ئامادەکردنی: بابان عومەر

لە ساڵی ١٩٦١، لە کۆنگرەی نۆیەمی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی شانۆ لە شاری ڤیێنا، بڕیار درا ڕۆژی ٢٧ـی ئازار بکرێتە ”ڕۆژی جیهانیی شانۆ”. ساڵێک دواتر و لە ٢٧ی ئازاری ١٩٦٢، بۆ یەکەمجار لە سەرتاسەری جیهان بە فەرمی ئاهەنگ بۆ ئەم ڕۆژە گێڕدرا. هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بەروارەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ڕێک لەو ڕۆژەدا، یەکەمین وەرزی ”شانۆی نەتەوەکان” (Theatre of Nations) لە پاریس کرایەوە؛ بۆنەیەکی گەورە، کە بووە هۆی کۆکردنەوەی هونەرمەندانی جیهان و ئەو بەروارەی کردە سیمبولی شانۆ.
لەو ساتەوە تا ئەمڕۆ، ساڵانە جیهان بە یەک دەنگ یادی ئەم ڕۆژە دەکاتەوە و کەرنەڤاڵی گەورە ساز دەدرێت. لە بڵاوکردنەوەی تازەترین کتێب و لێکۆڵینەوەی شانۆییەوە بگرە، تا دەگاتە نمایشکردنی بەرهەمەکان لەسەر تەختەی شانۆ و شەقامەکان، هەمووی پەیامێک دەدەن بە گوێی جیهاندا: ‘’شانۆ تەنیا نمایش نییە، بەڵکوو ناسنامەی گەلان و ئاوێنەی ژیانە”.
دەزگای سەردەم؛ هەشت کتێبی نوێ پێشکەش بە شانۆکاران دەکات:
لەم بۆنەیەدا و وەک نەریتێکی ساڵانە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی هەشت کتێبی جیاواز لە بواری شانۆدا، پیرۆزبایی لە شانۆکاران دەکات بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٦. دەزگاکە لە پەیامێکدا بەبۆنەی ئەم ڕۆژەوە ڕایگەیاند:
”هونەری شانۆ لای دەزگای سەردەم، هەمیشە وەک پایەیەکی سەرەکیی کارەکانمان ماوەتەوە. ئێمە لەو بڕوایەداین، کە وشەی چاپکراو، گیانی سەرەکیی هەر نمایشێکە، کە لەسەر تەختەی شانۆ پێشکەش دەکرێت. هەر بۆیە، بە درێژایی ساڵانی کارکردنمان، بە دەیان و بگرە سەدان دەق و سەرچاوەی شانۆیی جیهانی و کوردیمان گەیاندووەتە دەستی خوێنەران. ئەمڕۆ لە ٢٧ی ئازاردا، بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنین، کە وەک وەفایەک بۆ ئەم هونەرە، هەشت کتێبی نوێی شانۆییمان ئامادە کردووە، کە درێژەپێدەری ئەو کاروانە پڕ لە ئەزموونەی سەردەمە و لە خزمەت داهێنان و ئەندێشەی شانۆکاراندایە”.
کتێبە نوێیەکان کامانەن؟
ئەم هەشت کتێبە، پێنج شانۆنامە و سێ لێکۆڵینەوە و بابەتی ئەکادیمی لەخۆ دەگرن:
شانۆنامە خۆماڵییەکان: ”گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە” لە نووسینی ئەژین فەهمی؛ ”دادگاییکردن” لە نووسینی دانا ڕەئووف.
شانۆنامە وەرگێڕدراوەکان: ”قوتابخانەی ستەمکاران” لە نووسینی ئێریش کێستنەر و وەرگێڕانی عەبدولغەنی کاکۆ؛ هەروەها دوو شاکارەکەی هێنریک ئیبسن ”ڕوسمارشهۆڵم و وەستا سوڵنێسی بیناساز” لە وەرگێڕانی هاودەم ساڵح جاف.
کتێبە تیۆری و ئەکادیمییەکان: ”شانۆ و ڕەخنەی شانۆیی” لە نووسینی ڕزگار حەمە ڕەشید؛ ”نواندن لە شانۆدا” لە نووسینی کاردۆ عەزیز؛ ”لە کورسیی دەرهێنەرەوە” لە نووسینی فرانک هاوزەر و ڕەسڵ ڕایج، بە وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجی.
نووسەران و وەرگێڕان لەسەر بەرهەمەکانیان دەدوێن:
لەبارەی کتێبی ”نواندن لە شانۆدا”، نووسەر و شانۆکار، کاردۆ عەزیز خۆشحاڵیی خۆی بە بڵاوبوونەوەی یەکەمین کتێبی لەلایەن دەزگای سەردەمەوە دەربڕی و ڕایگەیاند: ”ناوەڕۆکی کتێبەکە ڕەهەند و ستراکچەرێکی تەکنیکیی باش لەخۆ دەگرێت، کە هەم شانۆکاران و هەم ئەکادیمییەکانی ناو زانکۆ و پەیمانگەکان دەتوانن سوودی لێ ببینن. کتێبەکە لە سەردەمی کلاسیکەوە تا مۆدێرن تیشک دەخاتە سەر تەکنیکەکانی نواندن، ئاکارەکانی جەستە، بەکارهێنانی دەنگ و شێوازە پراکتیکییەکان. کاردۆ عەزیز ئاشکراشی کرد، کە پڕۆژەی داهاتووی، ئامادەکردنی پڕۆگرامێکی خوێندنە بۆ مامۆستا و خوێندکاری قۆناغی پێنجەمی بەشی نواندن لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان، کە پڕۆژەیەکی بێپێشینەیە لە کوردستاندا.
لای خۆیەوە، ڕزگار حەمە ڕەشید لەبارەی کتێبی ”شانۆ و ڕەخنەی شانۆیی” ڕایگەیاند، کە کتێبەکەی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییە بۆ ڕەوتی شانۆ لە باشووری کوردستان و لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت. بەشی یەکەم ڕۆچوونێکی تیۆرییە بەناو بەرهەمە شانۆییەکانی کوردستان و کاریگەرییە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر گەشەی شانۆ. بەشی دووەمیش کۆکراوەی ئەو نووسینە شیکاری و ڕەخنەییانەیە، کە نووسەر لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەربارەی نمایشەکان نووسیویەتی، وەک دۆکۆمێنتێکی گرنگ بۆ مێژووی شانۆی کوردی.
سەبارەت بە شانۆنامە بیانییەکان، وەرگێڕ عەبدولغەنی کاکۆ باس لە گرنگیی شانۆنامەی ”قوتابخانەی ستەمکاران”ـی ئێریش کێستنەر دەکات و دەڵێت: ”ئەم بەرهەمە کۆمێدیایەکی تراژیدییە باس لە سیستەمێکی داخراوی سیاسی دەکات، کە دڕندانە مامەڵە لەگەڵ ئازادیی ڕادەربڕین دەکات. نووسەر خۆی لە سەردەمی نازییەکاندا ژیاوە و نەهامەتییەکانی بینیوە، لێرەدا دەخوازێت بڵێت، کە سیستەمە ستەمکارەکان وەک کارگەیەک یان قوتابخانەیەک کار دەکەن بۆ کۆپیکردنەوەی ستەمکاران، گۆڕانکارییەکانیشیان تەنیا ڕواڵەتین”.
لە لایەکی دیکەوە، وەرگێڕ هاودەم ساڵح جاف، کە دوو شاکاری هێنریک ئیبسنی لە نەرویجییەوە کردووە بە کوردی، دەربارەی ”ڕوسمارشهۆڵم” دەڵێت: ”ئەمە یەکێکە لە ڕەشبینترین و ئاڵۆزترین دراماکانی ئیبسن، کە باس لە قەشەیەک دەکات گومانی لە باوەڕەکانی خۆی لا دروست دەبێت. تەنانەت زانای دەروونناس سیگمۆند فرۆید شیکاریی بۆ کارەکتەری (ڕیبەکە)ی ناو ئەم دەقە کردووە و گرێی ئەلیکترای تێدا دۆزیوەتەوە”.
سەبارەت بە کتێبی ”وەستا سوڵنێسی بیناساز”، وەرگێڕ ئاماژە بەوە دەکات، کە باس لە بیناسازێکی لەخۆبایی دەکات، کە زۆر لە ”گەنجێتی” دەترسێت و هەوڵدەدات کۆسپ بخاتە بەردەم تەلارسازە گەنجەکان، تا ئەوکاتەی ڕابردووی خۆی بەرەوڕووی دەبێتەوە. جێی باسە، ئەم دوو بەرهەمە بەشێکن لە پڕۆژەی وەرگێڕانی دوانزە دراما هاوچەرخەکەی ئیبسن، کە هاودەم ساڵح جاف ڕاستەوخۆ لە زمانی دایکەوە وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی.
هاوکات ڕاهۆز کامەران، شاعیر و شانۆکار، سەبارەت بە گرنگی چاپکردنی شانۆیی، لە وەڵامی پرسیارێکی ”داکۆ بۆ شانۆ” ڕایگەیاند:
دەکرێت قسەکردن لەسەر گرنگیی چاپکردنی دەقی شانۆیی، بە پرسیارێکی بنەڕەتی دەست پێ بکەین: ئایا دەشێت کردەی شانۆیی لە ڕەگ و ڕیشە مەعریفییەکەی داببڕێندرێت؟ بۆ خۆم پێم وایە، هەر جووڵەیەک لەسەر تەختەی شانۆ، هەر فۆڕمێک لە دەربڕین، ئەگەر لەسەر زەمینەی هۆشیاری و ئاگایی قووڵ دانەمەزرابێت، تەنیا دەبێتە جووڵەیەکی میکانیکی و خاڵی لە ڕۆح. دەبێتە بەرهەم هێنانەوەی ئەو فۆرمانەی، کە پێشتر بەرهەم هێنراون، بێ ئەوەی هیچ دیدگا و چێژێکی جیاواز ببەخشێت بە ئێمە و خودی هونەرەکەش!
لێرەدا، بەوپەڕی ڕێز و خەمگینیی قووڵەوە بۆ ئەو ماندووبوونە بێوچانەی، کە شانۆکارانی ئێمە لەناو تراژیدیای بێ هۆڵی، بێ بودجەیی و پەراوێزخستنی بەردەوامدا دەیکێشن، دەبێت پەنجە بخەینە سەر برینە گەورەکە. سەرەڕای ئەو ڕەنجی فەرهادە، ئێمە زۆر کەم بە بەردەم دەرگای داهێنانی ڕاستەقینەدا تێدەپەڕین. بۆچی؟ چونکە ئێمە لە سەرچاوەی بیرکردنەوە و لە کتێب دابڕاوین.
بەداخەوە، بەشێکی گەورەی کایەی شانۆیی ئێمە، لە قەیرانێکی گەورەی نەخوێندنەوەدا دەژی. کێشەکە تەنیا نەبوونی دەق نییە، بەڵکوو ونبوونی ئارەزووی گەڕان و وردبوونەوەیە لای خودی شانۆکاران. کاتێک شانۆکار خۆی بەسەر دەقە شیکاری و ڕەخنەییەکاندا شۆڕ نەکاتەوە، کاتێک لە پرۆسەی بەردەوامی خۆبنیادنان و خۆفێرکردندا نەبێت، ئیتر کردە شانۆییەکەی لەبری ئەوەی ببێتە ڕووداوێکی مەعریفی و ئیستاتیکی، دەبێتە تەنیا نمایشێکی کاتی، کە لە دەرەوەی تێگەیشتنی قووڵ بۆ خودی هونەرەکە ئەنجام دەدرێت.
زۆرینەی شانۆکارەکانی ئێمە باکگراوەندە مەعریفییەکەیان فەرامۆش کردووە و تەنیا پشتبەستن بە غەریزە و کردەی ڕووکەش ماوەتەوە.
ڕێک لێرەدایە، کە بەهای گەورە و ستراتیژیی ئەم هەنگاوانەی دەزگای سەردەم، پێشتریش دەزگای ئاراس و چەند دەزگایەکی تر، دەردەکەوێت. ئەم پرۆژانە، لە دەرەوەی فەرامۆشی و ژاوەژاوی نماییشگەرایی سەردەم، دوور لە سناپ و ئینستاگرام و کەشی لایک و ڤیودا، لە بێدەنگییدا کار بۆ دروستکردنەوەی ئەو ژێرخانە مەعریفییە دەکەن، کە شانۆی ئێمە بۆ ڕزگاربوون لەم چەقبەستووییە، پێویستی پێیەتی.
لەکۆتاییدا و لەم سۆنگەیە دەکرێت بڵێین، بڵاوکردنەوەی ئەم هەشت بەرهەمە لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا لەلایەن دەزگای سەردەمەوە، تەنیا زیادکردنی چەند ژمارەیەک نییە بۆ کتێبخانەی کوردی، بەڵکو هەنگاوێکی کردارییە بۆ بەئاگاهێنانەوەی ڕۆحی شانۆ و ئاشتکردنەوەی شانۆکاران لەگەڵ دەق و خوێندنەوەدا، تاوەکو شانۆی کوردی لەسەر بنەمایەکی مەعریفی تۆکمەتر هەنگاو بۆ داهاتوو بنێت.
جێی ئاماژەیە، لە ئێستەدا سەرجەم ئەم کتێبە نوێیانە لە ناوەندی فرۆشتنی دەزگای سەردەم بەردەستە، دەبنە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ خوێندکارانی شانۆ، دەرهێنەران، ئەکتەران و سەرجەم ئارەزوومەندانی ئەم هونەرە.
ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.