پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٦ لەلایەن ویڵەم دافۆ، ئەکتەر و شانۆکار

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕزگار حەمە ڕەشید

من ئەکتەرم، بە شێوەیەکی سەرەکی وەک ئەکتەری فیلم ناسراوم، بەڵام ڕەگ و ڕیشەم بە قووڵی دەگەڕێتەوە ناو شانۆ. لە ساڵانی ١٩٧٧-٢٠٠٣ لە نیویۆرک ئەندامی گرووپی شانۆی وستەر بووم، کاری ئۆریجیناڵم لە پێرفۆرمین گەراج “Performing Garage”  دروست دەکرد و پێشکەشم دەکردن و بە جیهاندا دەمگەڕاندن. جگە لەوە لەگەڵ ڕیچارد فۆرمان و ڕۆبەرت ویلسۆن و ڕۆمیۆ کاستێلوچیدا کارم کردووە. ئێستاش وەک بەڕێوەبەری هونەری لە بیەناڵی شانۆی ڤێنیس The Venice Theatre Biennale  کار دەکەم. ئەم پێگەیەی ئێستام و ئەم ڕووداوانەی ئێستای جیهان و خواستی گەڕانەوەی خۆم بۆ کاری شانۆ، بەتەواوی بڕوای منیان سەبارەت بە گرنگیی شانۆ و توانا ناوازە ئەرێنییەکەی پێکهێناوە.

لەو سەرەتا خاکەڕاییەی دەستبەکاربوونمەوە لە گرووپی وستەر، ئەو کۆمپانیا شانۆییەی بنکەکەی لە نیویۆرک بوو، هەندێک جار بینەری زۆر کەم دەهاتنە نمایشەکانمانەوە. هەرچەندە ڕێساکە بەو جۆرە بوو، ئەگەر ژمارەی بینەرەکان لە ژمارەی ئەکتەرەکان کەمتر بێت، دەتوانین نمایشەکەمان پێشکەش نەکەین. بەڵام هەرگیز وامان نەکرد. زۆرێک لە ئەندامانی کۆمپانیاکە پێشینەی شانۆیان نەبوو، بەڵکو کەسانێک بوون لە پێگەی جیاوازەوە هاتبوون و لەپێناوی پێشکەشکردنی شانۆدا لەوێ کۆبووبوونەوە. بۆیە ئەو دروشمە ئێمەی نەدەگرتەوە، کە دەڵێت ”نمایشەکە هەر دەبێت بەردەوام بێت”، لەگەڵ ئەوەشدا هەستمان دەکرد ناتوانین دەستبەرداری بینەران بین.

زۆرجار بە ڕۆژ پرۆڤەمان دەکرد و بۆ ئێوارە ئەوەی دروستمان کردبوو، وەک کارێک ”هێشتا لە دروست کردندایە” پێشکەشمان دەکرد. هەندێک جار چەند ساڵێکمان لە دروستکردنی نمایشێکدا بەسەر دەبرد و بە داهاتی شارانگەڕیی نمایشە کۆنەکانمان دەمانتوانی بەردەوام بین.

بۆ من، ساڵانێک کارکردن لە هەمان نمایشدا زۆر جار دەبووە مایەی بێزاریم، پرۆڤەکانیشم سەخت دەهاتە بەرچاو، بەڵام نمایشکردنی ئەو کارانەی ”هێشتا لە دروسکردندان” هەمیشە هەستبزوێن بوون بۆم. تەنانەت ئەگەر هۆکاری ئەوەی بینەرمان کەم بوو، داوەرییەکی توند بووبێت سەبارەت بەو کارەی ئێمە دەمانکرد؛ لە ئاستی دڵخوازیی ئەواندا نەبوو بێت. ئەمە وای کرد لەوە تێبگەم، بینەران چەند کەمیش بن، ئەوە ئەوانن ژیان و مانا بە شانۆکەمان دەبەخشن.

وەک ئەو نووسینەی لە هۆڵی قوماردا هەڵواسراوە: ”بۆ ئەوەی براوە بیت، پێویستە لە ئێستادا بیت”. ئەزموونێکی هاوبەش بۆ کارێکی داهێنان، کە ڕاستەوخۆ پێشکەش دەکرێت، ڕەنگە تۆکمە و داڕێژراویش بێت، بەڵام هەموو جارێک جیاوازە. بە دڵنیایی ئەوە یەکێکە لە بەرچاوترین خاڵە بەهێزەکانی شانۆ.

لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، بۆ تێگەیشتنمان لە خۆمان و جیهان، هەرگیز شانۆ هێندەی ئێستا گرنگ و پێویست نەبووە.

ئەو کێشە ڕاستەقینەیەی هەموومان دەیبینین و چاوپۆشی لێ دەکەین، بریتییە لە تەکنەلۆژیای نوێ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. ئەوانەی بڕیار بوو پەیوەندی دروست بکەن، کەچی بە ئاشکرا پەیوەندییەکانیان لەبەریەک هەڵوەشاندووەتەوە و مرۆڤەکانیان لە یەکتر دابڕاندووە.

من ئەگەر سۆشیال میدیاشم نەبێت ڕۆژانە کۆمپیوتەرەکەم هەر بەکاردەهێنم، تەنانەت لەگووگڵدا، وەک ئەکتەرێک بەدوای ناوی خۆمدا گەڕاوم، هەروەها ڕاوێژم بە AI کردووە بۆ زانیاری، بەڵام کەسێک دەبێت نابینا بێت ئەوە نەبینێت، کە پەیوەندیی مرۆڤەکان بەیەکەوە لەژێر مەترسیی ئەوەدایە، کە پەیوەندی مرۆڤ بە ئامێرەکانەوە جێگەی بگرێتەوە.

هەرچەند دەشێت هەندێ تەکنەلۆژیا خزمەتێکی باشمان بکەن، بەڵام ئەوەی نەزانیت کێ لەوسەری بازنەی پەیوەندییەکەتدایە، کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە و بەشدار دەبێت لەو قەیرانەی ڕاستی و واقیعدا.

لە کاتێکدا ئینتەرنێت دەتوانێت پرسیار دروست بکات، بەڵام زۆر بە دەگمەن دەگاتە ئەو هەستی سەرسوڕمانەی شانۆ دروستی دەکات. سەرسوڕمانێک پشتی بە سەرنج و بەشداری پێکردن و کۆمەڵگەیەکی خۆبەخۆی ئەو کەسانە بەستووە، لە بازنەی کردار و وەڵامدانەوەکەدا ئامادەن.

وەک ئەکتەرێک و شانۆکارێک هەمیشە باوەڕم بە هێزی شانۆ هەبووە و هەیە. لە جیهانێکدا، کە پێدەچێت بەرەو دابەشبوونی زیاتر و کۆنترۆڵگەری و توندوتیژیی زیاتر بڕوات، ئاڵنگاری ئێمە وەک شانۆکاران ئەوەیە خۆمان لە گەندەڵیی شانۆ بەدوور بگرین. تەنها بەوە نا نەهێڵین ببێتە پرۆژەیەکی بازرگانی، کە بۆ کاتبەسەربردن و سەرقاڵکردن تەرخان کرابێت، یان بەوەی نەهێڵین ببێتە پارێزەرێکی دامەزراوەیی وشک بۆ نەریتەکان، بەڵکو بەوەی ئەو هێزەی شانۆ پتەوتر بکەین بۆ بەیەکگەیاندنی خەڵک، بۆ بەیەکگەیاندنی نێوەندەکان و کولتوورەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە بۆ پرسیارکردن لەوەی، کە ئاخۆ ئێمە بەرەو کوێ دەڕۆین…؟

شانۆیەکی مەزن ئەوەیە بمانخاتە پرسیارەوە لەوەی چۆن بیر دەکەینەوە، هانمان بدات مەزەنەی ئەوە بکەین بزانین ئاواتمان چییە…؟

ئێمە ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتین، لە ڕووی بایۆلۆژیشەوە وا دروست بووین پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا ببەستین. هەموو هەستەوەرێک دەروازەیەکە بۆ بەریەککەوتن، لە ڕێی ئەم بەیەکگەیشتنەوەیە دەتوانین تێگەیشتنێکی باشترمان هەبێت سەبارەت بەوەی ئێمە کێین؟. لە ڕێی چیرۆکگێڕانەوە، ئیستاتیکا، زمان، جووڵە، سینۆگرافیا – شانۆ وەک فۆرمێکی هونەریی تەواو دەتوانێت وامان لێبکات بزانین ئەم جیهانەی ئێمە چی بووە؟، ئێستا چییە و دەکرێت چی بێت؟.

ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.