بینەر و شەش گریمانەی جیاواز

کامەران سوبحان

ماستەر، لە سیاسەتی کولتووریدا.

گریمانەی یەکەم: بینەر کێیە؟

لە جیهانی شانۆدا، بینەر تەنها کەسێک نییە دانیشتبێت لەسەر كورسیی هۆڵێکی تاریک و چاوی لە سەکۆی نواندنی ئەکتەر بێت. بەپێچەوانەوە بینەر لە شانۆی هاوچەرخدا، بەشێکی زیندووی هاوکێشەی شانۆیە و ڕۆڵی لە یەکلاکردنەوەی ئەو هاوکێشە ئاڵۆزەدا هەیە.

 شانۆی بێبینەر، جۆرێکە لە یۆتۆبیای خەیاڵ، ڕەنگە تەنها لە هاوکێشەی پێش بەرهەمهێنانی نمایش و لەخەیاڵدانی نووسەر و دەرهێنەری شانۆدا. لەناو تێکست و پلانی داڕێژراودا پێش بەرهەمهێنان، نەک پڕۆسێسی پراکتیکی شانۆنامە.(١)

ئەم دیدگە و پڕۆسێسە، ڕایەڵەی پەیوەندیی نێوان بینەر و شانۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ بنەما سەرەکییەکەی، کە بونیادنان و درووستبوونی ئەم هونەرەیە و سەرەتاکانی لە گریک و ڕۆمان و تانانەت لای سۆمەرییە کۆنەکانیش. لە هاوکێشەی بونیادناندا، بینەر یەکێکە لە چوار کۆڵەکە سەرەکییەکەی نمایشی شانۆ، کە ئەوانیش (نووسەر، دەرهێنەر، ئەکتەر و بینەر)ن ئەم پڕۆسێسە وا بەرهەمهاتووە، کە سەرجەم تیۆری و قوتابخانە شانۆییەکانیش، پەیڕەوی دەکەن.

ئەریستۆتاڵیس (٣٨٤-٣٢٢ پ.ز) لە کتێبی پۆیتیکادا باس لەوە دەکات بونیادنان و گەشەکردنی شانۆ لە گریکی کۆن، بەشێکی تەواوکاریی بە ”بینەر” بونیادناوە. لە هەناوی پڕۆسێسەکەداشدا، ئەم هونەرە وا دروستبووە، کە بینەر وەک بەشێک لە جەستەی گرنگی بێت و بەپێی قۆناغە جیاوازەکان، گەشەی کردووە و لە هەموو هاوکێشە جیاوازەکانیشدا بینەر، ئامانجی سەرەکیی شانۆیە.

هاوکێشەکەی ئەرستۆتالیس بۆ پێگەی بینەر، وا ڕاڤە دەکرێت گەر نمایشێکی شانۆ لە بیابانێکدا، یان لە دارستانێکی چۆڵدا نمایش بکرێت، هەموو بنەماکانی شانۆیەکی سەرکەوتووشی تێدابێت، هاوکێشە و نمایشەکە، سەرەکییەکە تەواو نییە، چونکە بینەری نییە!(٢)

برتۆڵد برێخت (١٨٩٨-١٩٥٦) شانۆنووس و دەرهێنەری ئەڵمانی، هاوکێشەی بینەری لە شانۆدا بە شێوەیەکی جیاواز گۆڕی. ئەو پێی وا بوو، کە بینەر ”بیربکاتەوە” دواتر ”حەز” لە چیرۆک و بابەتەکانی بكات. بەو ئایدیایەوە شانۆی ”ئەپیک”ی دروستکرد، کە تێیدا بینەر هەمیشە بە ئاگاوە لە نمایشە شانۆییەکاندا تەماشا دەکات، نەک تەماشاکارێکی لاکەوتە و فریودەر، لە جیهانێکی خەیاڵی دوور لە واقیعی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی.

بینەری شانۆ دەزانێت، کە گفتوگۆ و دیالۆگی ئەکتەرەکان، لە نمایشێکی شانۆیدا و لەبەردەم بینەرێکی هۆشیار و ڕاستەقینەدا جیاوازە. هەمیشە ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت، ئەو ڕووداوانەی لەبەردەمیدا و لەسەر بانێژەی شانۆ ڕوودەدەن، تەنها هیی ئەو ساتەوەختەیە و هیی ئەو ستۆری و چیرۆکەیە، کە گروپێک لە (نووسەر، ئەکتەر، دەرهێنەر، ڕاییکاری دیکۆر، میوزیک و کارگێڕیی شانۆیی) و ڕەگەزەکانی تر، بۆ بینەریان بەرهەمهێناوە و لەسەر ئەم تەختەی شانۆیە نمایشی دەکەن. گرنگە بینەر بەردەوام ئەو باوەڕەی لە هۆش و خەیاڵدا بێت، ئەوەی دەیبینێت گەمەیەکە، نەک ژیانی راستەقینە!(٣)

پیتەر بروک (١٩٢٥-٢٠٢٢) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (پانتایی خاڵی) دەڵێت: ”بینەر، هێمای دیار و ناسراوی بناغەی سەرەکی کاری شانۆیە، شانۆ، بە بێ بینەر، ئەنجام نادرێت. بنەما و بونیادی کۆی پڕۆسێسی شانۆش، لەسەر ئەم سیستەمی بیرکردنەوەیە دروست بووە.” بروک، باس لەوەشدەکات کە ”هیچ شتێک شانۆ نییە، ئەگەر کەسێک نەبێت سەیری بکات” ئەم بیرکردنەوەیەش، جارێکی تر گرنگیی بینەر دەردەخات.

لە شانۆی نوێی برێختدا، ئەو نمایشە مۆدێرنانەی لە دەرەوەی تیۆریزە و ئەزموونە جیاوازەکانی دەرهێنانی شانۆی برێختەوە بەرهەمدێت، بەتایبەتی ئەو شانۆگەرییانەی لە ساڵانی ٢٠١٠ بەدواوە لە شانۆی ماڵی برێخت لە ئەڵمانیا نمایشدەکرێت، ستایل و ڕیتـمێکی جیاواز لە بینەر دەردەکەوێت، کە ڕیتمێکی تەواو دیکتاتۆرییە.

لەو شانۆییانەدا، بینەر وا ڕۆڵی پێدراوە تەنانەت دەبێت مافی ئەوەی هەبێت سکێچ و ڕێڕەوی ڕووداوەکانی شانۆییەکە بگۆڕێت، دیمەن و بەشە جیاوازەکان جێگۆرکێ بکات، شانۆییەکە بوەستێنێت و دیالۆگ لەگەڵ ئەکتەرەکان بکات. ئەم دیالۆگەش کەشێکی خۆش و بە چێژ، بۆ نمایشەکە و ئەکتەرەکان دروست دەکات و هانی بینەر دەدات، چەند جارێک بێنەوە و نمایشەکە ببیننەوە و خۆی وەک بەشێکی گرنگی پڕۆسێسەکە ببینێت.(٤)

گریمانەی دووەم: بینەر لە خەیاڵدانی ئێمەدا

”ئێمە” بەکارهێنانی ئەم وشەیە، مەبەست لەو تێڕوانینە گشتی و گروپگەلەیە، کە بۆ پێگەی بینەر لە شانۆ لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووی هەرێمی کوردستان دروست بوو. ئەو قۆناغە شانۆییە، زۆرترین دیالۆگ و گفتوگۆ لەبارەی پێگەی بینەر و پڕۆسێسی شانۆیی هەبوو. لە هاوكێشەی كاری شانۆییدا و لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا، ئەو ڕۆژگارەی ئێمە خوێندکاری شانۆبووین، بەردەوام دەکەوتین بەسەر ئەو بۆچوونە دژبەیەکانەدا، کە ئایا بینەر خاڵی”سفر”ی نمایشە، یان بە پێچەوانەوە نمرە ”دە”ی پڕۆسێسی شانۆیە و بێ ئەو هیچ شتێک بەناوی شانۆوە بەرهەم نایەت!

هەردوو بۆچوونەکە لەو ڕۆژگارەدا تەواو پێچەوانەی یەکدی بوون. ئەوەی بایەخی بینەری سفر دەکردەوە، مەبەست لە بینەری ناهۆشیار بوو، پێی وا بوو دەبێت بینەر دەستەبژێر بێت و دووربێت لە بینەری مێگەل! واتە نمایش نابێت بە ئامانجی مێگەل و زۆرترین بینەر ئەژمار بکرێت، هەروەک چۆن زۆریی ”خوێنەر” زۆریی تیراژ، زۆری فرۆشی کتێبەکان، مەرجی سەرکەوتن و باشی و قووڵیی کتێبەکان نییە.

لە بزوتنەوەی شانۆی ئێمەدا، بینەر یەكێك بووە لە كێشە گرنگ و گەرمەكانی نێوەندی شانۆیی، ڕەنگە یەكێك لەو باس و خواستانەی، كە بەردەوامبوونی هەیە نەمان و كەمیی بینەرە! چارەکە سەدەیەک لەمەوبەر، لە نێوەندی شانۆییدا، بەردەوام دیالۆگی بوون و نەبوونی بینەر لە هۆڵەکاندا، یەکێک بوو لە پرسە گەرمەکان، ئاخۆ دروستە پاش چارەکە سەدەیەک زیاتر هەمان گفتووگۆ و هەمان پرس، خەمی قووڵی شانۆکاری کورد بێت؟!(٥)

لە تیۆریزەكردنی دەرهێنەرە جیهانییەكانیشدا، بینەر تەنها لە چوارچێوەی كۆمەڵێك هاوڵاتیدا پێناسە نەكراوە، كە چەند کاتژمێرێک لە ئێوارەیەكدا خۆیان تەرخان دەكەن و دێن بۆ بینینی نمایشێك، بەڵكو بینەر لای ئەوان ڕەهەندێکی قووڵتری هەیە و بەشدارە لە پڕۆسێسی بەرهەمهێناندا، هەروەک پێشتر هێمامان بۆ کرد.

 (برتۆڵد برێخت)، کە پێشتر ئاماژەمان بە دیدگاکانی بۆ بینەر کرد، ئەو بە بڕوای قووڵی خۆیەوە، دیواری چوارەمی لە شانۆدا نەهێشت، تەنها بۆ ئەوە نەبوو ئەكتەرەكان وا هەستبكەن بەشێكن لە نمایش. بەڵكو بۆ تەوزیفكردنەوەیەكی تری بەهای بینەر بوو لەناو هاوكێشە گەورەكەی شانۆدا، بە جۆرێك لەناو پرۆسەی گوتاری نمایشدا هیچ لەمپەرێك نەبێت بۆ گەیاندنی پەیامی ئەكتەر، تەنانەت گەر ئەو لەمپەرەش دیوارێكی وەهمیانەی ناخی خۆیشی بێت.

ستانسلافسكی (١٨٦٣-١٩٣٨) تیۆریزەکار و دەرهێنەری بەناوبانگی ڕووسی، بەهای (دیواری چوارەمی شانۆ)ی بەهێز کرد. كە دیواری نێوان ئەكتەر و بینەرە. بەردەوام ئیشی لەسەر ئەستوركردن و مانەوەی ئەو دیوارە دەكرد، وەك مانەوەی پێگەی بینەر لە هاوكێشەیەكدا. ئەو پێی وا بوو، بینەر دەبێت تەنها نمایش ببینێت و پاشتر لە دوای نمایشەكەوە، قسەی خۆی هەبێت.

 ئەم دوو تێڕوانینە بۆ بینەر وەك دوو بینینی زۆر دیاری دوو دەرهێنەری جیهانی ئاماژەم پێدا، كە هەریەكەیان بینینێكی جیاوازیان بۆ بینەر هەیە، پاشتر ئەم بۆچوونانەش لای دەرهێنەرانی تر گۆڕانی بەسەردا دێت.

 ئەوەی لای من گرنگە بوونی هێڵێكی وەهمییە لەنێوان بینینی (ستانسلافسكی و برێخت)، كە ئەویش بەشداریكردنی بینەرە لە پرۆسێسی شانۆدا، بەڵام بە بەشدارییەكی تایبەتمەندانە، نەك وەك ئەوەی ڕاستەوخۆ ئەرکەکەی نزیكبێتەوە لە ئەرکی ئەكتەر.(٦)

 گرنگە شانۆکاران و توێژەرانی کورد، بەدوای فەلسەفەی نەمانی بینەردا بگەڕێن، یان بەدوای هۆكارەكانی چوونی بینەر، بۆ كارێكی (بەناو كۆمیدی) و نەهاتنی بۆ نمایشێكی جیدیی و قووڵدا بگەڕێن، كە ڕەنگە بۆ ئەو گەڕانەش، چەند پرسیارێكی گرنگ پێویستە بکرێت:

 ئایا بینەری کوردی، لە نمایشە شانۆییەکاندا خۆی دەبینێتەوە، یان وەک قەوانێکی سواو، نیو سەدەیە، هەر خەریکی نمایشکردنی دەقگەلێکن، کە زۆر دوورە لە خەون و پرسیار و بیرکردنەوەی تاک و بینەری کوردی؟

ئایا بینەر بێزارە لە فۆڕمی ژیانی ئێستا و دەیەوێت لەو گاڵتەوگەپەی نمایشە گاڵتەجاڕییەكاندا  تۆزێك پێبكەنێت؟ 

ئایا شانۆكاری کورد، توانیویەتی سوود لە ئەزموونی پێشكەوتووی شانۆی مۆدێرن وەرگرێت؟

 ئایا هۆشیاریی بینەری ئێمە لە ئاستێكی لاوازدایە؟

 لەگەڵ زۆر پرسیاری تریش، كە پێشتریش كراون و پێویستە ئێستا و داهاتووش ئێمە و نەوەكانی تر بیكەین و بە شێوەیكی وردیش بەدوای وەڵامەكەیدا بگەڕێین.

گریمانەی سێیەم:

بینەر وەک بەشدارێکی چالاک و لایەندار

لە مێژووی شانۆی کوردیدا، زۆر جار بینەر، تەنها تەماشاکار نەبووە، بەڵکو کەسێکی ئەکتیڤیستی سیاسی و کۆمەڵایەتیش بووە. بەتایبەتی لە هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، بینەر بووەتە بەشێک لەو شۆڕشە چەکدارییەی، کە خەونی بە ئازادی و شۆڕشی گۆڕانکارییەوە بینیوە!

ئەم بینینەی بینەر، لێدانە لە پێگەی ڕاستەقینە و ڕۆڵی لە هاوکێشەیەکی هونەری و ئیستاتیکیدا. چونکە بینەر لە بنەڕەتدا، پێگەیەکی ئیستاتیکی و چێژوەرگرتنی لە کاری هونەری هەیە، نەک پڕۆسێسێکی کۆمەڵایەتیی سیاسی و شۆڕشگێڕی. لەم گریمانەیەی شانۆشدا، بینەر لە بەشدارێکی چالاکەوە، دەبێتە بەشدارێکی لایەندار و پێگەی گرنگی بینین و تێڕامانی ئیستاتیکیی خۆی لەدەستدەدات.

شانۆ لە دروستبوونییەوە، وەک یەکێک لە هونەرە دێرینەکانی مرۆڤایەتی، لەسەر بنەمای پەیوەندییەکی زیندووی نێوان ئەکتەر و بینەر دامەزراوە. جیاوازیی شانۆ لەگەڵ هونەرەکانی تری وەک فیلم و تەلەفزیۆن ئەوەیە، کە تێیدا بینەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشداری لە کارە هونەرییەکەدا دەکات. بۆیە، گریمانەی جیاواز لە ڕۆڵی بینەردا، گرنگییەکی زانستی و هونەریی هەیە. هەمیشە گریمانە بۆ ڕۆڵی گرنگی، گومان و پرسیار دروستدەکات و وا دەکات گفتوگۆیەکی قووڵ و هەمەلایەنە لەبارەی پێگەکەی لە کاری شانۆیدا دروستبێت. ئیدی ئەو پایە گرنگەی شانۆ کە بینەرە، دەبێتە لایەندارێکی بەشدار لە پڕۆسێسی شانۆدا.

لە تیۆرییە نوێیەکانی شانۆشدا، بینەر تەنها سەیرکەر نییە، بەڵکو بەشدارێکی چالاکە و دەبێت بە شێوەیەکی هۆشیارانە سەیری ڕۆڵەکەی لەناو پڕۆسێسی بەرهەمهێنانی کاری شانۆیی بکرێت و لەگەڵ بەرهەمهێنانی نووسین و دەرهێنان و ڕۆڵبینینی ئەکتەرەکانیشدا، ئەمیش بیرکردنەوەی قووڵی هەبێت، نەک تەنها هەست بە چیرۆکی شانۆییەکە بکات و بە ڕاگوزەری لێیبڕوانێت، بەڵکو  دەبێت لە نهێنی و قووڵی و بەشە نادیارەکانی ڕابمێنێت.

بەم تێڕوانینە لە پێگەی بینەر، وەک بەشدارێکی لایەندار، وا دەکات، کە ڕۆڵی هزری و ڕەخنەیی لەناو پڕۆسەگشتییەکدا هەبێت و وەک لایەنێکی سەرەکی تەماشابکرێت.(٧)

گریمانەی چوارەم:

کاریگەرییە قووڵەکانی وەڵامی بینەر

وەڵامدانەوەی بینەر، لە نمایشی شانۆ و لە ساتی ڕۆڵبینینی ئەکتەرەکاندا، وەک: پێکەنین، گریان، هاوارکردن، بێدەنگی و ئارامیی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەکتەران هەیە و ڕۆڵی زیاتریان پێدەبەخشێت بۆ نزیکبوونەوە لە کارەکتەرەکانیان.

ستانسلافسکی، ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەکتەر پێویستی بە هەستێکی قووڵی پەیوەندی هەیە لەگەڵ بینەردا. بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی ڕاستەقینەی کارەکتەرەکەی و ڕووداوەکانی بە ڕاستگۆیی زیاتر پیشان بدات. ئەم پەیوەندییەش وا دەکات، هەموو پیشاندانێک جیاواز بێت و ڕۆڵی هەبێت لە دروستکردنی مانای جیاوازی ڕووداو و دیمەنە شانۆییەکان.

  لە ڕوانگەی زانستیی شانۆناسییەوە، مانا و قووڵیی کارە شانۆییەکان، تەنها لەلایەن نووسەر و دەرهێنەرەوە دیاری ناکرێت، بەڵکو لە ڕێگەی تێگەیشتنی بینەرەوە، هاوکێشەکە تەواو دەبێت. کەواتە هاوکێشەی چوارینەی (نووسەر، دەرهێنەر، ئەکتەر و بینەر) دروستترین تێگەیشتنە لە شانۆیەکی قووڵ و ئاستبەرز.

برێخت ئاماژەی بە ”پەیوەندیی ئاڵوگۆڕ” دەکات، کە ئەکتەر و بینەر هەردووکیان، بەشدارن لە دروستکردنی ئەزموونی شانۆی سەرکەوتوودا. ئەوان وا دەکەن، مانا و دیمەنی چێژبەخشی زیاتر بگاتە بینەر و مانا قووڵەکانی شانۆییەکە، ببینن و کاریگەریی لەسەریان هەبێت.(٨)

گریمانەی پێنجەم:

ڕەگەزی پێنجەم، ڕەخنە و هەڵسەنگاندن

ئایا دەقی ئەدەبی، شیکار و ڕیڤیوو بۆ نمایشەکان، دەچێتە کوێی هاوکێشە چوارینەکەی پڕۆسێسی بەرهەمهێنانی شانۆوە؟

 گەر (نووسەر، دەرهێنەر، ئەکتەر و بینەر) چوارینەی بەرهەمهێنانی شانۆبن، بێگومان دەقی ڕەخنە و ‌هەڵسەنگاندنی قووڵ بۆ نمایشە شانۆییەکان، دەبێتە ڕەگەزی پێنجەم و تەواوکاری هەر چوار ڕەگەزەکەی تر. هەرچەندە لای ئێمە ئەم لایەنە وەک پێویست گەشەی نەکردوە، بەتایبەتیش لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە. بەکارهێنانی زارەوەی ”زانستی” مەبەست لێی خوێندنی زانکۆیی و خوێندنی باڵایە، خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، دەرگایەکی نوێ بە ڕووی شانۆی زانکۆیماندا کرایەوە و دەیان خوێندکاری ئەکادیمیی، بە دیدێکی زانستیترەوە، توێژینەوەیان لەبارەی شانۆ و ڕەهەندە جیاوازەکانییەوە نووسی.

ڕەخنەگر، ڕۆڵی گرنگی لە پەرەپێدانی شانۆدا هەیە. بە ڕەخنە و بۆچوونەکانی، دەتوانێت کاریگەری لەسەر باشترکردنی کارەکان هەبێت. ڕەخنەگر، پێویستی بە چەمک و مانا و زمانی تایبەتی نووسین هەیە. ناکرێت بە زمانێکی باو، دوور لە بەکارهێنانی میتۆدی زانستی، تەنها کاری ئەوە بێت نمایشەکان بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە!

ئەرکی ئەو ئەوەیە نهێنی و جوانییە شاراوەکانی نمایش و لایەنە جیاوازەکان ئاشکرا بکات، کە بینەری ئاسایی نەیبینووە و ئەکتەر و دەرهێنەر، وەک جادوویەکی شاراوە، لەناو پڕۆسێسی نمایشدا شاردویانەتەوە، بەڵام نەگەیشتووە بە بینەر و وەک پێویست نەیان بینیووە.

 لەم تێڕوانینە بۆ ڕەخنەگر و شرۆڤەکاری شانۆیی، بینەر و خوێنەر، بەر زمانێکی جیاواز و بینینێکی جیاواز، بەر نمایش دەکەون، کە ڕەنگە دەرهێنەر و ئەکتەریش، خۆشیان پەییان پێنەبردبێت و بە ئاسانی بۆیان ڕاڤە نەکرابێت.

تا ئێستا لە بزوتنەوەی شانۆی کوردیدا، ئەم جۆرە لە ڕەخنەگر، بەو قووڵی و زانستییە، کەمە و بەکەمی دەرکەوتوون. لە داهاتوودا، زانکۆ و پەیمانگە هونەری و شانۆییەکان، دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردن و پەروەردەکردنی کارەکتەری ڕەخنەگر ببینن.

گریمانەی شەشەم و کۆتایی.

بینەر، لە هاوکێشەکەدا ئەمەیە:

بینەر، چەقی نمایش و کارە شانۆییەکەیە. بەبێ بینەر، شانۆ مانای خۆی لەدەست دەدات، چونکە پەیوەندییە زیندووەکەی نێوان ئەکتەر و بینەر، بنەمای ئەم هونەرەیە.

 ئەمە ئامانجی سەرەکیی ئەم گریمانانەیە لە پێگە و ڕۆڵی بینەر لە هاوکێشەکەدا… هاوکێشەی شانۆ.

سەرچاوەکان:

١- جمهور المسرح  . د كمال الدين عيد

٢- أرسطو وفلسفة الفعل الدرامي- د محمد كريم الساعدي- المجلة الثقافية الجزائرية-عدد ١٥٧؛٢٠٢٣

٣- برتولت بريخت المسرح كآلية للنضال والتغيير- مجلة”فكر الثقافية“عدد ١١٢-٢٠٢٥

٤- بيتر بروك والمفهوم الاجتماعي للمسرح-د.مدحت الكاشف

٥- پانتایی کراوە.کامەران سوبحان/ بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.٢٠١٢

٦- مارتن بانم ,موسوعة المسرح, المجلد الثالث، ترجمة : محمود كامل , علي الغفاري ,القاهرة : المركز القومي للترجمة , 2018,ص247.

٧- باسم الهاشمي ,الخصائص التأليفية في الدراما , دمشق :افكار للدراسات والنشر والتوزيع ، البصرة : دار الفنون والآداب ,2018,ص19,ص20

٨- الجمهور المسرحي: صناعة الفرجة ومتاهات التلقي المعاصر. د.أسامة السروت

ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.