دیار عومەر

فۆرمی درێژی ئیمپرۆ (Long-form Improv) شێوازە نمایشێکە لە شانۆی ئیمپرۆ (بێ ئامادەکاریی پێشوەختە)، کە تێیدا گروپێک لە ئەکتەران نمایشێکی تەواو تەنها بە وەرگرتنی یەک پێشنیاری سادە لە بینەرانەوە، نمایشدەکەن، کە لەوانەیە ٢٥ بۆ ٦٠ خولەک بخایەنێت.

بە پێچەوانەی فۆرمی کورت، کە پشت بە خێرایی و یاسای دیاریکراو دەبەستێت، فۆرمی درێژ زیاتر لە فیلمێکی سینەمایی یان شانۆگەرییەکی ڕاستەقینە دەچێت.

جیاوازیی نێوان کورتەفۆرم و درێژەفۆرم

تایبەتمەندیفۆرمی کورت فۆرمی درێژ
کات٣–٥ خولەک بۆ هەر کایەیەک٢٥–٦٠ خولەک بۆ یەک نمایش
ئامانجپێکەنین و کۆمیدیای خێراگێڕانەوەی چیرۆک و دۆزینەوەی مانا
پێکهاتەپشت بە یاسای یارییەکان دەبەستێتپشت بە پەیوەندیی نێوان ئەکتەرەکان دەبەستێت

تێبینی: فۆرمی درێژ پێویستیی بە هەماهەنگییەکی یەکجار زۆر و گوێگرتنی چالاک لەنێوان ئەکتەرەکاندا هەیە، چونکە هیچ دەقێک نییە و دەبێت هەر وشەیەک، کە دەوترێت لە بیریان بێت تا دواتر بەکاری بهێننەوە و چیرۆکی لەسەر دروستبکەن.

مێژووی فۆرمی درێژی ئیمپرۆ

مێژووی ئەم فۆرمەی ئیمپرۆ لە گەشتێکی سەرنجڕاکێش دەچێت، کە لە ئەمریکا دەستی پێکرد و ئاراستەی ئیمپرۆی گۆڕی لە کۆمیدیاوە بۆ شانۆیەکی فرە ڕەنگ و هەمەلایەن، چونکە پێشتر و بە تایبەت فۆرمی کورتی ئیمپرۆ بە کۆمیدیا ناوی دەرکردبوو.

ئەم مێژووە بە شێوەیەکی سەرەکی بە چەند ناوێکی دیار و شا ڕێکی وەک شیکاگۆوە بەستراوەتەوە.

لێرەدا قۆناغە سەرەکییەکانی دروستبوونی ئەم هونەرە دەخەینە ڕوو:

١. ڕەگ و ڕیشە: ڤایۆلا سپۆلین (١٩٤٠ و ١٩٥٠)کان

هەرچەندە سپۆلین وەک دایکی فۆرمی کورت دەناسرێت، بەڵام بنەماکانی سپۆلین بوونە هەوێنی فۆرمی درێژ. ئەو کۆمەڵێک یاریی شانۆیی Theater Games)) داهێنا بۆ ئەوەی ئەکتەر بەتەواوەتی ئازاد بێت لەوەی، کە چۆن دەجووڵیتەوە و جەستەی بەکاردەهێنێت و خەیاڵدانی فراوان و ئازاد بێت. کوڕەکەی سپۆلین، پۆڵ سیڵز، ئەم تەکنیک و یارییانەی برد بۆ ناو کاری پیشەگەری و لە ساڵی ١٩٥٩دا گرووپی (The Second City) لە شیکاگۆ دامەزراند.

٢. شۆڕشی هارۆڵد و دیل کلۆز (١٩٦٠ و ١٩٧٠)کان

دیل کلۆز (Dale Close) کەسایەتییەکی هەرە گرنگە لە مێژووی فۆرمی درێژدا. لە کاتێکدا هەموان خەریکی فۆرمی کورتی ئیمپرۆی کۆمیدی بوون، دیل کلۆز پێی وا بوو ئیمپرۆ دەتوانێت شتێکی زۆر قووڵتر و فەلسەفی و هونەریتر بێت لەوەی، کە تەنها پێکەنین بێت.

لە ساڵی ١٩٦٧دا دیل کلۆز و گرووپی (The Committee) فۆرمێکی درێژی شانۆی ئیمپرۆیان داهێناو ناویان نا هارۆڵد. ئەمە یەکەمجار بوو، کە چەند دیمەنێکی جیاواز لە دەوری یەک بابەتی سەرەکی لە نمایشێکدا کۆبکرێنەوە و نمایشێکی درێژ دروست بکەن، کە سەرلەبەری ئیمپرۆ بێت.

٣. قوتابخانەی (ImprovOlympic (iO

لە ساڵی ١٩٨١دا، دیل کلۆز و چارنا هاڵپێرن لە شیکاگۆ بە شێوەیەکی ئەکادیمی دەستیان بە پەرەپێدانی فۆرمی درێژ لە ڕێگەی (iO) کرد. لەژێر ڕۆشنایی فەلسەفەیەکی دیار و ڕوونی  وەک تیمێک کار بکەن و پشتیوانیی هاوڕێکەت بکە. پاشان پەرتووکی Truth in Comedy))یان کردبوو بە بنەمایەکی سەرەکی بۆ فۆرمی درێژ و کۆمیدیا بەگشتی، لە زۆر شوێنی ئەم پەرتووکەدا پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێکەنین دەبێت لە ڕاستگۆیی و کارەکتەرەوە بێت، نەک لە تەنز و گاڵتەی سەرپێیی.

٤. بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا (١٩٩٠کان تا ئێستا)

لە کۆتایی نەوەدەکاندا، چوار خوێندکاری دیل کلۆز، کە بە (Upright Citizens Brigade) ناسرابوون، چوون بۆ نیویۆرک و قوتابخانەی UCBیان دامەزراند. ئەمە وای کرد فۆرمی درێژ لە شیکاگۆوە بگوازرێتەوە بۆ نیویۆرک و لۆسئەنجلۆس و ببێتە شوێنێک بۆ دەرکەوتن و دۆزینەوەی ئەکتەری تازە و لێهاتوو.

وەک ئاماژەم پێ دا، کە فۆرمی درێژ لە ڕووی پراکتیکییەوە لە ئەمریکا گەشەی سەند، بەڵام لە ڕووی فەلسەفی و تیۆرییەوە قەرزاری چەندین بیرمەند و دەرهێنەری گەورەی ئەوروپییە. بنەماکانی ئەم فۆرمە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەم سەرچاوانەوە سەرچاوە دەگرن:

١. کۆنستانتین ستانیسلاڤسکی

فۆرمی درێژ پێویستی بە ڕاستگۆیی لە نواندندا هەیە. ئەمەش ڕێک ئەوەیە، کە ستانیسلاڤسکی دەرهێنەر و تیۆریستی گەورەی ڕووسی جەختی لەسەر دەکردەوە، هەر ئەوەش نا، بەڵکو چەمکی ئەگەرە جادووییەکەی  ڕێک ئەوەیە، کە لە فۆرمی درێژدا داوا دەکرێت: گەر من لەم بارودۆخەدا بوومایە چیم دەکرد؟

٢. بێرتۆڵت برێشت

کاریگەریی برێشت لەسەر فۆرمی درێژ لە ڕێگەی نامۆبوون و شکاندنی دیوارە چوارەمەکەوە بوو. لە فۆرمی درێژی ئیمپرۆدا، ئەکتەرەکان زۆرجار لە کارەکتەرەکەیان دێنە دەرەوە، ڕووداوەکان لە دیدگایەکی ترەوە دەبینن، یان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەر قسە دەکەن (وەک ئەوەی، کە لە فۆرمی ئارمادۆدا هەیە). ئەم جۆرە ئازادییەی گێڕانەوە لە برێشتەوە وەرگیراوە.

(لە شانۆی ئیمپرۆدا، فۆرمی درێژی ئارماندۆ یەکێکە لە ناسراوترین فۆرمە درێژەکان. ئەم شێوازە تێکەڵەیەکە لە چیرۆکی ڕاستەقینەی ژیان و نواندنێکی کۆمیدیی خێرا. ئەم فۆرمە بەناوی ئارماندۆ دیاز (Armando Diaz)ەوە ناونراوە، کە مامۆستا و نواندنکاڕێکی دیاری ئیمپرۆ بوو لە شیکاگۆ. ئەم شێوازە لە ناوەڕاستی نۆهەتەکانی سەدەی ڕابردوو لە شانۆی iO گەشەی پێ درا.)

٣. ئانتۆنین ئارتۆ

فەیلەسوف و دەرهێنەری فەرەنسی، کە خاوەنی بیرۆکەی شانۆی توندوتیژیبوو. ئەو بڕوای وا بوو شانۆ دەبێت ڕاستەوخۆ کار لەسەر هەست و هەستەوەرەکانی بینەر بکات، نەک تەنها لەسەر لۆژیک و بیرکردنەوەیان. ئارتۆ شانۆی وەک شتێک زیاتر لە تەنها گێڕانەوەی چیرۆک یان نواندنی دیالۆگ دەبینی. ئەو پێی وا بوو شانۆ دەتوانێت هێزێکی مێتافیزیکی و جادوویی هەبێت و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سۆز و ناخی بینەر دروست بکات. ئارتۆ دەیویست بینەر ڕووبەڕووی هەندێک لایەنی شاراوەی ژیانی ڕاستەقینە، بەتایبەتی لایەنە تاریک و غەریزییەکەی، بکاتەوە. ئەو پێی وا بوو شانۆ دەتوانێت وەک جۆرێک لە پاکبوونەوە و چارەسەر کار بکات و بینەر لە خەفەت و ئازارەکانی ڕزگار بکات.

دیل کلۆز زۆر سەرسام بوو بە ئارتۆ. ئەو پێی وا بوو ئیمپرۆ دەبێت کارێکی ئەزموونی بێت و بینەر تووشی سەرسوڕمان بکات. بیرۆکەی ئەوەی، کە نمایش لەم ساتەوەختە و ئێستا دروست دەبێت و نامێنێت، ڕەگێکی لە فەلسەفەی ئارتۆدا هەیە.

٤. ڤایۆلا سپۆلین و نەریتە سۆسیۆلۆژییەکان

سپۆلین، کە بنچینەی ئەم هونەرەی دانا، زۆر کاریگەر بوو بە بیرۆکەکانی نێڤا بۆید، کە پێدەگۆگ و سۆسیۆلۆژیست بوو. بۆید بڕوای وا بوو، کە گەمە و یاری،باشترین ڕێگەن بۆ فێربوون و ئازادبوونی مرۆڤ، نێڤا بۆید دەیگوت:

 یاریکردن تەنها بۆ کاتبەسەربردن نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی فێربوونی قووڵە. مرۆڤ فێری کارلێکی کۆمەڵایەتی دەکات، تاکەکان لە ترس و شەرم ڕزگار دەکات، چونکە سەرنجیان لەسەر ”ئەنجامدانی یارییەکە”یە نەک ”خۆیان”، هەروەها خەیاڵ و داهێنان گەشە پێ دەدات.

ڤیۆلا سپۆلین لەژێر کاریگەریی فەلسەفەکەی بۆید یارییەکانی گۆری بۆ سیستەمێکی شانۆیی، یارییە شانۆییەکانی ڤیۆلا بوون بە بنچینەی ئیمپرۆ.

کاریگەرییەکانی سپۆلین لەم خاڵانەدا کورت دەکەینەوە:

جەخت لەسەر ”بەڵێ وە…”  (Yes, And…)یان (بەڵی و پاشان…) ئەم پرەنسیپە، کە لەلایەن قوتابییەکانییەوە پەرەی پێ درا، بنەمایەکی سەرەکیی ئیمپرۆیە. ماناکەی ئەوەیە، کە کاتێک ئەکتەرێک گێرانەوەیەک، بیرۆکەیەک یان بڕیارێک دەخاتە ڕوو، ئەوانی تر دەبێت لێی قبووڵ بکەن (بەڵێ) و دواتر شتێکی نوێی بۆ زیاد بکەن. ئەمە یارمەتیی دروستکردنی چیرۆک و دیمەنی هاوبەش دەدات.

سپۆلین کۆمەڵێک یاریی و ڕاهێنانی تایبەتی داهێنا، کە مەبەستیان گەشەپێدانی مێشک و جەستەی ئەکتەران بوو بۆ ئیمپرۆ. ئەم یارییانە زۆربەیان لەسەر بنەمای داهێنان، گوێگرتن، کاردانەوەی خێرا و هاوبەشبوون دامەزراون.

باکس یان دابەشکردن یەکێک لە فۆڕمە درێژە گرنگەکانی ئیمپرۆیە، لە بنەڕەتدا باکس یارییەکی ڤیۆلا سپۆلینە و پەرەی پێ دراوە. باکس ڕێگە بە ئەکتەران دەدات، کە کاراکتەری نوێ دروست بکەن، دیمەنی نوێ پێشکەش بکەن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ کاراکتەرەکانی پێشووی خۆیان.

ڕاهێنانەکانی ڤیۆلا ئیمپرۆڤیساتۆرەکانی هاندەدا، کە تیشک بخەنە سەر ئەوەی، لە ئێستا و لێرە چی ڕوودەدات. ئەمەش یارمەتی دروستکردنی دیمەنی زیندوو و ڕاستەقینە دەدات.

بەکورتی، ڤایۆلا سپۆلین بنەما و تەکنیکەکانی بۆ ئیمپرۆ دانا، ئەم بنەمایانە بوون بە بناغەی فۆڕمە درێژەکان، بەتایبەتی ئەو فۆڕمانەی، کە پشت دەبەستن بە هاوبەشبوون، داهێنان و گەشەپێدانی کاراکتەر و چیرۆک لە کاتی نمایشەکەدا.

بۆ فۆرمی درێژ؟

دیل کلۆز فۆرمی درێژی وەک یاخیبوونێک دژی بارودۆخی ئەو کاتەی شانۆ و کۆمیدیا داهێنا. ئەو پێی وا بوو، کە ئیمپرۆ توانای زۆر زیاتری هەیە لەوەی تەنها ببێتە کایەیەکی خێرا بۆ پێکەنین.

لێرەدا هۆکارە سەرەکییەکانی داهێنانی ئەم فۆرمە لەلایەن ئەوەوە دەخەینە ڕوو:

١. ڕاکردن لە کۆمیدیای جۆک (Gag-based Comedy) زاراوەی (Gag-basedComedy) ئاماژەیە بۆ جۆرێکی کۆمیدیا، کە زۆرترین جار پشت بە نوکتەی خێرا، جوڵەی پێکەنیناویی جەستەیی یان قسەی تەنزئامێز دەبەستێت بۆئەوەی بینەر بخاتە پێکەنین، بەبێ ئەوەی گرنگییەکی ئەوتۆ بە قووڵایی چیرۆکەکە یان گەشەی کارەکتەرەکان بدرێت.

لە ساڵانی شەستەکاندا، فۆرمی کورتی ئیمپرۆ تەنها بۆ خستنەپێکەنینی بینەر بوو. دیل کلۆز لەمە بێزار بوو؛ ئەو دەیگوت: کە ئەمە وەک خواردنی خێرا وایە، تامێکی خۆشی کاتیی هەیە بەڵام مرۆڤ تێر ناکات و تامەکەی زوو دەڕوات. ئەو دەیویست جۆرە کۆمیدیایەک دروست بکات، کە قووڵ و مانادار و هونەری بێت.

٢. گەڕان بەدوای ڕاستی

دیل کلۆز بڕوای وا بوو، کە ژیانی ڕاستەقینە خۆی لەخۆیدا پێکەنیناوییە، پێویست ناکات گاڵتە بکەین یان پەنا بۆ نوکتە و جووڵەی زێدەڕۆ ببەین تەنیا بۆئەوەی بینەر پێبکەنێت. ئەو پێی وا بوو، ئەگەر ڕێگە بدەین دیمەنەکان درێژە بکێشن، ئەوا ئەکتەرەکان ناچار دەبن لە قسەی سەرپێی دوور بکەونەوە و بچنە ناو قوڵایی هەست و پەیوەندییە مرۆییەکانەوە. لەوێدا، ڕاستییەک دەدۆزرێتەوە، کە زۆر کاریگەرترە لە کۆمیدیایەکی دروستکراو.

کاریگەریی ئەم فەلسەفەیە لەسەر سینەما و تەلەفزیۆن بەڕوونی دەرکەوت، زۆرێک لە ئەکتەرە گەورەکانی وەک بێڵ مۆری Bill Murray)) و ئیمی پۆلەر Amy Poehler)) خوێندکاری دیل کلۆز بوون و فەلسەفەی ڕاستگۆیی لە نواندنیان بۆ ناو هۆڵیوود برد، ئەمەش وای کرد شێوازی کۆمیدیای جیهانی لە نوکتەی وشکەوە بگۆڕێت بۆ کۆمیدیای کارەکتەر و بارودۆخ.

٣. ئیمپرۆ وەک هونەرێکی باڵا

دیل کلۆز حەزی دەکرد ئیمپرۆ وەک جۆرەکانی تری هونەر (وەک جاز یان نیگارکێشیی مۆدێرن) لێ بکات. ئەو دەیویست بیسەلمێنێت، کە گروپێک ئەکتەر دەتوانن بەبێ دەق، بەرهەمێکی شانۆیی دروست بکەن، کە لە ڕووی ئاڵۆزی و تێماو و چیرۆک و کارەکتەرەوە هیچ جیاوازییەکی نەبێت لەگەڵ شانۆگەرییەکانی شەکسپیر و مۆلێر.

٤. گەیشتن و گرێدانەوەی مێشکی گروپ

دیل کلۆز تێبینی کرد کاتێک ئەکتەرەکان بۆ ماوەیەکی درێژ پێکەوە لەسەر شانۆ دەبن ئەوا جۆرە پەیوەندییەکی تێلەپاتی لە نێوانیاندا دروست دەبێت. ئەم پەیوەنییە هەموو ئەکتەرەکان دەکاتە خاوەن مێشکێکی یەکانگیر، هاوشێوەی دەستە باڵندەیەک وایە، کە لە ئاسماندا دەفڕن؛ هیچ سەرکردەیەک نییە، کە بڵێت کەی بسووڕێنەوە، بەڵکو هەموویان پێکەوە وەک یەک جەستە دەجوڵێن. لە ئیمپرۆشدا، کاتێک دەگەیتە ئەم قۆناغە، ئیتر تۆ نواندن ناکەیت، بەڵکو تۆ بەشێکیت لە ژیانێکی ڕاستەوخۆ، کە لەو چرکەساتەدا لەدایک دەبێت. ئەم ئامانجەی دیل کلۆزیش تەنیا لە ژێر چەتر ئیمپرۆی درێژدا دەهاتە دی.

٥. کاریگەریی کولتووری هیپی و گۆڕانکارییەکان.

دیل کلۆز لە سەردەمی شۆڕشی فیکریی ئەمریکادا دەژیا. ئەو دەیویست سیستمە کلاسیکەکان بشکێنێت. فۆرمی درێژ بۆ ئەو وەک دیموکراسییەکی ڕەها وابوو، لەسەر شانۆ؛ هیچ دەرهێنەر و هیچ نووسەرێک نییە کە فەرمان بدات، بەڵکو هەموان لە هەمان ساتدا پێکەوە بڕیار دەدەن.

شانۆی ئیمپرۆ تەنیا هونەر نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەردەمی خۆیەتی. بۆ ئەوەی لەم کاریگەرییە تێبگەیت، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی ئەمریکا.

لێرەدا چەند ڕەهەندی سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە فیکرییە ڕوون دەکەینەوە:

یەکەم: شکاندنی دەسەڵاتی تاک (دژە-دیکتاتۆرییەت)

لە شانۆی کلاسیکدا، سیستمەکە وەک هەڕەمێک بوو، دەرهێنەر لە لوتکەدایە و فەرمان دەدات، نووسەر یاساکان دیاری دەکات، ئەکتەر تەنیا ئامرازێکە بۆ جێبەجێکردن. دیڵ کڵۆز و نەوەی هیپییەکان دەیانویست ئەمە تێکبشکێنن. فۆرمی درێژ دیموکراسییەکی ڕەها بوو چونکە:

هیچ دەقێک نییە، کەواتە هیچ ڕاستییەکی پێشوەختە بوونی نییە.

هیچ دەرهێنەرێک نییە لە کاتی نمایشدا، ئەکتەرەکان خۆیان بڕیار دەدەن کەی دیمەنەکە بگۆڕن.

یەکسانیی تەواو: هیچ ئەکتەرێک پاڵەوان نییە و ئەوانی تر پەراوێز، هەموان بە هەمان ئەندازە بەرپرسن لە سەرکەوتن یان شکست.

دووەم: فەلسەفەی لێرە و ئێستا

کولتووری هیپی کاریگەرییەکی زۆری لە فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی (وەک زێن بوودیزم) وەرگرتبوو. دیل کڵۆزیش ئیمپرۆی وەک جۆرێک لە مێدیتەیشن دەبینی.

ئەو دەیگوت: لە مێشکتدا وەرە دەرێ.

مەبەستی ئەوە بوو، کە مرۆڤ دەبێت لەو خۆپەرستییەی، کە کۆمەڵگە فێریکردووە ڕزگاری بێت و خۆی بداتە دەست ساتەوەختەکە. ئەمە ڕێک وەک دروشمی هیپییەکان بوو بۆ ئازادیی مێشک لە قاڵبە چەقبەستووەکان.

سێیەم: تاقیکردنەوەی کۆمۆنە.

لەو سەردەمەدا کۆمۆنەکان (کۆمەڵە خەڵکێک کە پێکەوە دەژیان و هەموو شتێکیان بەش دەکرد) باوبوون. فۆرمی درێژی هارۆڵد لەڕاستیدا جۆرێک بوو لە کۆمۆنەی شانۆیی.

لەم فۆرمەدا، ئەگەر هاوڕێکەت هەڵەیەک بکات، تۆ ڕەخنەی لێ ناگریت، بەڵکو دەبێت وەک دیارییەک سەیری بکەیت و پەرەی پێ بدەیت.

ئەمە بنەمایەکی ئەخلاقی بوو، ئەگەر هاوڕێکەت باش دەربکەوێت، تۆش باش دەردەکەویت. ئەمە پێچەوانەی سیستمە سەرمایەدارییە پێشبڕکێکارەکەی شانۆی بازرگانی بوو.

چوارەم: ئیمپرۆ وەک شۆڕشێکی فیکری

دیل کڵۆز تەنیا پێکەنینی نەدەویست. ئەو دەیویست ئیمپرۆ وەک ئامرازێکی گۆڕانکاری بەکاربهێنێت. ئەو پێی وا بوو ئەگەر مرۆڤەکان بتوانن لەسەر شانۆ بەبێ پلان و بەبێ سەرکردە، شتێکی جوان و ڕێکخراو دروست بکەن، ئەوا دەتوانن لە ژیانی ڕاستەقینە و لەنێو کۆمەڵگەشدا بە هەمان شێوە بژین.

کورتەی ئەم فەلسەفەیە:

فۆرمی درێژ پەیامێکی سیاسی و مرۆیی لەپشت بوو: ئێمە پێویستمان بە سەرکردە نییە تا پێمان بڵێت چی بکەین، بەو مەرجەی بە ڕاستگۆیی گوێ لەیەکتر بگرین.

بە کورتی:

دیل کلۆز فۆرمی درێژی داهێنا چونکە دەیویست ئیمپرۆ لەنێو باڕ و یانە شەوانەکان دەربهێنێت و بیباتە ناو هۆڵە گەورەکانی شانۆ. ئەو دەیویست بیسەلمێنێت، کە زیرەکیی مرۆڤ لە ساتەوەختی ئێستادا بێسنوورە.

سەرچاوەکان:

  1. کتێبی شانۆی ئیمپرۆ دیار عومەر، بورهان قەرەداخی
  2. ئەزموونی چەندین ساڵەی خۆم لە بواری تیۆر و پراکتیکدا لە شانۆی ئیمپرۆ

ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.