(دوو چیرۆک و یەک دەرئەنجام)

ئامانج عەبدوڵا

چیرۆکی یەکەم: شوێن بێ ئایدیا

پیتەر بروک لەدوا کتێبیدا (Tip Of The Tongue) چیرۆکی کۆمەڵێک شانۆکار دەگێڕێتەوە لە پاریس کە خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ شانۆ هەبووە. کۆمەڵێک شانۆکار هەوڵی شێوەیەکی جیاواز لە کارکردن و دامەزراندی ناوەندێکی شانۆیی تایبەت بە خۆیان دەدەن. دوای چەندین کۆبوونەوە و بینینی جیاواز و گفتوگۆی درێژ، بڕیار دەدەن کە بینایەکی کۆنی بەکارنەهاتوو نۆژەن بکەنەوە و بە شێوەیەکی گومەزئاسا و بەو جۆرەی خۆیان خوازیارین نوێی بکەنەوە و بیکەنە شوێنی ئەزموون و کارەکانیان.

بۆ دابینکردنی پارەی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی شوێنەکە، یەکێک خانووەکەی دەفرۆشێت، یەکێکی تریان پارە لە بانق وەردەگرێت و ئەوانی تریش بە شێوەی جیاواز، بڕە پارەی پێویست کۆدەکەنەوە و هەر خۆیان دەست دەکەن بە کارکردن تێیدا و شەو و ڕۆژ دەخەنە سەر یەک بۆ زوو تەواوکردنی.

پیتەر بروک دەڵێت: ئەو بەیانییەی کە دەرهێنەری ناو گروپەکە هات بۆ لام و باسی پڕۆژەکەی بۆ کردم و بانگهێشتی کردم تا بچم سەردانیان بکەم، بێسڵەمینەوە و ڕاستەوخۆ داواکەیانم قبوڵ کرد و لەگەڵیدا چووم بۆ لایان. کە گەیشتمە ئەوێ بینیم چەند بە گڕوتین و خۆشەویستییەکی زۆرەوە سەرقاڵی کارکرنبوون تێیدا، هەستم بە شەرمکردن کرد کە نەمدەتوانی یارمەتییان بدەم، هەموو بەدەم قسەکردن و گاڵتە و وزەیەکی زۆرەوە کاریان دەکرد. دواتر پشویەکیان وەرگرت و هەموو لەسەر مێزێک دانیشتین و دەستمان بە گفتوگۆ کرد.

پرسیم: ئێستا چی؟

وتیان: ئێستا؟

بەڵی ئێستا چی ئەکەن، دوای تەواوکردنی شوێنەکە یەکەم پڕۆژەتان چییە؟ یەکەم نمایشتان چی دەبێت؟ ئایدیای چیتان هەیە؟

پرسیارەکەم بێدەنگییەکی قووڵی لە لا دروست کردن! دوای بێدەنگییەک هەموو سەیری دەرهێنەرەکەیان کرد. دواتر یەکێکیان گوتی هەندێک ئایدیامان هەیە بۆ نموونە نمایش بۆ منداڵان. دانەیەکی تریان گوتی ڕەنگە ئێرە بکەینە شوێنێکی چالاکیی کولتووری بەردەوام کراوە بێت، سێهەمیان گوتی ئایدیای جیاوازمان هەیە، دواتر دەرهێنەرەکە گوتی لەسەر ئەو ئایدیا جیاوازانە کار دەکەین. من پرسیاری زیاتر و بەردەوامیی زیاترم پێیان دا، ئێوارەیەکی خۆش و پێکەنیناویمان بەسەربرد و دواتر بەجێمهێشتن.

دوای ماوەیەکی زۆر ڕۆژێکیان بە ڕێکەوت دەرهێنەرەکەم بینییەوە، بە تاسەوە پرسیارم لێ کرد دەربارەی پرۆژەکەیان. بەداخەوە گوتی: دوای تەواوبوونی شوێنەکە نەیانتوانیوە بگەنە خاڵێک، پڕۆژەیەک یان نمایشێک بەرهەمبهێنن کە ڕەنگدانەوەی ئایدیا و بۆچوونەکانیان بێت و گوزارشتکاری توانای هونەرییان بێت. بەو شێوەیە و دوای ماوەیەک جیابووینەوە و شوێنەکە بە پەراوێزی و بەتاڵی مایەوە و خەونەکەیان کۆتایی پێ هات.

چیرۆکی دووەم: کاتێک ئایدیا زیندویی دەبەخشێت بە شوێن.

ساڵی ٢٠١٢ شانۆی (Donmar Warehouse) لە لەندەن بە سەرپەرشتیی دەرهێنەری بەئەزموونی بەریتانی (Phyllida Lloyd) بە ئایدیایەکی هونەری و داهێنەرانەوە کار لەسەر نمایشکردن و ناساندنی کارەکانی شکسپیر دەکەن لە بەندینخانەیەکی ژناندا بە هاوبەشیی بەندییەکانی ناو بەندینخانەکە. کاتێک فلیدا و هاوکارەکانی ئەم بیرۆکەیان لە لا دروست دەبێت گفتوگۆی ئەوە دەکەن، یەکەم چۆن ئەوە ساغ بکەنەوە بەرهەمەکانی شکسپیر تەنیا بۆ چینێکی دەستەبژێر نییە و بۆ هەموانە، دەشێت نەک هەر بە تەنیا لە هۆڵی گرانبەها و باودا، بەڵکو لە هەر شوێنێکی تردا نمایش بکرێت، کە هونەرمەند کەشێکی دروستی بۆ دێنێتە بوون. دووەم چۆن بەشداریی شانۆیی بە کەسانێک بکەن کە ڕۆژگار دەرفەتی ئەوەی نەداونەتێ بچنە ناو پرۆسەی خوێندن و ڕاهێنانی شانۆییەوە، چۆن ڕاهێنان بەو کەسانە بکەن ژیان لە بەندینخانەدا بەڕێ دەکەن، بەڵام هێشتا هیوای ژیانیان تێدایە و خوازیاری ئەوەن شێوەی ژیانیان بگۆڕن و بەشدار بن لە نمایشکردنەوەی ژیان لە فۆرمێکی هونەریدا.

ئەم بیرۆکەیە دەبێتە هۆی دروستکردنی گروپێکی شانۆیی لە دەرەوە و ناوەوەی بەندینخانەکەدا، ڕۆژانە دوای پرۆڤەکردن و ڕاهێنان کۆمەڵێک وەک هەر کەسێکی ئاسایی دەڕۆنەوە بۆ ماڵ و ناو ژیانی ئاسایی خۆیان، کۆمەڵێکیش دەگەڕێنەوە بۆ ناو ژوورەکانی بەندینخانە.

ئەم پرۆژەیە بە سێ تێکستی شانۆیی شکسپیر دەستی پێ کرد (یولیوس قەیسەر، هێنری سێیەم و تۆفان) ناوی پڕۆژەکەش سێینە بوو. یەکەم هەنگاوی ئەم سێینەیە ساڵی ٢٠١٢ بە یولیوس قەیسەر دەستی پێ کرد و ساڵی ٢٠١٦ بە تۆفان کۆتایی پێ هات. دواتر و لە ساڵانی دواتردا پڕۆژەکە بە کاری جیاواز و کاریگەریی گەورەترەوە بەردەوامیی بە خۆی دا و تا ئێستاش بەردەوامیی هەیە.

هەر سێ کارەکە لە ڕێگەی کریوێکی پرۆفێشناڵەوە لە دوو ڕۆژی جیاوازدا لە کاتی نمایشدا وێنەگیراون و لە دوو ڕۆژی هەینی و شەمماندا لە هۆڵێکی کاتیدا لە ناوچەی کینگ کرۆس لە لەندەن بۆ بینەری ئاسایی نمایش کران.

لە کۆتاییدا لە ئەنجامی وۆرکشۆپ و ڕاهێنانی بەردەوامی تیمە شانۆییەکە لەگەڵ بەندکراوەکان و هاتنەناوەوەی کۆمەڵێکی تر لە گروپ و ڕێکخراوی پەیوەست بەم پڕۆژەیە، جگە لە بەرهەمهێنانی نمایشەکان کاریگەرییەکی گەورە و فراوانی لەسەر ژیانی بەندکراوەکان و کەشی ناو بەندینخانەکە جێهێشتووە.

ڕەیچڵ کۆنڵۆن مامۆستای زانکۆی یۆرک لە باکوری ئینگلتەرا و یەکێک لە ئەندامانی پڕۆژەکە دەڵێت؛ ئەم کارە کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی بەندکراوەکان هەبوو. هاوکاریان بوو لە کرانەوە و فراوانبوونی دونیابینین و شێوەی ژیانیان، ئەوان چیتر هەر بەندی نەبوون، بەڵکو نووسەر و ئەکتەر و دەرهێنەر و بینەر بوون. لە کاتی سەردانیکردنی کەسوکاریان بۆ بەندینخانە، باسی ئایدیای ناو کارەکان و ڕۆڵی خۆیان دەکرد لە پڕۆژەکەدا. تەنانەت لە فراوانبوونی پڕۆژەکەدا و لە ئێستادا ٩٨٪ بەندییەکان لە ژورەکانی خۆیانەوە دەستیان بە پلاتفۆڕمە فێرخوازییەکان دەگات و بەشداریی کۆرسی ئۆنلاین دەکەن و بەردەوام لە گەڕان و فێربووندان. تەنانەت بیر لەوە دەکرێتەوە بۆچی نابێت هاوشێوەی خوێندنگەکان کە بە بێبەرامبەر بەشێک لە نمایشەکانی شانۆی نیشتیمانییان لە ڕێگەی (NT Live)* بۆ نمایش دەکرێت ئەوانیش دەستیان بەمە نەگات؟ ئەمە پێویستە بکرێت و لەو پڕۆژەیەش بێبەش نەبن.

واتە بەگشتی پرۆژەکە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەندییەکان و سیستەمی ناو بەندینخانەکە هەبووە و هۆشیارییەکی گەوەرەی لە لا دروست کردوون بەرامبەر بە ژیان و بیرکردنەوەیان.

ئێستا بە تێگەیشتن لەو دوو پڕۆژە جیاوازە وەک دوو نموونەی زیندوو، ئەگەر بێینەوە سەر ناونیشان و ناوەڕۆکی بابەتەکەمان، ئەم دوو چیرۆکە جیاوازە پێمان دەڵێت و ئەوەمان بۆ ساغ دەکاتەوە لە هونەری شانۆدا شوێن بەبێ ئایدیا بۆشاییەکی مردووە و ناتوانرێت بکرێتە پڕۆژەیەکی زیندوو. بەبێ گەڕان بەدوای مانادا شێوە (فۆڕم) مردووە، هەمیشە دەبێت مانا زیندویی بدات بە فۆڕم. ڕەنگە ئەمە بۆ هونەری شێوەکاری جیاواز بێت و لە هەندێک کاتدا فۆرم بە تەنیا مانا بەرهەم بهێنێت و ببێتە بریسکەی ئایدیاکە، بەڵام لە هونەری شانۆدا هەمیشە ئایدیا پێش شوێن و فۆڕم دەکەوێت و زیندووییان پێ دەبەخشێت.

هەروەها بە هەمان شێوە بۆ پڕۆژەی هونەری و کولتووریش دەشێت هەموو ناوەند و گروپێکی هونەری شکست بهێنێت کە لە ناوەڕۆکدا هەڵگری ئایدیایەکی قووڵ و زیندوو نییە و سەرنجی زۆری لەسەر شوێنی کۆبوونەوە و ئۆفیس و فۆرمی هاوشێوەیە. هەر لەبەر ئەمەشە زۆر جار شوێن و دامەزراوەی جیاواز دەبینین، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئایدیا و ستراتیژییەتێکی بەهێزەوە جگە لە شوێنێک یان فۆرمێکی مردوو کە ناوێكی هەیە هیچی تر نییە. لە وڵاتی خۆماندا زۆر جار گوێبیست و ئاگاداری ناکامی و پەککەوتنی ئەو پڕۆژە و کارە هونەرییانە دەبین کە هەر زۆر لە سەرەتادا، یان لە دوای ماوەیەکی کورت لە کارکردن دەوەستن و شکستی بەردەوامبوون دەهێنن. بەشی هەرە سەرەکی ئەم شکست و وەستانە بۆ نەبوونی ئایدیایەکی زیندوو و پرۆگرامێکی بەهێز دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆژەکان.

واتە ئەگەر خاوەنی ئۆفیس و شوێنی ڕاهێنان و گروپێکی چالاکیش بیت لە دەوری یەکتری، بەڵام خاوەن ئایدیا و بزوێنەرێکی فکریی قووڵ نەبیت بۆ کاراکردنی ئەو ئامراز و کەسانەی پێکەوە لە پڕۆژەکەدان، ئەوا بە دڵنیاییەوە پرۆژەیەکی سەرکەوتوو و بەردەوام نابێت، یان ئەگەر بەردەوامیش بێت ئەوا بەردەوامییەکی گاریگەر و شوێندیار و بەئامانج نابێت.

 بۆیە دەبێت خاڵی یەکەم و دەستپێکی هەموو پرۆژەیەک ئایدیا بێت، کاتێک دڵنیابوویت و زانیت کە ئایدیاکەت نەفەسێکی درێژی زیندووی هەیە و دەشێت لە ڕێگەی پلانێکەوە بە ئەنجامی بگەیەنیت، ئەوکات دەکرێت بەدوای شوێندا بگەڕێیت بۆ جێبەجێکردن و بەپراکتیزەکردنی ئەو ئایدیا و بیرۆکانەی لە هزر و خەیاڵتدا نەخشەت بۆ کێشاون، دواتر لە نمایش و بەردەوامیی پڕۆژەکەدا بەرهەمەکەی ببینیتەوە.

 ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ

*NT LIVE (شانۆی نیشتیمانی ـ ڕاستەوخۆ) پڕۆژەیەکی شانۆی نیشتیمانی ئینگلتەرایە (National Theatre Live) بەگشتی بریتییە لە گواستنەوەی ڕاستەوخۆی هەندێک لە نمایشە شانۆییەکان لە ڕێگەی شاشەی سینەماوە. لەم پرۆژەیەدا کە ساڵانێکی زۆرە بوونی هەیە نمایشە شانۆییەکە بە زیندوویی لە ڕێگەی تیمێکی پرۆفێشناڵەوە وێنە دەگیرێت و لە هەمان کاتدا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر شاشەی سەد سینەما لە بریتانیادا دەگوازرێتەوە. هاوکات لە هەندێک خوێندنگەدا بە بێبەرامبەر لە وانەی درامادا بۆ خوێندکارەکان نمایش دەکرێت.

سەرچاوەکان.

1- Tip of The Tongue > Reflection on Language & Meaning; Peter Brook (2017)

2- Shakespeare in women’s prison > How a theatre project shook up Shakespeare and transformed lives > The Stage December/05/2024