هەڵۆ شێرکۆ بێکەس

سەروتار
شانۆی کوردی لە دوو دەیەی ڕابردوودا، لەناو بازنەیەکی داخراوی دیاردەی ”نووسەر-دەرهێنەر”دا گیری خواردووە. ئەگەرچی ئەم جۆرە کارکردنە لە قۆناغێکدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان پێویست بوو، بەڵام ئاكام دابڕانێکی قووڵی لەنێوان ”دەقی نووسراو” و ”سەکۆی نمایش”دا دروست کرد. ڕاستییە تاڵەکە ئەوە نییە، کە ئێمە دەقمان نییە، بەڵکو ئەوەیە، کە دەقەکانمان لەناو ڕووپەلی کتێب و لاپەڕەی گۆڤارەکاندا ”زیندانی” کراون و تەنیا وەک تێکستێکی ئەدەبیی بێدەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەرکی ئەمڕۆی ئێمە وەک ناوەندێکی هونەری و کولتووری، شکاندنی ئەم چەقبەستووییە و گۆڕینی ئەم کولتوورە باوەیە. کاتی ئەوە هاتووە پردێک بونیاد بنێین کە وشە بێدەنگەکانی ناو کتێبخانەكان بگوازێتەوە بۆ ناو کڵپەی ڕووناکی و ئەو ژاوەژاوەی پڕە لە جووڵە و ژیانی سەر ستەیجی شانۆكان. دەقی شانۆیی تەنها بۆ ”خوێندنەوە” نانووسرێت؛ تا دەقێک نەچێتە ناو جەستەی ئەکتەر و هەناسەی سەكۆی شانۆكانەوە، هێشتا پڕۆسەی لەدایکبوونی تەواو نەکردووە.
لەم سۆنگەیەوە، دەستپێشخەرییەکانی ”ئینستتیووتی داکۆ بۆ گەشەپێدانی هونەر و کولتوور” لە ڕێگەی سازکردنی نمایش و پێشبڕکێی تایبەت بە دەقە شانۆییەکان، هەنگاوێکی جەسوورانەیە بۆ بوژاندنەوەی ئەم کایە سستە. ئێمە چاومان لەوەیە لە ڕێگەی ئەم جۆرە پڕۆژانەوە، دەرهێنەرەکانمان لەگەڵ ئەو گەنجینە دەوڵەمەندە ئەدەبییەی لەناو لاپەڕەکاندا تۆزیان لێ نیشتووە، ئاشت بکەینەوە.
ئەم پێشبڕکێیانە تەنیا کێبڕکێیەک نین بۆ خەڵات، بەڵکو بانگەوازێکی مانیفێستئامێزن بۆ ڕاپەڕینی دەق لە کۆتوبەندی کاغەزەوە بەرەو فەزای ئازادیی سەکۆی شانۆكان. کاتی ئەوە هاتووە شانۆکارانی ئێمە بوێریی ئەوەیان هەبێت مانا لەناو ”دەقی ئەوانی تر”دا بدۆزنەوە و ڕەهەندی نوێی پێ ببەخشن. شانۆ کاتێک دەبێتە کولتوورێکی زیندوو، کە نووسین و نمایش، تەواوکەری یەکتر بن، نەک دوو هێڵی تەریب، کە هەرگیز بە یەك ناگەن!
با سەکۆکان بکەینە تاقیگەی ئەو خەیاڵانەی ساڵانێکە لەناو ڕەفەی کتێبخانەکاندا، تینووی تیشکێکی ڕووناکین.
لە كۆتاییدا، ئینستتیووتی داکۆ تەنها ناوەندێک نییە بۆ گەشەی هونەر و کولتوور، بەڵکو کارگەیەکی ڕۆحییشە بۆ ”دروستكردنی مرۆڤی داهێنەر”. داکۆ پێمان دەڵێت: شانۆ لەو ساتەوە لەدایک دەبێت، کە کتێبەکان دادەخرێن و پەردەکان لادەچن؛ لەوێدا، کە خەیاڵ جلوبەرگی ڕاستی دەپۆشێت و وشە دەبێتە خوێن و بە دەمارەکانی ژیاندا دەگەڕێت. داکۆ تەنها پردێک نییە بۆ پەڕینەوەی دەق، بەڵکو سەنگەرێکی پۆڵایینە بۆ پاراستنی دراما و شانۆیی كوردی لە ڕێگەی شکۆی جوانییەوە.
داكۆ بێلایەن نابێت لە بەرامبەر گرفتەكانی شانۆدا،
لێرەدا، بێلایەنی واتای نییە؛ چونکە بێلایەنەكان تەنها هەر مردووەکانی سەر قەبرانن! کاتێک شانۆ دەسووتێت و جووڵە دەكوژرێت، هیچ ”بینەرێکی بێلایەن” لە گڕی ئاگرەکە دەربازی نابێت. کاتێک سەرچاوەی ئاو دەکوژن، ماسییەکانی شانۆ ڕوو لە کام کەناری تینوو بکەن؟ کاتێک جەستەی دارستان دەبێتە قوربانیی سووتان، کێ بڕوا دەکات دارێک هەبێت بە پاساوی بێلایەنی، لە خۆڵەمێشبوون ڕزگاری بێت؟
ئێمە بێلایەن نین؛ چونکە ژیانەوەی دەقەكان، ڕاپەڕینە! ئەرکی ئێمە کۆتاییهێنانە بە دیلیی دەق، لەناو کتێبەکاندا و گواستنەوەیانە بۆ ناو جەستەی نمایش. لەناوجەرگەی خۆڵەمێشدا، ژیان و جووڵە دەچێنین و شانۆ دەکەینەوە بە هەناسەی شار.
ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.