نووسینی : د. موحسین ئەحمەد عومەر

خوێندنەوەی : د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

“تیۆری ئەدەبی”، یەکێکە لە کتێبە دانسقەکانی ساڵی ٢٠٢٥ لە بواری ئەدەبدا، د. موحسین ئەحمەد عومەر نووسیویەتی و لە “دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە” لە هەولێر چاپ کراوە. ئەم کتێبە لە چەندین بەش پێکهاتووە کە سەرجەمیان تیۆری ئەدەبی گرێ دەدەنەوە بە بەشە گرنگەکانی دیکەی ئەدەبەوە، بە تایبەتی بە؛ مێژووی ئەدەب، ڕەخنەی ئەدەبی، ژانرە ئەدەبییەکان، ئەدەبی بەراوردکاری و قوتابخانە ئەدەبییەکان. ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەک بۆ ئەم کتێبە بکەین و لەسەر بەشە گرنگەکانی بوەستین.
نووسەر لە سەرەتادا و هەر لە پێشەکییەکەوە ئەوە ئاشکرا دەکات کە تیۆری ئەدەبی بابەتێکی نوێیە و بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنەیە لە ڕۆژئاوادا، ئەو دەڵێ: “تیۆری ئەدەبی، تێمایەکی سەردەمی نوێخوازیی ئەدەب و بیری ڕەخنەیی و فەرهەنگیی ڕۆژئاوایە، لە سەردەمی پاش نوێخوازییش درێژەی هەبووە و بایەخی پێ دراوە.” بەم پێیە تیۆری ئەدەبی لە نێوەندی ئەدەبی کوردیشدا بابەتێکی زۆر نوێیە و بە پلەی یەکەم لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا و لە زانکۆکاندا گرنگیی پێ دراوە، ئەگەرچی تا ساتەوەختی چاپکردنی کتێبێکی شایستە لە بواری شیکردنەوەی تیۆری ئەدەبیدا چاپنەکراوە، هەندێ وتار و هەندێ کتێبی وەرگێڕدراو نەبێ، شتێکی ئەوتۆ نەخراوەتە ڕوو، بۆیە دەشێت ئەم کتێبە بایەخێکی بەرچاوی هەبێت و ببێت بە سەرچاوەی سەرەکی بۆ ناوەندی ئەکادیمیی کوردی و بۆ خوێنەران بە گشتی.
نووسەر هەردوو بابەتی فیلۆلۆژی و زانستی زمان دەکاتە دەروازەیەک بۆ چوونە نێو تیۆری ئەدەبییەوە، لەگەڵ ئەوەی فیلۆلۆژیا و زانستی زمان پەیوەندییەکی ئۆرگانی پێکیانەوە دەبەستێت، بەڵام لە مێژووی ئەدەبدا دوو بابەتی جیاوازن، فیلۆلۆژیا زۆر لە زانستی زمان کۆنترە، فیلۆلۆژی کە بە عەرەبی (فقه اللغة)ی پێ دەڵێن، بوارێکی توێژینەوەی مێژووی زمانە لە سەدە کۆنەکاندا، پتر لە بنەچەی وشە و لە ئیشتیقاقی وشەی کۆڵیوەتەوە بۆ تێگەیشتن و ساغکردنەوەی تێکستە ئایینی و تێکستە دێرینەکان، بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە زانستی زمان لە “فێردیناند دوسۆسێر”ەوە سەرهەڵدەدات و بواری فیلۆلۆژیا بچووک دەکاتەوە، کە ئەمرۆ لە زانستی زمان جێگەی گرتۆتەوە. ئەم بابەتە دەچێتە نێو ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری ئەدەبییەوە، بەوپێیەی زمان ڕەگەزێکی گرنگ و کاریگەریی تێکستی ئەدەبییە، ئەم ڕەوتە زمانەوانییە دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی بونیادگەری و ئاراستەکانی پاش بونیادگەرییش.
بەشێکی دیکەی ئەم کتێبە، باسی تیۆری ئەدەبی دەکات لە پەیوەستیدا بە ڕەخنەی ئەدەبی و مێژووی ئەدەبەوە، نووسەر هەوڵی داوە تایبەتمەندی و جیاوازییەکانی ئەم سێ بوارەی ئەدەب دەستنیشان بکات، بەوپێیەی تیۆری ئەدەبی جیاوازە لە ڕەخنەی ئەدەبی و مێژووی ئەدەب. ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕووی هونەرییەوە لە تێکستی ئەدەبی دەکۆڵێتەوە و هەڵیدەسەنگێنێت، بەڵام تیۆری ئەدەبی بنەما تیۆرییەکانی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی دادەڕێژێت. لە چەرخی یۆنانی کۆندا دەشێت کتێبی “هونەری شیعر”ی ئەرستۆ بە نۆبەرەی لێکۆڵینەوەی تیۆری لەبارەی ئەدەب دابنرێت.
ڕینێ‌ ویلیک-ی ڕەخنەگر لە کتێبی “چەند چەمکێکی ڕەخنەیی”دا دەڵێ‌: تیۆری ئەدەبی لە پرەنسیپەکانی ئەدەب و لە جۆر و پێوەرەکانی ئەدەب دەکۆڵێتەوە، بەڵام ئەو لێکۆڵینەوانەی بایەخی سەرەکی بە کارە ئەدەبییەکان دەدەن، دەچنە سەر ڕەخنەی ئەدەبی، یاخود سەر بە مێژووی ئەدەبن، بەڵام زۆر جاریش ڕەخنەی ئەدەبی بە جۆرێک بەکار دەهێنرێت کە تیۆری ئەدەبیش بگرێتەوە.
هەر سێ‌ چەشنەکەی لێکۆڵینەوە لە ئەدەب، واتە: تیۆری ئەدەبی و مێژووی ئەدەبی و ڕەخنەی ئەدەبی، پەیوەندی و هاوکارییەکی پتەویان لەگەڵ یەکدیدا هەیە. لێرەوە ئێمە ناتوانین بەبێ‌ ڕەخنەی ئەدەبی و مێژووی ئەدەبی، وێنای تیۆری ئەدەب بکەین، هەروەک چۆن ناتوانین بەبێ‌ تیۆری ئەدەبی و مێژووی ئەدەبی وێنای ڕەخنەی ئەدەبی بکەین و بە هەمان شێوە ناتوانین بەبێ‌ ئەو دووانە وێنای مێژووی ئەدەب بکەین، بەڵام سنوور و جیاوازیشیان لە نێواندا هەیە و هەریەکەیان لە کارکردندا سەربەخۆن.
بەشێکی دیکە تەرخان کراوە بۆ ئەدەبی گشتی و ئەدەبی بەراوردکاری، زاراوەی “ئەدەبی بەراوردکاری” لە ئەدەبی کوردیدا لە بەرانبەر Comparative Literatureی ئینگلیزی و Litterature Compareeی فەرەنسی، بووە بە زاراوەیەکی باو، بەڵام دکتۆر موحسین پێی وایە ئەمە وەرگێڕانێکی حەرفییە و هەڵەیە، ڕاستەکەی (بەراوردی ئەدەبی)یە، ئەو پێی وایە ئەگەر لەم زاراوەیەدا، زاراوە فەرەنسی و ئینگلیزییەکە وەربگرین، ئەوا دەبێت بڵێین (بەراوردی ئەدەبی) یان (بەراوردکاریی ئەدەبی) نەک ئەدەبی بەراوردکاری، یان بەپێی زاراوە فەرەنسییەکە دەبێ بڵێین (ئەدەبی بەراوردکراو) و… هتد.
نووسەر لە بەشێکی دیکەدا باسی کێشەی ژانرە ئەدەبییەکان (یان وەک خۆی دەڵێ: جۆرە ئەدەبییەکان) دەکات، کە هەمیشە لە مێژووی ئەدەبدا کاریگەریی ژانرەکان لەسەر یەکدی هەبووە، یەکەم جار ئەو کاریگەرییە لە فۆرمی شیعریدا بووە، بەڵام پاش سەرهەڵدانی شاری گەورە و دواتر شاری میترۆپۆلیتیان، ئیدی ئەو کاریگەرییە گوازراوەتەوە بۆ نێو ژانرەکانی دیکەی وەک شانۆ و ڕۆمان و چیرۆک، لە بواری تیۆری ئەدەبیشەوە دەشێت لە ئاستی جیهاندا زۆرترین توێژینەوە لەسەر ژانرە ئەدەبییەکان و گۆڕانی ژانرەکان کرابێت، بەڵام هێشتا لە ئەدەبی کوردیدا ئەم بابەتە بەپێی پێویست بایەخی پێ نەدراوە، هەندێ وەرگێڕان و توێژینەوەی ئەکادیمی لێ دەرچێ، کتێبی گرنگ لەسەر مێژووی ژانرە ئەدەبییەکان و کاریگەرییان لەسەر یەکدی، چاپ نەکراوە. نووسەر لێرەدا دەرگایەکی گرنگ دەکاتەوە بۆ قسەکردن لەسەر ژانرە ئەدەبییەکان لە ئەدەبی کۆن و نوێی کوردیدا.