محەمەد یەعقوبی

وەرگێڕانی: مەریوان ھەڵەبجەیی

(ئەپارتمانێکی دوو ژووری. پاشماوەی بەرچایی بەیانی بەسەر مێزەوەیە. فەرزاد بەرامبەر ئاوێنەیەکە. تەنیا شۆرتێکی لەپێدایە.)

فەرزاد: لەبنەمادا بەرلین پلوورالیزمە. بە باوەڕی بەرلین وەھمی گەورەی مرۆڤ مۆنیزم (monism)ـە. ھەر لەبەر ئەم ھۆیەش ئەو بە توندی یەکێکە لە نەیارە سەرسەختەکانی کۆمۆنیزم، فاشیزم یان ھەر ئەندێشەیەکی دۆگمای تر. بە باوەڕی ئەو ئامانجەکان و بەھاکان وەک کولتوور و خولقوخۆ زۆرن و بڵاو دەبنەوە، بەڵام بەرلین ڕاشکاوانە دەڵێت نابێت پلوورالیزم لەگەڵ ڕێژەییبووندا وەک یەک سەیر بکرێت. لە وتارێکدا بە ناونیشانی (ڕێگەی ھزریی من) ڕاشکاوانە نووسیویەتی: ”من ڕێژەگەرا نیم، ناڵێم من حەزم لە قاوەیە بە شیرەوە، ئێوە بەبێ شیر، بە ھەمان پێوەریش من میھرەبانی پەسەند دەکەم و ئێوە ئۆردوگاکانی کاری زۆرەملێ و مەرگ.” کەواتە پلوورالیزم ئەو بیروباوەڕ و بایەخانە دەگرێتەوە، کە لە دژی مرۆڤ یان گیاندارانی تر نییە. بەپێی بنەماکانی پلوورالیزم ئەگەری ئەوە ھەیە، کە مرۆڤەکان بە ئامانج و بەھا جۆراوجۆر و جیاوازەکانەوە لە دونیادا بوونیان ھەبێت و وەک پێویستییەک، دوژمنایەتی لەگەڵ یەکدا نەکەن، ئەمە واتە لیبرالیزم. ئاسانکاری و لیبرالیزم ئەنجامی بیرکردنەوەی پلوورالیزمە. لیبرالیزم نە زادەی چونیەکبوون و خودگەرێتییە، کە دەڵێ تەنیا ئامانجەکانی من ڕاستەقینە و ئامانجی کەسەکانی تر بێبایەخە، نە زادەی ئەو ڕێژەگەراییەشە کە دەڵێ بەھاکانی من ھی منە و بەھاکانی ئێوە بۆ ئێوەیە و کەس ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات ئەو ڕاست دەکات. ئایزیا بەرلین بڕوای وا بوو دوو وەھم مرۆڤی تووشی کێشە کردووە، یەکێکیان وەھمی ڕێژەیی. واتە ئەوەی، کە ھەموو بەھاکان کەم تا زۆر بایەخیان ھەیە و ڕاستن. ئەویتریشیان دەبێتە پێویستی و ھۆکار و ئەو دۆخەی دەبێتە ھۆی ئەو کارە بەو مانایەی مرۆڤ بە ناچاری دەکەوێتە دۆخی ناچارییەوە. بەم شێوە بیرکردنەوەیە، دەکرێت پاساو بۆ ھەر کارێک بھێنرێتەوە. ھەموو کەسێک دەتوانێت ھەر کارێک دەیەوێت بیکات، ھەر تاوانێک بکات، دواتر بڵێت نەیدەتوانی ئەو کارە ئەنجام نەدات چونکە وا پەروەردە بووە و بەپێی ویستی سروشتی خۆی وا بووە.

(فەرزاد لەم کاتەدا مۆبایلەکەی بێدەنگ دەکات. پاشان بە مۆبایلەکەی ژمارە تەلەفۆنی نۆرماڵەکەی ماڵەوەیان لێ دەدات. تەلەفۆنەکە ھەڵدەگرێت و لەسەر قەنەفەکە دایدەنێت. دەڕوات بەرەو لای مێزی تەلەفزیۆنەکە و وا خۆی نیشان دەدات سەیری ئەو ژمارە دەکات کە تەلەفۆنی کردووە.)

فەرزاد: (قسە لەگەڵ ژنەکەی دەکات کە لە ژوورێکی ترە) وەرە دایکتە. خۆت وەرە وەڵام بدەرەوە.

بە من چی.

(تەلەفۆن ھێشتا ھەر زەنگ لێ دەدات. فەرزاد تەلەفۆنەکە ھەڵدەگرێت)

فەرزاد: بەڵێ؟

سڵاو.

سوپاس. ئێوە چۆنن؟

لە ژووری نووستنە.

دەرگاکەی قوفڵ کردووە و نایکاتەوە بڕۆم جلەکانم لەبەر بکەم.

بەڵێ.

سەعاتێکی تر گفتوگۆی تەلەفزیۆنیم ھەیە و دەبێت جلەکانم لەبەر بکەم و ئامادە بم، بەڵام دەرگاکە ناکاتەوە. توخوا تۆ قسەیەکی لەگەڵدا بکە.

بەڵێ، تووڕەی کردووم. من بەم تووڕەییەوە نازانم چۆن بڕۆم بۆ گفتوگۆ.

مەھشید! دایکت دەیەوێت قسەت لەگەڵ بکات.

مەھشید!

وەڵام ناداتەوە.

نا، تکا دەکەم. خواحافیز.

(تەلەفۆنەکە دادەخات.)

بە ڕاستی بەداخەوەم بۆت. بۆ خۆشم بەداخەوەم. من کاتێک ناتوانم کاریگەری لەسەر تۆ دابنێم، گوو دەخۆم لەبارەی فەلسەفەوە قسە بکەم. کاتێک مرۆڤ نەتوانێت ژیانی خۆی چاک بکات، گوو دەخوات بانگەشەی ئەوە بکات فەلسەفە دەتوانێت ژیانی مرۆڤ بگۆڕێت… دەرگاکە بکەرەوە مەھشید. بەخوا دەرگاکە دەشکێنم! دیارە تۆ ھەر واشت دەوێ، ھەر لەبەر ئەوە من دەرگاکە ناشکێنم. ناتوانیت ناچارم بکەیت پەنا بۆ زۆر ببەم. پاشانیش داخم لێیە دواتر پارە بدەم بۆ چاککردنەوەی دەرگاکە. قونم دەدڕم تا پارە بەدەست بھێنم ئینجا بێم پارە بدەم بە چاککردنەوەی دەرگا؟ توخوا سەیرکە. بە سەعات پارەم دەدەنێ بۆ ئەوەی قسە بکەم ئینجا سەیرکە چۆن خەریکی کاتەکەم بەفیڕۆ دەدەیت. تووڕەم دەکەی ئەمە جگە لەوەی دواتریش دەبێت ئەم پارە داماوە بدەم بە دەروونناس بۆ ئەوەی چارەسەری من و تۆ بکات. تەنیا ئەوە بڵێم پەشیمان نیم لەو قسانەی کردم. مەحاڵە پاشگەز ببمەوە لە قسەکانم، ئەگەر لێرە و لە ماڵەکەی خۆمدا مافی ڕادەربڕینم نەبێت، گوو دەخۆم بانگەشە بکەم و بڵێم دەبێت مرۆڤەکان ئازاد بن و قسە بکەن. گوو دەخۆم دەربارەی پلوورالیزم قسە بکەم. دەرگاکە بکەرەوە مەھشید، ڕەوشتمت بەدڵ نییە؟ شێوازی بیرکردنەوەمت بەدڵ نییە، گوو دەخۆیت قبووڵت نییە. گەر پێت وایە تەڵاقت دەدەم، زۆر سەھوی. شتی وا نییە. من تا نەتگۆڕم تا ئەو بیرکردنەوە نەشیاوەت نەگۆڕم گوو دەخۆم بڵێم زیندووم.

(بە تەلەفۆنە نۆرماڵەکەیان ژمارەیەک لێ دەدات. مەشغوولە.)

ئایزیا بەرلین وتارێکی گرنگی دەربارەی چەمکی (intelligentsia)، پێشینەی مێژوویی ئەو وشەیە و جیاوازیی بونیادی ئەو لەگەڵ چەمکی (intellectual) ھەیە. لە ئێراندا وشەی ڕۆشنبیر لەبەرامبەر (intellectual) بەکار دەھێنین، بەڵام ھیچ وشەیەکی تایبەت بۆ (intelligentsia) نییە. لە وەرگێڕانەکاندا ھەمیشە ئەو وشەیەیان بە ڕۆشنبیر وەرگێڕدراوە یان بە مانای خوێندەوارەکان کە ھیچکامیان ڕاست نییە. بە ڕای بەرلین ناکرێت (intelligentsia) بە مانای خوێندەوارەکان بەکار ببرێت. لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت ھەم چەمک و ھەم وشەی (intelligentsia) ڕەچەڵەکی ڕووسییە و لە سەدەی نۆزدەدا دروست بووە. ڕووسیا لەو ساڵانەدا وڵاتێکی دواکەوتوو بوو، وەک ئەمڕۆ دەڵێن وڵاتێکی بەرەوگەشەکردن دەڕۆشت. وڵاتێکی دەرەبەگایەتی (فیۆداڵی) پڕ لە گوندی نەخوێندەوار و نیمچەبرسی و حکوومەتێک لە چەشنی ئەو حکوومەتانەی سیستمی فەرمانڕەواییەکەی بەدەست چەند خاوەندەسەڵاتێکی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوەیە، کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی دواکەوتوو، ئەو کڵێسایەی بەپێچەوانەی کڵێسای ڕۆماوە نەریتی گفتوگۆی ئەقڵانی تێدا نەبوو. باشە، لە وڵاتێکی وەھا دواکەوتوودا و گرفتاری ئیستیبدادی حکوومەتی سیاسی و دواکەوتوویی کڵێسا، بیرکردنەوەی ئازاد و دۆخی پێویست بۆ گەشەی بنەما ڕۆشنبیرییەکان بوونی نەبوو. گەر ھەشبوایە ھێندە بەھێز نەبوو بتوانێت ببێتە ڕەوتێکی سەرەکی و بەھێز لە کۆمەڵگەدا. ھەر لەبەر ئەم ھۆیەش بەبڕوای بەرلین بەدەر لە چەند ڕۆشنبیر کە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن و لە وتارەکەیدا ناوی ھێناون، ڕەوتی سەرەکی لە ڕووسیادا ھەمان ئەو ڕەوتە دەسەڵاتدار و بەھێزە بوو، کە بەرلین لەژێر ناونیشانی (intelligentsia) پۆلێنبەندیی دەکات. ئێستا بە ڕای بەرلین جیاوازیی ئەم دوو دەستەیە چییە؟ جیاوازییەکەیان لەوەدایە کە (intellectual) یان ڕۆشنبیری ئەندێشەبەرھەمھێنەرە و بۆ خۆی دەربارەی پرسە گرنگەکان خاوەن ئەندێشەی سەربەخۆیە، بەڵام (intelligentsia) خاوەن ئەندێشەیەکی تایبەت بە خۆی نییە. لە باشترین حاڵەتدا زیاتر قسەکەر و دووبارەکەرەوەی ئەندێشەی ئەوانی دییە. بەم ڕوونکردنەوەیەی بەرلین من پێم وایە دەبێت (intelligentsia) بە مانای کۆششکارانی کولتووری و سیاسی وەربگێڕدرێت، بۆ ئەوەی بکرێت ئەوان لە ڕۆشنبیران جیا بکرێنەوە. ئەوانەی کۆشش بۆ کولتوور و سیاسەت دەکەن و ھەر ھزر و ئەندێشەیەک پەسەند دەکەن و بەکاری دەبەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەی خۆیان بگۆڕن. کەواتە خۆبەخۆ چالاکەوانی سیاسییە بە ئامانجەکان و ھیوا و ئارەزووە سیاسییە دیاریکراوەکانییەوە. لە چالاکییە کولتوورییەکانی خۆیدا ئامانجێکی سیاسیی گرنگ لەبەرچاو دەگرێت بۆ گۆڕانکاری کردن لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەکەی خۆیدا و ئەو ڕێگەیە دەگرێتە بەر. بەپێی بنەما و بەھا ڕەوشتییەکانی خۆی ھونەر و ئەدەبیات و ھەر ھزر و ئەندێشەیەک بەدیاریکراوی لە خزمەتی کۆمەڵگەدا نەبێت و نەتوانێت وەک ئامرازێک لە خەباتی سیاسی و کولتووریدا بۆ باشبوون و گەشەی دۆخی کۆمەڵگە بەکاری بھێنێت، ڕەتی دەکاتەوە. لە ڕاستیدا (intelligentsia) یان کۆششکاری کولتووری و سیاسی، کە خاوەن ئازادیی ئەندێشە و بیرکردنەوەی ڕۆشنبیری سەربەخۆ نییە و لە بازنەی دەمارگیریی تیۆری و ئەخلاقیی خۆیدا تەنیا بەو بنەمایانەوە پابەندە، کە خەباتیان بۆ دەکات.

(بە تەلەفۆنە نۆرماڵەکە ژمارەیەک لێ دەدات. ھێڵەکە مەشغوولە)

لەسەر بنەمای جیاوازیی چەمک ئەم دوو وشە ڕووسییەی سەدەی نۆزدە لەگەڵ فەڕەنسا و ئینگلتەرای ئەو سەردەمەدا بەراورد دەکات و دەگاتە ئەو ئەنجامەی لەبەر ئەوەی ڕووسیا وڵاتی دواکەوتوو بووە و پێشینەی بیرکردنەوە و ڕۆشنبیرییەکی بەھێزی نەبووە، بۆ چالاکەوانان و کۆششکارانی کولتووری و سیاسیی ئەو وڵاتە لە نووسەران و شاعیرانەوە تا ڕۆژنامەنووس و مامۆستا و پارێزەر و پزیشک و ھتد… ئەوەی بایەخی ھەبوو کەڵکوەرگرتنی ناتەندروست لە ئەندێشە و ئەدەبیات بوو. ھەر لەبەر ئەم ھۆیە مرۆڤە دیارەکانی (intelligentsia) لە ڕووسیادا، نووسەری مەلزەمە سیاسییەکان، شاعیرە کۆمەڵایەتییەکان و بیرمەندانی سیاسی بوون بەتەواوی و وشیارانە کەڵکیان لە ئەدەبیات و تەنانەت لە ھەندێک حاڵەتدا لە ئەدەبیاتێکی زۆر ئاستنزمی وڵاتەکەیان وەردەگرت بۆ ناڕەزایەتیدەربڕینە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم کۆششکەرانە بە قووڵی بڕوایان وا بوو، دەبێت کۆمەڵگە بۆ ئەقڵانییەت و پێشکەوتن ئامادە بکرێت. کەواتە تەنیا یەک جۆر ئەندێشە و یەک جۆر ئەدەبیات، ئەدەبیاتی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ئەقڵانییەت و پێشکەوتن لە ڕوانگەی ئەوانەوە جێگەی بایەخپێدان و قبووڵکردن بوو. بەڵام ھەر لەو کاتەدا و لە پاریس بیرۆکە و ئەندێشە جۆراوجۆرەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لە بەرامبەر یەکدا بوون. بیروباوەڕەکان، ئایدۆلۆژیاکان، تیۆرییەکان، لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لە بەرامبەر یەکدا فەزای گشتییان بە بیروباوەڕەوە پێکدەھێنا. ھیچ ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت یان ھیچ سیستمێکی دیاریکراوی ماناکان و چەمکەکان نەیدەتوانی ھێندە زاڵ بن بەسەر کۆمەڵگەدا، کە کەشی دواکەوتوو و نەریتخواز دروست بێت.

(بە تەلەفۆنە نۆرماڵەکە، ژمارە لێ دەدات.)

سڵاو.

چۆنی؟

خۆ کاتێکی خراپ تەلەفۆنم نەکردووە؟

بابە ئەمە چ جۆرە خوشکێکە تۆ ھەتە؟

دەرگای ژووری نووستنی لە ناوەوە داخستووە. نایکاتەوە.

ھەموو جلەکانم لە ژوورەوەیە.

دەبێت سەعاتێکی تر، دیارە ئیتر ئێستا دەبێ کەمتر لە سەعاتێکی تر لە تەلەفزیۆن بم. بەڵێنی گفتوگۆم ھەیە.

ھەر لە خۆیەوە و لەسەر ھیچ.

ئاخر ئەوە ڕاستە کاتێک تۆ قسەی یەکێک قبووڵ ناکەی، بڕۆی دەرگای ژوورەکە قوفڵ کەیت و نەھێڵی مرۆڤ جلەکانی لەبەر بکات؟

ئەمە ڕاستە میھران؟

ئیستا دەتوانم تەلەفۆن بکەم و بە خوشکەکەم بڵێم پانتۆڵێکی سایزی خۆم و کراسێکی پیاوانەم بۆ بکڕێت و بیھێنێت بۆم، بەڵام حەز ناکەم خوشکەکەم بزانێت من و مەھشید بووە بە ناخۆشیمان.

تەلەفۆنم کرد بۆ تۆ لەبەر ئەوەی تۆش خەتاباری؟

(پێکەنینی تووڕە لە بێئۆقرەییدا.)

بەڵێ خەتاباری، ئەی چی؟ خوشکی من نییە. خوشکی تۆیە.

گەر خوشکەکەی من ڕفتارێکی ئاوا لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا بکات، ھاوسەرەکەی ناچار دەکەم تەڵاقی بدەت.

(پێکەنین بە تووڕەیی و بێئۆقرەییەوە.)

تەندروست ئەوەیە تۆ ئێستا ھەستی و بێیت بۆ ئێرە و خوشکەکەت ڕازی بکەیت دەرگاکە بکاتەوە، یان سزات ئەوەیە کراسێک و پانتۆڵێکم بۆ بکڕیت.

(پێکەنینێک بە تووڕەیی و بێئۆقرەییەوە.)

توخوا میھران گاڵتە ناکەم. وەرە بۆ ئێرە و بگەرە فریام.

کەی دەتوانی بێیت؟

نا زۆر درەنگە.

لەسەر ئەوە بوو من وتم گەر مرۆڤ بیر لە شتی تر بکاتەوە، بیر لە شتی نەشیاو بکاتەوە ھیچ کێشەیەک نییە، چونکە کارێکی ئەنجام نەداوە. واتە ئەو کارە نەشیاوەی ئەنجام نەداوە، تەنیا بیری لێ کردووەتەوە.

باشە نەمدەویست درۆ بکەم.

گەر بڕیار بێت لە ماڵەکەی خۆمدا، لە پەیوەندیی دوو کەسیی خۆمدا لەگەڵ ئەو کەسەی کە لەژێر سەقفێکدا دەژیم، لەگەڵی ڕیاکار بم، ئیتر زۆر داماوم و بەدبەختم.

ئیتر نامەوێت درۆ بکەم. بەیانی خەبەری بووەوە و بینی وەک موسوڵمانان دەڵێن شەیتانی بووم. پرسی بۆچی؟ منیش ڕاستگۆیانە وتم، لە خەومدا سێکسم کردووە.

(پێ دەکەنێت) ئێستا شەھلات لەگەڵە؟

باشە سوپاس بۆ خوا. ئێستا من پرسیارێکم ھەیە لێت و تو ئەو مارکسەی کە دەیپەرستی (پێکەنین لە تووڕەیی و بێئۆقرەییدا.) بەڵێ دەیپەرستی ئیتر.

زۆر باشە، توو گیانی منداڵەکەت ڕاست وەڵامم بدەرەوە.

تۆ ھیچ کاتێک بیر لە سێکسکردن لەگەڵ ژنانی تردا ناکەیتەوە؟

سوپاس! سوپاس!

من دەیخەمە سەر بڵندگۆی تەلەفۆنەکە، تۆ جارێکی تر ئەو قسەیەت دووبارە بکەرەوە بۆ ئەوەی وا نەزانێت من لە خۆمەوە تەمسیل دەکەم و وا نیشان دەدەم بە درۆوە لەگەڵ تۆدا قسە دەکەم.

ئاخر بۆچی؟ لە چی شەرم دەکەی؟

کەواتە وەرە بۆ ئێرە ئەوە بە خوشکەکەت بڵێ.

من پێم وت درۆیە گەر مرۆڤ بڵێت بیری لێ ناکاتەوە، چونکە بیرکردنەوە یان بیرنەکردنەوە بەدەست خودی مرۆڤ نییە. ئێستا تۆ دەتوانیت ڕێگە لە خۆت بگریت. خۆت کۆنترۆڵ بکەی و لەگەڵ من قسە نەکەی. ئێستا تۆ ڕێگەت لە خۆت گرت و وتت ئامادە نیت دەنگت لە بڵندگۆکەوە بڵاو ببێتەوە. بەڵام ناتوانی ڕێگە لە خۆت بگریت لە خەودا خەوی سێکسی نەبینی. ناتوانی ڕێگە لە خۆت بگری بیری لێ نەکەیتەوە لە سێکس لەگەڵ ژنانی تردا. ئەم بیرکردنەوە و خەیاڵانە ھیچ پەیوەندییەکی بە خۆشویستن یان خۆشنەویستنی ھاوسەری مرۆڤەوە نییە، ڕاستە؟

میھران، ھەر خەریک بووین لەبارەی ئەمانەوە قسەمان دەکرد. دواتر خوشکەکەت لێی پرسیم ئەگەر پێنج ساڵ بچێتە بەندینخانەوە چی دەکەم؟ لەگەڵ ژنانی تردا پەیوەندی دروست دەکەم؟ وتم بەڵێ. میھران، توو ویژدانت تۆ ئەگەر شەھلا چەند ساڵێک بچێتە بەندینخانە لەگەڵ کەسدا پەیوەندی دروست ناکەی؟

سوپاس. سوپاس.

منیش ھەر وا دەڵێم.

ئێستا ئەگەر دەکرێت ئەمە بە شەھلا بڵێ.

بەڵێ دەبێت ڕاستییەکەی پێ بڵێیت.

بەھەر حاڵ، سوپاس، کە ڕاستییەکەت پێ وتم. گەر پێت بگوتمایە نەخێر، من پێم وا بوو یان خەریکی درۆ دەکەی یان کەموکوڕی و کێشەیەکەت ھەیە.

ئاخر بۆچی دەبێت درۆم بکردایە؟ من نامەوێت ئیتر ئەو کارە بکەم.

خوشکەکەت بە داخستنی ئەو دەرگایە و بێبەشکردنی من لە شتومەکەکانم خەریکە سزام دەدات بۆ ئەوەی پێی بڵێم داوای لێبووردن دەکەم، بەڵام ئەگەر من بڵێم داوای لێبووردن دەکەم، درۆم کرد. ئەو خەریکە ناچارم دەکات درۆ بکەم.

وەک ئەوە وایە ژن چاوەڕوانیی ئەوەی ھەبێت ئەگەر کردیانە بەندینخانەوە و خواردنی باشی نەدرایە ھاوسەرەکەشی خواردنی باش نەخوات. ئەگەر لێیان دا دیارە دەبێت ھاوسەرەکەشی کەسێک بێنێت بۆ ئەوەی زۆر باش لێی بدات، تا لە ھەموو حاڵەتەکاندا یەکسان بێت لەگەڵ ژنەکەیدا. ئەمە گەمژانەیە، وا نییە؟

سوپاس. سوپاس.

خۆزگە لێرە دەبوویت و خۆت ھەموو ئەمانەت بە خوشکەکەت دەگوت.

سەیرکە ڕەنگە ئێستا مەھشید پێی وا بێت بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ تۆدا قسە ناکەم. ڕەنگە پێی وا بێت لە خۆمەوە وا نیشان دەدەم لەگەڵ تۆدا قسە دەکەم. تکایە تۆ تەلەفۆن بکە بۆ ئێرە، بۆ ئەوەی گوێی لە زەنگی تەلەفۆنەکە بێت، تکایە گەر نەھات تەلەفۆنەکە ھەڵبگرێت، پەیام لەسەر پەیاموەرگرەکە دابنێ. بۆ ئەوەی باوەڕ بکات خەریک بووین پێکەوە قسەمان دەکرد.

باوەڕ کە کاریگەریی ھەیە میھران. نازانم بابەتەکە چییە، تۆی زۆر بۆ گرنگە.

(پێ دەکەنێت.)

سوپاس.

(تەلەفۆنەکە دادەخات.)

ئیستا میھران تەلەفۆن دەکات. تکایە وەرە لەگەڵ براکەتدا قسە بکە، بزانە برا ئایزەکەت چی دەڵێت. ئەویش وەک من بیر دەکاتەوە و ھاوڕای منە. کەواتە براکەشت مرۆڤێکی پیسە و وەک من بیر دەکاتەوە، وایە؟

(دەنگی زەنگی تەلەفۆن.)

وەرە ئەم تەلەفۆنە سەخیفە ھەڵگرە! مەھشید! وەرە ئەم تەلەفۆنە داوێنپیسە ھەڵگرە، مەھشید مرۆڤێکی زۆر ھیچوپووچیت.

دەنگی میھران: مەھشید! سڵاو. تەلەفۆنەکە ھەڵگرە مەھشید! من و فەرزاد تا ئێستا خەریک بووین قسەمان دەکرد. مەھشید!

(فەرزاد تەلەفۆنەکە ھەڵدەگرێت.)

ئەلوو!

دەرگاکە ناکاتەوە.

بەڵێ بابە.

دڵنیام بەڵایەکی بەسەر خۆیدا نەھێناوە. تەنیا دەیەوێت من نیگەران بکات بۆ ئەوەی داوای لێبووردنی لێ بکەم، مەحاڵە کاری وا بکەم، چونکە کارێکی نەشیاوم نەکردووە، تا داوای لێبووردن بکەم. ئەگەر کارێکی ھەڵە و نەشیاوم بکردایە، بەدڵنیاییەوە تا ئێستا سەد جار داوای لێبووردنم دەکرد.

ئێستا چی بکەم میھران؟

ئێستا دەتوانم دەرگاکە بشکێنم، بەڵام نامەوێت توندوتیژی بەکار بھێنم. بە ھیچ شێوەیەکییش نامەوێت خەرجییەکی زیادە بخەمە سەر خۆم. گەرچی ھەر تا ئێستاش خەرجیی زیادەی زۆری داوە بەسەرمدا چونکە لە یەکەمین دەرفەتدا دەبێت بڕۆم بۆ لای دەروونشیکار، چونکە مەھشید خەریکە بەم ڕفتارانەی شێتم دەکات میھران. کاتێک دەکرێت ئەم پرسانە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، بۆچی مرۆڤەکان کارێک دەکەن کەسەکانی بەرامبەریان تووڕە ببن؟ تۆ بەڕاستی ناتوانی دوو ھەنگاو تا ئێرە بێیت؟ تکایە ناکرێت ئەمڕۆ نەڕۆیت بۆ سەر ئیش و مۆڵەت وەربگریت و بێیت بۆ ئێرە؟

بەخوا شەرم دەکەم تەلەفۆن بکەم بۆ خوشکەکەم. بۆ من و مەھشیدیش عەیبە تەلەفۆن بکەم و کێشەکەمان بە خوشکەکەم بڵێم. شەرمیشم دەکرد تەلەفۆن بۆ تۆ بکەم، بەڵام دواجار دەبوو تەلەفۆنم بۆ یەکێک بکردایە بۆ ئەوەی قسەم لەگەڵ بکردایە. بیرم کردەوە کێ لە تۆ باشترە. پێم وا بوو ئەگەر تۆ ھاوڕای قسەکانم بیت، بەدڵنیاییەوە دەکرێت لە کەلی شەیتان بێیتە خوارەوە. کاتێ تۆی بۆ گرنگە و ئاوا گوێت لێ ناگرێت، ئیدی دۆخی من ئاشکرایە.

بەڵێ، دەتوانم ئێستا تەلەفۆن بۆ ئەوان بکەم و بڵێم ببورن من ناتوانم بێم، چونکە شتێکی وام بەسەر ھاتووە، بەڵام نامەوێت ئەو کارە بکەم میھران، نامەوێت خوشکەکەت ھەر بەم ئاسانییە ببێتە براوە، ھەر بەم ئاسانییە من ناچار بکات درۆ بکەم. دەمەوێت گەر درۆش بکەم خۆم ویستبێتم درۆ بکەم، نەک ئەو ناچاری کردبم. ڕاستییەکەت بوێت، ڕەنگە بێ بەسەرمدا و تەلەفۆن بۆ ئەوان بکەم و ڕووداوەکەیان پێ بڵێم. بڵێم ژنەکەم دەرگاکەی قوفڵ کردووە و چاکەت و پانتۆڵ و کراسەکەم لەو ژوورەدایە. جلەکانم ناداتێ بۆ ئەوەی بێم بۆ گفتوگۆکە. بە ھەر جۆرێک بیری لێ دەکەمەوە دەبینم ئامادەم ڕاستییەکەیان پێ بڵێم بۆ ئەوەی ئەوان بزانن، با ھەموان بزانن خەریکم لەگەڵ کێدا دەژیم.

مەھشید! بەخوا ئەگەر تا پێنج خولەکی تر دەرگاکە نەکەیتەوە، ئەو کارە دەکەم.

پێ مەکەنە میھران. من زۆر تووڕەم. تێگەیشتم دەبێت چی بکەم. دەرگاکە مەکەرەوە مەھشید. کێشە نییە. دەزانم چی بکەم. ئێستا تەلەفۆن دەکەم بۆ تاکسی تەلەفۆنی. ھەر ئاوا و بەم شۆرتە فش و درێژەوە دەڕۆم سواری تاکسی دەبم. پەیوەندیشی بە کەسەوە نییە. ھەر حەز دەکەم ئاوا بڕۆمە دەرەوە. کەی کێشەیە؟ ئا، بیرۆکەیەکی باشتر. عەبای نوێژکردنەکەی دایکم دەکەمە سەرم.

(بە میھران دەڵێت.)

دایکم عەبایەکی گوڵگوڵینی لێرە داناوە بۆ ئەو کاتانەی دێت بۆ ئێرە بەکاری دەھێنێت. بەڵێ، ئەو عەبایە دەکەمە سەرم و دەڕۆمە دەرەوە. بە شۆفێری تاکسی تەلەفۆنییەکە دەڵێم، لەبەردەم دوکانێکی جلوبەرگدا بوەستێت و دەڕۆمە ژوورەوە و چاکەت و پانتۆڵ و کراسێ دەکڕم. بەڵێ، ڕێگەکەی ھەر ئەمەیە. خواحافیز میھران. ببورە من کاتم نییە زۆر دواکەوتووم. تەلەفۆنەکە دادەخەی تەلەفۆن بکەم بۆ تاکسی تەلەفۆنی؟ سوپاس.

(ژمارە لێ دەدات.)

ئەلوو! سڵاو. تاکسی تەلەفۆنی (سەروو)ـە؟ بەیانیت باش بەڕێز. تکایە دەکرێت ئۆتۆمبێلێک بنێریت بۆ بەشداربووی چلوشەش. سوپاس.

(تەلەفۆنەکە دادەخات.)

پێم وایە گوێت لێ بوو و دەزانیت دەمەوێت چی بکەم. ئاگات لێیە و دەزانیت داوای لێبووردن لە ئارادا نییە. ئێستا دەرگاکە دەکەیتەوە یان نا؟ زۆر باشە.

(دەچێتە ژوورێکی ترەوە و بە عەبای نوێژکردنی دایکییەوە دەگەڕێتەوە. لەبەردەم ئاوێنەکەدا سەیری خۆی دەکات.) کێ وتوویەتی پیاوان دەبێ چاکەت و پانتۆڵ لەبەر بکەن و ژنان عەبا بدەن بەسەردا و تەنوورە لەپێ بکەن. بۆ دەبێت ھەر بەم ئاسانییە ئەم دابەشکارییە قبووڵ بکەین؟ سوپاس. سوپاس مەھشید! سوپاس. بوویتە ھۆی ئەوەی زۆر بەجدی لەبارەی ئەم بابەتەوە بیر بکەمەوە. چ مانایەکی ھەیە مرۆڤەکان ناچار دەکەن بە جلوبەرگی ڕەگەزیانەوە لەیەک جیا بکرێنەوە؟ سوپاس. باسەکەی ئەمڕۆم بە جۆرێک گرێ دەدەم بەم بابەتەوە. مرۆڤ دەبێ ئازاد بێت و بەو جۆرەی حەز دەکات جلوبەرگ لەبەر بکات. ئەمە مافی سروشتیی مرۆڤە خۆی بڕیار بدات چی لەبەر بکات.

(دەنگی زەنگی ماڵەوە دێت. فەرزاد وەڵامی ئایفۆنی زەنگی دەرگاکە دەداتەوە.)

بەڵێ؟ ئێستا دێمە خوارەوە. خواحافیز مەھشید.

(دەرگاکە دەکاتەوە، بەڵام بێ ئەوەی بچێتە دەرەوە، دەرگاکە دادەخات (ساتێک بێدەنگی.)

ئای شەیتان! زۆر لەوە زیرەکتریت، ھیچ کێشە نییە، دەمەوێت بڵێم سوپاس بوویتە ھۆی ئەوەی خۆم تێبشکێنم و بڕۆمە دەرەوە. بە گیانی دایکم خواحافیز. تا دە دەژمێرم، ئەگەر تا دەم ژمارد و دەرگاکە نەکەیتەوە، بە گیانی دایکم ھەر بەم عەبا گوڵگوڵینەوە دەڕۆمە دەرەوە. یەک دەرفەتت دەدەمێ بۆ ئەوەی بێیتە دەرەوە و لەبەر ئەو ڕفتارەت داوای لێبووردنم لێ بکەیت. یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج، شەش، حەوت، ھەشت، نۆ، دە. زۆر باشە خواحافیز.

**کۆتایی**

ئەم شانۆنامەیە یەکەم جار لەلایەن سەعید چەنگیزیانەوە کاری نواندن و دەرھێنانی بۆ کرا و لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ھۆڵی عیزەتوڵا ئینتیزامیی یانەی ھونەرمەندانی تاران پێشکەش کرا. لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە محەمەد یەعقوبی مۆڵەتی وەرگێڕانی ئەم شانۆنامەیە و چاپ و بڵاوکردنەوە و نەمایشکردنی وەک تەنیا کەس و تەنیا وەرگێڕی بەرھەمەکانی بۆ زمانی کوردی داوە بە مەریوان ھەڵەبجەیی.

ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.