه‌نی ده‌رەوە دەردەکەوێت، چۆڵه و هه‌ر ته‌نیا ده‌نگی شه‌پۆله‌كان ده‌بیسترێ و هیچ كه‌سێك له ده‌ره‌وه نییه و سارده.)
ناڵان
خۆمم له ده‌رێ دابڕاند!
(ده‌ست له سه‌ر ڕانه‌كانی لاده‌دات، له‌و وایه بیجامه‌كه‌ی له‌نێو ڕانییه‌وه به‌رز بووه‌ته‌وه.)
(ده‌ست به سه‌رییه‌وه ده‌گرێت.)
(له شوێنی خۆی داده‌نیشێت.)
(سه‌رسوڕماو.)
له هه‌ستێكی سه‌یر و نامۆدام، گۆڕانێك به‌سه‌ر جه‌سته‌مدا دێت له‌نێوان خرۆشانی مێینه و نێرینه‌دا ماومه‌ته‌وه، ئارامیم نه‌ماوه، نه ده‌توانم له خۆم هه‌ڵبێم نه له خه‌ونه‌كانم.
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
تازه ناته‌وێت بگه‌ڕێیته‌وه؟
ناڵان/ ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
ژنان، تا ئه‌وپه‌ڕی سنوور ده‌ڕۆن.
ناڵان
(بێزار و وه‌ڕس.)
(بۆ ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه.)
ده‌بێت چه‌ند ڕۆژ تێپه‌ڕیبێت به‌سه‌ر مانگێكی تازه‌دا؟
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
دوو هه‌فته ده‌بێت.
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
تۆ…
ناڵان
(په‌رێشان و شپرزه.)
هه‌رچه‌نده ئازارێكی زۆرم هه‌بوو به خوێنپژانی مانگانه‌م، به‌ڵام هه‌میشه كاتێ ئه‌و خاولییه‌كی گه‌رمی ده‌هێنا و ده‌یخسته سه‌ر سكم، له ئازاردا ئارامم ده‌گرت.
ده‌ستبه‌رداری خوێنپژانی مانگانه‌م بووم…
ئەندامەکان چیدی ناوروژێن، ئیدی خەیاڵ و هەستەکان وشک و نامۆن…
(ده‌چێته لای چوارپاكه و فلووتەکە هه‌ڵدەگرێت و فلووت لێ ده‌دا.)
(ئاوازێكی غه‌مگین.)
(ساتێك.)
خۆشه‌ویستی مرد…
(باوێشك ده‌دات.)
(له‌سه‌ر چوارپاكه‌ی ڕاده‌كشێت.)
نازانم سه‌عات چه‌نده!
(تاریكی.)
دیمه‌نێك
(چه‌ندین ساڵ تێپه‌ڕیوه، سه‌ر شانۆ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه، به‌ڵام كه‌لوپه‌له‌كان وه‌ك خۆیانن و له جێگه‌ی خۆیانن، ناڵان پیر بووه و ده‌نگی تا ڕاده‌یه‌ك له‌ده‌ستداوه و شێوه‌ی زیاتر گۆڕاوه و بووەتەوە بە پیاو.)
(ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه و پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه، به‌هه‌مان جلكی سپی و ڕه‌شه‌وه له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری شانۆ دێن و ده‌چن.)
ناڵان
(پشت ده‌كاته ئاوێنه‌كه.)
ڕقم له ئاوێنه‌یه، وه‌ك خۆم نیشانم نادات!
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
پیری ڕه‌گه‌ز ناناسێت.
ناڵان
(فلوتەکە دەگرێت بە دەستییەوە، دەچێتە بەر پەنجەرەکە و ئاوازێکی غەمگین دەژەنێت.)
(فلووته‌كه داده‌نێت.)
چه‌ندین ساڵه خۆم فریو ده‌ده‌م، به منداڵیم عیناد بووم، ژنێكی عینادیش بووم. پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ دنیا پچڕاند، چه‌ندین ساڵە نە کەسم دیوە و نە کەسم ناسیوە، بەرگی ژنبوونم فڕێ دا و كه‌چی له‌هه‌مان به‌رگ مامه‌وه! ئه‌وه چه‌ندین ساڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا ڕانه‌هاتووم. باجی وشه‌كانم دا، ئه‌و ئاوازه غه‌مگینانه‌ی ناخم كه دێنه ده‌ر، هیچ له‌و بارە سەختەمی سووك نه‌كرد.
ده‌مێكه لێوم به‌ر لێوی هیچ مرۆڤێك نه‌كه‌وتووه و باوه‌شێكی گه‌رمم نه‌بووه…
تازه نه له من هیچ پیاوێك ده‌بێتـه باوك، نه هیچ ژنێكیش له منه‌وه ده‌بێته دایك.
ژن‌بوون سەختە!
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
پیاوبوونیش له‌م نیشتمانه‌دا سەخته.
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه / پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
مرۆڤبوونیش زۆر سەخته!
ناڵان
بریا مرۆڤ یه‌ك ڕه‌گه‌ز بوایه.
(ده‌ست بۆ ئه‌ژنۆ و پشتی ده‌بات به ئازارێكه‌وه.)
من…
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه / پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
تۆ لات وایه ساڵانێك خۆدابڕاندن له سێكس وه‌ها ئاسان تێده‌په‌ڕێت؟!
(ساتێك.)
ناڵان
ده‌زانی…
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
هه‌رچه‌ند دره‌نگه، بڵێم: تۆ ئازادیت.
ناڵان
(ده‌چێته لای ده‌رگاكه.)
ئازاد بووم، به‌ڵام ئازاد نه‌ژیام…
(گۆڕانکارییەکی خێرا بەسەر ڕووناکیی ژوورەکەدا دێت.)
(ناڵان بۆ ساتێک هەست دەکات چووه‌ته‌وه به‌رگی ژنه‌وه.)
(له چه‌كمه‌جه‌كه سووراوه‌كه ده‌هێنێته ده‌ر.)
(له‌به‌ر ئاوێنه‌كه ده‌وه‌ستێت و له‌گه‌ڵ خۆباداندا ڕیشی ده‌تاشێت و لێوه‌كانی سوور ده‌كات.)
(ده‌نگه‌ده‌نگێك له ده‌ره‌وه.)
(له شاشه گه‌وره‌كه‌وه دیمه‌نی ده‌رێ نیشان ده‌دات، ناڵان ڕووی لێ وه‌رده‌گێڕێت.)
(دەنگی شەپۆلی دەریا و خەڵکی و هاتوهاوار دێت، هاوکات دەنگی پیاوێک لەنێو دەنگەکانەوە بە کپی دێت، چەند جارێک دەڵێت وەرە.)
ناڵان
ئه‌م ده‌نگانه…
با‌نگم دەکەن… ئەو بوو، له خه‌ونه‌كانمدا بانگی دەکردم… دەنگی دەناسمەوە…
هەمیشە گوێم لە دەنگییەتی…
ژنه‌كه‌ی ناوه‌وه
تۆ تازه…
پیاوه‌كه‌ی ده‌ره‌وه
ناتوانی له‌و ده‌نگانه ڕابكه‌ی، تازه ئه‌و ده‌نگانه…
ناڵان
ئێستا نازانم سه‌عات چه‌نده؟!
(سه‌ر شانۆ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و ده‌بێته شه‌و.)
(ڕۆژ هه‌ڵدێ)
ناڵان
(شه‌قێك له كورسییه‌كه هه‌ڵده‌دات.)
تف له‌و ژیانەی، كه به ئازار به‌ڕێم كرد.
(كورسییه‌كه به‌رز ده‌كاته‌وه و ئاوێنه‌كه ده‌شكێنێت.)
(ده‌چێته به‌رده‌م ئاوێنه شكاوەکە، پارچه ئاوێنەیەک هه‌ڵده‌گرێت و په‌نجه‌كانی خۆی پێ دەبڕێت و خوێنیان لێ ده‌ڕژێت.)
(سه‌یری خۆی ده‌كات و خۆی نابینێت.)
ناڵان
(به ده‌نگێكی به‌رزه‌وه.)
من ناتوانم خۆم ببینم، ده‌چمه لای ده‌ریاكه تا هه‌وا ساردەکە له سینه‌م بدات و قژم بئاڵۆسكێنێت و له ئاوه‌كه‌دا تا ئاستی ونبوون خۆم ده‌بینم…
(ساتێک بێدەنگی.)
دوورتر ده‌ڕۆم و هیچ ڕیشه‌یه‌ك له منه‌وه له‌دایك نابێت، به‌ڵكوو له سكی ژنێكی تره‌وه، له سه‌رده‌مێكی تر.
(ساتێك.)
له خۆشه‌ویستیدا جێمام، ده‌چمه ده‌رێ، له‌وانه‌یه من فریادڕه‌سی ژنێك بم، یانیش ژنێك فریادره‌سی من بێت!
(ده‌نگی شه‌پۆله‌كان دێت.)
ناڵان
(ئاوڕێك ده‌داته‌وه.)
شه‌پۆله‌كان…
(له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكه‌دا به‌ره‌و شه‌پۆله‌كان ده‌ڕوات.)
(تاریكی.)
(له ڕووناكیی سه‌ر شاشه‌كه‌وه ناڵان پشت لە بینەران بەناو ئاوەکەدا دەڕوات، تا هێدی هێدی لە ئاوەکەدا دیار نامێنێت.)
(تاریکی.)
(ده‌نگی فلووتێكی غه‌مگین.)
زستانی ٢٠٢٦
ئه‌ژین فه‌همی/ دانیشتووی شاری سۆران
ساڵی ٢٠٢٤ به ده‌قی شانۆیی (زیاتر له ژیانێك.) براوه‌ی خه‌ڵاتی دانا ڕه‌ئووف بووم بۆ شانۆنامه‌ی كوردی، له بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی كه‌پر.
ساڵی ٢٠٢٦ هه‌وڵی دووه‌مم هه‌بووه بۆ نووسینی ده‌قێكی شانۆیی (گوڵه‌كان هه‌رگیز نه‌گه‌شانه‌وه.) له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای سه‌رده‌م.
هه‌وڵی سێیه‌مم له نووسینی ده‌قێكی شانۆیی كورته به‌ناوی (من كێم؟) هیواخوازم جێی سه‌رنجتان بێت و بتوانن له ژماره (٢)ی گۆڤاری داكۆ بۆ شانۆ، به سوپاسه‌وه بڵاوی بكه‌نه‌وه.
ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.