لە نەبوونی ستراتیژەوە بۆ داوای هەڵوەشاندنەوە
ئامادەکردنی: بابان عومەر

(پێنج شانۆکاری دیاری باشووری کوردستان، پەردە لەسەر واقیعی ناوەندەکە لادەدەن)
شانۆ وەک زیندووترین هونەری مرۆڤایەتی، هەمیشە پێویستی بە ژینگەیەک هەبووە بۆ هەناسەدان و نوێبوونەوە، فێستیڤاڵە شانۆییەکانیش لە جیهاندا وەک گەورەترین وێستگەی ئەم بەیەکگەیشتن و ئاڵوگۆڕە مەعریفیی و نوێبوونەوەیە تەماشا دەکرێن. لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی فێستیڤاڵە شانۆییەکان و دابەشبوونیان بەسەر شار و شارۆچکە جیاوازەکاندا، پرسیاری جەهەری لەسەر ماهییەتی پێکهاتەیی، بوونی پلانی درێژخایەن و کاریگەریی ڕاستەقینەی ئەم پڕۆژانە لەسەر ناوەندی شانۆی کوردی دروست بووە، ئایا ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای پێداویستی زانستی و هونەری بەڕێوەدەچێت، یاخود دەرهاویشتەی کۆمەڵێک پاڵنەری کاتی و نەبوونی دیدگایەکی نیشتیمانییە؟
بە مەبەستی شیکردنەوەیەکی ورد و بابەتییانە بۆ ئەم پرسە، لەسەر بنەمای پێنج تەوەری سەرەکی (گرنگی دامەزراوەیی فێستیڤاڵەکان، تایبەتمەندیی جوگرافی و فۆڕم، ستراتیژییەتی کات و ڕێکخستن، دیدگای درێژخایەن و کاریگەری لەسەر ژێرخانی کولتووری)، لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، کە گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بەدواداچوونی بۆ کردووە لە ڕێگەی وەرگرتنی بۆچوونی پێنج کەسایەتی پسپۆڕی دیاری نێو بواری شانۆ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەوانیش (دانا ڕەئووف- نوسەر و شانۆکار، شکۆ عومەر- سهرۆكى ئهنجومهنى بهڕێوهبردنى دهزگاى فێستیڤاڵى شانۆى كهركوك، یوسف عوسمان- شانۆکار و مامۆستای پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر، سەفین ئەنوەر- شانۆکار و بەڕێوەبەری پێشووتری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆی سلێمانی، دیاری عومەر- ئەکتەر و شانۆکار)، دەربارەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکان لە باشووری کوردستان بۆچوونەکانی خۆیان دەخەنە ڕوو.
لەم دیدارەدا پەردە لەسەر کۆمەڵێک تێڕوانینی جیاواز و تەنانەت دژبەیەکی ناوەندی هونەری و واقیعی شانۆ لە هەرێمی کوردستان هەڵدراوەتەوە، کە تێیدا دیدگاکان لە بڕوابوون بە پێویستیی مانەوەی فێستیڤاڵەکان وەک تاکە ئامرازی بەرەنگاربوونەوەی متبوونی کولتووری دەست پێدەکات، و دەگاتە لوتکەی ڕەخنەی قووڵی بونیادی، کە داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم فێستیڤاڵەکان و دووبارە داڕشتنەوەی ناوەندەکە دەکات لەسەر بنەمایەکی دامەزراوەیی نوێ.
لە پرسیارکردن دەربارەی گرنگیی فێستیڤاڵە شانۆییەکان بۆ ناوەندی شانۆی کوردی، دیدگای شانۆکاران لەسەر چەمک و فەلسەفەی فێستیڤاڵ وەک خاڵی دەستپێک یەکدەگرێتەوە. شکۆ عومەر پێناسەی فێستیڤاڵ دەکات بە گردبوونەوەیەکی ئامانجدار، کە ئەگەر بە پلانێکی زانستی و پێشوەختە بەرنامەڕێژیی بۆ بکرێت، دەبێتە زەروورەتێکی حەتمی بۆ خزمەتکردنی ناوەندەکە و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان. هەر لەم ڕوانگەیەوە، یوسف عوسمان دەچێتە نێو قووڵایی فەلسەفەی فێستیڤاڵ و وەک پرۆسەیەکی پەرەپێدانی پیشەیی و هونەری دەیبینێت، کە ئەرکێکی مەعریفی و نەتەوەیی لەسەر شانە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەرزکردنەوەی ئاستی چێژی بینەر.
ئەم بۆچوونانە تەواوکەری لێدوانەکانی سەفین ئەنوەرن، کە پێی وایە فێستیڤاڵەکان تەنها مەراسیمێکی کاتی نین، بەڵکو لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بوونەتە ناسنامەی شارەکان و بایەخێکی ستراتیژییان لە گەشەپێدانی کایەی کولتووریدا هەیە. دیاری عومەریش هاوڕایە لەسەر ئەم خاڵە و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە زۆربەی میللەتانی دنیا بە هونەرەکەیان دەناسرێنەوە نەک بە سەرکردە سیاسییەکانیان، بۆیە پیشاندانی توانای هونەرمەندان لەم ڕێگەیەوە سوودێکی بێگومانی هەیە بۆ ناساندنی گەل.
لە ڕووی سوودە پراکتیکییەکانەوە، دەنگی شانۆکاران زۆر لێک نزیکە لەسەر ئەوەی فێستیڤاڵ دروستکەری تۆڕێکی پەیوەندی و کێبڕکێیە. سەفین ئەنوەر باس لە خوڵقاندنی کەشێکی کێبڕکێی تەندروست دەکات لە نێوان ستافەکاندا، کە کوالێتیی کارەکان بۆ بەدەستهێنانی خەڵات بەرز دەکاتەوە، هەروەها دانیشتنە ڕەخنەییەکان بە سیمایەکی شارستانی و زەروورەت دەزانێت. یوسف عوسمانیش ئەمە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ دۆزینەوەی بەهرەمەندی نوێ و دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی نێوان دەرهێنەر و بەرهەمهێنەران. لەسەر ئاستی دەرەکیش، هەردووکیان (سەفین و یوسف) کۆکن لەسەر ئەوەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان پردێکی کولتوورین بۆ ئاشنابوونی هونەرمەندی کورد بە قوتابخانە جیاوازەکانی جیهان و ناساندنی کولتووری کوردی بە دەرەوە، تەنانەت یوسف عوسمان پێی وایە دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی گەشتیاری فەرهەنگیش سەیری بکرێت.
بەڵام لە پاڵ ئەم وێنە ئەرێنییەدا، کاتێک دێتە سەر واقیعی فێستیڤاڵەکان لە هەرێمی کوردستان، شانۆکاران کۆمەڵێک مەترسی و خاڵی نەرێنی دەخەنە ڕوو، کە وەک هۆشداری و ڕەخنەی پێچەوانەی ئامانجە سەرەکییەکان دەردەکەون. شکۆ عومەر هۆشداری دەدات لەوەی نابێت فێستیڤاڵ تەنها لەپێناوی فێستیڤاڵدا ساز بکرێت و ببێتە بابەتێکی ڕووکەش، لەکاتێکدا دیاری عومەر مەرجی سەرکەوتنەکە دەبەستێتەوە بە دوورکەوتنەوە لە قۆرخکاری و پێی وایە نابێت ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکان تێکەڵی هیچ لایەنێکی تایبەت ببن.
لە ڕەخنەیەکی ڕاستەوخۆتردا، سەفین ئەنوەر گرفتێکی بنەڕەتی ئاشکرا دەکات، کە ئەویش ونبوونی مێژوو و پەرتەوازەیی فێستیڤاڵەکانە بەهۆی نەبوونی هەماهەنگییەوە لە نێوان دەزگاکاندا. هەروەها مەترسییەکی گەورەتر دەخاتە ڕوو، کە ئەویش کورتکردنەوەی شانۆیە تەنها بۆ کاتی فێستیڤاڵەکان، کە ناوی دەنێت ”حەبێکی ئارامکەرەوە”، کە دواتر شانۆ تا ساڵێکی تر بێدەنگ دەبێت، لەبری ئەوەی نمایشی بەردەوام هەبێت. لە هەمان کاتدا و وەک خاڵێکی نەرێنی و پێچەوانەی پرۆسەی دۆزینەوەی بەهرەی نوێ، یوسف عوسمان دەست لەسەر کێشەیەکی گەورە دادەنێت، کە ئەویش دووبارەبوونەوەی دەموچاوەکانە لە هەموو خول و فێستیڤاڵێکدا، کە ئەمەش نەک هەر خزمەت ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی چەقبەستوویی و ڕێگری لە نوێبوونەوەی خوێنی ناوەندی شانۆیی دەکات.
لەسەر پرسی جیاوازیی تایبەتمەندیی فێستیڤاڵەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی تری هەرێمی کوردستان، دیدگای شانۆکاران دابەش دەبێت بەسەر خوێندنەوەی ستراتیژی و ناوەڕۆکی هونەری، لەگەڵ ڕەخنەیەکی توند بۆ لێکچوون و دووبارەبوونەوەی فۆڕمەکان.
لە ڕوانگەیەکی ستراتیژی و قووڵەوە، شکۆ عومەر پێی وایە ئەم پرسە پێویستی بە داڕشتنەوە هەیە لەسەر بنەمای جوگرافیا، نەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی. ئەو پێی وایە سازدانی فێستیڤاڵ لە شارێکی فرەکولتووری وەک کەرکوک، لە پاڵ ئەرکە ئیستاتیکییەکەیدا، سیگناڵێکی نەتەوەییە بۆ سەلماندنی ناسنامە و کولتووری کوردی بەسەر ئەویدیکەدا. ئەم تێڕوانینە ستراتیژییە زۆر نزیکە لە دیدگای سەفین ئەنوەر، کە ئەویش جەخت لە پێویستیی جێگیربوونی فێستیڤاڵەکان دەکات لەسەر بنەمای مێژوو و مۆرکی قووڵی هونەری نەک بڕیاری سیاسی. سەفین پێی وایە شاری سلێمانی بەهۆی مێژووە سەد ساڵەیەکەیەوە، شایستەی ئەوەیە ببێتە ناوەندی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها وەک تەواوکەرێک بۆ خاڵەکەی شکۆ عومەر لەسەر ناساندنی ناسنامە و کولتوور، سەفین باس لە چەمکی ”دیپلۆماسیی کولتووری” دەکات، کە پێویستە میوانانی بیانی تەنها شانۆ نەبینن، بەڵکو ببرێنە هەڵەبجە، ئەمنەسوورەکە و قەڵای هەولێر بۆ ئەوەی ببنە باڵیۆزی کولتووری ئێمە. لە پاڵ ئەمەشدا سەفین ڕەخنە لە کاریگەریی شارچێتی و دابەشکردنی نادادپەروەرانەی بودجە دەگرێت و هۆشداریش دەدات لە زۆربوونی فێستیڤاڵ لە قەزا و ناحیەکان بێ ڕەچاوکردنی ژێرخانی شارەکان، کە دواجار وێنەیەکی لاواز نیشان دەدات.
هەر لە چوارچێوەی بڕوابوون بە بوونی جیاوازییەکاندا، بەڵام لە گۆشەنیگایەکی پراکتیکی و هونەرییەوە، دیاری عومەر پێی وایە جیاوازییەکە بە ڕوونی لە شارەکاندا بوونی هەیە، بەتایبەت لە ناوەڕۆک، دەرهێنان و جۆری نمایشەکاندا (وەک شانۆی شەقام و هۆڵ). ئەو شاری هەڵەبجە بە نموونە دەهێنێتەوە، کە سەرەڕای ئەوەی شارێکی پڕ برینە، بەڵام شانۆکارەکانیان لەبری کورتکردنەوەی کارەکانیان لەو کارەساتەدا، وایان کردووە ببێتە مایەی ئەفراندن بۆیان، کە ئەمەش مۆرکێکی تایبەت بە بەشداریی و کارەکانی ئەو شارە دەبەخشێت.
بەڵام بە پێچەوانەی سەرجەم ئەم بۆچوونانەی کە جەخت لە بوونی جیاوازی یان پێویستیی دروستکردنی جیاوازییەکی تایبەتمەند دەکەنەوە، یوسف عوسمان دیدگایەکی تەواو جیاواز و پێچەوانەی هەیە. ئەو ڕای وایە، کە لە ڕووی ناوەڕۆک و فۆرمەوە هیچ جیاوازییەکی جەوهەری لە نێوان فێستیڤاڵی شارەکاندا بەدی ناکرێت و تەنها جیاوازییەکی بەرچاو، کە هەبێت، بریتییە لە شوێن و لایەنە جوگرافییەکەیان. یوسف پێی وایە ئەو ناوانەی لێیان دەنرێت وەک ”ناوخۆیی” یان ”نێودەوڵەتی” تەنها جیاوازیی ڕووکەشین؛ چونکە فێستیڤاڵەکان خاوەنی ستراتیژێکی تایبەت نین، کە مۆرکێکی جیاواز بە شارێک ببەخشێت، بەڵکو هەموویان بە یەک ڕێچکەدا دەڕۆن و تەنها ناوی فێستیڤاڵەکان دەگۆڕێن بێ ئەوەی لە ناوەڕۆک و شێوازی بەڕێوەچووندا تایبەتمەندییەکیان هەبێت، کە لە یەکتریانی جیا بکاتەوە.
سەبارەت بە کاتی سازدان و شێوازی دابەشبوونی فێستیڤاڵەکان، دەنگی شانۆکاران بە تەواوی یەکدەگرێتەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەنجامدانی هەڕەمەکی و ساڵانەی بێ پلان. شکۆ عومەر و یوسف عوسمان لە یەک خاڵی جەوهەرییەوە دەست پێدەکەن، ئەویش خستنەڕووی پرسیاری ”بۆچی فێستیڤاڵ ساز دەکەین؟”. شکۆ پێی وایە مەرج نییە فێستیڤاڵ بە شێوەی ساڵانە بکرێت بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوو دابنرێت، بگرە وەستان بۆ ساڵێک یان زیاتر بە مەبەستی بەخۆداچوونەوە و بیرکردنەوە، دەبێتە هۆی بوژانەوەی فێستیڤاڵەکە. یوسفیش بە هەمان ئاراستە پێی وایە مەرج نییە هەموو ساڵێک لە هەموو شارەکاندا بکرێت، چونکە ئەمە کوالێتی دادەبەزێنێت، هاوکات ڕەخنەی توند لەو چاولێکەرییە دەگرێت کە لە نێوان شارەکاندا دروست بووە تەنها بۆ لاساییکردنەوەی یەکتر، بێ گوێدانە پێویستییە هونەرییەکە.
ئەم پێویستییە بە پلان، لای سەفین ئەنوەر و دیاری عومەر دەرگەی بەراوردکارییەکی دروست دەکاتەوە لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو. هەردووکیان باس لە نەریتی ئەوروپی دەکەن، کە ساڵێک پێشوەختە (بۆ نموونە لە ٢٠٢٦ بۆ ٢٠٢٧) پلانی فێستیڤاڵ دادەنرێت. سەفین لە ڕووی هونەری و تەکنیکییەوە جەخت لەم جۆرە پلانە دەکاتەوە؛ کە دەبێت پێشوەختە جۆری فێستیڤاڵەکە دیاری بکرێت، ماڵپەڕی فەرمی هەبێت، پێوانەی قەبارەی هۆڵەکان بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی تیپەکان بزانن دیکۆرەکانیان دەگونجێت یاخود نا. هەروەها داوا دەکات خەڵاتەکان تەنها لەسەر بنەمای لێهاتوویی دابەش بکرێن، نەک بۆ هاوسەنگی و ڕازیکردنی لایەنەکان، کە زیان بە کوالێتی دەگەیەنێت.
بەڵام لە بەرامبەر ئەم وێنە نموونەییەی پلاندا، لێدوانەکان واقیعێکی جیاواز و پێچەوانە دەخەنە ڕوو. دیاری عومەر واقیعی دارایی هەرێمی کوردستان وەک بەربەستێکی گەورە دەبینێت، کە کاتێک شایستەی دارایی فەرمانبەران دیار نەبێت کەی وەردەگیرێت، دانانی پلانی دارایی ساڵانە و پێشوەختە بۆ فێستیڤاڵ کارێکی مەحاڵە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ڕووی هونەرییەوە پێی وایە دەبێت وەزارەتی ڕۆشنبیری بە ستراتیژ کار بکات و ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی فێستیڤاڵەکان (بۆنموونە ئەنجامدانی دوو فێستیڤاڵی شانۆی شەقام لە یەک کات و شوێندا).
لەلایەکی دیکەوە و لە گۆشەنیگایەکی تەواو پێچەوانە سەبارەت بە جوگرافیای دابەشبوونەکە، یوسف عوسمان سەرەڕای ڕەخنەگرتنی لە خراپیی ژێرخان و چاولێکەری، بەڵام بایەخێکی زۆر بە ئەنجامدانی فێستیڤاڵ لە شارۆچکە و قەزاکاندا دەدات. ئەو ئەمە وەک ستراتیژێکی پێویست دەبینێت بۆ ناساندنی شانۆ و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەو ناوچانەی، کە شانۆ تێیاندا وەک شارە گەورەکان گەشەی نەکردووە، بەو مەرجەی لەسەر بنەمای پێویستی ناوچەکە بێت نەک پڕکردنەوەی کات.
سەبارەت بە هەبوونی پلان و ستراتیژییەتی درێژخایەن بۆ بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکان، زۆرینەی دیدگای شانۆکاران لەسەر وێنەیەکی ڕەخنەگرانە و نەرێنی یەکدەگرێتەوە کە هۆکارەکەی بۆ قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێننەوە. سەفین ئەنوەر لە خوێندنەوەیەکی مێژووییدا، ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ بە قۆناغێکی زێڕین بۆ پلاندانان دادەنێت، بەڵام پێی وایە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـەوە بەهۆی شەڕی داعش و تەنگژە داراییەکانەوە، بودجەی فێستیڤاڵەکان بۆ ”سفر” دابەزیوە. ئەمەش وایکردووە ستراتیژییەت پەکیبکەوێت و فێستیڤاڵەکان ببنە چالاکیی ”کتوپڕ”، کە بەهۆی پەلەپەلەوە پەنا بۆ نمایشی دووبارە دەبرێت و بینەر سارد دەکاتەوە. سەفین دەگاتە ئەو دەرەنجامەی، کە زۆرێک لە فێستیڤاڵەکانی ئێستە تەنها بۆ پڕکردنەوەی ڕاپۆرتی چالاکییەکانن نەک پێشخستنی ڕەوتی شانۆ.
یوسف عوسمان بە تەواوی هاوڕایە لەگەڵ ئەم بۆچوونە و بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنێت، کە لە هەرێمی کوردستان خاوەنی هیچ فێستیڤاڵێک نین ستراتیژییەتی درێژخایەنی هەبێت. ئەو پەککەوتنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ چەندین ساڵ بە بەڵگەی ئەم بێپلانییە دەهێنێتەوە. یوسف ئاماژە بەوە دەکات، کە هەرێمی کوردستان ”لەناو کورەیەکدا بڵق دەدات” و ئەم ناسەقامگیرییە سیاسی و ئابوورییە داڕشتنی هەر ستراتیژییەتێکی مەحاڵ کردووە. دیاری عومەریش بە هەمان ئاراستە، بوونی پلانی درێژخایەن لە ناوچەیەکی پڕ ململانێدا بە ئەستەم دەزانێت و پێی وایە کاتێک دەیان پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە نیوەناچڵی جێهێڵدراون، گرنگیی کاری شانۆیی ناکەوێتە پێشەوە. ئەو پێشنیارێکی پراکتیکی دەخاتە ڕوو، کە لەبری ئەوەی بڕە پارەیەک تەنها بۆ ناوی فێستیڤاڵ سەرف بکرێت، باشترە بدرێتە شانۆکاران بۆ ئەنجامدانی کاری باش تا شانۆ بەردەوام بێت.
بەڵام لەبەرامبەر ئەم وێنە تاریک و بێئومێدکەرەی واقیعی فێستیڤاڵەکاندا، شکۆ عومەر دیدگایەکی تەواو پێچەوانە و گەشبینانە دەخاتە ڕوو، کە وەک ئیستسنایەک لە ناوەندەکەدا دەردەکەوێت. ئەو وەک ڕێکخەری فێستیڤاڵی شانۆی کەرکوک، بەرگری لە ئەزموونەکەیان دەکات و بە دڵنیاییەوە ڕایدەگەیەنێت، کە فێستیڤاڵەکەیان خاوەنی دیدگا و ستراتیژییەتی تایبەت بە خۆیەتی. شکۆ ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ هەر خولێک لانی کەم شەش مانگ ئامادەکاری دەکەن، گرنگی بە نمایشی ئۆرجیناڵ، پاراستنی جێندەری، شانۆکاری گەنج و پانتایی تیۆری دەدەن، کە ئەمەش وایکردووە فێستیڤاڵەکەیان ببێتە یەکێک لە گرنگترینەکانی ناوەندی کولتووری کوردی.
لەکۆتاییدا و سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنە قورسانەی لەسەر بێپلانی و کتوپڕیی فێستیڤاڵەکان هەیە، یوسف عوسمان لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە وێنەکە هاوسەنگ دەکاتەوە؛ ئەو پێی وایە لەم دۆخە چەقبەستووەدا کە بەرهەمهێنانی شانۆیی زۆر کەم بووەتەوە و هیچ پاڵپشتییەک نییە، فێستیڤاڵەکان دەبنە هەناسەیەک بۆ شانۆکاران. سەرەڕای کەمایەسییەکان، فێستیڤاڵ تەنها دەروازەیە بۆ ئەوەی هونەرمەندان لە کارەکانیان بەردەوام بن و وزەیەکی نوێ بە جەستەی شانۆی کوردی ببەخشنەوە.
لە پرسیارکردن دەربارەی گرنگی و کاریگەریی فێستیڤاڵە شانۆییەکان لە هەرێمی کوردستان و قەبارەی سوود و زیانەکانیان، دیدگای شانۆکاران لەسەر هێڵێکی پێچەوانە و دژبەیەک دەڕوات؛ لە گەشبینییەکی سۆزدارییەوە بۆ ڕەخنەیەکی توند و ڕادیکاڵانە.
لە گۆشەنیگایەکی ئەرێنییەوە، شکۆ عومەر پێی وایە هیچ فێستیڤاڵێک لە کوردستان بێ گرنگی نییە، چونکە لانی کەم دەبێتە وێستگەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و نزیکبوونەوەی شانۆکاران. ئەو ئەو چەند ڕۆژەی فێستیڤاڵ بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ وتووێژی کولتووری، ڕووبەڕووبوونەوەی بۆچوونە دژەکان، و تەنانەت دەربڕینی سهرمهستانهی دهردهكانیان لە ناو شانۆدا، بۆیە پێی وایە نابێت بیر لە ڕاگرتنیان بکرێتەوە، بەڵام مەرجی جدییەت و بەرنامەڕێژی بۆ دادەنێت. دیاری عومەریش تا ڕادەیەک هاوڕایە کە هەموو چالاکییەک ئەگەر ڕووناکی ببینێت گرنگی خۆی هەیە و ژێرخانی کولتووری دەگۆڕێت، بەڵام لەگەڵ ئەم گەشبینییەدا، ددان بە ڕاستییەکی تاڵدا دەنێت، کە هونەری شانۆ لە قۆناغی پاشەکشە و متبوونێکی ناجۆردایە، و کەمیی ژمارەی نمایشەکانیش بە بەڵگەی ئەم دۆخە دەهێنێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم تێڕوانینەدا کە فێستیڤاڵەکان بە بونیادنەری ژێرخان دەبینن، سەفین ئەنوەر و یوسف عوسمان ڕەخنە لە فۆڕم و ناوەڕۆکی فێستیڤاڵەکان دەگرن. سەفین بە بەراوردکردن لەگەڵ وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا، ئاماژە بەوە دەکات، کە لەوێ فێستیڤاڵ بە هەڵسەنگاندن و ئەرشیفکردن کۆتایی دێت، بەڵام لە کوردستان فێستیڤاڵ وەک دوکانێک وایە، کە کاتی کارکردنی تەواو بوو دادەخرێت و هیچ داتایەک بۆ مێژوو نامێنێتەوە، ئەمەش وایکردووە دەستکەوتەکان وەک هەڵم ون ببن. یوسف عوسمانیش بە هەمان ئاراستە، کێشەکە لە نەبوونی ستراتیژییەتی کولتووری و قووڵایی نەتەوەییدا دەبینێتەوە. ئەو پێی وایە شانۆ دەبێت ”قوتابخانەیەک بێت بۆ گەل” و داستان و مێژووەکەمان نیشانی دەرەوە بدات، بەڵام فێستیڤاڵەکانی ئێستە ئەم هێزەیان نییە. هەردووکیان (سەفین و یوسف) کۆکن لەسەر ئەوەی فێستیڤاڵەکان پێویستە لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە بەڕێوەببرێن و لە دووبارەبوونەوە ڕزگاریان بێت، بە جۆرێک هەر فێستیڤاڵێک تام،
بۆن و ڕەنگێکی تایبەت بە خۆی هەبێت.
بەڵام کاتێک دێتە سەر دیدگای دانا ڕەئووف، وێنەکە بە تەواوی پێچەوانە دەبێتەوە و ڕەخنەکان دەگەنە لوتکە. دانا ڕەئووف لە ڕوانگەیەکی مێژوویی و ئەکادیمییەوە دەچێتە نێو باسەکە و بە بەراوردکردنی فێستیڤاڵەکانی کوردستان لەگەڵ فێستیڤاڵە دێرینەکانی وەک دیونسیۆسی یۆنانی و فێستیڤاڵە هاوچەرخەکانی وەک ئەڤینۆن و بەرلین، واقیعی شانۆی کوردی ڕووت دەکاتەوە. ئەو پێی وایە فێستیڤاڵەکانی جیهان لەسەر بنەمای هزر، دیدی سیاسی و ئیستاتیکی، و لە ڕێگەی لیژنەی پسپۆڕی گۆڕاوەوە بەڕێوەدەچن، بەڵام ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت، پرۆسەیەکی هەڕەمەکیی بێسەروبەرە و خاڵییە لە هەر پەیام و دیدێکی هونەری.
لە گۆشەنیگای دانا ڕەئووفەوە، فێستیڤاڵەکانی کوردستان نەک هەر خزمەتیان بە ڕەوتی شانۆ نەکردووە، بەڵکو بوونەتە ئامرازێک بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی و جۆرێک لە گەندەڵی و پارە سپیکردنەوە. ئەو بە زمانێکی زۆر ڕەخنەگرانە وەسفی دۆخەکە دەکات و دەڵێت، فێستیڤاڵەکان بوونەتە موڵکی چەند کەسێک، کە لەژێر سێبەری حیزبدا وەک ماڵەباجێنە دایاندەمەزرێنن و تەنها ئامانجیان ئەوەیە بڵێن چەند وڵاتێک بەشداری کردووە. ئەو پێی وایە هێنانی چەند گروپێکی شەق و شڕ لە وڵاتانی دراوسێ یان نمایشی ئاست نزمی ئەوروپی، فێستیڤاڵ ناکاتە نێودەوڵەتی.
ڕەخنەکانی دانا ڕەئووف تەنها لە فۆڕم و ناوەڕۆکدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەچێتە سەر قووڵایی کێشەی ژێرخانی هونەری. ئەو هاوڕایە لەگەڵ ئەو بۆچوونەی کە فێستیڤاڵەکان هیچیان لە یەکتر جیاواز نین و تەنها دووبارەبوونەوەی هەمان دەموچاون، بەڵام جەخت لە کارەساتێکی گەورەتر دەکاتەوە؛ ئەویش نەبوونی هۆڵی شانۆییە. هەربۆیە پرسیارێکی لۆژیکی دەخاتە ڕوو: لە کاتێکدا پایتەختێکی وەک هەولێر یان شارێکی وەک کەرکوک یەک هۆڵی ستانداردی شانۆییان نییە، چۆن دەکرێت پارەیەکی زەبەلاح بۆ فێستیڤاڵی چەند ڕۆژە خەرج بکرێت؟ ئەو پێی وایە ئەگەر ئەو پارەیە بدرایە بە دروستکردنی هۆڵ، خزمەتێکی یەکجار گەورەتر بە شانۆی کوردی دەگەیشت. هاوکات ڕەخنەی توند لە بەخۆڕاییکردنی نمایشەکان لە فێستیڤاڵەکاندا دەگرێت و وەک “مەولوود” وەسفی دەکات، کە تێیدا میوانەکان بە قاتی ڕەسمییەوە لەسەر حیسابی خەڵک دەخۆن و دەنوون، بێ ئەوەی سوودێکیان هەبێت.
دانا ڕەئووف وەک دوا چارەسەر و ستراتیژییەتی جێگرەوە بۆ ئەم “پاشاگەردانییە” کە بە هزرێکی “عەشایەری” نەک شارستانی بەڕێوەدەچێت، داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم فێستیڤاڵەکانی ئێستە دەکات بێ هیچ جیاوازییەک. لەبری ئەمە، ئەو پڕۆژەیەکی دامەزراوەیی پێشنیاز دەکات کە تێیدا بودجەی فێستیڤاڵەکان بدرێتە تیپە شانۆییەکان بۆ بەرهەمهێنان و وۆرکشۆپ، بۆ ئەوەی دەرگەی هۆڵەکان بەردەوام بەڕووی بینەردا کراوە بن.
ستراتیژییەتی درێژخایەنی دانا ڕەئووف خۆی لە دروستکردنی تەنها یەک فێستیڤاڵی نیشتیمانییدا دەبینێتەوە بە ناوی “فێستیڤاڵی شانۆی کوردی”، کە ساڵانە بە شێوەی خولی لە شارێک (سلێمانی، کەرکوک، هەولێر، دهۆک) سازبکرێت. ئەو مەرجی سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەش دەبەستێتەوە بە دوورخستنەوەی تەواوەتی دەستی حیزب و سپۆنسەری حیزبی، و گەڕاندنەوەی بەرپرسیارێتییەکان بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری. بە جۆرێک کە لیژنەیەکی پسپۆڕی بێلایەن (کە ساڵانە بگۆڕدرێن)، باشترین نمایشەکانی ساڵ لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان هەڵبژێرن بۆ ئەم فێستیڤاڵە ناوەندییە، تاکو فێستیڤاڵ بگەڕێتەوە بۆ پێگە ڕاستەقینە مێژووییەکەی خۆی و خزمەت بە گەشەکردنی هونەری شانۆ بکات لە کوردستان.
ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.